ده‌سه‌ڵاتی ژنان له‌ كوردستان سنوورداره‌

چالاكوانانی مافه‌كانی ژنان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێن رێژه‌ی ژنان له‌ پۆسته‌ سه‌ره‌كییه‌كاندا زۆر كه‌مه‌‌.

ده‌سه‌ڵاتی ژنان له‌ كوردستان سنوورداره‌

چالاكوانانی مافه‌كانی ژنان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێن رێژه‌ی ژنان له‌ پۆسته‌ سه‌ره‌كییه‌كاندا زۆر كه‌مه‌‌.

Thursday, 29 April, 2010

شۆڕش خالید

ICRی ژماره‌ ٣٣٤، ٢٩-٤-٢٠١٠

كاتێك كابینه‌ی ئێستای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆتایی ساڵی رابردوودا راگه‌یه‌نرا، ‌خانم ره‌حیم پێنووسه‌كه‌ی خۆی ئاماده‌كردبوو تا ژماره‌ی وه‌زیره‌ ژنه‌كان بنووسێت.

خانم، به‌رپرسی رێكخراوی ئاسووده‌یه‌ بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی، وتی، "ویستم ناوه‌كان بنووسم... چونكه‌ پێشبینم ده‌كرد ژماره‌ی وه‌زیره‌ ژنه‌كانی ئه‌م كابینه‌یه‌ له‌ هی پێشوو زیاتر بێت".

خانم وتی، "كاتێك بینیم كابینه‌ی نوێ ته‌نها یه‌ك ژن له‌خۆده‌گرێت تاسام. هه‌ستم كرد حكومه‌ته‌كه‌مان له‌ مه‌سه‌له‌كانی ژناندا هه‌نگاوێكی تر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ دواوه‌".

كه‌میی به‌شداریی ژنان له‌ كابینه‌ی ئێستای حكومه‌تی هه‌رێم ناڕه‌زایی له‌نێو سیاسه‌تمه‌داران و چالاكوانان دروستكردووه‌. ره‌خنه‌گران ده‌ڵێن حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی نه‌بردۆته‌سه‌ر كه‌ له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا دابووی بۆ فراوانكردنی رۆڵی ژنان له‌ كابینه‌ی نوێدا.  

دوابه‌دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێم له‌ ته‌مووزی ٢٠٠٩، حكومه‌تی هه‌رێم وه‌زاره‌تی كاروباری ژنانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و ژماره‌ی وه‌زاره‌ته‌كانیشی له‌ ٤٢ وه‌زاره‌ته‌وه‌‌ كه‌مكرده‌وه‌ بۆ ١٩ وه‌زاره‌ت. سێ وه‌زیری ژن له‌ كابینه‌ی رابردوودا هه‌بوون و له‌وه‌ی ئێستاش ته‌نها یه‌ك وه‌زیر ژنه‌‌. له‌كاتێكدا ٣٧ په‌رله‌مانتار ژنن له‌ په‌رله‌مانی ئێستای هه‌رێم كه‌ له‌ ١١١ كورسی پێكهاتووه‌، به‌ڵام چالاكوانانی بواری مافه‌كانی ژنان ده‌ڵێن  پۆسته‌ هه‌ر باڵاكان ته‌نها ده‌درێن به‌ پیاوان.

چنار سه‌عد عه‌بدوڵڵا، وه‌زیری پێشووی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان كه‌ له‌كاتی راگه‌یاندنی كابینه‌ی نوێ له‌ تشرینی یه‌كه‌م پیاوێك جێگاكه‌ی گرتۆته‌وه‌، وتی، "ئێمه‌ سێ ژن بووین له‌ كابینه‌ی پێشوودا و هیواداربووین ئه‌و ژماره‌یه‌ زیاد بكات. بوونی ته‌نها یه‌ك ژن له‌ كابینه‌ی ئێستادا به‌شداریێكی نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا و ره‌نگدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ نییه‌. پێویسته‌ ئێمه‌ ده‌نگێكی راسته‌قینه‌مان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا هه‌بێت".

چنار سه‌عد وتی، "حزبه‌ سیاسییه‌كان به‌ڵێنیاندابوو به‌شداری به‌ ژنان بكه‌ن له‌ حكومه‌تدا، به‌ڵام ئه‌مه‌ هه‌مووی پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن بوو. هیوادارم خه‌ڵك ئه‌م به‌ڵێنانه‌ له‌بیر نه‌كه‌ن. ئێمه‌ له‌ وشه‌ و قسه‌ بێزار بووین. ده‌مانه‌وێ هه‌نگاوی راسته‌قینه‌ بۆ ژنان بهاوێژرێت".

كاوه مه‌حمود، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان و گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم، وتی هیچ هه‌نگاوێكی ئه‌نقه‌ست له‌ئاردا نه‌بووه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی ژنان له‌ كابینه‌ی نوێدا.

كاوه مه‌حمود وتی، "به‌ده‌ست ئێمه‌ نه‌بوو. گشت ئه‌و حزبه‌ سیاسیانه‌ی كه‌ بڕیاریان دا به‌شداری له‌ حكومه‌تی هه‌رێمدا بكه‌ن پیاویان بۆ پۆسته‌كانی كابینه‌ی نوێ پاڵاوت. ئێمه‌ نه‌مانتوانی زۆریان لێ بكه‌ین تا ژنان بۆ پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان بپاڵێون".

عارف روشدی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، وتی گروپه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان دوودڵن له‌ پاڵاوتنی ژنان بۆ پۆستی باڵا چونكه‌ پێده‌چێت پێیان وا‌بێت كه‌ ژنان نا‌توانن پۆستی له‌م جۆره‌ هه‌ڵبسوڕێنن.

روشدی وتی، "ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ به‌شداریی ژنان له‌ سه‌ركردایه‌تیدا به‌ره‌وپێش ببه‌ین و دان به‌وه‌شدا ده‌نێین كه‌ نه‌مانتوانیوه‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌ین".

روشدی زیاتر وتی، "له‌ كۆنگره‌ی داهاتوودا، یه‌كێتی بڕیار له‌سه‌ر سیسته‌مێكی كۆتا ده‌دات كه‌ به‌شداریكردنی ژنان له‌ كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی له‌خۆ ده‌گرێت".

هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی سیسته‌می كۆتا ده‌بێت ٢٥ له‌سه‌دای كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ژنان ته‌رخان بكرێت‌، به‌ڵام ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ ژنان گه‌یشتوون به‌ پۆستی‌ باڵا له‌ناو حزبه‌كانیاندا‌. له‌ هه‌موو حزبه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، ته‌نها له‌ناو یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ژنێك ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیه‌.

بێخاڵ ئه‌بوبه‌كر، به‌رپرسی رێكخراوی خوشكانی كوردستان‌ كه‌ سه‌ر به‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانه‌ و له‌ ساڵی ١٩٩٤ دامه‌زراوه‌ و داكۆكی له‌ مافه‌كانی ژنان ده‌كات، وتی، "حزبه‌ سیاسییه‌كان زۆر به‌ كه‌می‌ پۆستی سه‌ركردایه‌تیان داوه‌ به‌ ژنان و بۆچوونێكی نه‌رێنیش به‌رامبه‌ر به‌ ژنان له‌ میدیاكاندا هه‌یه‌. به‌ڵام ئێمه‌ توانیمان زۆرێك له‌ ژنانی كورد له‌ ماڵه‌كانیان بهێنینه ده‌ره‌وه‌ تا كاربكه‌ن له‌ میدیاكان و پرۆسه‌ی هه‌ڵمه‌تی هۆشیاریش به‌گه‌ڕبخه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌لی قسه‌كردنیان بۆ بڕه‌خسێ‌".

به‌ گوته‌ی چنار محه‌مه‌د له‌ رێكخراوی ره‌سه‌ن كه‌ ناحكومییه‌ و له‌پێناو فراوانكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ژنان هه‌وڵده‌دات، سروشتی پیاوسالاری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی ناهێڵێت ژنان وه‌ك سیاسه‌تمه‌دار و كه‌سانی پڕۆفێشناڵ به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ له‌ كاروباره‌كانیاندا به‌ره‌وپێش بچن. چنار محه‌مه‌د ده‌ڵێت كاتێك ژنان ده‌كرێن به‌ وه‌زیر پله‌ و پایه‌ی "لاواز"یان ده‌بێت، نه‌ك گرنگ.

ئاسۆس نه‌جیب مه‌حمود، وه‌زیری ئێستای كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، ئاماده‌نه‌بوو سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی ژنان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ IWPRدا سازبكات و وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكیشی نه‌دایه‌وه‌ كه‌ به‌ ئیمه‌یڵ ئاڕاسته‌ی كرا.

چنار محه‌مه‌د وتی، "بوونی یه‌ك ژن له‌ حكومه‌تی هه‌رێم واته‌ رۆڵی ئێمه‌ له‌ حكومه‌ت و له‌ پڕۆسه‌ی سیاسیدا كه‌میكردووه‌. منیش ده‌نگم ده‌خه‌مه‌ پاڵ ده‌نگی ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ هۆكاری نه‌بوونی ژنی زیاتر له‌ حكومه‌تدا ئه‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی حزبه‌ سیاسییه‌كان. به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا، ئێمه‌ی ژنان و چالاكوانانی ئه‌مڕۆ پێویسته‌ لۆمه‌ی خۆمان بكه‌ین. ئێمه‌ رێگامان له‌به‌رده‌م ژناندا خۆش نه‌كردووه‌ تا رۆڵێكی زیاتر له‌ حكومه‌تدا بگێڕن".

له‌ وه‌ڵامی ره‌خنه‌ تونده‌كانی چالاكوانان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی سه‌باره‌ت به‌ كه‌میی به‌شداریی ژنان له‌ حكومه‌تدا، حكومه‌تی هه‌رێم پێشنیاری پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نێكی كردووه‌ كه ته‌نها‌ له‌ ژنان پێكدێت تا راسپارده‌ بخه‌نه‌ به‌رده‌م داڕێژه‌رانی بڕیاره‌ سیاسییه‌كان.

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم وتی له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ راده‌گه‌یه‌نرێت كه‌ له‌ ١٥ كه‌س پێكهاتووه‌ و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم به‌رهه‌م ساڵح سه‌رپه‌رشتی ده‌كات.

ئه‌و رۆژی ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ی ئاشكرا نه‌كرد و وتی، "له‌ڕێی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌وه‌، ژنانی كورد رۆڵێكی راسته‌قینه‌یان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمدا ده‌بێت و ده‌نگیشیان ده‌بیسترێت. ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ چاودێری گشت وه‌زاره‌ته‌كان ده‌كات له‌ڕووی بیروبۆچوون و مافه‌كانی ژنانه‌وه‌".

چنار سه‌عدشتێكی زۆر له‌و پێشنیاره‌ چاوه‌ڕێ ناكات و وتی، "پێم وا نییه‌ دامه‌زراندی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ هیچ شتێك بكات. ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكه‌ له‌بواری په‌یوه‌ندیی گشتیدا. هیچ په‌یوه‌ندی به‌ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كانی ژنانه‌وه‌ نابێت".

په‌خشان زه‌نگه‌نه‌، پێشتر په‌رله‌مانتار بووه‌ و چالاكوانێكی دیاری مافه‌مانی ژنانه‌ و ده‌ڵێن پاڵێوراوی یه‌كه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پۆستی سكرتێری ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ وه‌ربگرێت، به‌هه‌مان شێوه‌ گومانی له‌و هه‌نگاوه‌ هه‌بوو.

زه‌نگه‌نه‌ وتی، "تا ئێستا نازانین كارنامه‌ی سه‌ره‌كیی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ چی ده‌بێت. ئێمه‌ سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ وه‌ك قه‌ره‌بوویه‌ك له‌‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی كاروباری ژنان قبوڵ نه‌كه‌ین".

زه‌نگه‌نه‌ زیاتر وتی، "به‌ڵام ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم جدی بێت له‌ پاڵپشتیكردنی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ئه‌و كاته‌ ئێمه‌ ده‌توانین زۆر شت بۆ ژنانی كوردستان بكه‌ین".

شۆڕش خالید رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه‌ له‌ سلێمانی. هێمن لهۆنی، موحه‌ریری ناوخۆییIWPRه‌ له‌ سلێمانی، له‌ نووسینی ئه‌م راپۆرته‌دا به‌شدار بووه‌.  

Iraqi Kurdistan
Women
Frontline Updates
Support local journalists