به‌زاندنی سنوور له لایه‌ن ئێرانه‌وه رای جیاوازی له‌ناو عێراقدا لێده‌كه‌وێته‌وه
به‌زاندنی سنوور له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه بۆ راوه‌دوونانی قاچاغچیان ناكۆكیی سیاسی و لاوازیی جیۆپۆڵه‌تیكی له عێراقدا ده‌رده‌خات.
به‌زاندنی سنوور له لایه‌ن ئێرانه‌وه رای جیاوازی له‌ناو عێراقدا لێده‌كه‌وێته‌وه
به‌زاندنی سنوور له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه بۆ راوه‌دوونانی قاچاغچیان ناكۆكیی سیاسی و لاوازیی جیۆپۆڵه‌تیكی له عێراقدا ده‌رده‌خات.
له چوارچێوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا له‌سه‌ر ئه‌م باسه، IWPR په‌یوه‌ندی به چه‌ند به‌رپرسێكی عیراقه‌وه كرد و رای ته‌واو جیاوازیان هه‌بوو سه‌باره‌ت به مه‌به‌ستی دوایین په‌لاماره‌كانی ئێران دژی قاچاغچیان له ناوچه‌ی پێنجوێن.
جیاوازی له بیروبۆچوونی ئه‌و به‌رپرسانه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو ئاخۆ ده‌بێت ئه‌و كاره‌ی ئێران به پێشێلكردنێكی مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر پیرۆزیی سنووره‌كانی عێراق دابنرێت یان وه‌ك پێشێلكاریی بچووك له‌سه‌ر سنووری باش دیارینه‌كراوی ئه‌و ناوچه‌یه لێك بدرێته‌وه.
به‌رپرسان له‌وه‌شدا هاوڕا نه‌بوون ئاخۆ ئه‌ركی پاراستنی سنوور ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی حكومه‌تی ناوه‌ندی یان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. هه‌ندێ له به‌رپرسان وتیان تا له لایه‌ن IWPRه‌وه چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵدا نه‌كرابوو، ئاگایان له په‌لاماره‌كانی سه‌ر سنوور نه‌بوو.
ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یامنێرانی IWPR له هه‌رێمی كوردستان كۆیان كردۆته‌وه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئێران هه‌وڵه‌كانی خۆی بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی قاچاغچیان له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووری خۆی فراوان كردووه.
هێزه ئه‌منییه‌كانی ئێران به‌به‌رده‌وامی سه‌دان مه‌تر هاتوونه‌ته ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان و سنووری قه‌زاكانی باشوور و رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای سلێمانیان به‌زاندووه.
له قه‌زای پێنجوێن، پاسه‌وانانی سنووری ئێران هێرشیان كردۆته سه‌ر عه‌ماری كاتیی قاچاغچییه‌كان و شت و مهكێكی زۆریان تێك شكاندووه، له‌وانه‌ش ده‌به‌ی سووته‌مه‌نی و خواردنه‌وه‌ی كحولی و كه‌لوپه‌لی جوانكاری. قاچاغچییه‌كانی سنووری قه‌زاكه، كه كوردی ئێرانن و بۆ قاچاغ دێنه ناوچه‌كه، ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه له‌ناو خاكی عێراق هێزه‌كانی ئێران ته‌قه‌یان لێ ده‌كه‌ن و لێیان ده‌ده‌ن و ده‌ستگیریان ده‌كه‌ن.
په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی چه‌ند به‌رپرسێكی حكومه‌ت و ئۆپۆزسیۆنی له به‌غدا و هه‌لێر هێنایه گفتوگۆ ده‌رباره‌ی ئه‌و راپۆرتانه‌ی باس له به‌زاندنی سنوور له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئێرانه‌وه ده‌كه‌ن.
به‌رپرسانی سنوور له هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌گشتی و دبلۆماتكارانی ئێرانیش له هه‌ولێر و سلێمانی چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵدا كرا.
هیچ كامێك له‌م به‌رپرسانه هه‌بوونی رێكه‌وتنێكی ره‌سمی یان هه‌ر جۆرێكی تریان پشتڕاست نه‌كردوه كه رێگا به ئێران بدات له‌ناو خاكی عێراقدا هێرش بكاته سه‌ر قاچاغچییه‌كان.
به‌رپرسه‌كانی ئێران نكۆڵیان له‌و راپۆرتانه نه‌كرد كه باس له هاتنه‌ژووره‌وه‌ی هێزه‌كانی ئێران بۆ ناو خاكی هه‌رێم ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆش قسه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و راپۆرتانه نه‌كرد. گشت ئه‌و به‌رپرسه عێراقیانه‌ی كه بۆچوونیان وه‌رگیراوه وتیان به‌گشتی به هه‌ر جۆره هاتنهژوورهوهیهكی ئێران ناڕازین.
به‌ڵام به‌رپرسانی عێراق ناكۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێ كێ له كۆتاییدا رێوشوێن به‌رامبه‌ر به‌و پێشێلكاریانه بگرێته‌به‌ر. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ندی له به‌غدا ته‌واوی به‌رپرسیارێتییه‌كه‌یان ئه‌خسته ئه‌ستۆی یه‌كتر.
جگه له‌مه‌ش، ناكۆكییه‌كی ئێجگار توند له‌نێوان به‌رپرسانی حكومه‌ت و ئۆپۆزسیۆن له به‌غدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا ئه‌و ده‌ستدرێژیانه هه‌ڕه‌شه‌ی راسته‌وخۆن له‌سه‌ر سه‌روه‌ری عێراق یان نا هه‌ستی پێكرا.
دووبه‌ره‌كی به‌هۆی ئێرانه‌وه
نه‌بوونی هه‌ڵوێستێكی روون و یه‌كده‌نگ به‌رامبه‌ر به پێشێلكارییه‌كانی سه‌ر سنوور له كاتێكدایه كه په‌یوه‌ندیی عێراق له‌گه‌ڵ ئێران پێ ناوه‌ته قۆناغێكی گرنگه‌وه و له ئێستادا هاوكاریی قووڵ و مشتومڕی توند له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه.
كاروباری بازرگانی له‌نێوان هه‌ردوو ووڵات خه‌ریكه گه‌شه‌ده‌كات و هه‌ردوولاش به‌یه‌كه‌وه هه‌وڵی چاره‌سه‌كردنی كێشه ئه‌منییه‌كان ده‌ده‌ن. تاران هێرشه‌كانی خۆی له‌ناو سنووری عێراق زیادكردووه و ده‌ڵێت مه‌به‌ست له‌و هێرشانه بنكه و پێگه‌كانی گه‌ریلاكانی پژاكن. هه‌رچه‌نده عێراق ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر به‌و هێرشانه ده‌ربڕیووه، به‌ڵام وه‌ڵامی سه‌ربازی به‌دوور ده‌زانێ و له‌بری ئه‌وه داوای كردووه پژاك خاكی عێراق به‌كارنه‌هێنێ.
هێشتا چه‌ندین خاڵی ناكۆك له‌نێوان هه‌ردوولادا وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه. كێشه‌ی سنووری شه‌ڕی نێوان عێراق و ئێرانی لێكهوتهوه له ساڵانی ١٩٨٠كاندا و هه‌ندێ له‌و كێشانه‌ش تا ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراون. له كۆتایی كانوونی یه‌كه‌م، هێزه‌كانی ئێران بۆ ماوه‌یه‌كی كورت بیره‌نه‌وتی فهككهیان له‌ناو خاكی عێراق داگیركرد. دوای زنجیره‌یه‌ك چالاكی دیبلۆماسی و به‌ڵێنی هاوبه‌ش له نێوان هه‌ردوولا له‌پێناو دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی ئاشتیانه بۆ ناكۆكییه مێژووییه‌كان، هێزه‌كانی ئێران كشانه‌وه.
ئێستا له به‌غدا هه‌ڵوێستی هێزه سیاسیه‌كانی عێراق به‌رامبه‌ر به ئێران له‌دوو جه‌مسه‌ردا كۆبوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ك چۆن هه‌ڵوێستی ئه‌و هێزانه به‌رامبه‌ر به واشنتۆن پێشتر له دوو جه‌مسه‌ردا گردببوویهوه.
حزبه سه‌ره‌كییه‌كانی شیعه و كورد په‌یوه‌ندیی مێژووییان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یه و كاتێك به‌رهه‌ڵستی رژێمی سه‌دام حوسێنیان ده‌كرد ئه‌و په‌یوه‌ندیانه به‌ره‌و توندوتۆڵی چوون. هه‌ندێ له سه‌ركرده‌كانی ئه‌و حزبانه ئێران به هاوپه‌یمانێكی سروشتیی وڵاته‌كه‌یان داده‌نێن.
به‌رپرسانی تری عێراق، به‌تایبه‌تی سوننه‌كان و شیعه عه‌لمانییه‌كان، هه‌میشه له رژێمی ئایینیی ئێران ده‌ترسن و نیگه‌رانن له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئێران له عێراقدا زیاد بكات كاتێك ئه‌مریكا زۆربه‌ی هێزه‌كانی خۆی ئه‌مساڵ له عێراق ده‌كێشێته‌وه.
"ئێران رێز له سه‌روه‌ری و ویستی خه‌ڵكی عێراق ناگرێت،" سه‌لمان جومه‌یلی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراقه و سه‌ر به حزبی بزوتنه‌وه‌ی نیشتیمانیی عێراقی ئۆپۆزسیۆنه، وتی.
"له داهاتوودا ئێران مه‌ترسی گه‌وره بۆ سه‌ر عێراق دروست ده‌كات،" جومه‌یلی وتی. "ئێران پێویستی به رێكه‌وتن نییه، جا ره‌سمی بێت یان زاره‌كی، بۆ زیادكردنی هێرشه‌كانی سه‌ر سنوور چونكه كاره‌كانی له‌لایه‌ن چه‌ند لایه‌نێكی به‌هێزی ناو حكومه‌ته‌وه ده‌شاردرێنه‌وه."
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش پێی وایه كه هاوپه‌یمانانی ئێران له عێراق له قه‌باره‌ی پێشێلكارییه‌كانی سنووریان كه‌م كردۆته‌وه. "هه‌ندێ له هێزه‌كانی عێراق كه په‌یوه‌ندیی باشیان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یه... نایانه‌وێ به‌هۆی سنووره‌وه گرژی و ئاڵۆزی دروست بێت،" سه‌ردار عه‌بدوڵڵا، كاندیدی لیستی گۆڕانه بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق، وتی. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به لیستێكی سه‌ربه‌خۆ به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراقدا ده‌كات.
"سه‌ره‌ڕای ده‌ركردنی چه‌ندین به‌یاننامه له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی به‌غداوه، هێرشه‌كانی سه‌ر سنوور بوونه‌ته شتێكی ئاسایی" عه‌بدوڵڵا وتی. "ئه‌و هێرشانه هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر سه‌روه‌ریی وڵات."
له به‌غدا، ره‌زا جه‌واد ته‌قی، ئه‌ندامێكی باڵای ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراقه كه به‌هێزترین حزبی شیعه‌یه، ره‌تیكرده‌وه به‌زاندنی سنوور له لایه‌ن هێزه‌كانی ئێرانه‌وه له داهاتووی دووردا هه‌ڕه‌شه‌ی لێبكه‌وێته‌وه.
ته‌قی وتی له‌وانه‌یه ئێران په‌لاماری "سنووردار" ئه‌نجام بدا، به‌ڵام پێده‌چێ ئه‌و هێرشانه كاری "چه‌ند ئه‌فسه‌رێك و سه‌ربازێك بن".
ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراق وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقی به‌ده‌سته‌وه‌یه و به‌رپرسیارێتیی ته‌واوی هێزه‌كانی سنووریش له ئه‌ستۆی ئه‌و وه‌زاره‌ته دایه. له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا، ئه‌و حزبه رووبه‌ڕووی هاوپه‌یمانیی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نوری مالیكی ده‌بێته‌وه.
ته‌قی وتی هیچ راپۆرتێكی ده‌رباره‌ی به‌زاندنی سنوور له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه له ناوچه‌ی پێنجوێن به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه و ئه‌وه‌شی وت كه ئه‌گه‌ر شتی وا روویدابێ ئه‌وا پێی رازی نییه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و وتی، "ئێمه پێمان وایه ئێران رێز له سه‌روه‌ریی عێراق ده‌گرێت".
"پێم وا نییه له داهاتووی دوور یان نزیكدا ئێران هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بێت بۆ سه‌ر عێراق چونكه ئێران ده‌یه‌وێ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ عێراقدا له‌سه‌ر بنه‌مانی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و هاوكاریی ئابووری دروست بكات،" ته‌قی وتی.
حه‌یده‌ر عه‌بادی، به‌رپرسێكی باڵایه له هاوپه‌یمانیی ده‌وڵه‌تی یاسا، ته‌ئكیدی كرده‌وه كه حكومه‌ت ئه‌و په‌لامارانه پشتگوێ ناخات.
"نكۆڵی له‌وه ناكه‌ین كه ئێران ره‌نگه له هه‌ندێ حاڵه‌تدا پێشێلكاری له‌سه‌ر سنووردا ئه‌نجام بدات. به‌ڵام به‌مه رازی نین،" عه‌بادی به IWPRی وت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، عه‌بادی وتی كێشه سنوورییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران ئاڵۆزن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌رده‌می سه‌دام حوسێن. ئه‌و به‌رپرسانه‌ی له مالیكییه‌وه نزیكن ده‌یانه‌وێ كۆمیته‌یه‌كی هاوبه‌شی تایبه‌ت به سنوور ناكۆكییه‌كان چاره‌سه‌ر بكات.
"حكومه‌ت ده‌یه‌وێ په‌یوه‌ندی باش له‌گه‌ڵ ئێران له‌سه‌ر بنه‌مانی به‌رژه‌وه‌ندیی به‌هێز و هاوبه‌ش دروست بكات، به‌ڵام نه‌ك له‌سه‌ر حسابی سه‌روه‌ریی عێراق،" عه‌بادی وتی.
قاچاغچییه‌كان ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن
ده‌یان ساڵه ئه‌و چاقاغچییانه له سنووری پێنجوێندا هاتوچۆ ده‌كه‌ن و یاری مشك و پشیله له‌گه‌ڵ پاسه‌وانانی سنووردا ده‌كه‌ن كاتێك سووته‌مه‌نی به نرخێكی هه‌رزان ده‌هێننه ناو عێراق و خواردنه‌وه‌ی كحولی و كه‌لوپه‌لی جوانكاری له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌به‌نه‌وه. هه‌رچه‌نده له‌مێژه هێزه ئه‌منییه‌كانی ئێران له‌ناو خاكی عێراقدا راوی قاچاغچیان ده‌نێن، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و راپۆرتانه‌ی له پێنجوێنه‌وه هاتوون تاكتیكی هێزه‌كانی ئێران به‌م دواییانه توندتر كراون.
هه‌ندێ له‌و قاچاغچییانه وتیان به‌هۆی رێوشوێنه تونده‌كانی ئێرانه‌وه هێنان و بردنی كه‌لوپه‌لی قاچاغ له هه‌ندێ مه‌رزی قه‌ره‌باڵغدا كه‌م بۆته‌وه و له هه‌ندێ حاڵه‌تدا رێژه‌ی دابه‌زینه‌كه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا گه‌یشتۆته ٩٠ له سه‌دا. كۆڵبه‌ران كه پێشتر به ئازادی و به درێژایی رۆژ هاتوچۆیان ده‌كرد ئێستا به‌پێی راپۆرته‌كان ته‌نها له شه‌ودا ده‌رده‌چن.
ئه‌حمه‌د فه‌ره‌ج، خاوه‌نی باڕخانهیه له مه‌رزێكی پێنجوێن و قاچاغچییه‌كان پشووی لێ ده‌ده‌ن ، وتی له مانگی كانوونی یه‌كه‌م پاسه‌وانانی ئێران سنووری گوندی بالیكهدهریان به‌زاندووه و ٨٠ باره ئه‌سپیان سووتاندووه كه گشتی كه‌لوپه‌لی جوانكاری بووه و قاچاغچیان ویستوویانه بیانبه‌ن بۆ ئێران.
"هه‌روه‌ها دوو ئه‌سپی خزمه‌كانی منیشیان كوشتووه،" فه‌ره‌ج وتی. "ئه‌گه‌ر حكومه‌تین، چۆن ده‌بێ ئێران بێته خاكمان و بێده‌نگ بین؟"
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی سنوور له شاری سلێمانی ئه‌وه‌ی پشتڕاست كرده‌وه كه پاسه‌وانانی ئێران له ٣ی كانوونی یه‌كه‌م هه‌ندێ كه‌لوپه‌لیان له گوندی بالیكه‌ده‌ر سووتاندووه. تۆمارێكی ساڵی ٢٠٠٩ی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه، كه IWPR بینیویه‌تی، ده‌ریده‌خات ئێران ٢٢ جار له پێنجوێن و قه‌زاكانی ده‌وروبه‌ری هاتۆته ناو خاكی عێراقه‌وه.
مه‌فره‌زه‌كانی ئێران، كه هه‌ندێ جار ٢٠ كه‌س ده‌بن، به‌قووڵایی ٢٠٠ مه‌تر تا دوو كیلۆمه‌تر هاتوونه‌ته ناو خاكی عێراق. به‌گشتی هه‌ر هاتنهژوورهوهیهك كاتژمێرێك ده‌خایه‌نێت و پاسه‌وانانی ئێرانیش ته‌قه له قاچاغچییه‌كان ده‌كه‌ن و كه‌لوپه‌له‌كانیان تێك ده‌شكێنن.
له ٢٦ی كانوونی یه‌كه‌م، هێزه‌كانی ئێران هاوڵاتییه‌كی عێراقیان به قووڵایی ٣٠٠ مه‌تر له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانی عێراق ده‌ستگیركرد و له‌گه‌ڵ خۆیان بردیان بۆ ئێران. ئه‌و پیاوه هه‌فته‌یه‌ك دواتر ئازادكرا و گه‌ڕایه‌وه عێراق.
دبلۆماتكارێكی ئێرانی له هه‌ولێر وتی رێوشوێنه تونده‌كانی وڵاته‌كه‌ی دژی قاچاغچیان یاسایین – هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت كه ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق پاڵپشتییه‌كی زۆریان لێده‌كه‌ن.
"له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه له حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ین،" ئه‌عزه‌م حوسێنی، قنسوڵی ئێران له هه‌ولێر، وتی. "هاوكاریی دبلۆماسی و سیاسی و سه‌ربازی له‌نێوانماندا هه‌یه. ئه‌گه‌ر هه‌ردوولا هاوكاری یه‌كتر نه‌كه‌ین، پارێزگاری له سنووره‌كه ناكرێت."
هه‌رچه‌نده حوسێنی به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ قسه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و راپۆرتانه نه‌كرد كه باس له هاتنه‌ناوه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئێران بۆ ناو خاكی عێراق ده‌كه‌ن، به‌ڵام تهئیكیدكردهوه كه وڵاته‌كه‌ی هیچ یاسایه‌كی پێشێل نه‌كردووه. حوسێنی قاچاغچییه‌كانی به‌وه تۆمه‌تباركرد كه گوێ به سنووری ره‌سمی ناده‌ن و ئه‌وه‌شی وت كه ده‌بێ قاچاغچییه‌كان خۆیان روونكردنه‌وه له‌سه‌ر پێشێلكارییه‌كان بده‌ن.
"مه‌رزی ره‌سمی واتای دوو وڵات ده‌به‌خشێت. قاچاغچییه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه ده‌كه‌ن هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ناو یه‌ك وڵات‌دا بن،" حوسێنی وتی. "نابێت پرسیار له پۆلیسێك بكرێت كاتێك تاوانێك رووده‌دا. ده‌بێ له بری ئه‌وه پرسیار له تاوانبار بكه‌ین."
موقه‌ده‌م شه‌وكه‌ت محه‌مه‌د،فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سنوور له هه‌رێمی كوردستان، وتی هێزه‌كانی ته‌نها له‌كاتی شه‌ڕدا ده‌توانن وه‌ڵامی هێزه‌كانی ئێران بده‌نه‌وه.
"خاڵه‌كانی سنوور نوێنه‌رایه‌تی سه‌روه‌ریی وڵات ده‌كه‌ن، بۆ شه‌ڕكردن له‌سه‌ر سنوور دانهنراوان،" محه‌مه‌د، به IWPRی وت.
محه‌مه‌د ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه ئه‌گه‌ر پاسه‌وانانی ئێران به به‌رد یان فیشه‌كیش هێرش بكه‌نه سه‌ر خاڵه سنوورییه‌كانی عێراق، مه‌رج نییه هێزه‌كانی عێراق به‌هه‌مان شێوه وه‌ڵامیان بده‌نه‌وه.
"ته‌نها راپۆرتێك كه باس له رووداوه‌كه و كاته‌كه‌ی ده‌كات به‌رزده‌كرێته‌وه،" محه‌مه‌د وتی و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه دوای ئه‌وه به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌گه‌ڵ هاوشانه ئێرانیه‌كانیان باس له‌و كێشانه ده‌كه‌ن.
نوری عوسمان، سه‌رۆكی دیوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وتی حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌رپرسیاره له‌وه‌ی وه‌ڵامی پێشێلكارییه‌كانی سه‌ر سنوور بداته‌وه.
"ده‌بێ پرسیار له حكومه‌تی عێراقی بكرێت كه بۆچی عێراق رێگا به‌و په‌لامارانه ده‌دات. پاراستنی سنووری عێراق له باشووره‌وه تا هه‌رێمی كوردستان ئه‌ركی حكومه‌تی عێراقه."
عه‌بادی وتی ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد رۆڵێكی سه‌ره‌كییان هه‌یه له ئارامڕاگرتنی سنووره‌كانی هه‌رێمه‌كه.
"پاراستنی سنوور ئه‌ركی هاوبه‌شی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هێزه‌كانی سنووری عێراقه،" عه‌بادی وتی. "به‌ڵام له‌وانه‌یه هێزه‌كانی هه‌رێم بتوانن باشتر پارێزگاری له هه‌ندێ ناوچه‌ی دوور و شاخاوی بكه‌ن چونكه ئه‌وان خۆیان له‌و شوێنانه‌ن و نهێنییه‌كانی ئه‌و شوێنانه ده‌زانن."
عه‌بادی ئه‌وه‌شی وت كه پاسه‌وانانی سنووری هه‌رێمی كوردستان و هێزه‌كانی سنووری عێراق به‌ته‌واوی رێگه‌یان پێدراوه "به‌رپه‌چی پێشێلكردنی خاكی عێراق له لایه‌ن هه‌ر لایه‌كه‌وه بێت بده‌نه‌وه".
به‌رپرسه باڵاكانی هه‌ولێر و به‌غدا وتیان ئاگایان له‌و راپۆرتانه نییه كه باس له هاتنه‌ژووره‌وه‌ی هێزه‌كانی ئێران له ناوچه‌ی پێنجوێندا ده‌كه‌ن.
عوسمان وتی هاتنه‌ژووره‌وه‌ی هێزه‌كانی ئێران بۆ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی مه‌ترسیداره بۆ سه‌ر سه‌روه‌ریی عێراق و زیاتر وتی، "هیچ زانیارییهكهم نییه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پاسه‌وانانی ئێران تا چه‌ند هاتوونه‌ته ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه".
"له‌وانه‌یه هێزه‌كانی ئێران هه‌ندێ جار سنووری هه‌رێمی كوردستانیان به‌زاندبێت و له‌وانه‌یه ده‌ستیان به‌سه‌ر كه‌لوپه‌لی قاچاغچییهكاندا گرتبێت،" عوسمان وتی.
فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سنووری عێراق له به‌غدا لیوا موحسین كه‌عبی وتی ئاگای له هیچ په‌لامارێكی ئێران له ناوچه‌ی پێنجوێن نییه، هه‌رچه‌نده نووسینگه‌كه‌ی "له‌نزیكه‌وه هاوكاری" له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له مه‌سه‌له‌ی ئاسایشی سنووردا ده‌كات.
"له‌وانه‌یه پاسه‌وانانی ئێران سنووریان به‌زاندبێت به‌ڵام هیچ تۆمارێكمان له‌و باره‌یه‌وه یاخود تێكدانی موڵك و زه‌وی و زار له هه‌رێمه‌كه لا نییه،" كه‌عبی به IWPRی وت.
كه‌عبی وتی هێزه‌كانی عێراق ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵیان ده‌ده‌ن تا سنووره‌كان بپارێزن به‌ڵام بودجه‌ی ته‌واو و ئامێری پێویستیان نییه - به‌تایبه‌تی بۆ ده‌ركردنی ده‌وریه له‌و شوێنانه‌ی سنوور كه به‌ڕێكی دیاری نه‌كراون و سه‌ختن.
شاره‌زایان ده‌ڵێن دراوسێكانی عێراق بێ هێزیی عێراق له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه ده‌قۆزنه‌وه و ده‌زانن به‌غدا جگه له دبلۆماسییه‌ت رێگاچاره‌ی تری له‌به‌رده‌ستدا نییه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه سنوورییه‌كان.
"عێراق هۆكارێكی ئه‌وتۆی له‌به‌رده‌ستدا نییه تا به وڵاتانی دراوسێ بڵێ به وریاییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن،" عه‌بدولسه‌تار جابر، لێدوانكاری رۆژنامه‌ی موئتهمهڕه له به‌غدا و ره‌خنه‌گری حكومه‌ته،" وتی. "كۆسپهكانمان سه‌ربازی نین به‌ڵكو سیاسی و ئابوورین."
كه‌ریم حه‌واس، لێدوانكارێكی سیاسیی گۆڤارێكی چه‌پڕه‌وه له به‌غدا، وتی عێراق ناتوانێت پارێزگاری له سنووره‌كانی بكات، "عێراق له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو دراوسێكانی هه‌ست به‌لاوازی ده‌كات."
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، عه‌بادی سووربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌غدا پارێزگاری له سه‌روه‌ریی خۆی ده‌كات. "عێراق به‌هه‌مان شێوه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئێران و درواسێكانی تری‌دا ده‌كات. كه‌س چاوپۆشی له پێشێلكارییه‌كانی هێزه‌كانی ئێران ناكات،" ئه‌و وتی.
نیڵ ئاڕون، موحه‌ریری IWPRی عێراقه له هه‌ولێر و شۆڕش خالید، رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه له سلێمانی، ئه‌م راپۆرته‌یان نووسیوه. عه‌لی كه‌ریم و فالیح حه‌سه‌ن و باسم شه‌رع، سێ رۆژنامه‌نووسی راهێنراوی IWPRن له به‌غدا و هۆگر حه‌سه‌ن، موحهریرێكی ناوخۆیی IWPR ه له هه‌ولێر و خالید مه‌حمود، رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه له سلێمانی، به‌شداریان له نووسینی ئه‌م راپۆرته كردووه.