كوردستانی عێراق له دوو به‌ره‌وه رووبه‌رروی كێشه ده‌بێته‌وه
سوپای توركیا به ده‌نگه‌ده‌نگی جه‌نگ ئاسا كوردستانی عێراقی هه‌راسانكردووه و توندڕه‌وه سوننه‌كانیش به ئه‌نجامدانی هێرشی له ناكاو به‌درێژایی سنور له‌گه‌ڵ ئێران‌دا.
كوردستانی عێراق له دوو به‌ره‌وه رووبه‌رروی كێشه ده‌بێته‌وه
سوپای توركیا به ده‌نگه‌ده‌نگی جه‌نگ ئاسا كوردستانی عێراقی هه‌راسانكردووه و توندڕه‌وه سوننه‌كانیش به ئه‌نجامدانی هێرشی له ناكاو به‌درێژایی سنور له‌گه‌ڵ ئێران‌دا.
سێ پارێزگا كوردیه‌كه‌ی دهۆك و هه‌ولێر و سلێمانی زۆر ئارامترن له به‌شه‌كانی تری عێراق. هێرشی ته‌قینه‌وه به ده‌گمه‌ن رووده‌دات – دوایه‌مین ته‌قینه‌وه له ١٩ی مایسی ئه‌مساڵدا و له به‌رده‌می وه‌زاره‌تی ناوخۆدا بوو له هه‌ولێر كه بووه هۆی كوژرانی ١٤ كه‌س. حاڵه‌تی فڕاندن زۆر كه‌مه و كوشتوبڕی ناوخۆ و پاكتاوكردنی ره‌گه‌زی هه‌ر نیه.
له زۆر رووه‌وه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان توانیویه‌تی سه‌ربه‌خۆییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع بچه‌سپێنێت كه تادێت گروپه سیاسیه‌كانی تر له عێراقدا كه‌متر و كه‌متر ده‌یخه‌نه ژێر پرسیاره‌وه - هه‌رچه‌نده ئه‌و پلانه وادیاره ده‌یه‌وێت ناوچه‌ی كوردنشین فراوان بكات بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كان بگرێته‌وه كه كه‌تونه‌ته ده‌وره‌وبه‌ری كه‌ركوك و موسڵ و مه‌نده‌لی و سنجار، به‌ڵام پلانێكه جێگه‌ی ناكۆكیه‌كی زۆره.
یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌و ئارامیه‌ی لێره هه‌یه كۆنترۆڵی توندۆتۆڵ و به‌هێزی هێزه‌كانی ئاسایشی كوردستانه به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا.
بۆ نمونه، ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی له توندوتیژی باشور هه‌ڵدێن پێش ئه‌وه‌ی بێنه ناو هه‌رێمی كوردستانه‌وه دهپشنكرێن و زانیاریان لێوه‌رده‌گیرێت بۆ ئه‌وه دڵنیایی بكه‌ن له‌وه‌ی چهكدارانیان له ناودا نیه. ته‌نها دوای ئه‌وه‌ی به هه‌موو پشكنینه ئه‌منیه‌كاندا تێده‌په‌ڕن، ئینجا ناونوسدهكرێن بۆ مانه‌وه.
به‌ڵام ئه‌و عه‌ره‌به توندڕه‌وانه‌ی هه‌وڵده‌ده‌ن به‌قاچاغ دزه‌بكه‌نه ناو كوردستانی عێراقه‌وه، مه‌ترسیه‌كی كه‌متر له‌و چه‌كدارانه دروستده‌كه‌ن كه باره‌گایان له‌سه‌ر سنوره له ئێران و لێپرسراوێتی ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌یان ده‌خرێته ئه‌ستۆ كه له ناوچه‌كه‌دا رووده‌ده‌ن.
ئه‌فسه‌رێكی ئاسایش به ئینستیتۆی رۆژنامه‌وانی جه‌نگ و ئاشتی (IWPR)ی وت، "لێپرسراوانی ناو رژێمی تاران" سه‌رپه‌رشتی ئه‌و هێرشانه ده‌كه‌ن كه له سه‌ر سنوره‌وه و له‌لایه‌ن توندڕه‌وه سوننه‌كانه‌وه ئه‌نجامده‌درێن و چه‌كیشیان بۆ دابینده‌كه‌ن.
ئه‌و چه‌كداره توندڕه‌وانه زۆرجار پێیانده‌ڵێن ئه‌ندامانی ئه‌نسار ولئیسلام كه گروپێكی رادیكاڵه و په‌یوه‌سته به قاعیده‌وه، كه چه‌ند ساڵێك له چیاكانی كوردستان چالاك بوون. ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیان بوون له‌لایه‌ن سوپای ئه‌مریكاوه و له ساڵی ٢٠٠٣ دا یان له‌ناوبران یان تهفروتوناكران، به‌ڵام هێشتا ئه‌و ناوه {واته ناوی ئه‌نسارولئیسلام} به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ وه‌سفكردنی چه‌كداره سوننه‌كان به‌كارده‌هێنرێت.
سه‌رچاوه‌كه‌ی ئاسایش ده‌ڵێت هه‌چه‌نده چه‌ندین به‌ڵگه هه‌یه ئاماژه به پشتگیریی ئێران ده‌كات له چه‌كداره‌كان، به‌ده‌گمه‌ن ئه‌م راستیه به‌ئاشكرا باسئهكرێت نه‌بادا په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و تاران بخاته مه‌ترسیه‌وه.
هه‌روه‌ها وتی،"ئاسایش ئاگاداری زۆر له‌و حاڵه‌تانه‌یه كه تێیدا یارمه‌تی {توندڕه‌وه‌كان}ی داوه، به‌ڵام باسی لێوه ناكات چونكه له‌وانه‌یه ببێته هۆی خراپبوونی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ئێران."
سه‌رچاوه‌كه‌ی ئاسایش ئه‌وه‌شی وت، "{لێپرسراوانی كورد} راسته‌وخۆ ئێران تاوانبار ناكه‌ن له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌كی سیاسی و ئابوری."
ئه‌و چه‌كدارانه په‌لاماری ئه‌ندامانی كوردی سوپای عێراقیان داوه به‌درێژایی سنوری ئێران له خۆرهه‌ڵاتی سلێمانی.
به‌ڵام سه‌رۆكی هێزی پاسه‌وانی سنوری سه‌ر به سوپای عێراق له پارێزگای سلێمانی، ئه‌حمه‌د دسكهرهیی، پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت كه به‌ڵگه به‌ده‌سته‌وه نیه بیسه‌لمێنێت كه تاران یارمه‌تی ئه‌وانه ده‌دات كه دزه ده‌كه‌نه ناو كودستانهوه.
ئه‌حمه‌د سكاڵای ئه‌وه ده‌كات كه ئه‌و ٥٠٠ پاسه‌وانی سنوره‌ی له ژێر لێپرسراوێتی ئه‌ودان به‌شی ئه‌وه ناكه‌ن رێگه له توندڕه‌وه‌كان بگرن. هه‌روه‌ها وتی، "به حكومه‌تی عێراقیمان ووتوه پێویستمان به ٢٠٠٠ پاسه‌وانی تر هه‌یه، به‌ڵام وه‌ڵامیان نه‌داوینه‌ته‌وه."
عیسمه‌ت ئه‌رگوشی، به‌رێوه‌به‌ری ئاسایشی كوردستان له ناوچه‌كه‌دا، دانی به‌وه‌دا نا كه توندڕه‌وه‌كان سنوره‌كان ده‌به‌زێنن. هه‌روه‌ها به ئیمهیل به (IWPR)ی وت، "ووڵات نیه له جیهاندا قاچاخچیه‌كان سنوره‌كانی نه‌به‌زێنن. كوردستان هه‌مان ئه‌و كێشانه‌ی هه‌یه، له‌گه‌ڵ قاچاخچیه‌كان، تیرۆریسته‌كانیش دێنه ناوه‌وه."
سه‌رچاوه‌كه‌ی ئاسایش به (IWPR)ی وت ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كانی ئاڵۆزكردووه ئه‌وه‌یه هه‌ندێك له پاسه‌وانه‌كانی سنوور به‌رتیل له چه‌كداره‌كان وه‌رده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی چاوپۆشیان لێبكه‌ن كاتێك بۆمبی سه‌ره‌ڕێ داده‌نێن. هه‌روه‌ها وتی له‌وانه‌یه سه‌ربازه‌كان خۆشیان ته‌نانه‌ت رووداو ردوستبكهن بۆ ئه‌وه حكومه‌ت ئاگاداربكه‌ن له‌و مه‌ترسیانه‌ی رووبهروویاندهبێتهوه هه‌تا بتوانن داوای موچه‌ی زیاتر بكه‌ن.
به‌ڵام له‌وه ده‌چێت گه‌وره‌ترین مه‌ترسی كه هه‌رێمی كوردستان رووبه‌رووی ده‌بێته‌وه له توركیاوه سه‌رچاوه بگرێت. سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای توركیا، جه‌نراڵ یه‌شار بیوكانیت، چه‌ندجارێك هه‌ڕه‌شه‌ی داگیركردنی كوردستانی كردووه، نه‌ته‌نها بۆ تێكشكاندنی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) – كه هێرشه‌كانی له باره‌گاكانیانه‌وه له كوردستانی عێراق بۆ سه‌ر هێزه‌كانی توركیا ده‌ستپێكردۆته‌وه – به‌ڵكو بۆ رێگرتن له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌ی كۆنترۆڵی كه‌ركوك بكات.
له ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا، سوپای توركیا ناوچه سنوریه‌كانی باكوری عێراقی تۆپبارانكرد له هه‌ر سێ پارێزگاكه‌دا.
پارێزگاكانی دهۆك و هه‌ولێر سنوری هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ ئێران و توركیادا هه‌یه و سلێمانیش له مه‌ودای ئاگری تۆپخانه‌ی توركیادایه. هه‌ندێك له دانیشتوانی گونده‌كانی ئه‌و ناوچانه هه‌ڵهاتون و هه‌واڵی ئه‌وه‌ش هه‌یه كه كوژرا و برینداریان هه‌یه.
وادیار هیچ چاره‌سه‌رێك له ئاسۆوه به‌دیناكرێت. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ ئیراده‌یه‌كی نیشان نه‌داوه بۆ رووبه‌رووبونه‌وه‌ی (PKK). وه هه‌رچه‌نده لێپرسراوانی ئه‌مریكا یه‌ك له‌سه‌ر یه‌ك به‌ڵێنیان به ئه‌نقه‌ره داوه كه چاره‌سه‌ری گه‌ریلاکانی PKK ده‌كه‌ن، به‌ڵام وادیاره چاویان له چالاكیه‌كانیان پۆشیوه، به‌وپێیه‌ی سوپای ئه‌مریكا سه‌رقاڵی بارودۆخی ئه‌منی ناله‌باری شوێنه‌كانی تره له عێراقدا.
له كاتێكدا ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا تا ئێستا بڕیاری هاتنه‌ناوه‌وه‌ی كوردستانی عێراقیان نه‌داوه، به‌ڵام مه‌ترسی كرده‌وه‌یه‌كی له‌و جۆره هه‌ر له ئارادایه. ئه‌مێستا چه‌ند هه‌زار سه‌ربازێكی توركی له ناوچه سنوریهكهدا هه‌یه. ئه‌و سه‌ربازانه دوای رێككه‌وتنێكی نێوان ئه‌نقه‌ره و رژێمی سه‌دام له‌و ناوچانه‌دا بڵاوكراونه‌ته‌وه و به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه سه‌ربازانی عێراق و توركیا رێگه‌یان پێدراوه چه‌ند كیلۆمه‌ترێك بچنه ناو خاكی یه‌كتریه‌وه بۆ راوه‌دوونان و ده‌ستگیركردنی یاخیبوان.
باره‌گای سه‌ربازه‌كانی توركیا نزیكه له پارێزگای دهۆكه‌وه و له ناوچه‌یه‌كی سێگۆشه‌ییدا له نێوان توركیا و عێراق و ئێران‌دا. هوشیار زێباری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا له ٩ی ته‌مموزی ئه‌مساڵدا وتی توركیا ١٤٤ هه‌زار سه‌ربازی به‌درێژایی سنور بڵاوكردۆته‌وه.
بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسی بهرهنگاربونهوهیهكی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كه‌ی ناتۆ (NATO)ی‌دا، ئه‌مریكا سه‌ربازه‌كانی له كوردستانی عێراق كێشایه‌وه - ئه‌مه‌ش بڕیارێك بوو له ٢٧ی مایسی ئه‌مساڵدا، دوای كۆبونه‌وه‌یه‌ك له نێوان كۆندۆلیزا رایسی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و عه‌بدوڵا گولی هاوتا توركیه‌كه‌ی درا و له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا باس له ئه‌گه‌ری به‌رپابوونی شه‌ڕ كرا له نێوان توركیا و كورددا.
له ٣٠ی مانگی مایسدا، چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌مریكی و نێچیرڤان بارزانی سه‌ره‌ك وه‌زیرانی كوردستانی عێراق رێكه‌وتننامه‌یه‌كیان مۆركرد و به‌پێی ئه‌و رێكه‌وتننامه‌یه لێپرسراوێتی ئه‌منی ناوچه‌كه له هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانه‌وه گواسترایه‌وه بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان. سه‌ربازانی ئه‌مریكا به‌په‌له له هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی كشانه‌وه، به‌ڵام له كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ریدا مانه‌وه.
له كاتێكدا كوردستانی عێراق رووبه‌رووی هه‌ره‌شه‌ی توركیا و ئێران ده‌بێته‌وه، خۆی به‌وه تاوانبارده‌كرێت كه كرده‌وه‌ی ئیستفزازی و پێشێلكاری ده‌كات له ناوچه دابڕاوه‌كاندا كه كه‌تونه‌ته ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمه‌وه. ئه‌و ناوچانه به‌ناو كه‌وتونه‌ته ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فیدراڵی عێراقه‌وه، به‌ڵام له ڕووی سه‌ربازیه‌وه به‌ده‌ستی میلیشیا كوردیهكانهوهن.
گه‌وره‌ترین ئه‌و ناوچانه‌ی جێگه‌ی ناكۆكیه كه‌ركوكه، به‌ڵام چه‌ند قه‌زایه‌كی تریش هه‌یه كه جێگه‌ی مشت‌ومڕ و ناكۆكیه وه‌كو شه‌نگار له پارێزگای نه‌ینه‌وا، خانه‌قین له دیاله و توز خورماتوو له پارێزگای سه‌لاحه‌دین. ئه‌م ناكۆكیانه سه‌ره‌نجامی ده‌ستكاریكردنی حكومه‌ته‌كه‌ی سه‌دام حسه‌ینه بۆ سنوره ئیدارییه‌كان له باكوردا به مه‌به‌ستی سه‌ركوتكردنی ئاواته جوگرافیه‌كانی كورد و كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی كورد و توركمان له كه‌ركوكدا.
هه‌ندێك له‌و كهمایهتیانهی له ناوچه دابڕاوه‌كاندا ده‌ژین، وه‌كو ئاشوری و كلدانی و یه‌زیدی و شه‌به‌ك، كه زۆرجار له لایه‌ن عه‌ره‌به توندڕه‌وه‌كانه‌وه ده‌كرێنه ئامانج، ئه‌وانیش سكاڵای ئه‌وه ده‌كه‌ن كه توشی هه‌راسانكردن و چه‌وساندنه‌وه دێن له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی كوردیه‌وه.
حونه‌ین قه‌دۆ كه ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی سه‌ر به كه‌مایه‌تی شه‌به‌كه و به كوردی قسه‌ده‌كات به‌ڵام خۆیان به گروپێك جیاواز ده‌زانن، وتی، "ئهمانتۆقێنن چونكه ده‌یانه‌وێت خاكمان به‌زه‌بری هێز به‌رن بۆ خۆیان، عه‌ره‌به‌كان ده‌یانه‌وێت بمانكوژن، كوردیش هه‌ستده‌كه‌ن ئازادن له‌وه‌دا سه‌ركوتمان بكه‌ن."
هێزه‌کانی ئاسایشی كوردستان به‌وه تاوانباركراون كه ئه‌و كه‌سانه‌یان جیاكردۆته‌وه كه له ناوچه دابڕاوه‌كاندا ده‌ژین و به‌رهه‌ڵستی پلانه‌كانی كورد ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه بخرێنه سه‌ر كوردستان.
راپۆرتێك كه له‌لایه‌ن رێكخراوی چاودێری مافه‌كانی مرۆڤه‌وه ئاماده‌كراوه كه باره‌گاكه‌ی له نیویۆركه و له ته‌مموزی ٢٠٠٧ دا بڵاوكرایه‌وه، به‌توندی ره‌خنه ئاراسته‌ی مامه‌ڵه‌ی سوپای كوردی ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵكانه‌دا كه ده‌ستگیریان ده‌كه‌ن.
ئه‌و رێكخراوه ئه‌م شته‌ی له زۆربه‌ی كه‌یسه‌كاندا بۆ ئاشكرابووه، ئه‌وانه‌ی له‌لای ئاسایش ده‌هێڵرێنه‌وه به‌ڵام تاوانیان ئاراستهناكرێت، رێگه‌ی گرتنی پارێزه‌ریان پێ‌نادرێت و ناهێنرێنه به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه. راپۆرته‌كه ده‌ڵێت هیچ شێوازێك نیه كه زیندانیه‌كان له ڕێگه‌یه‌وه تانه (طعن) له بڕیاری ده‌ستبه‌سه‌ركردنیان بده‌ن یان له ماوه‌یه‌كی شیاودا بدرێنه دادگا.
رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ چه‌ند كه‌یسێكی دۆزیه‌وه كه تیایدا به‌ندیه‌كان له زینداندا مابونه‌وه دوای ئه‌وه‌ی ساغ بوبوه‌وه كه بێ‌تاوانن له‌و تۆمه‌ته گه‌ورانه‌ی درابوه پاڵیان یان هه‌یانه پاش ته‌واوكردنی ماوه‌ی زیندانیه‌كه‌ی هه‌ر له زینداندا هێڵرابوونه‌وه. زۆربه‌یان نه‌یانزانیبوو باری یاساییان چۆنه، بۆ ماوه‌ی درێژ تر ده‌هێڵرێنه‌وه یان ئاخریه‌كه‌ی چیان به‌سه‌ردێت.
ئه‌و زیندانیانه‌ی له‌لایه‌ن رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤه‌وه چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كراوه قسه‌یان له‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆر له پێشلكاری كردووه، له‌وانه، لێدان به كێبڵ و سۆنده و دار و شیش. هه‌روه‌ها وه‌سفی ئه‌وه‌شیان كردووه كه چۆن ئه‌فسه‌ره‌كانی ئاسایش ده‌یانخه‌نه باری جه‌سته‌یی ناڕه‌حه‌ته‌وه و بۆ ماوه‌ی دورودرێژ به‌و جۆره ده‌یانهێڵنه‌وه، هه‌روه‌ها بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژ بهبهردهزوامی به‌ده‌ست و چاوی به‌ستراو ده‌یانهێڵنه‌وه.
زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌و زیندانیانه‌ی كه رێكخراوه‌كه قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردوون ده‌ڵێن بۆ ماوه‌ی دورودرێژ له زیندانی ئینفیرادیدا ده‌یانهێڵنه‌وه.
ئاسایش ئه‌نجامه‌كانی راپۆرته‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه و ئیدیعای كرد ئه‌و تۆمه‌تانه بێبنه‌مان.
له دوایین رووداودا كه هێزه‌كانی ئاسایشی كوردی پێ تاوانباركراوه، جوتیارێكی ئاشوری به ناوی فادی نه‌زار جهریس ههبهس، له كاتێكدا به‌سه‌ر تراكتۆره‌كه‌یه‌وه بووه، ته‌قه‌ی لێكراوه و كوژراوه.
چه‌ند شایه‌تحاڵێك ده‌ڵێن كاتێك یه‌كه‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به سوپای عێراق لێی نزیكبونه‌ته‌وه، تراكتۆره‌كه‌ی له لارێكهدا راگرتووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ تێپهڕبونیاندا ده‌ستیانكردووه به ته‌قه‌كردن و (فادی)یان كوشتووه. یه‌كێك له شایه‌تحاڵه‌كان وتی، "ئه‌م پێشمه‌رگانه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان قه‌شمه‌ری به سوپای عێراق ده‌كه‌ن. جلوبه‌رگیان جلوبه‌رگی سوپای عێراقه، به‌ڵام ئه‌و باجه‌ی به یهخهیانهوهیه باجی كوردستانه."
هه‌رچه‌نده ئه‌و پێشمه‌رگانه ئه‌ركێكی سوپای عێراقیان پێ سپێردرابوو له كاتی رووداوه‌كه‌دا، هێرشبه‌ره‌كان چوونه ناو وه‌فدێكی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه كه سه‌ردانی كه‌سوكاری قوربانیه‌كه‌یان كرد بۆ ده‌بڕینی پرسه و سه‌ره‌خۆشی خۆیان له‌و خێزانه.
فازڵ نه‌جیب و مه‌ریوان حه‌مه سه‌عید په‌یامنێری (IWPR)ن. كریستۆف رۆیته‌رز راهێنه‌رێكی (IWPR)ه.