رۆژنامه‌نووسانی ئه‌نباڕ چه‌ك هه‌ڵده‌گرن

رۆژنامه‌نووسانی ئه‌و پارێزگایه‌ كه‌ به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌كرێت و هێرشیان ده‌كرێته‌ سه‌ر له‌ بازاڕی ره‌شدا چه‌ك ده‌كڕن تا پارێزگاری له‌خۆیان بكه‌ن.

رۆژنامه‌نووسانی ئه‌نباڕ چه‌ك هه‌ڵده‌گرن

رۆژنامه‌نووسانی ئه‌و پارێزگایه‌ كه‌ به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌كرێت و هێرشیان ده‌كرێته‌ سه‌ر له‌ بازاڕی ره‌شدا چه‌ك ده‌كڕن تا پارێزگاری له‌خۆیان بكه‌ن.

.



كاتێك فه‌هداوی له‌ ٣٠ی مایسدا خه‌ریكبوو بچێته‌ سه‌ر كار، به‌یانی زوو له‌ لایه‌ن دراوسێیه‌كیه‌وه‌ كه‌ به‌ پیاوێكی په‌ستكار و به‌پرسیار وه‌سفی ده‌كات ته‌له‌فۆنێكی بۆهات و ئاگاداری كرده‌وه‌ كه‌ مه‌ترسی له‌ئارادایه‌.



فه‌هداوی گێڕایه‌وه‌، "ده‌نگی ئه‌له‌رزی كاتێك چه‌ند جارێك پێی وتم، "نه‌یه‌یته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ ماڵه‌وه‌ بمێنه‌ره‌وه‌و ته‌له‌فۆن بۆ پۆلیس بكه‌. دوو كه‌س شتێكی سه‌یریان له‌به‌رده‌م ده‌رگای ماڵه‌كه‌ت داناو رایانكرد".



فه‌هداوی ته‌له‌فۆنی بۆ هێزه‌كانی ئاسایش كردو ئه‌وانیش كاتژمێرێك زیاتر خه‌ریكی پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی بۆمبێكی دوو كیلۆگرامی بوون كه‌ هێنده‌ی تۆپێكی پێ گه‌وره‌ ئه‌بوو و له‌نزێك ده‌رگای پێشه‌وه‌ی ماڵه‌كه‌ی دانرابوو. به‌پێی گوته‌ی پۆلیسه‌كان، ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆمبه‌ بته‌قایه‌وه‌، فه‌هداوی و خێزانه‌كه‌ی ده‌كوشت.



فه‌هداوی پێی وایه‌ ئه‌م رووداوه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كاره‌كه‌یه‌وه‌ هه‌یه‌: دوو رۆژ پێش دانانه‌وه‌ی بۆمبه‌كه‌، گۆڤاره‌كه‌ی فه‌هداوی راپۆرتێكی ناوبراوی له‌سه‌ر ده‌نگۆی گه‌نده‌ڵییه‌كانی حكومه‌تی بڵاو كردبوویه‌وه‌ كه‌ چه‌ند سه‌رۆك هۆزێك تێوه‌ی گڵابوون.



فه‌هداوی سوپاسگوزاری دراوسێكه‌یه‌تی‌ بۆ رزگاركردنی ژیانی، به‌ڵام له‌به‌ر سه‌لامه‌تیی خۆی و خێزانه‌كه‌ی، ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌ شارۆچكه‌ی خالیدیه‌ی خۆرئاوای پارێزگای ئه‌نباڕ به‌جێهێشت و ئێستاش ده‌یه‌وێت چه‌كێك بكڕێت.



فه‌هداوی فۆرمی مۆڵه‌تی چه‌كی پڕكردۆته‌وه‌، به‌ڵام وتی ئه‌گه‌ر په‌سه‌ند نه‌كرا ئه‌وا پاره‌ی مانگێكی كه‌ ده‌كاته‌ ٩٠٠ دۆلاری ئه‌مریكی له‌ بازاڕی ره‌شدا ده‌دات‌ به‌ده‌مانچه‌یه‌ك.



پۆلیسی ره‌مادی، كه‌ پایته‌ختی ئه‌نباڕه‌، رایگه‌یاندووه‌ به‌لایه‌نی كه‌م ٤٣ رۆژنامه‌نووسی پارێزگاكه‌ له‌مانگى نیسانه‌وه‌ داوای مۆڵه‌تی چه‌كیان كردووه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ كرداری ناهاوڕێیانه‌ له‌دژی رۆژنامه‌نووساندا له‌ زیادبوون دان.



ئه‌نباڕ، كه‌ رۆژگارێك سه‌نگه‌ری یاخیبووان بووه‌و یه‌كێك بووه‌ له‌ مه‌ترسیدارترین ناوچه‌كانی عێراق و ئێستاش له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی عێراقه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌، وه‌كو نموونه‌یه‌ك بۆ توانای حكومه‌ت له‌ به‌رقه‌راركردنی ئاسایش له‌و هه‌رێمانه‌ی پێشتر پشێویان به‌خۆیانه‌وه‌ دیووه‌ باسی لێوه‌ ده‌كرێت.



به‌ڵام رۆژنامه‌نووسانی ئه‌نباڕ ده‌ڵێن به‌هۆی پیشه‌كه‌یانه‌وه‌ به‌رده‌وام ژیانیان له‌ مه‌ترسیدایه‌. چیتر له‌ قاعیده‌و هاوسۆزانی، كه‌ رۆژنامه‌نووسانیان ده‌كوشت، ناترسن، به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ پێیان وایه‌ له‌ لایه‌ن كوتله‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج.



ئاشكراكردنی گه‌نده‌ڵی و به‌رپرسیاركردنی حزبه‌ سیاسییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتداران گه‌وره‌ترین مه‌ترسین له‌سه‌ر رۆژنامه‌نووسان.



یوسف ئه‌بو جه‌به‌ل، سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی ئیسناده‌ له‌ فه‌لوجه‌، ساڵی پار به‌ ئاسته‌م له‌ ده‌ستڕێژێك رزگاری بوو دوای ئه‌وه‌ی ووتارێكی له‌سه‌ر ده‌ستێوه‌ردانی ئێران له‌ عێراقدا نووسیبوو. جه‌به‌ل وتی له‌ كاتی ده‌ستڕێژه‌كه‌دا بۆ سه‌ر ئۆتۆمبێله‌كه‌ی كاروانێكی ئه‌مریكییه‌كان به‌ڕێكه‌وت گه‌یشته‌ ناوچه‌كه‌و رزگاریان كرد.



"لۆمه‌ی هیچ رۆژنامه‌نووسێك له‌ ئه‌نباڕدا ناكه‌م كه‌ چه‌كی پێ بێت یان بیه‌وێ چه‌ك هه‌ڵبگرێت،" جه‌به‌ل وتی. "ره‌وشه‌كه‌ لێره‌ به‌شێوه‌یه‌ك مه‌ترسیداره‌ كه‌ باوه‌ڕ ناكرێت."



ئه‌نوه‌ر ئیبراهیم، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی پاراستنی مافه‌كانی رۆژنامه‌نووسانه‌ له‌ ئه‌نباڕ، وتی له‌مانگی ئازاره‌وه‌ نۆ له‌ هاوكارانی له‌ فه‌لوجه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگیان لێ كراوه‌‌.



ئیبراهیم وتی رۆژنامه‌نووسان یان واز له‌ كاره‌كانیان ده‌هێنن و ماڵه‌وه‌ جێ ده‌هێڵن و خۆیان بزر ده‌كه‌ن "یان به‌بێ مۆڵه‌ت ده‌مانچه‌ هه‌ڵده‌گرن و له‌ترسدا ده‌ژین".



عومه‌ر محه‌مه‌د، كه‌ بۆ ئاژانسی ده‌نگه‌كانی عێراق كار ده‌كات، ئاشكرای كرد داوای مۆڵه‌تی چه‌كی كردووه‌ دوای ئه‌وه‌ی مانگی رابردوو نامه‌یه‌كی پێ گه‌یشت كه‌ به‌ گووته‌ی ئه‌و پێی وتبوو "واز له‌ كاره‌كه‌ت بهێنه‌ ئه‌گه‌ر نا ده‌مریت".



محه‌مه‌د پێش ئه‌وه‌ چه‌ند راپۆرتێكی له‌سه‌ر ده‌نگۆی گه‌نده‌ڵی و به‌رتیل نووسیبوو كه‌ به ‌گووته‌ی خۆی "هه‌ندێك حزب له‌ ئه‌نباڕ به‌دڵیان نه‌بوو".



"پێشبینی ده‌كه‌م له‌ لایه‌ن چه‌ند گروپێكی سیاسییه‌وه‌ له‌هه‌ر كاتێكدا بكوژرێم،" محه‌مه‌د وتی.



به‌ڵام ئه‌و رۆژنامه‌نووسانی داوای مۆڵه‌تی چه‌كیان له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌ به‌غدا كردووه‌ گله‌یی له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ داواكارییه‌كانیان یان ره‌تكراونه‌ته‌وه‌ یان دواخراون.



له‌هه‌مان كاتدا، هه‌ندێ رۆژنامه‌نووس ده‌ڵێن هه‌ڵگرتنی چه‌ك له‌ بێ لایه‌نیان كه‌م ده‌كاته‌وه‌و زیاتر رووبه‌ڕووی هێرشیان ده‌كاته‌وه‌.



زیاد عه‌جیلی، سه‌رۆكی روانگه‌ی ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ری كه‌ باره‌گاكه‌ی له‌ به‌غدایه‌و له‌ پێناو مافه‌كانی رۆژنامه‌نوساندا هه‌وڵ ده‌دات، وتی له‌وه‌ تێ ده‌گات كه‌ بۆچی رۆژنامه‌نووسان پێیان وایه‌ ده‌بێت چه‌ك هه‌ڵبگرن، به‌ڵام هۆشیاری دا كه‌ ئه‌گه‌ر بكه‌ونه‌ ده‌ست یاخیبووانه‌وه‌ یان سوپاوه‌، ئه‌وا وه‌كو كه‌سێكی مه‌ده‌نی لێكدانه‌وه‌یان بۆ ناكرێت و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ناكرێت. عه‌جیلی وتی له‌ حاڵه‌تی وه‌هادا مه‌ترسی ئه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ كه‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ بكوژن و كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌میش ده‌ستگیری بكه‌ن.



"له‌ شه‌ڕدا ئه‌گه‌ری روودانی هه‌موو شتێك ده‌كرێت، به‌تایبه‌تی كاتێك كه‌ رۆژنامه‌نووسێك چه‌كی پێ بێت،" عه‌جیلی وتی. "چه‌ك له‌وانه‌یه‌ ژیانی رۆژنامه‌نووس بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی بیپارێزێت."



به‌ڵام ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ رۆژنامه‌نووسانی ئه‌نباڕ له‌گه‌ڵ عه‌جیلیدا هاوڕان.



رۆژنامه‌نووسێكی وێنه‌گر له‌ فه‌لوجه‌ كه‌ بۆ ئاژانسێكی هه‌واڵی نێوده‌وڵه‌تی كار ده‌كات وتی دوای ئه‌وه‌ی داواكارییه‌كی بۆ وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی چه‌ك ره‌تكرایه‌وه‌ ده‌مانچه‌یه‌كی له‌ بازاڕی ره‌شدا كڕی. ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ وتی به‌رده‌وام ئه‌و ده‌مانچه‌یه‌ی پێیه‌و هه‌میشه‌ش ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ بكرێته‌ ئامانج. "پۆلیس گوێ به‌وه‌نادات‌ ئێمه‌ بژین یان بمرین،" ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ وتی.



بێ متمانه‌یی به‌رامبه‌ر به‌ سوپاو هێزه‌كانی ئاسایش له‌ ئه‌نباڕدا ئێجگار قووڵه‌. محه‌مه‌د فه‌یسه‌ڵ، رۆژنامه‌نوسێكی رویته‌رزه‌، له‌ ناوه‌ڕاستی مایسدا كاتێك خه‌ریكی وێنه‌گرتنی پاشماوه‌ی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك بووه‌ له‌ فه‌لوجه‌ له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ لێی دراوه‌. شه‌ش زه‌بری توند به‌ر سه‌ری كه‌وتووه‌و ئه‌و كاته‌ له‌هۆش‌خۆی چووه‌و شوينى زاميكيش به‌سه‌ر ده‌م و چاوییه‌وه‌ به‌جێ ماوه‌.



كۆلۆنێڵ داود مه‌رعاوی، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی فه‌لوجه‌، وتی دوای ئه‌و رووداوه‌ دوو پۆلیس بۆ چه‌ند رۆژێك ده‌ستگیر كران، به‌ڵام فه‌یسه‌ڵ وتی لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌هیچ نه‌گه‌یشتوون.



مه‌رعاوی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانی ئاسایش رۆژنامه‌نووسان ناكه‌نه‌ ئامانج و ئه‌وه‌شی دووپات كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌فسه‌ره‌كانی له‌و هه‌ڕه‌شانه‌ ده‌كۆڵنه‌وه‌ كه‌ له‌ رۆژنامه‌نووسان ده‌كرێن له‌ لایه‌ن گروپه‌ سیاسی و ئایینی و چه‌كداره‌كانه‌وه‌.



مه‌رعاوی ئه‌وه‌شی وت كه‌ هێزه‌كانی ئاسایش ئاماده‌ن پاسه‌وان بۆ رۆژنامه‌نووسان له‌ ناوچه‌ گرژه‌كاندا دابین بكه‌ن و گولـله‌ به‌نديیان پێ بده‌ن.



به‌ڵام ووشه‌كانی مه‌رعاوی هێنده‌ جێگای دڵنیاكردنه‌وه‌ نین بۆ فه‌هداوی كه‌ ده‌ڵێت ئێستا به‌دوای خانووه‌كی تر له‌ گه‌ڕه‌كێكی ئارامتر ده‌گه‌ڕێت و له‌داهاتووشدا "هیچ شتێك نانووسم كه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانم دروست بكات".



عوسمان موختار په‌یامنێرێكی راهێنراوی IWPRه‌ له‌ فه‌لوجه‌.
Iraqi Kurdistan, Iraq
Frontline Updates
Support local journalists