ئایا توركیاو كوردی عێراق لاپه‌ڕه‌كی هه‌ڵده‌نه‌وه‌؟

پێده‌چێ كه‌ بازرگانی ببێته‌ هۆی وه‌لاوه‌نانی جیاوازی سیاسی له‌نێوان دوو نیاری دێرینداو په‌یوه‌ندی پته‌و بونیادبنێت.

ئایا توركیاو كوردی عێراق لاپه‌ڕه‌كی هه‌ڵده‌نه‌وه‌؟

پێده‌چێ كه‌ بازرگانی ببێته‌ هۆی وه‌لاوه‌نانی جیاوازی سیاسی له‌نێوان دوو نیاری دێرینداو په‌یوه‌ندی پته‌و بونیادبنێت.

.



به‌ڵام هه‌ندێ كه‌س ده‌ڵێن كه‌ توركیا ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بایه‌خ به‌په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كورددا ده‌دات بۆئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، پكك، بنه‌بڕبكات كه‌ مۆڵگه‌كانیان له‌ كوردستانی عێراقدایه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سانه‌ هۆشیاری ده‌ده‌ن كه‌ په‌ره‌سه‌ندنی هاوكاری نێوان توركیا-كورد جه‌ماوه‌ری كوردی عێراق له‌ده‌وری خۆی كۆناكاته‌وه‌.



به‌رپرسانی تورك و كورد له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئایاردا یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌یان سازكرد، كه‌ له‌لایه‌ن جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی عێراقه‌وه‌ ئاماده‌كرابوو. به‌پێی هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی نزیك له‌ به‌رپرسانی كورد، له‌و كۆبونه‌وه‌دا هه‌ردوولا باسی مه‌سه‌له‌ی پكك و وه‌به‌رهێنانی توركی له‌ كوردستان عێراق كراوه‌.



له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كه‌ رۆژی یه‌كی ئایار له‌به‌غداد سازدرا، نێچیرڤان بارزانی،سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌حمه‌د داودوغڵو، راوێژكاری بالاَی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ و باڵوێزی توركیا بۆ عێراق، ده‌ریا كانبای به‌شداربوون.



له‌ساڵی 1984ه‌وه‌ پكك و توركیا له‌ شه‌ڕێكی سه‌خت گلاون كه‌ هه‌زارن كه‌س تێیدا بوونه‌ته‌ قوربانی له‌ باشوری رۆژئاوای توركیا وباكوری عێراق. رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ توركیا تۆمه‌تبار ئه‌كه‌ن به‌وه‌ی كه‌ كه‌مینه‌ی كورد له‌ توریكا سه‌ركوتده‌كات.



په‌یوه‌ندی كوردی عێراق و توركیا له‌ ماوه‌ی رابردوودا تووشی هه‌ڵبه‌زودابه‌ز بووه‌ به‌هۆی بوونی پكك ه‌وه‌و له‌ باكوری عێراقدا. توركیا به‌رده‌وام داوای كردووه‌ كه‌ عێراق پكك له‌ خاكه‌كه‌ی ده‌ربكات. پكك له‌ لیستی رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كانی هه‌ریه‌ك له‌ توركیا و وولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكادایه‌.



به‌ڵام، توركیا هه‌رگیز راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی نه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كوردی عێراقدا هه‌تا ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ی به‌غداد.



هه‌رچه‌نده‌ كوردی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی فراوان پشتگیری له‌ پكك ئه‌كه‌ن و ئه‌ڵێن كه‌ پكك شه‌ڕ بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی كورد ئه‌كات، به‌ڵام به‌وته‌ی شرۆڤه‌كاران وه‌به‌رهێنان و بازرگانی توركیا بووته‌ به‌شێكی دانه‌بڕاو له‌ گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری هه‌رێمی كوردستان.



فه‌لاح موسته‌فا، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وتی كه‌ په‌یوه‌ندی بازرگانی توركیاو هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتووه‌ته‌ هه‌شت ملیۆن دۆلار له‌ساڵی 2003وه‌.



به‌وته‌ی باقی حه‌سه‌ن هه‌ورامی، سه‌رۆكی ژوری بازرگانی سلێمانی، زیاتر له‌ 300 كۆمپانیای توركی له‌ناوچه‌كه‌دا سه‌رگه‌رمی بازرگانی و وه‌به‌رهێنانن.



یوسف مه‌حه‌مه‌د، مامۆستای زانسته‌ سیاسیه‌كان له‌زانكۆی سلێمانی وتی كه‌ توركیاو حكومه‌تی هه‌رێم زۆر پێویستیان به‌ یه‌كتره‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش بوه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌وڵی لێك نزیك بونه‌وه‌ بده‌ن.



وتیشی"توركیا ده‌روازه‌یه‌كی گرنگه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان چ له‌رووی سیاسیه‌وه‌ یان له‌رووی ئابورییه‌وه‌ چونكه‌ ته‌نها ده‌رگایه‌ هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێته‌ ده‌ره‌وه‌و به‌تایبه‌ت ئه‌وروپا."



هه‌روه‌ها وتی"ئه‌گه‌ر كۆبونه‌وه‌كان به‌ره‌وپیشببرێن و ئامانجه‌كانی هه‌ردوولا بهێنرێنه‌ دی، ئه‌وا دوور نییه‌ كۆونسوڵگه‌ری توركیا له‌ هه‌ولێر بكرێته‌وه‌."



به‌وته‌ی فه‌لاح موسته‌فا، به‌رپرسانی توركیا و كوردستانی عێراق به‌رده‌وام ئه‌بن له‌ كۆبوونه‌وه‌ به‌ڵام كات دیارینه‌كراوه‌.



هه‌روه‌ها فه‌لاح موسته‌فا وتیشی كه‌ به‌رپرسانی كوردی عێراق پێیانوایه‌ كه‌كێشه‌ی پكك پێویسته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه‌ چاره‌سه‌ربكرێت.



له‌ماوه‌ی رابردوودا سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم بریتیبووه‌ له‌ سنورداركردنی ئه‌و پشتگیریانه‌ی كه‌ پكك له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌تی، ئه‌ویش به‌وه‌ی كه‌ دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ نابێت گه‌ریلاكان خاكی هه‌رێم به‌كاربهێنن بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر توركیا. به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا، به‌رپرسانی هه‌رێم ئه‌ڵێن كه‌ ناتوانن داواكانی توركیا جێبه‌جێبكه‌ن بۆ بنبڕكردنی پكك و ده‌ڵێن كه‌ گه‌ریلاكانی پكك له‌ناوچه‌كانی چیای قه‌ندیلدا جێگیربوون كه‌ ئه‌سته‌مه‌ له‌ناوببرێن.



فه‌لاح موسته‌فا وتی"ڕێگه‌ ناده‌ین خاكی هه‌رێم به‌كابێت دژی توركیا چونكه‌ پرسی پكك پرسێكی ناخۆیی توركیا خۆیه‌تی و هیچ په‌یوه‌ندی یه‌كی به‌ كورده‌وه‌ی نی یه‌."



گۆكاڵب سه‌لشكن ئه‌ندازیار به‌ڕێوبه‌ری پرۆژه‌ی كه‌مپی زانكۆی سلێمانی كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای ته‌په‌ی توركییه‌وه‌ به‌ بڕی 256 ملیۆن دروستئه‌كرێت، خۆشحاڵی خۆی پیشاندا به‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیاو هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌وه‌ ئاستێكی باش ده‌رۆن، "بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ كه‌ توركیاو هه‌رێمی كوردستان رێك بكه‌ون چونكه‌ ده‌توانین زیاتر سه‌رمایه‌كانمان له‌هه‌رێمدا بخه‌ینه‌ گه‌ڕ."



هه‌روه‌ها وتیشی كه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردووداو له‌كاتی گرژی و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان توركیاو هه‌رێمی كوردستاندا چه‌ندیجار رێگرییان له‌سه‌ر سنور لێكراوه‌ بۆ هێنانه‌ ناوه‌ی مه‌واد و ئامێری كاره‌كانیان، به‌لآم ئێستا حۆشحاڵه‌ به‌وه‌ی ئاسانتر پێداویستیه‌كانیان له‌ توركیاوه‌ ده‌گاته‌ ده‌ست.



فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، به‌رێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی له‌كوردستان، وتی كه‌ له‌ كاتێكدا دووره‌په‌رێزكردنو سنورداركردنی پكك پشتگیریه‌كی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ریی نییه‌، به‌ڵام هه‌رێم پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا زیاتر له‌ هه‌ر ولاَتێكی دراوسێی باشتر بكات.



فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتی، " هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌توركیایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ سیستمی رۆژهه‌لآتی ناوه‌ڕستدا جێگه‌ بكاته‌وه‌، چونكه‌ تائێستا هه‌م به‌لای توركه‌كانه‌وه‌ هه‌م به‌لای سیستمی رۆژهه‌لآتی ناوه‌راسته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان قه‌واره‌یه‌كی نامۆیه‌و ده‌بێته‌ هۆی تێكدانی سیستمه‌كه‌."



به‌ڵام ئه‌حمه‌د ده‌نیز،به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پكك، هۆشیاریدا له‌ هه‌ر رێكه‌وتنێك كه‌ به‌ زیانی بۆ گروپه‌كه‌ی لێبكه‌وێته‌وه‌، " ئه‌گه‌ر بزانین حكومه‌تی هه‌رێم بوه‌ به‌ ته‌رفێك له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌داو له‌زیانی كورده‌ ئه‌وا هه‌ڵوێستی خۆمان ده‌بێت بۆ مه‌سه‌له‌كه‌."



هه‌روه‌ها وتی"هه‌ڵوێستی ئێمه‌ به‌وه‌ ده‌بێت په‌یوه‌ست نابه‌ین به‌و ڕێكه‌وتنامانه‌وه‌ له‌ دژی ئه‌وه‌ستینه‌وه‌ وه‌ به‌ قسه‌ی حكوه‌متی هه‌رێم ناكه‌ین بۆ جی به‌جی كردنی داواكاریه‌كانیان له‌ ڕوبه‌رو بونه‌وه‌ی توركیاش به‌رده‌وام ده‌بین."



له‌هه‌مان كاتدا سالار باسیره‌، مامۆستای زانسته‌ سیاسیه‌كان له‌زانكۆی سلێمانی، وتی كه‌ مه‌به‌ستی توركیا بونیادنانی په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ كوردی عێراق بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پكك له‌ناوبه‌رێت، "نزیك بونه‌وه‌ی توركیا بۆ له‌ناوبردنی په‌كه‌كه‌یه‌و ده‌یه‌وێت پارته‌ كوردییه‌كان وه‌ك وه‌سیله‌یه‌ك بۆ ئه‌و ئامانجه‌ی به‌كاربهێنێت."



هه‌روه‌ها بسیره‌ وتی كه‌توركیا ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كوردی عێراق كۆنترۆڵی پارێزگای كه‌ركوك بكه‌ن وئه‌وه‌ش ببێته‌ رێگاخۆشكه‌ر بۆ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی كوردی. بڕیاربوو تا كۆتایی ساڵی 2007 بریاڕ له‌سه‌ر چاره‌نوسی پارێزگای كه‌ركوك بدرێت،به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه‌ له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ دواخرا.



له‌گه‌ڵ بڵاَوبونه‌وه‌ی هه‌واڵی كۆبونه‌وه‌كه‌دا كۆمه‌ڵێكی زۆر له‌خه‌ڵكی ئاسایی كورد خۆشحاڵنه‌بوون به‌ هه‌واڵه‌كه‌. كوردی عێراق به‌ شێوه‌یه‌یكی به‌رفراوان پشتگیری له‌ پكك ئه‌كه‌ن و ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ گروپه‌كه‌ زیانی پێبگات له‌ ئه‌نجامی باشبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا-كورد.



عه‌لی ساڵح، 36، ساڵ كاسبكار له‌شاری سلێمانی به‌ده‌م فرۆشتنی میوه‌ی سه‌ر عه‌ره‌بانه‌كه‌یه‌وه‌ وتی، "ده‌بێت سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد به‌حه‌زه‌ره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ توركیا بكه‌ن."



هه‌روه‌ها وتیشی، "توركیا له‌وه‌ته‌ی هه‌یه‌ دوژمنی كورده‌، بۆیه‌ ئێستا ترسمان هه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ كورد باشبێت."



ئازیز مه‌حمود رۆژنامه‌نووسێكی مه‌شقپێكراوی ئه‌نستیتۆی رۆژنامه‌وانی جه‌نگ وئاشتییه‌ له‌ سلێمانی.
Frontline Updates
Support local journalists