بڕیاره‌ سه‌رۆك یاسای رۆژنامه‌نوسی ره‌تبكاته‌وه‌

مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ڵێنیداوه‌ ئه‌و یاسا پێشنیاركراوه‌ ره‌تبكاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆی سه‌پاندنی سزای زیندانیكردن بۆ رۆژنامه‌نوسان.

بڕیاره‌ سه‌رۆك یاسای رۆژنامه‌نوسی ره‌تبكاته‌وه‌

مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ڵێنیداوه‌ ئه‌و یاسا پێشنیاركراوه‌ ره‌تبكاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆی سه‌پاندنی سزای زیندانیكردن بۆ رۆژنامه‌نوسان.

Thursday, 6 March, 2008
.



فوئاد حسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم به‌ (IWPR)ی راگه‌یاند كه‌ سه‌رۆك بڕیاریداوه‌ ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ ئیمزانه‌كات، "چونكه‌ كه‌موكوڕی زۆری تێدایه و كێشه‌ی زۆر بۆ رۆژنامه‌نوسان دروستده‌كات."



له‌ كاتێكدا ده‌قی یاسا پێشنیاركراوه‌ ئاشكرا نه‌كراوه‌، به‌گوێره‌ی هه‌واڵ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ووتویانه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ ده‌ربچێت و ببێته‌ یاسا، له‌وانه‌یه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ رۆژنامه‌نوسان غه‌رامه‌ی زۆر بده‌ن و رۆژنامه‌كان دابخرێن به‌ تۆمه‌تی ناڕوون و رۆژنامه‌نوسان و موحه‌ریره‌كانیش زیندانی بكرێن به‌ هۆی شكاندنی به‌نده‌ پڕمشتومڕه‌كانی ئه‌و یاسایه‌وه‌.



رۆژنامه‌نوسانی سه‌ر به‌ میدیای حیزبه‌كان و میدیای سه‌ربه‌خۆ داوایان له‌ بارزانی كرد یاساكه‌ ره‌تبكاته‌وه‌ كه‌ هه‌فته‌ی پێشوو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ په‌سه‌ندكرا. بارزانیش له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا به‌ڵێنیدا یاساكه‌ ره‌تبكاته‌وه‌.



ئه‌گه‌ر سه‌رۆک، وه‌ک به‌ڵێنی داوه‌، یاساکه‌ ره‌تبكاته‌وه‌،ئاوا ئه‌و یاسایه‌ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان بۆ چاوپیاخشاندنه‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان ئه‌توانن ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ دوباره‌ دابڕێژنه‌وه‌ یان ڕشنوسه‌ ئه‌سڵیه‌كه‌ فه‌رزبكه‌ن، ئیتر ئه‌و كات، به‌پێی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان، حوكمی یاسا وه‌رده‌گرێت و ده‌بێته‌ یاسا.



به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا، پێناچێت ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ی سه‌ر به‌ دیموكراتی كوردستانن (که‌ هه‌موویان ده‌نگیان بۆ یاساکه‌دا) دژایه‌تی بڕیاره‌که‌ی بارزانی بکه‌ن.



په‌سه‌ندکردنی پڕۆژه‌یاساكه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مان ناردنی بۆ بارزانی، رۆژنامه‌نوسان و چاودێرانی سیاسی و سیاسه‌تمه‌دارانی له‌ كوردستانی عێراق و هه‌روه‌ها داكۆكیكارانی نێوده‌وڵه‌تی مافه‌كانی رۆژنامه‌نوسیی تووشی شۆككرد.



ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ی به‌ یه‌كده‌نگیه‌كی ده‌گمه‌ن كرد له‌نێوان رۆژنامه‌نوساندا ئه‌وه‌ بوو سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان -كه‌ وابه‌سته‌ی هه‌ردوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی كوردستانی عێراقه‌- و رۆژنامه‌نوسه‌ سه‌ربه‌خۆكان هه‌ردوولایان به‌ئاشكرا دژی پرۆژه‌یاساكه‌ وه‌ستانه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌ ١١ی كانونی یه‌كه‌مدا په‌سه‌ندیكرد.



رۆژنامه‌نوسانی زۆربه‌ی لایه‌نه‌‌ سیاسیه‌كان له‌ كوردستانی عێراق نیگه‌رانیان ده‌ربڕی له‌وه‌ی یاسا پێشنیاركراوه‌كه‌ زۆر تونده‌ به‌رامبه‌ر‌ به‌ ڕاگه‌یاندن. هه‌فته‌ی پێشوو رۆژنامه‌نوسان و موحه‌ریران له‌ چه‌ند شار و شارۆچه‌یه‌كی كوردستان گردبونه‌وه‌یان سازكرد بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌.



مه‌م بورهان قانع كه‌ رۆژنامه‌نوسێكه‌ له‌ یاساكانی میدیای عێراقی كۆڵیوه‌ته‌وه‌، وتی، "ئه‌و یاسایه‌ خراپترین یاسایه‌ تا ئێستا په‌رله‌مان ده‌ریكردبێت چونكه‌‌ پێشێلی ئازادیه‌كان و ئازادی راده‌بڕین ده‌كات."



غه‌فور مه‌خموری كه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی سه‌ر به‌ حزبی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستانه‌ و له‌ دژی پڕۆژه‌ی بڕیاره‌كه‌ ده‌نگیداوه‌ وتی ئه‌گه‌ر ئه‌و یاسایه‌ په‌سه‌ندبكرێت و كاری پێبكرێت رۆژنامه‌نوسان روبه‌روی غه‌رامه‌كردن ده‌بنه‌وه‌ هه‌تا بڕی ١٠ ملیۆن دیناری عێراقی و رۆژنامه‌كانیش ٢٠ ملیۆن، ئه‌گه‌ر یاساكه‌ پێشێلبكه‌ن.



ده‌وترێت که‌ ئه‌و یاسا پێشنیاركراوه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و راپۆرتانه‌ی نائارامی دروستده‌كه‌ن یان ترس بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، تایه‌فه‌گه‌ری ده‌ووروژێنن، دژی دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تین یان هانی تیرۆرده‌ده‌ن و چه‌ند شتێكی یاساغی تریش، به‌ كارێكی نایاسایی ده‌داته‌ه‌قه‌ڵه‌م.



به‌پێی ئه‌و قسانه‌ی بڵاوه‌، پێده‌چێت رۆژنامه‌وسان هه‌تا ماوه‌ی ١٥ ساڵ زیندانیبكرێن و رۆژنامه‌كان بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ دابخرێن ئه‌گه‌ر سه‌رپێچی یاسا‌ بكه‌ن (به‌پێی یاسای دژه‌ تیرۆر).



هه‌ر به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ سه‌رنوسه‌ران ناچارده‌كرێن ببنه‌ ئه‌ندامی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان، ئه‌گه‌رچی ده‌ستوری عێراقی به‌ئه‌ندامبونی زۆره‌ملێی له‌ هه‌ر لایه‌ن و حزب و كۆمه‌ڵه‌یه‌كدا یاساغكردووه‌.



به‌بۆچونی مه‌خموری په‌رله‌مان ئه‌و یاسایه‌ی بۆ "كه‌له‌پچه‌كردنی" رۆژنامه‌نوسان ده‌ركردووه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی زۆریان ئاراسته‌ی حكومه‌ت كردووه‌.



كه‌ریم به‌حری سه‌رۆکی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان كه‌ پشتگیری له‌ یاساكه‌ كردوه‌و‌ ده‌نگی بۆ داوه‌ وتی، "رۆژنامه‌نوسان ئازادن تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ئازادیه‌كانی هاوڵاتیان پێشێلنه‌كه‌ن."



به‌حری وتی هۆكاری ئاشكرانه‌كردنی پڕۆژه‌یاساكه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سكرتێری په‌رله‌مان رۆیشتبو پشووی هه‌بوو به‌رله‌وه‌ی دوا كۆپی پڕۆژه‌یاساكه‌ ته‌واوبكرێت.



پڕۆژه‌یاسایه‌كی پێشتر هه‌مان ئه‌و یاساغانه‌ی تایبه‌ت به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ تێدابوو كه‌ له‌ پڕۆژه‌ یاسا په‌سه‌ندكراوه‌كه‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام سزاكان به‌هه‌مان ڕاده‌ توندنه‌بوون.



پڕۆژه‌ یاساكه‌ی پێشوو رۆژنامه‌نوسانی له‌ زیندانیكردن ده‌پاراست و غه‌رامه‌ی رۆژنامه‌نوسان و رۆژنامه‌كانی ته‌نها به‌بڕی ئه‌وپه‌ڕی ٢ ملیۆن دینار ده‌كرد باسیشی له‌وه‌ نه‌ده‌كرد كه‌ ده‌بێت سه‌رنوسه‌ران ببنه‌ ئه‌ندامی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان.



سه‌ره‌ڕای هه‌بونی هه‌ندێك ته‌حه‌فوزات، زۆر له‌ رۆژنامه‌نوسانی سه‌ربه‌خۆ پشتگیریان له‌و یاسا پێشنیاركراوه‌ كرد كه‌ هه‌رگیز له‌ په‌رله‌مان به‌تێروته‌سه‌لی موناقه‌شه‌ی نه‌کرا.



له‌باتی ئه‌وه‌، لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان بڕیاریدا ئه‌م پڕۆژه‌ یاسایه‌ی ئێستا‌ ڕه‌شنوسبكات كه‌ بوه‌ هۆی دابه‌شبونی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌ناو خۆیاندا و چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانتارێكیش بایكۆتی ده‌نگدانه‌كه‌یان كرد.



له‌ لێدوانێكدا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی لیژنه‌ی پاراستنی رۆژنامه‌نوسان (لجنة حماية الصحفيين) جۆیل سیمۆن ستایشی بڕیاره‌كه‌ی بارزانی كرد به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی یاساكه‌ و هانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی دا "یاسایه‌ك دابڕێژن و ته‌شریع بكه‌ن كه‌ ببێته‌ مۆدێلێك بۆ ناوچه‌كه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ستانده‌ره‌كانی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری نێوده‌وڵه‌تیدا هاوتابێت‌."



مه‌خموری وتی له‌و بڕوایه‌دایه‌ كه‌ په‌رله‌مان گۆڕانكاری له‌ پڕۆژه‌یاساكه‌دا ده‌كات. هه‌روه‌ها وتی دوای ئه‌و ڕه‌خنه‌ توندانه‌ی ئاراسته‌ی كۆتوبه‌نده‌كانی ناو یاساكه‌ كرا "په‌رله‌مان له‌ ژێر گوشارێكی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌دایه‌" بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانكاری تێدابكات.



ئازیز مه‌حمود رۆژنامه‌نوسێكی (IWPR)ه‌. مه‌ریوان حه‌مه‌سه‌عیدی موحه‌ریری كوردی (IWPR) به‌شداریكردووه‌ له‌م راپۆرته‌دا.
Iraqi Kurdistan
Frontline Updates
Support local journalists