كورد له ده‌ست گرانی رووله‌زیادی ژیان هه‌راسانن
دانیشتوانی شاره كوردیه‌كان ده‌ڵێن موچه‌ی كه‌م و هه‌ڵاوسانی به‌رده‌وام وایلێكردون به‌زه‌حمه‌ت گوزه‌ران بكه‌ن.
كورد له ده‌ست گرانی رووله‌زیادی ژیان هه‌راسانن
دانیشتوانی شاره كوردیه‌كان ده‌ڵێن موچه‌ی كه‌م و هه‌ڵاوسانی به‌رده‌وام وایلێكردون به‌زه‌حمه‌ت گوزه‌ران بكه‌ن.
سه‌ربه‌ست، ٢٧، هه‌فته‌ی حه‌وت ڕۆژ ئیشده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ی ئاو و كاره‌با و ته‌له‌فون و مه‌سره‌فی خۆیی و ژنه‌كه‌ی ده‌ربهێنێت. له وه‌زیفه‌كه‌ی وه‌كو كارمه‌ندی حكومه‌ت مانگی ١٨٠ دۆلار وه‌رده‌گرێت و ٣٠٠ دۆلاریشی له كاره‌كه‌ی وه‌كو شۆفێری ته‌كسی ده‌ستده‌كه‌وێت.
ئه‌م دوو داهاته و داهاتێكی تری بچوكی ژنه‌كه‌ی كه له دروستكردنی لفكه‌وه ده‌ستیده‌كه‌وێت، به‌زه‌حمه‌ت پاره‌ی كرێی خانوو و ئاو و كاره‌با و مۆلیده و...هتد دابینده‌كات كه ده‌گاته نزیكه‌ی ٤٠٠ دۆلار له مانگێكدا. كێشه‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌وانه‌ی تازه هاوسه‌رگیریان كردووه به‌ده‌گمه‌ن یه‌كتری ده‌بینن. له كاتێكدا هه‌ندێك له عاشقان له شاری سلێمانی باكوری خۆرهه‌ڵاتی عێراق كاتێكی خۆش له كۆتایی هه‌فته‌دا له پاركه‌كاندا به‌سه‌رده‌به‌ن، سه‌ربه‌ست تا كاتژمێر ٢ی دوای نیوه‌شه‌و له ته‌كسیه‌كه‌یدا ده‌مێنێته‌وه.
سه‌ربه‌ست وتی "نه‌ده‌بوا ئه‌م ئیشه بكه‌م، به‌ڵام ناچارم بیكه‌م. ئه‌گه‌ر نه‌یكه‌م ناژیم."
له كاتێكدا ئاماری ره‌سمی له‌به‌رده‌ستدا نیه، به‌ڵام چاودێران ده‌ڵێن كرێی خانوو و سوته‌مه‌نی و بابه‌تی به‌رخۆریی وه‌كو خوارده‌مه‌نی و هتد له سلێمانی ئێجگار به‌رزبۆته‌وه، كه شارێكی تاڕاده‌یه‌كی زۆر سه‌لامه‌ت و گه‌شه‌سه‌ندووه.
رێكخراوی كوردی ئه‌مریكی (ASK)، كه رێكخراوێكه چاودێری گه‌شه‌ی ئابوری ده‌كات له كوردستانی عێراقدا، له‌مدواییانه‌دا سلێمانی به گرانترین شار ناوزه‌دكردووه له باكوری وڵات‌دا. دانیشتوانی سلێمانی سكاڵاده‌كه‌ن له‌وه‌ی به‌زه‌حمه‌ت گوزه‌رانیان بۆ دابینده‌كرێت و گله‌یی له حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ن كه مووچه‌ی كه‌مه و چاودێری هه‌ڵاوسانی بازاڕه‌كانی كوردستان ناكات.
ئه‌و گه‌شه و پێشكه‌وتنه‌ی سلێمانی به‌خۆیه‌وه بینیوه مه‌سره‌فی ژیانی له سلێمانی هێنده‌ی تر گرانكردووه – به‌ڵام گرفته‌كانی هه‌ڵاوسانی ئه‌و شاره ده‌نگدانه‌وه‌ی گرفته‌كانی هه‌ڵاوسانی به‌شه‌كانی تری عێراقه كه تیایدا نرخی هه‌موو شتێك؛ هه‌ر له خوارده‌مه‌نی و سوته‌مه‌نیه‌وه تا كرێخانوو و كرێی گواستنه‌وه له ساڵی رابردووه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبوو‌ته‌وه.
به گوێره‌ی سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی (IMF)، هه‌ڵاوسان له عێراقدا تا كۆتایی ٢٠٠٦ به رێژه‌ی ٦٥٪ به‌رزبووه‌وه و (IMF) ئه‌و به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ش بۆ كه‌می سوته‌مه‌نی و كاڵا سه‌ره‌كیه‌كانی تر ده‌گێڕێته‌وه. به‌پێی چه‌ند ڕاپۆرتێكی ئابوری، له كاتێكدا حكومه‌تی عێراقی توانیویه‌تی له نیوه‌ی یه‌كه‌می ساڵی ٢٠٠٧ دا ئاسته پێوانه‌ییه‌كانی هه‌ڵاوسان بهێنێته خواره‌وه، هێشتا نرخه‌كان به ڕێژه‌ی ٣٥٪ تا ٤٠٪ به‌رزترن له ساڵی رابردوو.
لێپرسراوان و ئابوری‌ناسان له كوردستانی عێراقی نیمچه-ئۆتۆنۆمدا ئاماریان لا نیه سه‌باره‌ت ڕێژه‌ی هه‌ڵاوسان له هه‌رێمدا، به‌ڵام پێ له‌وه ده‌نێن كه كێشه‌یه‌كی قورسی بۆ دانیشتوان دروستكردووه. حكومه‌تی هه‌ر‌ێمی كوردستان ژماره‌ی كارمه‌ندانی حكومه‌ت به نزیكه‌ی چاره‌كێكی ئه‌و چوار ملیۆن دانیشتوانه مه‌زه‌نه‌ده‌كات كه له هه‌رێمدا ده‌ژین، له كاتێكدا كه‌مترین موچه‌ی كارمه‌ند ده‌گاته ٧٥ دۆلار له مانگێكدا.
رێبین ره‌سوڵ، به‌رێوه‌به‌ری رێكخراوی كوردی ئه‌مریكی (ASK) وتی "رێژه‌ی هه‌ڵاوسان رۆژ به رۆژ زیادده‌كات، نرخی كاڵاش له شارێكه‌وه بۆ شارێكی تر ده‌گۆرێت. له پایز و زستاندا رێژه‌ی هه‌ڵاوسان زیادده‌كات چونكه گواستنه‌وه زه‌حمه‌تتره. به‌ڵام له چه‌ند مانگی رابردوودا نرخی شته‌كان به‌رزبونه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی سوته‌مه‌نی گرانتر بوو."
كه‌می سوته‌مه‌نی عێراقیه‌كان ناچارده‌كات له بازاڕی ره‌شدا سوته‌مه‌نی بكڕن و ئه‌مه‌ش مه‌سره‌فی سوته‌مه‌نی له‌سه‌ر خه‌ڵك زیاد ده‌كات. به‌ڵام نرخی كاڵاكانی تریش له به‌رزبونه‌وه‌دان – كرێی پاسی سه‌ر به كه‌رتی تایبه‌ت له ٢٥ سه‌نته‌وه به‌رزبۆته‌وه بۆ ٣٥ سه‌نت و یه‌ك كیلۆ گۆشتی به‌رخیش له ٥.٥ دۆلاره‌وه به‌رزبۆته‌وه بۆ ٧،٥ دۆلار له ماوه‌ی سێ مانگی رابردوودا.
محه‌ممه‌د كه‌ریم، پرۆفیسۆری ئابوری له زانكۆی سلێمانی وتی پێویسته حكومه‌ت چاودێری بازرگانه‌كان بكات بۆ دڵنیاییكردن له‌وه‌ی گرانفرۆشی ناكه‌ن و نرخه‌كانیان له‌سه‌روو نرخه‌كانی بازاڕه‌وه نیه. هه‌روه‌ها وتی نه‌بونی چاودێری و سه‌رپه‌رشتی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی كورده‌وه بۆته ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتنی ئابووری له هه‌رێمدا.
محه‌ممه‌د له درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی "حكومه‌ت شه‌فافیه‌ت له كاره‌كانیدا نیه و زانیاری و ئامار سه‌باره‌ت {هه‌لاوسان} ناده‌ن به شاره‌زایان بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكه‌ن."
وه‌كو هه‌وڵێك بۆ كۆنترۆڵكردنی گرانفرۆشی بازاڕ، لێپرسراوان له سلێمانی ده‌یان دوكانیان داخستووه، به‌ڵام دانیشتوان گله‌یی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه هێشتا مه‌سره‌فی ژیان زۆر گرانه.
هادی عه‌لی، ٢٩، كه له ساڵی ٢٠٠٦دا له خۆپیشاندانێكدا ده‌ستگیركراوه كه تیایدا خۆپیشانده‌ران داوای خزمه‌تگوزاری بنه‌ڕه‌تی و دابه‌زاندنی نرخی خواره‌مه‌نی و شتومه‌كیان كردووه وتی "ساڵی پار ئێمه خۆپیشاندانمان كرد بۆ ئه‌وه باری گوزه‌رانی خه‌ڵك باشبێت، به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئه‌مساڵ خراپتر بووه."
زانا حه‌مه‌ساڵح، قایمقامی قه‌زای مه‌ركه‌زی سلێمانی وتی هه‌ڵاوسان گرفتێكی جیددیه و به قسه‌ی ئه‌و خه‌تای ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی عێراقه كه تایبه‌تن به بازاڕی ئازاد. هه‌روه‌ها وتی پێویسته حكومه‌ت، نه‌وه‌ك كۆمپانیا تایبه‌ته‌كان، كاڵا و شتومه‌ك هاورده بكه‌ن بۆ دڵنیاییكردن له‌وه‌ی كاڵاكان به نرخێكی هه‌رزانتر ده‌كه‌ونه بازاڕه‌كانه‌وه بۆ خه‌ڵك.
دلێر ئیسماعیل، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئابوری په‌رله‌مانی كوردستان وتی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ئێستا تاوتوێی پێشنیاره‌كه‌ی زانا حه‌مه‌ساڵح ده‌كه‌ن. دلێر وتیشی یاسای نوێی وه‌به‌رهێنانی كوردستان، كه ساڵی پار ده‌ركرا، بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ بازرگانه‌كان له دانی باج ده‌به‌خشێت، كه پێیوایه ئه‌مه‌ش یارمه‌تی دابه‌زاندنی نرخ ده‌دات له بازاڕه‌كاندا.
به‌ڵام پێویسته ده‌سه‌ڵاتداران بۆ جه‌ماوه‌ری به‌دگومانی بسه‌لمێنن كه به‌جیددی ده‌یانه‌وێت هه‌ڵاوسان چاره‌سه‌ربكه‌ن.
ستار عومه‌ر، ٤٣، وتی "حكومه‌ت گوێناداتێ ئه‌م بارودۆخه چی به‌سه‌ردێت."
ستار له دوكانێكی بچوكدا له ناوبازاڕی هه‌ولێر جلوبه‌گ ده‌فرۆشێت و ده‌ڵێت كرێی دوكانه‌كه‌ی ته‌نها له ماوه‌ی ساڵێكدا له ٤٠٠ دۆلاره‌وه به‌رزبۆتوه بۆ ٦٥٠ دۆلار.
ستار ئه‌وه‌شی ووت كه "رۆژێك دادێت كه ئیتر خه‌ڵك سه‌بری نه‌مێنێت."
زانكۆ ئه‌حمه‌د راهێنراوێكی ئینستیتۆی رۆژنامه‌وانی جه‌نگ و ئاشتی(IWPR)ه له سلێمانی.