عه‌شیره‌ته‌كان بۆریه‌ نه‌وته‌كانی كه‌ركوك ده‌شکێنن

عه‌شیره‌ته‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ كه‌ قازانجێكی زۆر به‌ده‌ستده‌هێنن له‌ دزینی نه‌وته‌وه،‌ خه‌ریكن ده‌بنه‌ رێگر له‌به‌رده‌م هه‌وڵه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداراندا بۆ پاراستنی بۆریه‌نه‌وته‌كان.

عه‌شیره‌ته‌كان بۆریه‌ نه‌وته‌كانی كه‌ركوك ده‌شکێنن

عه‌شیره‌ته‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ كه‌ قازانجێكی زۆر به‌ده‌ستده‌هێنن له‌ دزینی نه‌وته‌وه،‌ خه‌ریكن ده‌بنه‌ رێگر له‌به‌رده‌م هه‌وڵه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداراندا بۆ پاراستنی بۆریه‌نه‌وته‌كان.

Friday, 7 September, 2007
(ملح)ه‌وه‌، ٧٥ كم خۆراوای كه‌ركوك، له‌ بۆریه‌كی نه‌وته‌وه نزیكده‌بنه‌وه‌ كه‌ به‌و نزیكانه‌دا تێده‌په‌ڕێت. هه‌ر كه‌ تاریك دادێت، ده‌ستده‌كه‌ن به‌ نه‌وت دزین له‌ كونێكه‌وه‌ كه‌ پێش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك كردوویانه‌ته‌ ئه‌و بۆریه‌وه‌.



به‌ درێژایی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك، ئه‌م مه‌شهه‌ده‌ شه‌وانه‌ دووباره‌ده‌بێته‌وه‌.



سه‌رباری بوونی یه‌که‌ تایبه‌تیه‌کانی سه‌ر به‌ وه‌زاه‌رتی نه‌وت، بۆریه‌ نه‌وته‌كانی ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك رووبه‌ڕووی تێكشكاندن ده‌بنه‌وه‌ و رۆژانه‌ سه‌دان ته‌ن له‌ نه‌وت له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی عه‌شیره‌ته‌كانی گونده‌كانی ده‌وروبه‌ره‌وه‌ ده‌دزرێت، وه‌كو ملح، وادی زغێتون، مورادیه‌، سه‌عدونیه‌، كه‌نعانیه‌ و سه‌فره‌.



دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌ت رێكه‌وتننامه‌ فاشیله‌كانی پێشووی پوچه‌ڵكرده‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سه‌ر به‌ عه‌شیره‌ته‌كاندا مۆری كردبوو بۆ پاراستنی بۆریه‌ نه‌وته‌كان، ده‌ستكرا به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی "یه‌كه‌كانی پاراستنی نه‌وت"، بۆ پاراستنی بۆریه‌ نه‌وته‌كانه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، نه‌وت له‌و‌ بۆریه‌ نه‌وتانه‌وه‌ ده‌دزرێت كه‌ له‌ ناحیه‌ی (ریاز)ه‌وه‌، ٥٥ كم خۆراوای كه‌ركوك، درێژده‌بنه‌وه‌، تا ناوچه‌ی فه‌تحه‌، ٩٠ كم به‌ره‌و خۆراوای كه‌ركوك.



شێخی عه‌شیره‌ته‌كان كه‌ قازانج له‌و نه‌وته‌ دزراوه‌ ده‌كه‌ن ئه‌یانه‌وێت ته‌گه‌ره‌ بخه‌نه‌ به‌رده‌م ئه‌و رێوشوێنه‌‌ نوێیانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوخۆ دایانڕشتووه‌، له‌وانه‌ پێكهێنانی هێزێكی پاراستنی تایبه‌ت بۆ رێگرتن له‌ كاری تێكده‌رانه‌ به‌رامبه‌ر بۆریه‌ نه‌وته‌كان. خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌ كه‌ بۆ پاراستنی بۆریه‌ نه‌وته‌كان دامه‌زرێنراون زۆرجار سه‌ر به‌ هه‌مان ئه‌و گروپانه‌ن كه‌ نه‌وته‌كه‌ ئه‌دزن.



له‌و كاته‌وه‌ی كۆمپانیایه‌كی به‌ریتانی نه‌وتی له‌ كه‌ركوك دۆزیه‌وه‌ له‌ ساڵی 1927 دا، ئیتر قه‌ده‌ری ئه‌و شاره‌ به‌سترایه‌وه‌ به‌ زێڕی ره‌شه‌وه‌.



تینویه‌تی بۆ نه‌وت حیزبی به‌عسی سه‌دامی والێكرد كه‌ چنگی خۆی له‌ كه‌ركوك گیربكات، و هه‌زاره‌ها كورد له‌و شاره‌ ده‌ربكات و عه‌ره‌ب له‌ شوێنیان جێگیربكات. به‌ر له‌ رووخانی رژێمی پێشوو، كیڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی ده‌وربه‌ری كه‌ركوك رۆژانه‌ نزیكه‌ی ٨٥٠ هه‌زار به‌رمیلیان به‌رهه‌مده‌هێنا، كه‌ ئه‌مه‌ش زیاتر بو له‌ ٣٠٪ ی كۆی به‌رهه‌می نه‌وتی ئه‌و كاته‌ی عێراق.



له‌ یه‌كه‌م ساڵه‌كانی دوای رووخانی حكومه‌تی سه‌دام حسه‌ینی سه‌رۆكی پێشووی عێراق، چه‌كدارانی سوننه‌ - كه‌ زۆریان وه‌كو كۆنه‌ سه‌رباز له‌ رابردوودا رێگا نه‌وتیه‌كانیان پاراستبوو له‌ سه‌رده‌مانی رژێمی پێشوودا- كه‌وتنه‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆریه‌ نه‌وته‌كان بۆ نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌ و پشێوی.



له‌وكاته‌وه‌، چه‌كداران دركیان به‌وه‌ كرد كه‌ دزینی نه‌وتیش كارێكی زیانبه‌خشه و قازانجیشی زۆر زیاتره‌ له‌ وێرانكردنی. ‌



ئێستا سامانی نه‌وتی كه‌ركوك ده‌بێت به‌ هه‌ڵم و ده‌چێت به‌ ئاسمانا.



قه‌یس میفره‌جی، ٣٤، جوتیارێكه‌ له‌ گوندی سه‌فره‌، ٦٣كم خۆراوای كه‌ركوك، وه‌سفیده‌كات چۆن بۆریه‌كان تێكده‌شكێنرێن.



قه‌یس وتی، "عاده‌ته‌ن چه‌كداره‌كان به‌ شه‌ودا دێن و بۆمبێك له‌ بن بۆریه‌كه‌دا ده‌چێنن بۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆریه‌كه‌ كه‌ بۆری هه‌نارده‌كردنی نه‌وته‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت نه‌وت بدزن، بۆریه‌كه‌ ده‌شكێنن و ته‌نكه‌ره‌كانیانی لێپڕده‌كه‌ن و كه‌سیش ناتوانێت رێگه‌یان لێبگرێت."



بۆریه‌ نه‌وته‌ كونكونه‌كان تاڕاده‌یه‌ك بۆ روونیده‌کهنه‌‌وه‌ بۆچی پاش چوار ساڵ له‌ داگیركردنی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، هێشتا ئه‌و ووڵاته‌ نه‌یتوانیوه ‌به‌رهه‌می نه‌وتی بگاته‌ ئاستی به‌رهه‌مهێنانی پێش شه‌ڕ كه‌ ٢،٥ ملیۆنه‌ به‌رمیل بوو له‌ نه‌وتی خاو له‌ رۆژێكدا. له‌ ساڵی ٢٠٠٦ دا، تێكڕای ئاستی به‌رهه‌مهێنان‌ ٢،١ ملیۆن به‌رمیل بوو له‌ رۆژێكدا، كه‌ به‌شی هه‌ره‌زۆری له‌ كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی نزیك به‌سره‌ بوو له‌ باشوور، چونكه‌‌ رووبه‌ڕووی ئه‌و كاره‌ تێكده‌رانه‌ بێپسانه‌وه‌یه‌ نه‌بوونه‌وه‌ كه‌ له‌ باكور روویانده‌دا.



ئێستا كه‌ركوك ته‌نها ١٨٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ رۆژێكدا به‌رهه‌مده‌هێنێت. هه‌رچه‌نده‌ کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کان ئه‌یتوانن ٤٠٠ هه‌زار به‌رمیلی تر به‌رهه‌م بهێنێت كه‌ به‌ نرخی ئێستای بازاڕ، ساڵانه‌ حه‌وت ملیار دۆلار ئه‌خاته‌ سه‌ر داهاتی عێراق.



له‌ ماوه‌ی نیوه‌ی دووه‌می ساڵی ڕابردوودا، ئه‌و بۆریه‌ نه‌وتانه‌ی كه‌ركوك به‌ به‌نده‌ری جیهانی توركیه‌وه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست- كه‌ ده‌روازه‌ی سه‌ره‌كی هه‌نارده‌ی نه‌وتی باكوری عێراقه‌- ته‌نها بۆ ماوه‌ی ٤٣ رۆژ نه‌وتیان ره‌وانه‌كرد. كاته‌كانی تر، بۆریه‌ نه‌وته‌كان له‌ ئیش وه‌ستابوون، له‌ ده‌یان كونه‌وه‌ نه‌وتیان لێده‌چوو كه‌ به‌ درێژایی ٣٢٠ كم له‌ بیابانه‌كانی عێراق ئه‌و كونانه‌یان تێكرابوو.



به‌ گوێره‌ی كۆمپانیای نه‌وتی باكور كه‌ ده‌وڵه‌ت خاوه‌ندارێتی ده‌كات و كێڵگه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك به‌ڕێوه‌ده‌بات، بۆریه‌كی تر هه‌تا ئێستا له‌ ماوه‌ی ئه‌مساڵدا بۆ ٣٩ جار كونكراوه‌ و نه‌وتی لێدزراوه‌.



قادر عومه‌ر ره‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌كان له‌ كه‌ركوك وتی، بۆریه‌ نه‌وتێكی ٨٠ كیلۆمه‌تری كه‌ له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ درێژده‌بێته‌وه‌ بۆ پاڵاوگه‌ی بێجی، چه‌ندین جار رووبه‌ڕووی هێرش بۆته‌وه‌.



قادر وتی، "ئه‌وانه‌ی بۆریه‌ نه‌وته‌كان ده‌پارێزن و پاسه‌وانی ده‌كه‌ن خه‌ڵكی ئه‌و گوندانه‌ن كه‌ بۆریه‌ نه‌وته‌كانی پێداتێده‌په‌ڕێت. هه‌ر ئه‌وانن ئه‌و كاره‌ تیرۆریستی و قاچاخچێتیه‌‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن، به‌ یارمه‌تی چه‌ند گروپێكی تر."



بێكاری و بارودۆخی خراپی ژیان ئه‌یاد حامید عوبه‌یدی هاندا كه‌ خه‌ڵكی گوندی حه‌وزه‌یه‌ و له‌ سیه‌كانی ته‌مه‌نیدایه‌، په‌یوه‌ندی بكات به‌و باندانه‌وه‌‌ كه‌ بۆریه‌نه‌وته‌كان ده‌كه‌نه‌ ئامانج و نه‌وتی لێده‌دزن.



ئه‌یاد وتی، "كه‌س نیه‌ مافه‌كانمان بۆ دابینبكات، ئه‌بێت ده‌ستی خۆمان به‌كاربهێنین بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌كانی خۆمان وه‌ربگرین."



به‌ مه‌زه‌نه‌ی قادر مانگانه‌ سێ ملیۆن لیتر نه‌وت خه‌سارده‌بێت به‌ هۆی كاری تێكده‌رانه‌وه‌، كه‌ به‌ قسه‌ی ئه‌و كاریگه‌ریه‌كی قورسی هه‌یه‌ له‌سه‌ر دابینكردنی به‌رهه‌مه‌ په‌ترۆلیه‌كان بۆ كه‌ركوك و هه‌رسێ پارێزگا‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان.



چالاكی تاوانكاری بۆته‌ رێگر له‌به‌رده‌م هه‌ر قۆناغێك له‌ قۆناغه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتدا.



ته‌نها نه‌وت و به‌رهه‌مه‌كانی نیه‌ كه له‌لایه‌ن ئه‌و خه‌ڵكانه‌وه‌ ده‌دزرێن. په‌مپ و محه‌ویله‌ و مۆلیده‌ و كه‌لوپه‌ل و پارچه‌ی یه‌ده‌كی گرانبه‌های تریش زۆرجار به‌تاڵان ده‌برێن.



كرێكارانی كۆمپانیای نه‌وت زۆرجار له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه‌ ته‌قه‌یان لێده‌كرێت. تیمه‌كانی چاككردنه‌وه‌ی بۆریه‌ نه‌وته‌كان چه‌ند جار ته‌قه‌یان لێكراوه‌ و بۆمبی سه‌ره‌ رێیان بۆ دانراوه‌. چه‌كدارانی سوننه‌ له‌ كه‌ركوك بڵاوكراوه‌یان بڵاوكردۆته‌وه‌ و تیایدا هه‌موو كارمه‌نده‌كانی حكومه‌تیان ئاگاداكردۆته‌وه‌، له‌وانه‌ كرێكارانی كۆمپانیای نه‌وت، كه‌ ده‌بێت یان وازبهێنن له‌ ئیشه‌كانیان یان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌یانكوژن.



هاوینی رابردوو، عادل قه‌زازی به‌رێوه‌به‌ری گشتی كۆمپانیای نه‌وتی باكور، رۆیشت بۆ به‌غداد بۆ سه‌ردانكردنی وه‌زاه‌رتی نه‌وت. دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ی، له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكه‌وه‌ رفێنرا و جارێكی تر نه‌بینرایه‌وه‌.



له‌ كاتێكدا هه‌ندێك له‌ كارمه‌نده‌كانی ئه‌و كۆمپانیایه‌ رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌لێكردن ده‌بنه‌وه‌، هه‌ندێكی تریان گومانی ئه‌وه‌یان لێده‌كرێت كه‌ هاوكاری بكه‌ن له‌ دزینی نه‌وتی خاو و نه‌وتی پاكدا. شۆفێری لۆریه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ری وێستگه‌كانی به‌نزین، ئه‌وانیش به‌شی حۆیان له‌و بازرگانیه‌ نایاساییه‌ ده‌به‌ن كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌شی هاووڵاتیان له‌ سوته‌مه‌نی كه خۆیان‌ به‌زه‌حمه‌ت زه‌یتی چێشت لێنان و سوته‌مه‌نیان ده‌ستكه‌وێت.



سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ كۆمپانیای نه‌وتی باكور، كه‌ ویستی ناوی ئاشكرانه‌كرێت، وتی گروپێكی هاوشێوه‌ی مافیا هه‌یه‌ كه‌ له‌ناو كۆمپانیاكه‌دا و ئیشده‌كه‌ن و بڕی گه‌وره‌ی نه‌وت له‌ بۆریه‌ نه‌وته‌كانه‌وه‌ به‌ قاچاغ ده‌به‌ن، به‌ هاوكاری چه‌ند كه‌سانێك له‌ناو كۆمپانیاكه‌دا.



هه‌روه‌ها وتی، "كاتێك ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ یه‌كێك له‌ بۆریه‌كاندا رووده‌دات، لێپرسراوه‌كان پشتگوێیده‌خه‌ن و وازی لێده‌هێنن بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك لێیبچێت هه‌تا بڕێكی زۆر له‌ نه‌وت له‌و شكاویه‌وه‌ ده‌رده‌هێنرێت."



به‌شێكێ زۆر له‌ نه‌وته‌ خاوه‌ به‌قاچاعبراوه‌كه‌ ده‌فرۆشرێته‌وه‌ به‌ بازرگانان له‌ هه‌ولێر له‌لایه‌ن ده‌ڵاڵی ناوخۆییه‌وه‌. به‌ قسه‌ی ئه‌حمه‌د جبوری، شۆفێری ته‌نكه‌ری نه‌وت، بازرگانه‌كان و ده‌ڵاڵه‌كان له‌ چێشتخانه‌یه‌كدا له‌ ناحیه‌ی گوێر، ٤٠كم له‌ خۆراوای هه‌ولێر یه‌كتر ده‌بین بۆ ئه‌نجامدانی مامه‌ڵه‌كانیان،.



له‌ پاڵاوگه‌ پچوكه‌ ناوخۆییه‌كاندا، نه‌وتی خاو ده‌گۆڕدرێت بۆ سوته‌مه‌نی پاڵێوراو و له‌ بازاڕی ره‌ش ده‌فرۆشرێته‌وه‌. ئینجا به‌شێكی له‌ رێگه‌ی سنوره‌وه‌ به‌ قاچاغده‌برێت و ئاودیوده‌كرێت.



به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ی كۆمپانیای نه‌وتی باكور، "ئه‌و داهاته‌ی له‌و نه‌وته‌وه‌ ده‌ستده‌كه‌وێت كه‌ به‌قاچاغ ده‌برێته‌ توركیاوه‌ به‌كارده‌هێنرێت بۆ ده‌عمكردنی به‌ره‌ی توركمانی له‌ عێراق، و ئه‌و داهاته‌ی له‌و نه‌وته‌وه‌ ده‌ستده‌كه‌وێت كه‌ به‌قاچاغ ده‌برێته‌ سوریاوه‌ به‌كارده‌هێنرێت بۆ ده‌عمكردنی گروپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ عێراق."



سوته‌مه‌نی له‌ عێراقدا ده‌عمێكی زۆر ده‌كرێت له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌. وێستگه‌كانی به‌نزین بڕێكی دیاریكراویان ده‌درێتێ و هاوڵاتیانیش كۆبۆنیان ده‌درێتێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن هه‌فتانه‌ بڕێكی دیاریكراو بكڕن به‌ نرخێكی ره‌سمی كه‌م. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده‌ سوته‌مه‌نی ده‌عمكراو نیه‌ كه‌ به‌شبكات، زۆربه‌ی عێراقیه‌كان دواجار به‌رهه‌مه‌كانی نه‌وت له‌ بازاڕی ره‌شدا ده‌كڕن.



سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پاڵاوگه‌ی بێجی نزیك كه‌ركوك، كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرابكرێت، به‌ په‌یامنێرانی ئینستیتۆی رۆژنامه‌وانی جه‌نگ و ئاشتی (IWPR)ی وت كه‌ هه‌ندێك له‌ لێپرسراوانی كۆمپانیای گشتی به‌رهه‌مه‌كانی نه‌وت كه‌ به‌رپرسه‌ له‌ ده‌ركردنی به‌ڵگه‌نامه‌ی پێویست بۆ مه‌سه‌له‌ی ده‌عمكردنی سوته‌مه‌نیه‌كان بۆ هاوڵاتیان، پسوڵه‌ی راست و دروست و هه‌روه‌ها ساخته‌ش ده‌فرۆشن به‌ بازرگانه‌كان.



ئینجا سوته‌مه‌نیه‌كه‌‌ به‌قاچاغده‌برێت و له‌ بازاری ره‌ش ده‌فرۆشرێت، یان له‌ ناو عێراق یان له‌ سه‌ر سنوره‌وه‌ ده‌ربرێته‌ سوریا و توركیا و له‌وێ ده‌فرشرێت.



هه‌روه‌ها قاچاخچیه‌تیه‌كی بچوكتریس هه‌یه‌. سه‌لاح عه‌لی، كه‌ بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ وه‌كو شۆفێری ته‌نكه‌ر ئیشیكردووه‌، وتی پسوڵه‌ له‌ پاڵاوگه‌ی بێجیه‌وه‌ ده‌رده‌چێت بۆ ٣٦ هه‌زار لیتر بۆ هه‌ر ته‌نكه‌ر ێك، كه‌ باری ره‌سمی خۆیانه‌.



به‌ڵام له‌وێ ته‌واو پڕده‌كرێن كه‌ ده‌كاته‌ ٤٠ هه‌زار لیتر و ٤ هه‌زار لیتر زیاده‌كه‌ له‌ بازاڕی ره‌ش ده‌فرۆشرێته‌وه‌ به‌ پێنج ئه‌وه‌نده‌ی نرخی ئاسایی خۆی.



عیرفان كه‌ركوكلی، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایش له‌ ئه‌نجومه‌نی شاری كه‌ركوك، وتی چالاكی هاوشێوه‌ له‌ پاڵاوگه‌یه‌كی پچوكی تری كه‌ركوكدا رووده‌دات.



عیرفان وتی، "چه‌ند لۆریه‌ك كه‌ به‌رهه‌می نه‌وتی به‌ قاچاغبراویان له‌ كه‌ركوكه‌وه هه‌ڵگرتبوو ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌. بۆ نمونه‌، سه‌یارهیه‌ك‌ گیراوه‌ كه‌ ١٦٠ بتڵ غازی چێشت لێنانی له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ به‌ قاچاغبردووه‌ بۆ هه‌ولێر.‌"



هه‌روه‌ها وتی هه‌ندێك له‌ خاوه‌نی وێستگه‌كانی به‌نزین به‌شه‌كه‌ی خۆیان له‌ به‌نزینی ده‌عمكراو له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ده‌فرۆشنه‌وه‌ به‌ مامه‌ڵه‌چیه‌كانی بازاڕی ره‌ش.



ئه‌وه‌شی وت، "چه‌ندین حاڵه‌تی له‌و جۆره‌ له‌ كه‌ركوك روویانداوه‌، رێوشوێنی یاسایی له‌ دژیان وه‌رگیراوه‌، وێستگه‌كانی دابه‌شكردنی به‌نزینیش به‌شی تریان نه‌دراوه‌تێ و خاوه‌نه‌كانیشیان غه‌رامه‌كراون."



بۆ پاراستنی بۆریه‌ نه‌وته‌كان و رێگرتن له‌ قاچاخچێتی سوته‌مه‌نی، ده‌بێت چه‌ند رێوشوێنێك بگیرێته‌به‌ر. كه‌ركوكلی وتی هێزێكی پاراستنی تایبه‌ت بۆ پاسه‌وانیكردنی بۆریه‌نه‌وته‌كان پێكده‌هێنرێت، كه‌ له‌ ئه‌ندامانی سوپای عێراق و هێزه‌كانی پاراستنی نه‌وت و عه‌شیره‌ته‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ی بۆریه‌نه‌وته‌كانی پێداتێده‌په‌ڕێت، پێكده‌هێنرێت.



ئه‌و لێپرسراوانه‌ی به‌رپرسن له‌ كه‌رته‌ دیایكراوه‌كانی بۆریه‌ نه‌وته‌كان ئه‌بێت غه‌رامه‌ بده‌ن ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆریانه‌ی‌ به‌ ناوچه‌كانیاندا تێده‌په‌ڕێت زیانیان پێگه‌یشت یان نه‌وتی لێدزرا. هه‌روه‌كا كه‌ركوكلی وتی پاره‌وپول ته‌رخانكراوه‌ بۆ پاڵپشتكردنی ژێرخانی نه‌وت و بنیاتنانی بورجی چاودێری به‌ درێژایی بۆریه‌ نه‌وته‌كان له‌ خۆراوا و باشوری كه‌ركوك.



سامی ئه‌مین عوسمان، سه‌رۆكی هێزی پاراستنی نه‌وت له‌ كه‌ركوك، له‌ مدواییانه‌دا ٢٩٠ پاسه‌وانی دامه‌زراندووه‌ كه‌ پلانی ئه‌وه‌شی بۆ داناون‌ به‌ درێژایی بۆریه‌ نه‌وته‌كان بڵاویان بكاته‌وه‌.



به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م كاره‌ پشێویه‌كی له‌ نێوان سه‌ركرده‌ عه‌ره‌به‌ سوننه‌كاندا دروستكردووه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا. وادیاره‌ كه‌ له‌ له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵات ئه‌ترسن چونكه‌ ئه‌و پاسه‌وانه‌ نوێیانه‌ راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ موچه‌یان ده‌درێتێ و گرێبه‌ستیان له‌ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نه‌كراوه‌.



له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی دا‌مه‌زرێنراون بۆ پاراستنی بۆریه‌ نه‌وته‌كان زۆرجار سه‌ر به‌ هه‌مان ئه‌و گروپانه‌ن كه‌ كاری تێكده‌رانه‌ به‌رامبه‌ر بۆریه‌نه‌وته‌كان ده‌كه‌ن، و په‌یوه‌ندیه‌ عه‌شائیریه‌كان زۆرجار له‌ دڵسۆزی بۆ گه‌ل و نیشتمان به‌هێزتره‌، وا چاوه‌ڕێده‌كرێت كونكردنی بۆریه‌ نه‌وته‌كان و شكاندنیان هه‌ر به‌رده‌وامبێت.



شێخ زیاد حه‌سه‌ن، كه‌ پێشتر به‌ڵێنده‌رێكی پاراستنی بۆریه‌نه‌وته‌كان بوو و گرێبه‌سته‌كانی پاراستنی ئه‌و بۆریانه‌ی هه‌بوو، پشتڕاستیكرده‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ كاری تێكده‌رانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ بۆریه‌ نه‌وته‌كان ده‌كه‌ن و قازانج له‌ نه‌وته‌كه‌ی ئه‌كه‌ن. وتی خه‌ڵكێكی زۆری ناوچه‌كه‌ ‌په‌رۆش نین بۆ رێگرتن له‌ دزی.



ئه‌وه‌شی وت، "ئه‌وان پێیانوایه‌ ئه‌م نه‌وته‌ خزمه‌ت به‌ ئه‌مریكا و حكومه‌تی نوێی عێراق ده‌كات و سوودی بۆ خه‌ڵك نیه‌."
Frontline Updates
Support local journalists