باس له كوتلهیهیهكی ئۆپۆزسیۆنی سوننه-شیعه-عه‌لمانی ده‌كرێت
ئه‌و كوتله پێشنیاركراوه به‌رنامه‌ی پێكهێنانی هاوپه‌یمانیه‌كی ئۆپۆزسیۆنی گه‌وره‌یان داناوه و له‌وانه‌یه ههوڵیشبدهن بۆ رووخاندنی حكومه‌ت.
باس له كوتلهیهیهكی ئۆپۆزسیۆنی سوننه-شیعه-عه‌لمانی ده‌كرێت
ئه‌و كوتله پێشنیاركراوه به‌رنامه‌ی پێكهێنانی هاوپه‌یمانیه‌كی ئۆپۆزسیۆنی گه‌وره‌یان داناوه و له‌وانه‌یه ههوڵیشبدهن بۆ رووخاندنی حكومه‌ت.
سه‌لیم عه‌بدوڵای ئه‌ندامی به‌ره‌ی ته‌وافوقی عێراقی به ئینستیتۆی رۆژنامه‌وانی جه‌نگ و ئاشتی (IWPR)ی راگه‌یاند كه ئێستا به‌ره‌ی ته‌وافوق و سه‌دریه‌كان خه‌ریكی گفتوگۆن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بچنه‌پاڵ حیزبی فه‌زیله‌ی شیعه و كوتله‌ی عێراقییه‌ی سه‌ره‌ك وه‌زیرانی پێشووتری عێراق ئه‌یاد عه‌لاوی كه كوتله‌یه‌كی تاڕاده‌یه‌كی زۆر عه‌لمانیه.
به‌ره‌ی ته‌وافوق و سه‌دریه‌كان و لیستی عێراقییه له حكومه‌ته‌كه‌ی نوری مالیكی سه‌ره‌ك وه‌زیراندا به‌شدارن. به‌ڵام چ به‌ره‌ی ته‌وافوق و چ سهدریهكانیش به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن له حكومه‌ت بكشێنه‌وه، له كاتێكدا لیستی عێراقییه هه‌میشه ده‌ڵێت بێ‌ئومێد بووه له شێوازی سه‌رۆكایه‌تیكردنی مالیكی بۆ حكومه‌ت. له هه‌مان كاتدا، حیزبی فه‌زیله چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر له ئیئتیلافی عێراقی یه‌كگرتوو كشایه‌وه كه گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی عێراقیه.
هه‌روه‌ها سه‌لیم وتی ئه‌و هاوپه‌یمانه ئۆپۆزسیۆنه نوێیه پێشنیازكراوه له‌وانه‌یه بیر له رووخاندنی حكومه‌ت بكاته‌وه به‌وه‌ی به ده‌نگدان متمانه‌ی لێبسه‌نێته‌وه یان داوای گۆڕینی چه‌ند وه‌زیرێك بكات.
به‌ڵام شیكارزانانی سیاسی ده‌ڵێن پێده‌چێت ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه هێند گه‌وره نه‌بێت بتواێنت به ده‌نگدان متمانه له حكومه‌ت بسه‌نێته‌وه و له‌وانه‌یه پێكهاته‌كه‌شی رووبه‌ڕووی ململانێی نێوخۆیی بكاته‌وه.
پێده‌چێت كوتله‌ی سوننه-شیعه-عه‌لمانی هاوپه‌یمانیه‌ك بێت ئه‌گه‌ری دروستبونی كه‌م بێت به‌وپێیه‌ی میلیشیا سوننه‌كان و سوپای مه‌هدی سه‌ر به موقته‌دا سه‌در به‌وه تاوانبارده‌كرێن كه له به‌شێكی زۆری توندوتیژی تائیفیه‌وه گلاون له عێراقدا.
به‌ڵام ئه‌و لایه‌نانه له چه‌ندین رووه‌وه هاوهه‌ڵوێستن، له‌وانه، به‌رهه‌ڵستیكردنی یاسای نه‌وت و پشتیوانیكردن له حكومه‌تێكی مه‌ركه‌زی به‌هێز و به‌رهه‌ڵستیكردنی سیستمێكی فیدراڵی كه تیایدا ده‌سه‌ڵات ده‌ستاوده‌ست بكات. هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ی زۆریان له حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی هه‌یه، كه ئه‌ویش هه‌وڵده‌دات هاوپه‌یمانیه‌كی به‌رفراوان پێكبهێنێت كه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت ببێته كوتله‌یه‌كی میانگیری پێكهاتوو له لایه‌نه شیعه و كوردیه‌كان و له‌وانه‌یه لایه‌نه سوننه‌كانیش له‌خۆبگرێت.
له ئێستادا، هه‌موو ئیئتیلافهكان كێبركێی پێكهێنانی هاوپه‌یمانی فرهئیتنی و فرهتائیفی نوێ ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی ره‌وایه‌تی (الشرعیه)، به‌تایبه‌ت له نێو سوننه و هه‌ندێك میلیشیای سوننه‌دا كه بڕوایانوایه سوننه‌كان له رووی سیاسیه‌وه په‌راوێزخراون.
به‌ها ئهعرهجیی ئه‌ندام په‌رله‌مانی سه‌ر به كوتله‌ی سه‌در وتی، "پێویسته گۆڕان رووبدات، حكومه‌ت لاوازه و له ئه‌نجامی ئه‌و لاوازیه‌ش خه‌ڵكی عێراق له نه‌هامه‌تیدا ده‌ژین."
لایه‌نه سوننه‌كان، به‌تایبه‌ت حیزبی ئیسلامی عێراقی به سه‌رۆكایه‌تی تاریق هاشمی جێگری سه‌رۆكی عێراق، مالیكی به‌وه تاوانبارده‌كه‌ن كه راوێژ به ئه‌ندامانی كابینه‌كه‌ی ناكات، به‌تایبه‌ت ئه‌ندامه سوننه‌كانی كه پێنج وه‌زیر و جێگرێكی سه‌ره‌ك وه‌زیرانیان هه‌یه.
سه‌لیم وتی، "له چه‌ندین بڕیاری ستراتیژیدا فهرامۆشكراوین."
هه‌روه‌ها ده‌ڵێن گوایه حكومه‌ت هه‌وڵی ته‌واوی نه‌داوه بۆ نه‌هێشتنی میلیشیاكان یان بره‌ودان به گیانی یه‌كێتی نیشتمانی.
سه‌در حیزبێكی سیاسی ره‌سمی نیه، به‌ڵام ٣٠ ئه‌ندامی وابه‌سته‌ی خۆیی له په‌رله‌ماندا هه‌یه كه ئێستا سه‌ر به ئیئتیلافی عێراقی یه‌كگرتوون كه گه‌وره‌ترین كوتله‌ی شیعه‌یه له په‌رله‌ماندا.
هه‌فته‌ی پێشوو، سه‌دریه‌كان هاتنه‌وه ناو حكومه‌ت و به‌مه‌ش بایكۆتكردنی حكومه‌تیان كۆتایی پێهێنا كه چه‌ند مانگێكی خایاند. به‌ڵام هێشتا هه‌ر دژی ئیداره‌كه‌ی مالیكین كه هاوكاری هێزه‌كانی ئهمریكایكردووه بۆ جه‌نگین له دژی میلیشیای سوپای مه‌هدی.
سه‌ركرده سیاسیه سوننه‌كان پێكهێنه‌رێكی زۆر گرنگن بۆ هه‌ر هاوپه‌یمانیه‌كی ئۆپۆزسیۆنی نوێ، چونكه بڕیاره سیاسیه گه‌وره‌كان پێویستیان به پشتگیریی سوننه‌كان هه‌یه. نه‌بوونی ئه‌و پشتگیریه دۆزی چه‌كدارانی سوننه به‌هێزترده‌كات.
ئه‌و هاوپه‌یمانیه ئۆپۆزسیۆنه گه‌وره‌یه، له كۆی ٢٧٥ ده‌نگی په‌رله‌مان ١٢٤ ده‌نگی ده‌بێت كه ده‌بێته كوتله‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆنی گه‌وره بۆ بریاره‌كانی تایبه‌ت به یاسادانان، به‌ڵام ئه‌و ١٢٤ ده‌نگه به‌س نیه بۆ به‌ده‌ستهێنانی دوو سێیه‌كی ده‌نگه‌كانی په‌رله‌مان كه پێویسته بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له حكومه‌ت.
له هه‌مان كاتدا، ئیئتیلافی عێراقی یه‌كگرتووش ده‌یه‌وێت حیزبی ئیسلامی عێراقی به‌لای خۆیدا رابكێشێت كه ئه‌ندامێكی به‌ره‌ی ته‌وافوقی عێراقیه، بۆ ئه‌وه‌ی رازیبكات بێته پاڵ ئه‌و به‌ره‌یه‌ی كه ئیئتیلاف خۆی رایگه‌یاندووه و به به‌ره‌یه‌كی میانگیری ناوده‌بات. ئه‌م هاوپه‌یمانیه نوێیه ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراقی و حیزبی ده‌عوه‌ی مالیكی و هاوپه‌یمانی كوردستان، له‌خۆده‌گرێت.
مه‌حمود عوسمان، ئه‌ندام په‌رله‌مانی سه‌ر به هاوپه‌یمانی كوردستان وتی، "هه‌بوونی سوننه له‌م هاوپه‌یمانیه‌دا پێویسته بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانیه‌كی عێراقی نیشتمانی میانڕه‌و."
عه‌باس به‌یاتی ئه‌ندامی ئیئتیلافی عێراقی یه‌كگرتوو وتی، "هه‌موو نیشانه‌كان ئاماژه به‌وه‌وه ده‌ده‌ن كه حیزبی ئیسلامی عێراقی به‌شێك ده‌بێت له كوتله‌كه‌ی {مالیكی}."
به‌یاتی پێشبینیكرد كه ئیئتیلافه‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن لاواز ده‌بێت. هه‌روه‌ها وتی، "هه‌موو شتێك مومكینه، به‌ڵام به رای من بارودۆخی ئه‌منی عێراق به پێكهێنانی ئه‌م هاوپه‌یمانیه چاره‌سه‌رنابێت. ئه‌م ئیئتیلافه كاریگه‌ری نابێت له‌سه‌ر یاسادانان وه‌كو یاسای نه‌وت و كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژی سیاسی."
محه‌ممه‌د عه‌سكه‌ریی شیكارزانی سیاسی پێیوایه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ی ئۆپۆزسیۆن ئه‌وه‌نده‌ی ده‌نگ هه‌بێت بتوانێت متمانه له حكومه‌ت بسه‌نێته‌وه، سه‌دریه‌كان و سه‌ركرده‌كانی سوننه دانبه‌وه‌دا ده‌نێن كه كارێكی زه‌حمه‌ته ئیداره‌یه‌ك بڕووخێنن كه ئه‌مریكا ئه‌و هه‌موو پشتگیریه‌ی لێده‌كات.
هه‌روه‌ها وتی وادیاره جۆرج بۆشی سه‌رۆكی ئه‌مریكا تیشكی سه‌وزی داوه به مالیكی بۆ پێكهێنانی كوتله‌یه‌كی میانگیر و ئه‌و كوتله‌یه زیاتر قابیلی مانه‌وه ده‌بێت له‌و هاوپه‌یمانیه ئۆپۆزسیۆنه نوێیه‌ی پێشنیاركراوه.
عه‌سكه‌ری ئه‌وه‌شی ووت، "كوتله‌كه‌ی مالیكی هاوپه‌یمانیه‌كی به‌هێز ده‌بێت له‌ناو په‌رله‌ماندا و كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر یاسادانان."
زه‌ینه‌ب ناجی په‌یامنێرێكی ئینستیتۆی رۆژنامه‌وانی جه‌نگ و ئاشتی (IWPR)ه له به‌غدا.