رۆژنامه‌نووسانی عێراق سزادانی “زه‌یدی ” یان به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌

زۆربه‌ی رۆژنامه‌نووسان پێیان وا نییه‌ که‌ کەیسی زه‌یدی کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ری ده‌بێت، به‌ڵام له‌باره‌ی ره‌وایی سزاکه‌ یه‌کده‌نگ نین.

رۆژنامه‌نووسانی عێراق سزادانی “زه‌یدی ” یان به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌

زۆربه‌ی رۆژنامه‌نووسان پێیان وا نییه‌ که‌ کەیسی زه‌یدی کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ری ده‌بێت، به‌ڵام له‌باره‌ی ره‌وایی سزاکه‌ یه‌کده‌نگ نین.

Monday, 20 April, 2009
.



له‌ کاتێکدا رۆژنامه‌نووسان بۆچوونی جیاوازیان هه‌بوو سه‌باره‌ت به‌ سزای سێ ساڵ زیندانی که‌ بۆ زه‌یدی بڕایه‌وه‌، زۆربه‌یان خۆیان له‌و په‌یامنێره‌ به‌دوور ده‌رگرن و پێیان وا نییه‌ که‌ کەیسەکه‌ی کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ری ده‌بێت.



له‌ کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌گه‌ریدا که‌ له‌ کانوونی یه‌که‌می رابردوو بۆ سه‌رۆک بوش سازکرابوو کاتێک بۆ دواجار سه‌ردانی به‌غدای کرد، زه‌یدی وته‌کانی سه‌رۆک بوشی بڕی و پێڵاوه‌کانیشی ئاراسته‌کرد. ئه‌م کاره‌ی زه‌یدی جیهانی عه‌ره‌بی دڵخۆش کرد به‌ڵام زۆرێک له‌ رۆژنامه‌نووسانی عێراقی سه‌رسام کرد و پیان وابوو زه‌یدی پیشه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری سووک دووه‌.



زه‌یدی، که‌ ته‌مه‌نی سی ساڵه‌ و په‌یامنێری ته‌له‌فزیۆنی به‌غدادییه‌یه‌، به‌تۆمه‌تی هێرشکردنه‌سه‌ر که‌سایه‌تییه‌کی بیانی دادگایی کراو ده‌کرا به‌هۆی ئه‌و تۆمه‌ته‌وه‌ بۆ ماوه‌ی ١٥ ساڵ زیندانی بکرایه‌. هه‌فته‌ی رابردوو، له‌ دادگایه‌ک که‌ زۆرجار بۆ کەیسی تیرۆریستان به‌کارده‌هێنرێت زه‌یدی به‌سێ ساڵ زیندانی سزادرا.



به‌ بیستنی هه‌واڵی سزادانی زه‌یدی، زۆرێک له ده‌زگاکانی راگه‌یاندنی عێراق که‌ پێشتر رقی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌ کرداره‌که‌ی زه‌یدی ده‌ربڕبوو هه‌ڵوێستیان به‌ره‌و نه‌رمی چوو. چه‌ند رۆژنامه‌نووسێک به‌ په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتیان راگه‌یاندووه‌ که‌ هاوسۆزی ئه‌و په‌یامنێره‌ن و سزاکه‌شی ئه‌وپه‌ڕی توندییه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، هه‌ندێ رۆژنامه‌نووسی تر وتیان زه‌یدی گه‌لی عێراقی شه‌رمه‌زار کردووه‌ و ده‌بوایه‌ چاوه‌ڕێی سزایه‌کی سه‌ختی بکردایه‌.



دوور له‌ بۆچوونه‌کانیان له‌سه‌ر به‌ندکردنی زه‌یدی، زۆربه‌ی رۆژنامه‌نووسان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کۆکبوون که‌ ئه‌و سزایه‌ هێرشێک نییه‌ بۆ سه‌ر رۆژنامه‌گه‌ری. زۆربه‌یان پێیان وابوو زه‌یدی له‌ قاڵبی رۆژنامه‌نووسی چوویه‌ ده‌ره‌وه‌ کاتێک به‌و شێوه‌ سه‌یره‌ ناڕه‌زایی ده‌ربڕی.



ئیمان جه‌عفه‌ر، په‌یامنێری ته‌له‌فزیۆنێکی لایه‌نگری حکومه‌ت، وتی"وه‌ک عێراقییه‌ک ده‌ڵێم ده‌سته‌کانی زه‌یدی خۆش بێت،" ئیمان وتیشى "به‌ڵام وه‌ک رۆژنامه‌نووسێک، ده‌مه‌وێت بڵێم کاره‌کانی زه‌یدی مایه‌ی شه‌رمه‌زاری بوون."



جه‌عفه‌ر سه‌ری سوڕمابوو له‌ سزاکه‌، وتى "پێشبینیمان ده‌کرد زه‌یدی ئازاد بکرێت یان یه‌ک ساڵ زیندانی بکرێت، نه‌ک سێ ساڵ. ئه‌و په‌یامنێره‌ شایانی ئه‌و سزایه‌ نییه‌،"



که‌مال به‌درانیش له‌ که‌ناڵی سه‌ته‌لایتی فه‌یحا پێی وابوو زه‌یدی هه‌موو ئیمتیازاتێکی پیشه‌یی له‌ده‌ستدابوو. به‌دران پێی وابوو سزاکه‌ دادپه‌روه‌رانه‌یه‌. به‌دران وتی "کاتێک رۆژنامه‌نووسێک شێوازێکی تر جگه‌ له‌ ده‌م و پێنووسه‌که‌ی به‌کارده‌هێنت ده‌بێته‌ که‌سێکی ئاسایی و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک لێبه‌ده‌ری نامێنێت،".



سادق جه‌عفه‌ر، بێژه‌ری رادیۆی ناس، وتی سزاکه‌ سووکتربوو له‌وه‌ی پێشبینی ده‌کرا. سادق وتی، "زه‌یدی جنێوی به‌سه‌رۆک وه‌زیران نوری مالیکی و سه‌رۆک بوش دا، ئایا ده‌بێت ئێمه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ بکه‌ین ئه‌وان گوڵ پێشکه‌ش به‌ زه‌یدی بکه‌ن؟"



کۆمه‌ڵه‌کانی راگه‌یاندن و گروپه‌کانی مافه‌کانی رۆژنامه‌گه‌ری هه‌وڵیان داوه‌ هاوسه‌نگییه‌ک دروست بکه‌ن له‌نێوان ره‌خنه‌گرتن له‌ کاره‌کانی زه‌یدی و ده‌ربڕینی نیگه‌رانی سه‌باره‌ت به‌ سزادانی. گروپه‌ دیاره‌کانی رۆژنامه‌گه‌ری داوایان له‌ سه‌رکرده‌ باڵاکان کردووه‌ که‌ زه‌یدی ئازاد بکه‌ن.



زیاد عه‌جیلی، سه‌رۆکی روانگه‌ی ئازادیی رۆژنامه‌نووسان له‌ به‌غدا به‌ IWPR ی وت، "کاره‌که‌ی زه‌یدی به‌هیچ شێوه‌یه‌ک پڕۆفێشناڵ نه‌بوو، زه‌یدی ئه‌و که‌شوهه‌وایه‌ دیموکراسییه‌کی قۆسته‌وه‌ که‌ هێشتا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا نوێیه‌".



له‌هه‌مان کاتدا، عه‌جیلی هۆشیاری ئه‌وه‌ی دا که‌ توندیی سزاکه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ سه‌رده‌می پێشوو.



روانگه‌ی ئازادیی رۆژنامه‌نووسان و گروپه‌کانی تری مافه‌کانی رۆژنامه‌نووسان پێشتر هۆشیاری ئه‌وه‌یان دابوو که‌ یاساکانی سه‌رده‌می سه‌دام حوسێن، وه‌ک ئه‌وه‌ی زه‌یدی له‌چوارچێوه‌یدا دادگایی کرا، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ری ده‌که‌ن له‌ عێراقدا.



عه‌جیلی وتی "هیواداربووین زه‌یدی سێ ساڵ که‌متر زیندانی بکرایه‌ یان ته‌نانه‌ت ئازادیش بکرایه‌،".



موئه‌یه‌د لامی، سه‌رۆکی سه‌ندیکای رۆژنامه‌نووسانی عێراق وتی کەیسی زه‌یدی کاریگه‌ری له‌سه‌ر رۆژنامه‌گه‌ری نابێت له‌ عێراق به‌ڵام نیگه‌رانی ده‌ربڕی به‌هۆی سزاکه‌وه‌.



لامی وتی "سه‌رۆک کۆمار و سه‌رۆک وه‌زیران ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستووری خۆیان به‌کاربهێنن تا زه‌یدی ببوورن. زه‌یدی گه‌نجه‌ و ئه‌مه‌ش که‌یسێکی مرۆییه‌،". سه‌رۆکی سه‌ندیکای رۆژنامه‌نووسانی عێراق ئه‌وه‌شی وت که‌ رۆژنامه‌نووسان زۆر ئازاریان چه‌شتووه‌ له‌ عێراق و زه‌یدیش له‌وانه‌یه‌ له‌به‌ر توڕه‌یی ئه‌و کاره‌ی کردبێت.



باوه‌ڕ وایه‌ چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر زه‌یدی بۆ ماوه‌یه‌کی کورت له‌ لایه‌ن گروپێکی چه‌کداره‌وه‌ رفێنرابێت. سه‌ره‌ڕای که‌مبوونه‌وه‌ی توندوتیژی له‌م دواییانه‌، عێراق هێشتا خوێناویترین وڵاته‌ بۆ رۆژنامه‌نووسان.



په‌یامنێرانی بێ سنوور، که‌ گروپێکی نێوده‌وڵه‌تییه‌و داکۆکی له‌ مافه‌کانی رۆژنامه‌نووسان ده‌کات، ره‌خنه‌ی له‌ زه‌یدی گرت به‌ڵام به‌ندکردنیشی به‌و په‌ڕی نادادپه‌روه‌ری وه‌سف کرد.



ئه‌و گروپه‌ که‌ باره‌گاکه‌ی له‌ پاریسه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا رایگه‌یاند، "بێ گومان ئێمه‌ پێمان ناخۆشه‌ زه‌یدی ئه‌م شێوازه‌ی هه‌ڵبژارد تا ناڕه‌زایی له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌کانی سه‌رۆک بوش ده‌رببڕێت به‌ڵام هیچ بیانوویه‌ک نییه‌ بۆ سزای به‌ندکرنی زه‌یدی". "بڕیاره‌که‌ بڕیارێکی خۆپه‌رستانه‌یه‌ له‌ وڵاتێکدا که‌ تیایدا ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی رۆژنامه‌نووسان ده‌کوژن هه‌رگیز رووبه‌ڕووی دادگا ناکرێنه‌وه‌."



زۆربه‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی له‌لایه‌ن په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتییه‌وه‌ چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ سازکراوه‌ ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ کردووه‌ کاره‌کانی زه‌یدی نه‌بوونه‌ته‌ مایه‌ی سه‌پاندنی به‌ربه‌ستی توند له‌سه‌ر کاره‌کانیان هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ی رۆژنامه‌نووسان راسته‌وخۆ دوای کۆنگره‌ رۆژنامه‌نووسییه‌که‌ له‌ کانوونی یه‌که‌مدا مه‌ترسی ئه‌وه‌یان نیشان دابوو که‌ ره‌نگه‌ شتێکی له‌و بابه‌ته‌ روو بدات.



مسته‌فا ئه‌حمه‌د، په‌یامنێری رادیۆیه‌ و بۆ گروپێکی میدیای سه‌ربه‌خۆ کارده‌کات، وتی "هیچ ناترسم ئه‌گه‌ر بمه‌وێت پرسیار له‌ هه‌ر به‌رپرسێک بکه‌م، ته‌نانه‌ت خودی بوش چونکه‌ ئیشه‌که‌م به‌شێوه‌یه‌کی پڕۆفێشناڵ راده‌په‌ڕێنم،" مستەفا وتیشى"زه‌یدی نموونه‌یه‌کی خراپ بوو وه‌ک رۆژنامه‌نووسێکی عێراق و له‌وه‌ش خراپتربوو وه‌ک هاوڵاتییه‌کی عێراقی."



عومه‌ر حه‌دیسی، رۆژنامه‌نووسی رۆژنامه‌ی سه‌باح، وتی زه‌یدی "له‌پێناو خه‌ڵکی عێراقدا کردارێکی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌نجام داوه‌ دژی گشت ئه‌و تاوانانه‌ی بوش کردوونی". به‌ڵام حه‌دیسی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ سزاکه‌ کاریگه‌ری به‌سه‌ر رۆژنامه‌گه‌رییه‌وه‌ نابێت. حه‌دیسی وتی "زه‌یدی به‌شێوه‌یه‌کی دادپه‌روه‌رانه‌ دادگایی کرا،"



له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئیبراهیم سه‌راجی، سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی پارێزگاری له‌ مافه‌کانی رۆژنامه‌نووسان، که‌ چاودێری ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ری ده‌کات له‌ عێراق، هۆشیاری دا که‌ سزاکه‌ تونده‌ و به‌په‌له‌ بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌.



"هێشتا چه‌ندین مه‌سه‌له‌ی تر هه‌ن که‌ په‌یوه‌ندیان به‌ رۆژنامه‌نووسانه‌وه‌ هه‌یه‌ و به‌هه‌ڵپه‌سێردراوی ماونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ بۆچی ده‌بێت له‌ که‌یسی زه‌یدیدا په‌له‌ بکرێت؟" سه‌راجی وتی. "ئه‌م سزایه‌ وا له‌ رۆژنامه‌نووسان ده‌کات که‌ پیاچوونه‌وه‌ بکه‌ن به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ دادگاکاندا."



سه‌راجی هۆشیاری دا که‌ له‌دوای رووداوه‌که‌ی زه‌یدی رۆژنامه‌گه‌ری به‌شێوه‌یه‌کی مه‌ترسیدار خراوه‌ته‌ قالبی سیاسه‌ت و په‌یامنێرانیش گاڵته‌یان پێکراوه‌ و ته‌نگیان پێهه‌ڵچنراوه‌.



وێنه‌گرێکی هه‌مان ئه‌و که‌ناڵه‌ تایبه‌ته‌ی که‌ زه‌یدی کاری بۆ ده‌کرد وتی له‌ کۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌کاندا پاسه‌وانان کارمه‌ندانی که‌ناڵه‌که‌ جیاده‌که‌نه‌وه‌ و مامه‌ڵه‌ی توندیان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن.



ئه‌و وێنه‌گره‌، که‌ ناوی خۆی نه‌دا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی روخسه‌تی پێنه‌درابوو قسه‌ بۆ راگه‌یاندن بکات، وتی"پاسه‌وانه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی خراپ مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن کاتێک ده‌زانن ئێمه‌ کار بۆ ته‌له‌فزیۆنی به‌غدادییه‌ ده‌که‌ین. درێژه‌ به‌ پشکنینمان ده‌ده‌ن و چه‌ند جارێک سه‌یری پێناسه‌کانمان ده‌که‌نه‌وه‌."



زه‌ینه‌ب ناجی و عه‌بیر محه‌مه‌د و باسم شه‌رع سێ رۆژنامه‌نووسی راهێنراوی IWPR ن له‌ به‌غدا.
Frontline Updates
Support local journalists