شوفێری ته‌كسییه‌كانی به‌غدا خۆیان له به‌ڵا ده‌پارێزن
لێخوڕینی ته‌كسی له جاده‌كانی به‌غدا وه‌ك چوونه ڕێی هات و نه‌هات وایه.
شوفێری ته‌كسییه‌كانی به‌غدا خۆیان له به‌ڵا ده‌پارێزن
لێخوڕینی ته‌كسی له جاده‌كانی به‌غدا وه‌ك چوونه ڕێی هات و نه‌هات وایه.
ئه‌حمه‌د رۆژگاره خوێناوییه‌كانی شه‌ڕی تائیفی ئه‌م دواییه‌ی به‌غدای بیركه‌وته‌وه و وتی، "شه‌قامه‌كانی به‌غدا وه‌ك چه‌قه‌ڵ وابوون كه منداڵه‌كانی خۆی ده‌خوات".
ئه‌حمه‌د شیعه‌یه و پیاوێكی قۆز و كه‌شخه‌یه و داوایكرد ناوی راسته‌قینه‌ی ئاشكرا نه‌كرێت، ده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا بووه به شوفێری ته‌كسی. ئه‌و ده‌ڵێت نهێنیی سه‌ركه‌وتنی له رۆژگاره سه‌خته‌كاندا ئه‌وه بووه ته‌نها گوێ له خه‌ڵك گرتووه. ئه‌و كه‌سانه‌ی سواری ته‌كسییه‌كه‌ی ده‌بن به‌ئازادی باس له دوایین هه‌واڵ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌حمه‌د به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بۆچوونی خۆی ده‌رنابڕێت.
"من وه‌ك ئیسفه‌نج وام و توڕه‌یی و هه‌ڵچوون و بێزاریی خه‌ڵك هه‌ڵده‌مژم،" ئه‌حمه‌د وتی. "هه‌میشه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا هاوڕام و له مێشكیشمدا دووری ئه‌و شوێنه‌ی كه بۆی ده‌چین به میل ده‌ژمێرم و بیر له نه‌فه‌ری دواتر ده‌كه‌مه‌وه."
به‌لای شوفێری تهكسییهكانهوه شه‌قامه‌كانی به‌غدا له زۆربه‌ی ساته‌كانی ده ساڵی رابردوودا وه‌ك رێی هات و نه‌هات وا بوون. شوفێری ته‌كسییه‌كانی به‌غدا له كاتی نزیكبوونه‌وه‌یان له كاروانه‌كانی هێزه‌كانی ئه‌مریكا لایه‌ن سه‌ربازه شڵهژاوهكانهوه ته‌قه‌یان لێكراوه و كاتێكیش به‌هه‌ڵه چوونه‌ته گه‌ڕه‌كێكی مه‌ترسیدار له لایه‌ن چه‌كدارانه‌وه كوژراون و هه‌ر كاتێكیش ده‌رفه‌ت ره‌خسابێت دز و چه‌ته رووتیان كردوونه‌ته‌وه.
شوفێری ته‌كسییه‌كانی به‌غدا زیاتر له هه‌ر كه‌سێكی تر رووبه‌ڕووی ئه‌و گۆڕانكاریانه بوونه‌ته‌وه كه له ره‌وشی شاره‌كه‌یان روویداوه. جگه له كارمه‌ندانی ئۆتۆمبیله‌كانی فریاكه‌وتن و ده‌ورییه‌كانی پۆلیس نه‌بێت، كه‌سی تر هێنده‌ی شوفێری ته‌كسییه‌كانی به‌غدا به شاره‌كه‌دا نه‌سووڕاوه‌ته‌وه.
له سه‌رده‌می سه‌دام حوسێن‌دا، زۆرێك له شوفێری ته‌كسییه‌كان كاری سیخوڕیان بۆ رژێمه‌كه‌ی ده‌كرد و پاره‌یان وه‌رده‌گرت. شوفێره‌كانی ئه‌مڕۆ له‌ناو تهكسییهكانیاندا هه‌م زانیاری بڵاو ده‌كه‌نه‌وه و هه‌م وه‌ریده‌گرن.
به‌ڵام ئه‌و شوفێرانه‌ی كه كاتێكی خۆش به‌سه‌رده‌به‌ن له‌ڕێی باسكردنی پڕوپاگه‌نده و هه‌واڵه‌كان له‌گه‌ڵ نهفهرهكانیاندا پێویسته به‌ته‌واوی خۆیان له‌و بابه‌ته هه‌ستیارانه به‌دوور بگرن كه به‌هۆی شه‌ڕی تائیفییه‌وه هاتوونه‌ته‌ئاراوه. ئه‌و شوفێرانه پێیان باشتره خۆیان له مشت‌ومڕ دوور بخه‌نه‌وه و له‌بری ئه‌وه به وریاییه‌وه گوێ ده‌گرن و ده‌بنه ئاوێنه‌ی هه‌ست و بۆچوونی نه‌فه‌ره‌كانیان.
حه‌یده‌ر، هاوڵاتییه‌كی توركمانه و رووخۆشه، وتی هه‌میشه هه‌وڵده‌دات له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی سواری ته‌كسییه‌كه‌ی ده‌بن هه‌مان بۆچوونی هه‌بێت زیاتر وتی، "به‌گوێره‌ی هه‌ستی نهفهرهكانم سروشتی خۆم ده‌گۆڕم و وه‌ك ئه‌وان یان خۆم توڕه ده‌كه‌م یان نه‌رم و نیان ده‌بم."
هه‌روه‌ك ئه‌حمه‌د، حه‌یده‌ریش نه‌یویست ناوی راسته‌قینه‌ی ئاشكرا بكرێت و وتی چه‌ند ساڵێك هه‌وڵیداوه كارێكی حكومی بۆخۆی بدۆزێته‌وه به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه و له كۆتاییدا له ساڵی ٢٠٠٧ بووه به شوفێری ته‌كسی. ئه‌و كه ده‌رچووی ئاماده‌یی ته‌كنیكییه و له كۆتایی بیسته‌كانی ته‌مه‌نیدایه، له ساڵی ٢٠٠٤ وازی له خوێندن هێناوه كاتێك ئاستی بێكاری له عێراقدا له‌وپه‌ڕی بهرزیدابوو.
"ئاواته‌كانم زۆرن به‌ڵام هیچ یه‌كێكیان نه‌هاتنه‌دی... هه‌رگیز به خه‌ونیش به‌خه‌یاڵمدا نه‌هاتبوو كه ده‌بمه شوفێری ته‌كسی،" حه‌یده‌ر وتی.
حه‌یده‌ر ده‌ڵێت ته‌نانه‌ت هه‌وڵیداوه بچێته ریزی سوپای عێراقیشه‌وه، به‌ڵام وه‌رنه‌گیراوه. "ئه‌فسه‌رێك سه‌یری ئه‌وراقه‌كانی كردم و پێم پێكه‌نی. پێی وتم ته‌مه‌نم زۆر گه‌وره‌یه و به‌كه‌ڵكی سه‌ربازی نایه‌م. ئه‌و كاته ته‌مه‌نم ته‌نها ٢٥ ساڵ بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بیه‌وێ په‌یوه‌ندی به سوپای عێراقه‌وه بكات ده‌بێ ته‌مه‌نی ١٨ ساڵ بێت."
"ئێستاش هه‌ر گه‌نجم به‌ڵام ئه‌م وڵاته وات لێده‌كات له‌خۆت گه‌وره‌تر ده‌ربكه‌ویت."
حه‌یده‌ر یاده‌وه‌رییه تاڵه‌كانی شه‌ڕی تائیفی له‌بیره و هیچ كامێك له به‌شداربووانی ئه‌و شه‌ڕه‌شی به‌لاوه په‌سه‌ند نییه، جا سوپای ئه‌مریكا بێت، یاخیبووان بن، یان میلیشیاكان. ئه‌و وتی جارێكیان له رێگای فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا بووه و سه‌یاره‌كه‌ی خۆی به زه‌حمه‌ت له ته‌رمێك لاداوه كه ئۆتۆمبیلێكی پێش خۆی فڕه‌ی داوه. هاوڕێكانی حه‌یده‌ر له‌و شه‌ڕه تائیفییهدا ماڵی خۆیان له‌ده‌ست داوه و یه‌كێكیشیان كوژراوه و به‌قسه‌ی ئه‌و "با بردی".
جارێكیان چه‌ند چه‌كدارێك حه‌یده‌ر ده‌ڕفێنن و واده‌زانن سوننه‌یه. ئه‌و كاته حه‌یده‌ر زۆر له مه‌رگ نزیك ده‌بێته‌وه.
"چه‌كداره‌كان منیان خسته ناو سندوقی سه‌یاره‌كه‌م و لێیانخوڕی،" حه‌یده‌ر وتی. "خاڵێكی پشكنین ژیانی رزگار كردم. هه‌ستم كرد ئۆتۆمبیله‌كه‌م هێواش بوویه‌وه و به‌زه‌بری هێز سندووقهكهم كرده‌وه و هاتمه ده‌ره‌وه. گوێم له گولـله بوو له نزیكمه‌وه ده‌نگی ده‌هات و رام كرد."
كاتێك حه‌یده‌ر دواتر گه‌ڕاوه‌ته‌وه شوێنه‌كه، ئۆتۆمبیله‌كه‌ی هێشتا هه‌ر له‌وێ بووه، به‌ڵام چه‌كداره‌كان رۆیشتبوون.
حه‌یده‌ر ده‌ڵێت سه‌ره‌ڕای مه‌ترسییه‌كان، له‌گه‌ڵ پیشه‌كه‌ی خۆی لێڕاهاتووه و تاكه قووتی ژنه‌كه‌ی و سێ منداڵه‌كه‌یه‌تی. "كاتێك له‌ماڵ دێمه ده‌ره‌وه، خێزانه‌كه‌م پێم ده‌ڵێت وریا بم. منیش پێی ده‌ڵێم هاتنه ده‌ره‌وه‌م به‌ده‌ست خۆمه، به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ لات به‌ده‌ست خودایه."
حه‌یده‌ر ده‌ڵێت كاتێك تووشی كه‌ژاوه‌ی بووكێك ده‌بێت له‌سه‌ر جاده، ده‌نگی ته‌سجیلی ئۆتۆمبیله‌كه‌ی كه دایۆیهكی سیلڤه‌ره و كۆن بووه، به‌رز ده‌كاته‌وه. "له‌گه‌ڵیاندا ده‌چمه ناو خۆشییهكهوه و به‌دوایاندا ده‌چم تا نه‌فه‌رێك هه‌ڵده‌گرم،" حه‌یده‌ر وتی.
شوفێری ته‌كسییه‌كان راسته‌وخۆ گۆڕانی دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌یان به‌هۆی شه‌ڕه‌وه دیووه چونكه ئۆتۆمبیله‌كانیان بوونه‌ته شوێنی دانپیانانی خه‌ڵك و شوێنی تاوكردن. ئه‌حمه‌د گێڕایه‌وه رۆژێك بێوه‌ژنێك له‌گه‌ڵ دوو منداڵی خۆی سواری سه‌یاره‌كه‌ی بووه.
"ئه‌و ژنه له ته‌نیایی بێزار ببوو. داوایلێكردم كاری سێكسی له‌گه‌ڵدا بكه‌م، به‌ڵام به‌مه‌رجێك كه شوێنێكی ئارامم بۆ بدۆزیبایه‌وه،" ئه‌حمه‌د وتی.
"ژنه‌كه له‌كاتێكدا ئه‌و داوایه‌ی لێكردم كه هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی له ته‌نیشتیه‌وه دانیشتبوون و گوێیان گرتبوو. وه‌ك عاده‌تی هه‌میشه‌م زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی ساردوسڕ و بێ مانام بۆ كرد و به نه‌خێر وه‌ڵامم دایه‌وه."
به‌ده‌م زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی كزه‌وه، ئه‌حمه‌د رۆژێكی تری بیر هاته‌وه كه نه‌فه‌رێك سواری ته‌كسییه‌كه‌ی بووه و به‌رده‌وام سه‌یری پارچه كاغه‌زێكی سپی كردووه كه توند به‌ده‌ستییه‌وه گرتبوو.
ئه‌حمه‌د وتی، "ئه‌و كه‌سه پێی وتم سوننه‌یه و ئه‌و كاغه‌زه‌ی به‌ده‌ستییه‌وه بوو ناوی دوانزه ئیمامه‌كه‌ی شیعه‌كانی لێ نووسرابوو و هه‌وڵیده‌دا له‌به‌ریان بكات نه‌وه‌ك ئۆتۆمبیله‌كه‌مان له‌لایه‌ن ملیشیا شیعه‌كانه‌وه بوهستێنرایه".
له‌كاتی شه‌ڕی تائیفیدا، ناوی ئیمامه‌كانی شیعه وه‌ك تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ دیاریكردنی سوننه و شیعه به‌كارده‌هێنران و داوا له خه‌ڵك ده‌كرا به‌ناو بیانژمێرن.
ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه پیشه‌كه‌ی بووه به به‌شێك له خولیاكانی. "دوای ماندووبوونێكی زۆر، ئه‌و كاته‌ی ده‌چمه سه‌ر جێگا، چاوه‌كانم هه‌ڵئاوساون و مێشكیشم كوڵاوه. به‌سه‌رهاته‌كان و ده‌م و چاوی خه‌ڵكه‌كه به‌به‌ر چاومدا دێن و ده‌ڕۆن تا ئه‌وكاته‌ی خه‌و ده‌مباته‌وه."
ئه‌حمه‌د، كه دایك و خوشك و برا و خێزانه‌كه‌ی به‌خێو ده‌كات، وتی دیمه‌نێكی ده ساڵ پێش ئێستا دیووه و هه‌رگیز له‌بیری ناكات.
"به‌سه‌ر یه‌كێك له پرده‌كانی به‌غدا ره‌ت بووم و بینیم پیاوێكی گه‌نج له‌گه‌ڵ دایك و باوكی‌دا ده‌ڕوات. ئه‌و گه‌نجه ده‌موچاوێكی كه‌شخه‌ی هه‌بوو به‌ڵام تووشی نابینایی هاتبوو – دایك و باوكی ده‌ستیان گرتبوو،" ئه‌حمه‌د وتی.
"نازانم ئه‌و گه‌نجه به‌هۆی توندوتیژییه‌وه بینایی خۆی له‌ده‌ست دابوو یان نا، به‌ڵام وه‌ك سیمبولی نه‌هامه‌تییه‌كانی خۆمان ئه‌وم هاته پێش چاو، سیمبولی شارێك كه رۆڵه‌كانی خۆی ده‌كاته قوربانی."
محه‌مه‌د فوڕات موحهریرێكی ناوخۆیی IWPRه له هه‌ولێر.