له‌ كاتی مانگ گیراندا، ترس خواپه‌رستانی شیعه‌ داده‌گرێت

باوه‌ڕدارانی شیعه‌ هه‌ست به‌ هێزی خودا ده‌كه‌ن كاتێك مانگ گیران له‌ مانگێكی پیرۆزدا رووده‌دات.

له‌ كاتی مانگ گیراندا، ترس خواپه‌رستانی شیعه‌ داده‌گرێت

باوه‌ڕدارانی شیعه‌ هه‌ست به‌ هێزی خودا ده‌كه‌ن كاتێك مانگ گیران له‌ مانگێكی پیرۆزدا رووده‌دات.

Wednesday, 6 January, 2010
.



له‌ رووداوێكی ده‌گمه‌ن و نائاساییدا، مانگ گیران له‌ مانگی موحه‌ڕه‌می پیرۆز، كه‌ له‌ رێكه‌وتی ١٦ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی زاینی ده‌ستیپێكرد، روویدا.



له‌ سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر موحه‌ممه‌ده‌وه، خواناسانی موسڵمان نوێژی تایبه‌ت له‌كاتی خۆر گیران و مانگ گیراندا ده‌كه‌ن.



ئه‌و رووداوه‌ گه‌ردوونیانه‌ وه‌ك نیشانه‌ سامناكه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی خودا و رازینه‌بوونی به‌ تاوانی مرۆڤ لێك ده‌درێنه‌وه‌. هه‌روه‌ها هه‌ندێ كه‌س پێیان وایه‌ گیرانی خۆر یان مانگ هۆشیاریێكه‌ كه‌ كۆتایی جیهان نزیكه‌ و كاتی ئه‌وه هاتووه‌ كه‌ خه‌ڵك پێداچوونه‌وه‌ی رووحی بۆخۆیان بكه‌ن و چاكه بكه‌ن و تۆبه‌ بكه‌ن.



خۆر گیران یان مانگ گیران له‌ مانگی موحه‌ڕه‌مدا زیاتر به‌لای شیعه‌كانه‌وه‌ گرنگتره‌ تا په‌یڕه‌وانی لقه‌كانی تری ئیسلام. موحه‌ڕه‌م دووه‌م پیرۆزترین مانگه‌ له‌ ساڵنامه‌ی ئیسلامیدا له‌ دوای ره‌مه‌زان و ئه‌و مانگه‌ ساڵیادی كوژرانی ئیمام حوسێن له‌ شه‌ڕێكی سه‌ده‌ی حه‌وتی زایینی له‌خۆ ده‌گرێت و شیعه‌كانیش گرنگی به‌و رووداوه‌ ده‌ده‌ن.



كاتژمێر ٩:٥٦ خووله‌ك له‌ ٣١ كانوونی یه‌كه‌م، له‌ گه‌ڕه‌كه‌ شیعه‌كانی به‌غدا له‌ مناره‌ی مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ بانگ هه‌ڵدرا تا نوێژی مانگ گیران بكرێت.



ئاوازی بانگدانه‌كه‌ش نائاسایی بوو – ده‌نگه‌ بێ هاوتاكه‌ هی نوێژی مانگ گیران بوو له‌ موحه‌ڕه‌مدا.



رووداوێك كه‌ یه‌كه‌م جار بوو له‌ ژیانی خه‌ڵكی به‌غدا روو بدات خه‌ریك بوو ده‌ستیپێ ئه‌كرد.



له‌ ٥٦ خووله‌كی دواتر، به‌شێكی مانگ به‌ سێبه‌ری زه‌وی تاریك بوو. ئه‌و رووداوه‌ له‌ عێراقدا له‌ ته‌له‌فزیۆنی عێراقییه‌ی سه‌ر به‌ حكومه‌ت راسته‌وخۆ په‌خش كرا.



له‌ به‌غدای پایته‌خت، ئه‌و رووداوه‌ مشتومڕی ئایینیی زیاتری هه‌ڵگرتبوو.



"مانگ گیران له‌ موحه‌ڕه‌مدا مانای وایه‌ به‌م زووانه‌ رۆژی دوایی دێت. كه‌ی؟ ته‌نها خودا كاته‌كه‌ی ده‌زانێ. له‌وانه‌یه‌ رۆژێكی تر، یان مانگێگی تر، یان ته‌نانه‌ت ده‌ ساڵی تر یان زیاتر بێت،" شێخ عه‌لی متێری، پیاوێكی ئایینیی شیعه‌یه‌ و ته‌مه‌نی ٤٢ ساڵه‌، وتی.



"یه‌كه‌م جاره‌ له‌ ژیانمدا بزانم ئه‌‌مه‌ روو بدات،" متێری وتی.



له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی سێبه‌ری زه‌وی له‌سه‌ر رووی مانگ، پیاوانی شیعه‌ له‌ مزگه‌وتی محه‌مه‌دی له‌ هۆڵێكدا كۆبوونه‌وه‌ كه‌ هیچ كه‌لوپه‌لێكی لێ نه‌بوو جگه‌ له‌ مافورێكی سه‌وزی نایاب و چه‌ند ره‌فه‌یه‌كیش به‌ دیواره‌كانییه‌وه‌ به‌سترابوو كه‌ هه‌ندێ كتێبی تایبه‌ت به‌ ئیسلام و چه‌ند دانه‌یه‌كی ره‌نگاوڕه‌نگی قورئانی پیرۆزیان له‌سه‌ر دانرابوو.



هه‌ندێ له‌ پیاوه‌كان هێشتا پێجامه‌یان له‌به‌ردا بوو، سه‌ریان سوڕمابوو له‌وه‌ی بۆچی له‌ كاتژمێر ١٠ی شه‌و بانگ كراون بۆ نوێژكردن.



"كاتی نوێژی مانگ گیرانه‌،" شێخ محه‌مه‌د زه‌نون به‌ باوه‌ڕداره‌كانی وت.



هێنده‌ی پێنه‌چوو پیاوه‌كان له‌ دوای شێخه‌كه‌ چوونه‌ ركوع و شێخه‌كه‌ش له‌ به‌رده‌میان راوه‌ستا. ئیمامه‌كه‌ ده‌ستیكرد به‌ خوێندنه‌وه‌ی ئایه‌ته‌كانی قورئان و خه‌ڵكه‌كه‌ش به‌ دڵته‌نگییه‌وه‌ ووشه‌كانی ئه‌ویان دووباره‌ ده‌كرده‌وه‌.



به‌ر له‌ ته‌واوكردنی نوێژه‌كه‌، كه‌ به‌درێژایی مانگ گیرانه‌كه‌ به‌رده‌وام بوو، شێخ زه‌نون به‌ده‌م هاواركردن و گریانه‌وه‌ داوای لێخۆشبوونی له‌ خودا كرد.



"خودایه‌ ناخۆشیمان لێ دووربخه‌وه‌،" ئه‌و به‌ گریانه‌وه‌ وتی. "ئێمه‌ باوه‌ڕمان به‌ تۆ هه‌یه‌."



زۆرێك له‌ پیاوه‌ ئایینییه‌كانی ئیسلام خۆر گیران و مانگ گیران وه‌ك دوو دیارده‌ی سروشتی لێكده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ گه‌وره‌یی خودا پیشان ده‌ده‌ن. هه‌ندێكی تر پێیان وایه‌ ئه‌م دوو رووداوه‌ نیشانه‌ی زۆریی تاوانه‌كانی خه‌ڵكن و ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی توندیشن له‌ لایه‌ن خوداوه‌.



شێخه‌كه‌ دوای ته‌واوبوونی نوێژه‌كه‌ روویكرده‌ پیاوه‌كان كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی دانیشتبوون و پرسی، "له‌ هه‌موو شوێنێك دووكانی عاره‌ق و یانه‌ی شه‌وانه‌ هه‌یه‌. چ شتێك له‌ لایه‌ن خوداوه‌ چاوه‌ڕێمان ده‌كات جگه‌ له‌ سزا نه‌بێت؟"



"رفاندنی منداڵان و كوشتنی خه‌ڵكی بێ گوناه و دزی – ئه‌م تاوانانه‌ گشتیان شایه‌نی سزای خودان."



له‌وه‌ته‌ی خۆر گیران له‌ كاتی مردنی ئیبراهیمی كوڕی پێغه‌مبه‌ر موحه‌ممه‌د روویداوه‌، گیرانی خۆر و مانگ به‌ نیشانه‌یه‌كی شووم له‌ لایه‌ن موسڵمانه‌كانه‌وه‌ لێك دراونه‌ته‌وه‌. له‌و خۆرگیرانه‌شدا كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ مردنی كوڕی پێغه‌مبه‌ر نوێژ كرا، هه‌رچه‌نده‌ دواتر پێغه‌مبه‌ر وتی ئه‌و دوو رووداوه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌یه‌كه‌وه‌ نه‌بووه‌.



له‌ چه‌ند شوێنێك له‌ قورئاندا باس له‌ مانگ گیران كراوه‌ و چه‌ند ئایه‌تێكیش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ جیهان له‌كاتی مانگ گیراندا كۆتایی دێت.



شێخ محه‌مه‌د عه‌لی محه‌مه‌د، ئیمامه‌ له‌ مزگه‌وتی عه‌لی ئه‌عزه‌م له‌ گه‌ڕه‌كی زه‌عفه‌رانییه‌ له‌ باشووری به‌غدا، وتی هه‌ندێ له‌ شیعه‌ باوه‌ڕیان وایه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ مانگ گیرانه‌كان نیشانه‌ی هاتنی رۆژی دوایی ده‌بێت.



"هه‌ر مانگ گیرانێك له‌وانه‌یه‌ ئه‌و مانگ گیرانه‌ی پێش رۆژی دوایی بێت،" ئه‌و به‌ IWPRی وت.



خالید سامی، لێكۆڵه‌ره‌وه‌یه‌ له‌ ناوه‌ندی گه‌ردونناسیی عێراق لێكدانه‌وه‌یه‌كی ته‌واو زانستی له‌ باره‌ی رووداوه‌كه‌ به‌ IWPR وت. سامی له‌ لێدوانێكی ته‌له‌فۆنیدا وتی، "گیرانی مانگ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی سه‌ر زه‌وی نییه‌، نه‌ به‌خراپی و نه‌ به‌باشی."



هه‌ندێ له‌ دانیشتووانی به‌غدا به‌و شێوه‌یه‌ دڵنیا نین.



به‌تول موحسین، په‌رستاره‌ له‌ به‌غدا و ته‌مه‌نی ٣٢ ساڵه‌، وتی هه‌رگیز گوێی لێنه‌بووه‌ مانگ گیران له‌ مانگی موحه‌ڕه‌مدا رووبدات و ئه‌وه‌شی وت كه‌ رووداوه‌كه‌ به‌ جدی وه‌رده‌گرێت.



له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ژنان له‌ مزگه‌وتدا نوێژ ناكه‌ن، موحسین ماوه‌ی مانگ گیرانه‌كه‌ی به‌ نوێژو پاڕانه‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌دا به‌سه‌ر برد و داوای لێخۆشبوونی له‌ خودا ده‌كرد.



"تا ئێستا سه‌رپۆشم نه‌كردۆته‌ سه‌رم، بۆیه‌ داوا له‌ خودا ده‌كه‌م له‌و تاوانه‌م خۆش بێت. هه‌ندێ جار له‌ كاتی خۆیدا بۆ نوێژی به‌یانی خه‌به‌رم نابێته‌وه‌ و هه‌ندێ جاریش غه‌یبه‌ت ئه‌كه‌م،" موحسین وتی.



"باسی رۆژی قیامه‌ت ده‌مترسێنێ. هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر ئه‌و رۆژه‌ له‌ كاتێكدا بێت كه‌ كرده‌وه‌كانم زیاتر خراپه‌ بن تا چاكه‌، ئه‌وا چاره‌نووسم دۆزه‌خ ده‌بێت له‌بری به‌هه‌شت."



"ئه‌م مانگ گیرانه‌ پێمان ده‌ڵێ كه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ ئاگامان له‌ كرده‌وه‌كانمان بێت."



عه‌بیر محه‌مه‌د موحه‌ریرێكی باڵای ناوخۆییه‌ له‌ IWPR و له‌ به‌غدا داده‌نیشێت.
Iraqi Kurdistan, Iraq
Frontline Updates
Support local journalists