ئۆپۆزسیۆنی كوردی ده‌ڵێت لایه‌نگرانی له‌ شوێنی كاركردندا كراونه‌ته‌ ئامانج

ده‌ڵێن فه‌رمانبه‌رانی سوپا و هێزه‌كانی ئاسایش به‌هۆی ده‌نگدانیان به‌ ئۆپۆزسیۆن له‌سه‌ر كاره‌كانیان ده‌ركراون.

ئۆپۆزسیۆنی كوردی ده‌ڵێت لایه‌نگرانی له‌ شوێنی كاركردندا كراونه‌ته‌ ئامانج

ده‌ڵێن فه‌رمانبه‌رانی سوپا و هێزه‌كانی ئاسایش به‌هۆی ده‌نگدانیان به‌ ئۆپۆزسیۆن له‌سه‌ر كاره‌كانیان ده‌ركراون.

Friday, 2 October, 2009
.



لیستی گۆڕان، كه‌ گروپی سه‌ره‌كیی ئۆپۆزسیۆنه‌، به‌ IWPRی راگه‌یاند نزیكه‌ی ١،٩٠٠ كارمه‌ندی هێزه‌كانی سوپا و ئاسایش له‌ پارێزگای سلێمانی كه‌ له‌ژێر كۆنتڕۆڵی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستاندایه‌ ده‌ركراون، گواستراونه‌ته‌وه‌ یان له‌ كاره‌كانیاندا وه‌ستێنراون.



به‌رپرسانی باڵای حكومه‌ت ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ هیچ كارمه‌ندێك به‌ره‌سمی له‌سه‌ر كار ده‌ركرابێت و كۆمیته‌یه‌كی حكومیش كه به‌ فه‌رمانی‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی پێكهێنراوه‌ خه‌ریكه‌ له‌ ده‌نگۆی ده‌ركردنی كارمه‌ندان ده‌كۆڵێته‌وه‌.



به‌ڵام به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ IWPRی راگه‌یاند هه‌ندێ له‌ به‌رپرسانی هێزه‌كانی پۆلیس گواستراونه‌ته‌وه‌ چونكه‌ پاڵپشتیان له‌ ئۆپۆزسیۆن كردووه‌ و ئه‌وه‌شی وت كه‌ ئه‌و هێزانه‌ لایه‌نگرانی ئۆپۆزسیۆن راناگرن.



ره‌خنه‌گران جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ سه‌رزه‌نشتكردنی كارمه‌ندان به‌و جۆره‌ی كه‌ ده‌ڵێن هه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ جیاكاریی سیاسی و دووپاتیشی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتداران به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ مێژووییه‌كه‌ی مانگی ته‌مووز ده‌ستیانكردبوو به‌ سزادانی ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی گومانی ئه‌وه‌یان لێده‌كرا لایه‌نگری ئۆپۆزسیۆن بووبن.



لیستی گۆڕان ژماره‌یه‌كی بێ وێنه‌ی له‌ كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌كه‌‌ برده‌وه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م جاره‌ هاوپه‌مانییه‌كی ئۆپۆزسیۆن ئه‌نجامی وه‌ها به‌ده‌ستبهێنێت. ده‌یان ساڵه‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق له‌ لایه‌ن یه‌كێتی و پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ كۆنتڕۆڵ كراوه‌.



لیستی گۆڕان، كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ له‌ باڵێكی ریفۆرمخوازی یه‌كێتیه‌وه‌ په‌ره‌ی سه‌ند، ده‌ڵێت سزادانی هه‌وادارانی ئۆپۆزسیۆن به‌شێكه‌ له‌ شێوازێكی حوكمی ئۆتۆكراتی و گه‌نده‌ڵی كه‌ به‌ربه‌ستن له‌به‌رده‌م دیموكراسی له‌ هه‌رێمه‌كه‌دا.



نه‌وشیروان مسته‌فا، كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ ساڵی ١٩٧٥دا یه‌كێتی دامه‌زراندووه‌، لیستی گۆڕانی پێكهێنا. مسته‌فا وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی دیار‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی پارتیزانی یه‌كێتی و ئه‌جێنداكه‌ی كه‌ شه‌عبی و دژی گه‌نده‌ڵی بوو پاڵپشتیی زۆرێك له‌و پێشمه‌رگانه‌ی به‌ده‌ستهێنا كه‌ پێشتر لایه‌نگری یه‌كێتی بوون و له‌ شه‌ڕی ناوخۆی خوێناویی هه‌رێمه‌كه‌ شه‌ڕیان بۆ ئه‌و حزبه‌ كردووه‌.



ره‌خنه‌گران له‌مێژه‌ دووپاتیده‌كه‌نه‌وه‌ خزم خزمانێ له‌ كوردستاندا قووڵ بۆته‌وه‌‌. ئه‌وان ده‌ڵێن كاری حكومی و كه‌رتی تایبه‌ت له‌ كوردستانی عێراق بۆ پاڵێوراوانی حزبی قۆرخكراوه‌ و هێزه‌كانی ئاسایشیش زیاتر دڵسۆزی حزبه‌كانن تا حكومه‌ت – ئه‌م تۆمه‌تانه‌ش له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ ره‌تكراونه‌ته‌وه‌.



"ده‌سه‌ڵاتداران له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئینتیمای حزبی له‌كاتی مامه‌ڵه‌كردنیان‌‌ له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌راندا جیاوازی ده‌كه‌ن،" كوێستان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی لیستی گۆڕان له‌ په‌رله‌مان، وتی. "وه‌ك كۆیله‌ سه‌یری مووچه‌خۆران ده‌كه‌ن. باوه‌ڕیان به‌ ئازادی بیروڕا و دیموكراسی نییه‌."



زانكۆ ناسر، به‌رپرسێكی لیستی گۆڕانه‌ و سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵمه‌تێك ده‌كات بۆ به‌رگریكردن له‌و كارمه‌ندانه‌ی ده‌ڵێن ده‌ركراون، به‌ IWPRی راگه‌یاند ١،٣٠٠ ئه‌ندامی هێزه‌كانی سوپا و ئاسایش ده‌ركراون یان راگیراون، له‌وانه‌ش پاسه‌وان و سه‌رباز و پۆلیس و ئه‌ندامانی تیپی ئه‌منیی ده‌ستبژێر و عه‌میدی مه‌ده‌نی. ناسر ئه‌وه‌شی وت كه‌ ٤٥٠ كه‌سی تر له‌ شاره‌كانی خۆیان گواستراونه‌ته‌وه‌ و ١٥٠ كه‌سیش دوای گواستنه‌وه‌یان ده‌ركراون.



مقه‌ده‌م مسته‌فا عه‌بدوڵڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی فه‌رمانگه‌ی ئاگركوژێنه‌وه‌ بووه‌ له‌ ناحیه‌ی رزگاری له‌ پارێزگای سلێمانی، ده‌ڵێ له‌ كۆتایی مانگی نیسانه‌وه‌ پێنج جار گواستراوه‌ته‌وه‌. عه‌بدوڵڵا، كه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی دێرینه‌ و پاڵپشتیكاری لیستی گۆڕانه‌، وتی خۆی و سێ ئه‌سفه‌ری تر پله‌یان كه‌مكرایه‌وه‌ و گواسترانه‌وه بۆ‌ چه‌ند بنكه‌یه‌كی پۆلیس له‌ شاره‌كانی تر چونكه‌ بڕوانامه‌ی شه‌شی ئاماده‌ییان نه‌بووه‌، به‌ گوته‌ی ناوبراویش ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌رگیز كێشه‌یه‌ك نه‌بووه‌ له‌ رابردوودا.



"به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌مان به‌شێوه‌یه‌كی ناره‌سمی پێی وتین ئێمه‌ له‌به‌ر لیستی گۆڕان گواستراوینه‌ته‌وه‌،" عه‌بدوڵڵا وتی.



عه‌بدوڵڵا وتی ئه‌ركێكی ئه‌وتۆیان پێ نه‌سپاردووه‌. ئه‌و كه‌ به‌هۆی هاتووچۆی دووره‌وه‌ بێ تاقه‌ت و ماندوو بووه‌ وتی نزیكه‌ی چاره‌گێكی مووچه‌كه‌ی به‌هۆی هاتووچۆوه‌ سه‌رفكردووه‌ و خانه‌واده‌كه‌ی خۆشی به‌ده‌گمه‌ن بینیوه‌.



"مامه‌ڵه‌ی توندیان له‌گه‌ڵ كردین و ده‌یانویست ئیهانه‌مان بكه‌ن."



گوته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نوری عوسمان نكۆڵی له‌وه‌ كرد كه‌ هیچ كارمه‌ندێكی حكومه‌ت به‌هۆی ئینتیمای حزییه‌وه‌ به‌ره‌سمی ده‌ركرابێت و وتی كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم هیچ سكاڵایه‌كی به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌ كه‌ باس له‌ سه‌رزه‌نشتكردنی كارمه‌ندان بكات به‌هۆی هۆكاری سیاسییه‌وه‌.



"هیچ كارمه‌ندێكی حكومه‌ت به‌ نووسراوی ره‌سمی ده‌رنه‌كراوه‌،" عوسمان وتی. "ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێك ده‌ركراوه‌، با بێته‌ ئه‌نجومه‌ن و ئێمه‌ش مافه‌كانی بۆ ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌."



"ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ته‌نها ورته‌ ورتی لیستی گۆڕانه‌."



له‌زۆرێك له‌ حاڵه‌ته‌كاندا، كارمه‌نده‌ ده‌ركراوه‌كان وتیان به‌رپرسه‌كانیان به‌زاره‌كی ئه‌وانیان وه‌ستاندوه‌ به‌ڵام به‌نووسراو ده‌رنه‌كراون.



جه‌لال كه‌ریم، به‌رپرسێكی باڵای وه‌زاره‌تی ناوخۆیه‌، به‌ IWPRی راگه‌یاند وه‌زاره‌ته‌كه‌یان كه‌متر له‌ ١٠ به‌رپرسی بنكه‌ی پۆلیسی گواستۆته‌وه‌ به‌هۆی نیگه‌رانی له‌باره‌ی دڵسۆزیانه‌وه‌.



كه‌ریم وتی هه‌ندێ له‌ به‌رپرسانی بنكه‌كانی پۆلیس كه‌ باوه‌ڕوایه‌ هه‌واداری ئۆپۆزسیۆن بن ره‌تیان كردبوویه‌وه‌ پۆلیس به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا بڵاو بكه‌نه‌وه‌ كاتێك له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هه‌واداره‌ گه‌نجه‌كانی گۆڕان به‌رده‌وام هۆڕنی ئۆتۆمبێڵه‌كانیان لێ ئه‌دا و له‌ جامی سه‌یاره‌كانیانه‌وه‌ هوتافیان ئه‌كێشا و جووڵه‌ی هاتووچۆیان هێواش ئه‌كرده‌وه‌.



"ئێمه‌ ئه‌و كه‌سانه‌مان له‌ پۆسته‌كانیان لاداوه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ لایه‌نگری گۆڕان و ئه‌وانمان بۆ شوێنی تر گواستۆته‌وه‌." كه‌ریم وتی.



"ئه‌وان كارمه‌ندی حكومه‌تن، نه‌ك ئۆپۆزسیۆن. بۆیه‌ ئێمه‌ ئه‌و پۆستانه‌ ده‌ده‌ین به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ حزبه‌كه‌ی ئێمه‌ن."



كه‌ریم ئه‌وه‌شی وت كه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ "مووچه‌ نادات به‌ پۆلیسێك یان ئه‌فسه‌رێك كه‌ له‌ گرده‌كه‌‌وه‌ جنێو به‌ حكومه‌ت بدات".



ده‌یان پیاوی بێ كار هاتووچۆی گرده‌كه‌یان كردووه‌، كه‌ به‌ سه‌وزایی داپۆشراوه‌ و ده‌ڕوانێته‌ شاره‌ هێمن و شاخاوییه‌كه‌ی سلێمانی. گرده‌كه‌ كه‌ به‌چڕی به‌ دارودره‌خت داپۆشراوه‌ شوێنی باره‌گای گۆڕان و كه‌ناڵه‌كه ته‌له‌فزیۆنیه‌كه‌یه‌تی به‌ناوی كه‌ی ئێن ئێن كه‌ به‌رده‌وام چیڕۆكی ئه‌و كه‌سانه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ ده‌ركراون.



هه‌روه‌ها فه‌رمانبه‌رانی تریش له‌ حكومه‌ت ده‌ڵێن به‌هۆی ئینتیمای سیاسییه‌وه‌ سزا دراون، هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌یان كه‌متره‌‌. نزیكه‌ی ٣٠٠ مامۆستا و به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا له‌به‌رده‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی خۆپیشاندانێكیان سازكرد و داوایانكرد ٥٠ له‌ هاوكارانیان كه‌ ده‌ڵێن به‌هۆی پاڵپشتیكردن له‌ گۆڕانه‌وه‌ پله‌‌یان كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ یان ده‌ركراون بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانی خۆیان.



كه‌مال نوری، به‌رپرسی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی، وتی له‌كارلادان و كه‌مكردنه‌وه‌ی پله‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ به‌شێكه‌ له‌ رێكخستنه‌وه‌ی ساڵانه‌ و ئه‌مساڵیش ٦٩ كه‌سی گرته‌وه‌. ناوبراو وتی ته‌نها چوار مامۆستا سكاڵای ره‌سمیان تۆمار كردووه‌ و ده‌ڵێن به‌هۆی بۆچوونی سیاسیانه‌وه‌ ده‌ركراون و ئه‌وه‌شی وت كه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ خه‌ریكه‌ له‌ حاڵه‌ته‌كانیان ده‌كۆڵێته‌وه‌.



محه‌مه‌د، سه‌رۆكی لیستی گۆڕان له‌ په‌رله‌مان، به‌ IWPRی راگه‌یاند لیسته‌كه‌یان كه‌ ٢٥ كورسی له‌ كۆی ١١١ كورسی هه‌یه‌، هه‌وڵده‌دات له‌ سه‌ره‌تای مانگی تشرینی یه‌كه‌م یاسایه‌ك په‌سه‌ند بكات كه‌ مه‌به‌ست لێی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌واداره‌كانیانه‌ بۆ سه‌ر كاره‌كانیان.



هه‌روه‌ها لیستی گۆڕان خه‌ریكه‌ پلان داده‌نێت له‌بری ئه‌و كارمه‌ندانه‌ داوای یاسایی له‌دژی چه‌ند به‌رپرسێكی باڵای كورد تۆمار بكات، له‌وانه‌ش چه‌ند وه‌زیرێك و به‌پرسانی ئه‌منی و سه‌ربازی.



"ئه‌وانه‌ فه‌رمانیان داوه‌ ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی پاڵپشتیان له‌ ئۆپۆزسیۆن كردووه‌ ده‌ربكرێن یان بێ ده‌نگیان نواندووه‌ كاتێك ئه‌و كارمه‌ندانه‌ ده‌ركراون،" سامان حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د، كه‌ سه‌رپه‌رشتی تیمه‌ یاساییه‌كه‌ ده‌كات، وتی.



عه‌دنان عوسمان، ئه‌ندامی په‌رله‌مان له‌سه‌ر لیستی گۆڕان، وتی ئۆپۆزسیۆن خۆپیشاندانی زیاتر ساز ده‌كات له‌گه‌ڵ خێزانه‌كان و منداڵه‌كانی ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی ده‌ركراون مه‌گه‌ر بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان و مووچه‌ی ته‌واویشیان پێ بدرێته‌وه‌.



وریا حه‌مه‌ تاهیر رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه‌ له‌ سلێمانی.
Iraqi Kurdistan
Frontline Updates
Support local journalists