شاڵاوه‌كه‌ی به‌سره پێگه‌ی مالیكی به‌هێزتركرد
هیوا عوسمان
شاڵاوه‌كه‌ی به‌سره پێگه‌ی مالیكی به‌هێزتركرد
هیوا عوسمان
به‌ڵام پشتبه‌ستن به‌م سه‌ركه‌وتنه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ده‌وه‌ستێته سه‌ر هه‌نگاوی داهاتوی مالیكی؛ كه پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازییه بۆ پاكردنه‌وه‌ی شاری موسڵ له چه‌كدارانی قاعیده و به‌عسیه‌كان.
كاتێك ئه‌و پرۆسه سه‌ربازیه، كه ناوی نهێنی "نه‌به‌ردی شاسواران"ی لێنرابو، له به‌سره و له سه‌ره‌تای نیساندا ده‌ستیپێكرد، زۆر له چاودێران وه‌كو ساته‌وه‌ختێكی چاره‌نوسساز سهیریاندهكرد بۆ خۆسه‌لماندنی سه‌ره‌ك وه‌زیرانی عێراق و سوپای ئه‌و وڵاته.
كه مالیكی رایگه‌یاند بڕیاریداوه بكه‌وێته راوه‌دونانی "یاخیبوان" هه‌تا ئاخر نه‌فه‌س، ئه‌م راگه‌یاندنه‌ی كۆمه‌ڵێك هاوپه‌یمانی نوێی بۆ په‌یداكرد و سه‌ركرده سیاسیه‌كانی وڵاتیشی له چوارده‌وری كۆكرده‌وه.
به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت، نه‌یاره سوننه‌كانی مالیكی پێشوازیان له‌و شاڵاوه كرد بۆ سه‌ر گروپه چه‌كداره یاساغه‌كان كه به‌توندی كۆنترۆڵی به‌سره‌یان كردبوو، هه‌روه‌ها به هه‌نگاوێكی بوێرانه به ئاڕاسته‌ی گونجاو دایانهقهڵهم.
پێشتر به‌ره‌ی ته‌وافوق، كه گه‌وره‌ترین كوتله‌ی سوننه‌یه له په‌رله‌مان، له كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی كشابونهوه، به‌ڵام ئێستا ئاماژه‌یان به‌وه كردوه له ئه‌نجامی پرۆسه سه‌ربازیه‌كه‌ی به‌سره ئاره‌زویان له گه‌ڕانه‌وه هه‌یه بۆ ناو حكومه‌ت.
هه‌روه‌كو عه‌دنان دلێمی سه‌ركرده‌ی به‌ره‌ی ته‌وافوق رونیكرده‌وه، یه‌كێك له داواكاریه‌كانی ئه‌و كوتله‌یه "راوه‌دونان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی میلیشیاكان و سه‌ركوتكردنی یاخیبوان" بو.
له‌و كاته‌وه سه‌ركرده سوننه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی رێوشوێنی پێویستی گرتۆته‌به‌ر بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانیان تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی قایلیان بكات كۆتایی به بایكۆتكردنی حكومه‌ت بهێنن.
ده‌ستكه‌وتێكی تری مالیكی سه‌ره‌ك وه‌زیران ئه‌و نزیكبونهوهیهیه له‌گه‌ڵ تاریق هاشمی جێگری سه‌رۆكدا به‌ده‌ستیهێنا، كه یه‌كێكه له دیارترین و به‌هێزترینی ئه‌و كه‌سایه‌تیه سوننانه‌ی به‌شدارن له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا. په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و دوو سه‌ركرده‌یه كه زۆرجار گرژی به‌خۆیه‌وه بینیوه، یه‌كێك بو له هۆكاره‌كانی بایكۆتكردنی سوننه‌كان بۆ حكومه‌ت.
تاریق هاشمی به‌ئاشكرا پشتگیری خۆی بۆ هێرشه‌كه‌ی به‌سره دوپاتكرده‌وه و ئێستاش له‌گه‌ڵ سه‌ره‌ك وه‌زیران له ژوری عه‌مه‌لیات داده‌نیشێت بۆ تاوتوێكردنی چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی داهاتوی ناو ئهجێنداكهی مالیكی كه ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی موسڵه.
پشتگیریكردن له مالیكی هه‌ر به‌وه‌وه نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو پشتیوانیه‌كی به‌رفراوانتری بۆ خۆی برده‌وه ئه‌ویش به‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سیاسی ئاسایشی نیشتمانی كه له ١٩ ئه‌ندام پێكهاتوه و هه‌ر سێ ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی، له‌وانه سه‌رۆكی كۆماری عێراق، و سه‌ره‌ك وه‌زیران و جێگرانی سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگره‌كانی و سه‌رۆكی كوتله جیاوازه‌كانی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی دادگای باڵای فیدراڵی تێدایه، راگه‌یاندنێكیان له‌و باره‌یه‌وه بڵاوكرده‌وه.
دیكۆمێنته راگهیهنراوهكه كه پره‌نسیپه‌كانی چۆنێتی ئیشكردنی سیستمی سیاسی له عێراقدا دیاریده‌كات، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پشتگیری له مالیكی ئه‌كات.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، ته‌نها سهدریهكانی لایه‌نگری موقته‌دا ته‌حه‌فوزیان هه‌بو به‌رامبه‌ر به‌یاننامه‌كه، كه گروپه چه‌كداره‌كه‌ی خۆی؛ سوپای مه‌هدی، یه‌كێك بون له‌و گروپه چهكدارنهی كرانه ئامانجی هێرشه‌كه‌ی به‌سره.
له گۆشه‌نیگایه‌كی سه‌ربازیه‌وه، شیكارزانان و فه‌رمانده‌كانی سوپا هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه پرۆسه سه‌ربازیه‌كه‌ی به‌سره پێشوه‌خت ئاماده‌كاری باشی بۆ نه‌كرابو.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا، وه‌كو یه‌كه‌م ئه‌زمونی راسته‌قینه‌ی سوپای نوێی عێراق، پرۆسه‌كه به‌گشتی سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره بو.
تاڕاده‌یه‌كی زۆر سه‌ربازه‌كان گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانه‌كان بون بۆ به‌گژاچونه‌وه‌ی چه‌كدارانی سه‌ر به میلیشیاكان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌ر به هه‌مان گروپ و مه‌زهه‌بی شیعه‌ش بوبن.
چه‌ند حاڵه‌تێكی هه‌ڵهاتن له سوپا رویدا و هه‌ڵهاتوه‌كان دڵیان پێوه نه بوو له دژی هاوتایهفهكانیان كه شیعه و سهدریهكانن، بجه‌نگن. به‌ڵام هه‌ڵهاتنی ١٥٠٠ كه‌س له كۆی ئه‌و ٣٠ هه‌زار سه‌ربازه‌ی بڵاوكراونه‌ته‌وه بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه رێژه‌یه‌كی ئه‌وتۆ نیه و نابێته هۆی دروستكردنی مه‌ترسی.
ته‌نانه‌ت سه‌رچاوه‌كانی وه‌زاره‌تی به‌رگری له به‌غدا به‌خۆشحاڵیه‌وه پێشوازیان له‌م راستیه كرد. هه‌روه‌كو یه‌كێك له‌و سه‌رچاوانه‌ی نزیكه له‌و وه‌زاره‌ته‌وه وتی، "هه‌لێكی باش بو بۆ بژاركردنی سه‌ربازه خراپ و ناپرۆفێشناڵهكان."
له هه‌مان كاتدا، حاڵه‌ته‌كانی هه‌ڵهاتنی سه‌ربازان ئه‌و راستیه‌ی ده‌رخست كه سوپا پێویستی به راهێنانی زیاتر و سیستمێكی پاڵاوتنی گونجاو هه‌یه له پرۆسه‌ی سه‌رباز وه‌رگرتندا.
به‌ڵام به‌گشتی، پرۆسه‌كه هه‌نگاوێكی گرنگ بو به‌ره‌و دامه‌زراندنی سوپایه‌ك كه به‌ڕاستی سوپایه‌كی نیشتمانی و پرۆفێشناڵ بێت.
ئه‌وه‌ش كه حكومه‌تی به‌هێزێكی زیاتره‌وه نیشاندا ده‌ركردنی به‌یاننامه‌كه‌ی سه‌در بو كه تیایدا هانی حكومه‌ت ئه‌دات سه‌ربازه هه‌ڵهاتوه‌كان قبوڵبكاتهوه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناو سوپا بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌ركه سه‌ربازیه‌كانیان.
داواكردنی ئه‌مدواییه‌ی موقته‌دا له خه‌ڵك و لایه‌نگرانی بۆ پاراستنی ئارامی و خۆبه‌دوورگرتن له خوێنڕشتن، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، وه‌كو دانپیانانێك به شكستهێنانی خۆی لێكدرایه‌وه، هه‌روه‌ها وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك سه‌یركرا كه شاڵاوه‌كه‌ی مالیكی بۆ كۆنترۆڵكردنی به‌سره لانی كه‌م تاڕاده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوبوه.
هه‌رچه‌نده حكومه‌ت ئێستا كۆنترۆڵی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی فراوانی به‌سره‌ی كردوه له‌وانه؛ به‌نده‌ره‌كانی ئه‌و شاره، به‌ڵام هێشتا چه‌ند به‌شێكی به‌سره ماوه كه حكومه‌ت ده‌ستی پێیانڕاناگات و چه‌ندین سه‌ركرده‌ی میلیشیاكانیش هێشتا ده‌ستگیرنه‌كراون به‌ئازادی ئه‌سوڕێنه‌وه.
دوای به‌سره، سه‌ره‌ك وه‌زیران فهرمانیكردوه به ئه‌نجامدانی پرۆسه‌یه‌كی هاوشێوه له دژی میلیشا شیعه‌كان له به‌شه‌كانی تری عێراق، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه كه چه‌ندین بانگه‌شه‌ی یهكلهدوایهك راده‌گه‌یه‌نرێت – كه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ئێران ئاراسته‌ی ده‌كات - بۆ كۆتاییهێنان به شاڵاوه‌كه.
ئه‌گه‌ر مالیكی بیه‌وێت پارێزگاریبكات له هه‌مان ئه‌و ئاستی پشتگیریه‌ی ئێستا له‌لایه‌ن هێزه جیاوازه‌كانی شه‌به‌نگی سیاسی عێراقیه‌وه لێیدهكرێت، پێویسته به‌رده‌وامبێت له‌و سوربون و پێداگریه‌ی هه‌یه‌تی بۆ راوه‌دونانی میلیشاكان له هه‌ر كوێیه‌ك بن. ئه‌مه‌ش ئه‌ركێكی ئاسان نابێت، به‌وپێیه‌ی ئه‌م هه‌ڵوێسته كارده‌كاته سه‌ر پله‌وپایه‌ی سه‌ره‌ك وه‌زیران له‌ناو ئه‌و جه‌ماوه‌ره شیعه‌یه‌ی خۆیدا كه پشتگیری لێده‌كه‌ن.
لێره‌شه‌وه، توانا و لێوه‌شاوه‌یی مالیكی بۆ سه‌ركردایه‌تیكردن، چ وه‌كو سه‌ره‌ك وه‌زیران و چ وه‌كو فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان، خۆی له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی جیددیدا ئه‌بینێته‌وه.
مالیكی له ساڵی ٢٠٠٦دا و له ئه‌نجامی سه‌فقه‌یه‌كی سیاسی نێوان كوتله سیاسیه جیاوازه‌كانی په‌رله‌مان كه هه‌ر یه‌كه‌یان ژماره‌ی كورسی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له ماوه‌ی ٢ ساڵی رابردودا، چه‌ندین گومان ووروژێنراون سه‌باره‌ت توانای مالیكی له سه‌ركردایه‌تیكردن و به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌تێكی یه‌كێتی نیشتمانی و توانای ئه‌و بۆ هه‌ڵسوكه‌وتكردن وه‌كو سه‌ره‌ك وه‌زیرانێك كه به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌قینه هیچ لایهنگیریهكی بۆ تایه‌فه‌یه‌كی دیاریكراو نه‌بێت.
به‌ڵام پرۆسه سه‌ربازیه‌كه‌ی به‌سره، تاڕاده‌یه‌ك ئه‌و گومانانه‌ی ره‌وانده‌وه.
كاتێكیش مالیكی بیه‌وێت ده‌ستبداته پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازی بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ، پێویستی به‌وه‌یه كه هیچ جێگه‌یه‌ك بۆ گومان نه‌هێڵێته‌وه لای خه‌ڵكی عێراق كه سه‌ره‌ك وه‌زیرانی هه‌مو عێراقیه‌كانه و هه‌روه‌ها نیشانیبدات كه "یاخیبوان"ی شیعه و سوننه رێك به‌هه‌مان شێوه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵداده‌كرێت.
هه‌ر له‌به‌ر هه‌مان هۆش، پێویسته هه‌مان ئه‌و ئاسته‌ی ئێستای پشتگیریكردنی سوننه له مالیكی ئیدامه‌ی پێبدرێت و پارێزگاری پێوه‌بكرێت، به‌تایبه‌ت له‌به‌رئه‌وه‌ی واچاوه‌ڕوانده‌كرێت كه ئێجگار له پرۆسه سه‌ربازیه‌كه‌ی به‌سره زه‌حمه‌تتربێت.
بردنه‌وه‌ی پشتیگیریی سیاسه‌تمه‌داره سوننه دیاره‌كان بۆ به گژاچونه‌وه‌ی میلیشیا شیعه كه‌لله‌ره‌ق و لاساره‌كان شتێكه‌و، داواكردن لێیان بۆ په‌سه‌ندكردنی كارێكی سه‌ربازی له شارێكدا كه وه‌كو مۆڵگه‌ی ئیسلامیه سوننه‌كان و عه‌ره‌به ناسیۆنالیسته‌كان سه‌یرده‌كرێت، شتێكی تره.
له موسڵ، دوژمن ئاوێته‌یه‌كه له قاعیده و به‌عسیه دۆگماییهكان. ئه‌م هێزانه زۆر كه‌متر له سوپای مه‌هدی به‌ده‌ره‌وه‌ن و زۆر زیاتریش له‌وان كاراترن.
كێشه‌یه‌كی تر ئه‌وه‌یه كه موسڵ، به‌پێچه‌وانه‌ی پارێزگا سوننه‌كانی تری خۆراوای عێراقه‌وه، سه‌رهه‌ڵدانی "ئه‌نجومه‌نه‌كانی رابون"ی {ئه‌و گروپه عێراقیانه‌ی چه‌كیان له دژی قاعیده هه‌ڵگرتوه} به‌و قورسیه به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه.
به‌كورتی، به‌شێكی زۆری ئه‌وه‌ی له به‌سره‌دا به‌ده‌ستهاتوه له پرۆسه سه‌ربازیه‌كه‌ی موسڵدا ئه‌كه‌وێته به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی جیددیه‌وه.
به‌سره نیشانی‌دا عێراق یه‌ك سوپا و یه‌ك فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌یه. موسڵیش، گروپه سیاسیه سوننه‌كانی تێدا تاقیده‌بێته‌وه ئایا ئه‌وانیش به‌ڕاستی هه‌مان بۆچونیان هه‌یه یان نا.
هیوا عوسمان راوێژكاری به‌رنامه‌ی (IWPR)ی عێراقه. به‌ر له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی بكات به (IWPR)ه‌وه له سه‌ره‌تای ٢٠٠٨دا، بۆ ماوه‌ی زیاتر له دوو ساڵ راوێژكاری رۆژنامه‌نوسیی جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی عێراق بوه.
مه‌رجه نیه ئه‌و بیربۆچونانهی له‌م ووتاره‌دا گوزارشتیان لێكراوه، بیروبۆچونی (IWPR)بن.