ژنه‌ هه‌ژاره‌كانی ئه‌نباڕ ره‌نگه‌ ببنه‌ قوربانیی ئامانجه‌كانی توندڕه‌وان

چالاكوانان ده‌ترسن یاخیبووان ژنه‌ هه‌ژاره‌كانی پارێزگای ئه‌نباڕ بۆ لای خۆیان رابكێشن.

ژنه‌ هه‌ژاره‌كانی ئه‌نباڕ ره‌نگه‌ ببنه‌ قوربانیی ئامانجه‌كانی توندڕه‌وان

چالاكوانان ده‌ترسن یاخیبووان ژنه‌ هه‌ژاره‌كانی پارێزگای ئه‌نباڕ بۆ لای خۆیان رابكێشن.

Thursday, 11 February, 2010
.



به‌پێی راپۆرتێكی نوێ، زیادبوونێكی خێرا له‌ ژماره‌ی بێوه‌ژنانی جه‌نگ و ژنانی ته‌ڵاقدراو و ئه‌و ژنانه‌ی مێرده‌كانیان جێیان هێشتوون له‌گه‌ڵ كه‌مبوونه‌وه‌ی پشتیوانیی حكومه‌ت بوونه‌ته مایه‌ی بێبه‌شبوونی زیاتر له‌ ١٠٠،٠٠٠ ژنی پارێزگای ئه‌نباڕ له‌ مووچه‌ و یارمه‌تیی دارایی.



رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان ده‌ڵێن زۆرێك له‌و ژنانه‌ له‌به‌رامبه‌ر پاره‌یه‌كی كه‌مدا كار ده‌كه‌ن تا خێزانه‌كانیان به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و زۆرێكیشیان زۆر رقیان له‌و كه‌سانه‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ژنانه‌ پێیان وایه‌ به‌رپرسن له‌ كوژرانی مێرده‌كانیان و ئازیزانیان.



به‌رپرسانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نباڕ و رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان هۆشیاریان داوه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌و ژنانه‌ی تووشی بێ ئومێدی هاتوون هێرشی تیرۆرستی ئه‌نجام بده‌ن تا له‌ هه‌ژاری و شه‌رمه‌زاری رزگاریان بێت.



"له‌ وه‌زعی زۆربه‌ی ئه‌و ژنانه‌ و بێوه‌ژنانه‌ نیگه‌رانم،" خه‌دیجه‌ عومه‌ر، نوێنه‌ری مافه‌كانی ژنانه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نباڕ، وتی. "گروپه‌ چه‌كداره‌كان خراپبوونی باری گوزه‌رانی ئه‌و ژنانه‌ ده‌قۆزنه‌وه‌. ئاشكرایه‌ ژن هه‌موو شتێك ده‌كات، ته‌نانه‌ت خه‌ڵكیش ده‌كوژێ، بۆ په‌یداكردنی نان بۆ منداڵه‌كانی و پاراستنیان. هه‌ندێ گروپی تیرۆرستی خه‌ریكن ئه‌م خاڵه‌ لاوازه‌ به‌كارده‌هێنن بۆ ته‌نزیمكردنی ژنان، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌ مێرده‌كانیان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ كوژراون."



ئه‌نباڕ، كه‌ رۆژگارێك قه‌ڵای چه‌كداره‌ یاخیبووه‌كانی سوننه‌ بوو، چه‌ندین ساڵ به‌ده‌ست شه‌ڕی نێوان سه‌ربازه‌كانی ئه‌مریكا و سه‌رۆك هۆزه‌كان و توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌ ناڵاندوویه‌تی. هه‌رچه‌نده‌ كۆنتڕۆڵی پارێزگاكه‌ له‌ده‌ستی یاخیبوواندا نه‌ماوه‌، به‌ڵام ره‌وشی ئابووری و ئه‌منی پارێزگاكه‌ ناسكه‌. هه‌لی كاركردن بۆ ژنان زۆر ده‌گمه‌نه‌.



ئه‌و نیگه‌رانییه‌ی سه‌باره‌ت به‌ ژنانی پارێزگای ئه‌نباڕ دروست بووه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ مه‌ترسیی زیادبوونی خۆكوژانی ژن له‌ عێراقدا له‌ زیادبوون دایه‌. هه‌فته‌ی رابردوو، ژنێك كه‌ بڕێك ته‌قه‌مه‌نی له‌ژێر عه‌باكه‌ی به‌ستبوو خۆی له‌ناو كۆمه‌ڵێك ماته‌مگێڕی شیعه‌ كه‌ به‌ره‌و كه‌ربه‌لا به‌ڕێوه‌بوون ته‌قانده‌وه‌ و ٣٥ كه‌سی كوشت.



به‌پێی راپۆرتێك كه‌ له‌‌م هه‌فته‌یه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌‌، سه‌میره‌ ئه‌حمه‌د جاسم، عێراقییه‌ و نه‌ گه‌نجه‌ و نه‌ پیره‌ و نازناوی "دایكی ئیمانداران"ی لێ نراوه‌، هه‌وڵیداوه‌ كۆمه‌ڵێك ژنی كه‌مده‌رامه‌ت له‌ دیاله‌ له‌ خشته‌ ببات و پێی وتوون خۆیان بته‌قێننه‌وه‌. به‌رپرسێكی باڵای پۆلیسی عێراق رایگه‌یاندووه‌ جاسم ئه‌ندامێتی به‌ ٨٠ ژن به‌خشیووه‌‌ و ئه‌وه‌شی وت كه‌ ٢٨ خۆكوژیشی له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا ئاماده‌ كردووه‌.



سوپای ئه‌مریكا رایگه‌یاندووه‌ ژنان ٣٢ هێرشی خۆكوژییان له‌ ٢٠٠٩دا ئه‌نجام داوه‌.



"ئه‌و ژنه‌ی كه‌ باوكی، براكه‌ی، كوڕه‌كه‌ی یان مێرده‌كه‌ی كوژراوه‌ یان ده‌ستگیراوه‌، ده‌یه‌وێ تۆڵه‌ له‌و كه‌سانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و كارانه‌یان به‌رامبه‌ر كردووه‌. یاخیبووان ئه‌م ویسته‌ی ده‌قۆزنه‌وه‌،" هانا ئێدوارد، چالاكوانێكی دیاری مافه‌كانی مرۆڤه‌ له‌ به‌غدا، وتی.



"یان هه‌ندێ جار ئیسلام به‌كارده‌هێنن بۆ راكێشانی و قه‌ناعه‌تی پێده‌كه‌ن كه‌ به‌ پله‌ی شه‌هیدی ده‌گات و پاداشتی خۆی له‌ به‌هه‌شتدا وه‌رده‌گرێت،" ئێدوارد وتی.



رێكخراوی بیڕ، كه‌ رێكخراوێكی ناحكومییه‌ و بودجه‌كه‌ی تایبه‌تییه‌ و باره‌گاكه‌ی له‌ فه‌لوجه‌یه‌ و ساڵی ٢٠٠٥ دامه‌زراوه‌، راپۆرتێكی ساڵانه‌ی خۆی هه‌فته‌ی رابردوو بڵاو كرده‌وه‌ و ئاشكرای كرد كه‌ ئێستا ١٣٠،٠٠٠ بێوه‌ژن و ژنی ته‌ڵاقدراو و ژنی جێهێڵراو له‌ پارێزگای ئه‌نباڕدا ده‌ژین.



به‌پێی راپۆرته‌كه‌، نزیكه‌ی ٨٠ له‌سه‌دای ئه‌و ژنانه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه یارمه‌تیان‌ بۆ نه‌بڕاوه‌ته‌وه.



"زۆرێك له‌و ژنانه‌ ئێستا ئیشی به‌رگدروویی و ئاسنگه‌ری ده‌كه‌ن و ده‌ستیان داوه‌ته‌ كشتوكاڵ و خوری پاك ده‌كه‌نه‌وه‌ و بوونه‌ته‌ شوان و زبڵ كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌سه‌ر جاده‌ شت ده‌فرۆشن و هه‌ندێكی تریشیان به‌شێوازێكی زۆر شه‌رمه‌زاركه‌ر له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان سواڵ ده‌كه‌ن،" عابد جه‌بار عه‌لوانی، سكرتێری گشتیی رێكخراوی بیڕ‍، وتی.



مه‌جیده‌ عه‌لی، ٤٤ ساڵه‌ و بێوه‌ژنه‌ و خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی ئه‌نده‌لوسه‌ له‌ فه‌لوجه‌ كه‌ گه‌ڕه‌كێكی په‌ڕپووته‌، به‌ كۆكردنه‌وه‌ی پارچه‌ی به‌كارهاتووی ئۆتۆمبیل و فرۆشتنه‌وه‌ی به‌ فیته‌ره‌كانی ناوچه‌كه‌ پاره‌ په‌یدا ده‌كات.



"دوو ساڵی رابردوو ئه‌وه‌یان بیر بردوومه‌ته‌وه‌ كه‌ من ژنم. هه‌میشه‌ بۆنی رۆنی سووتاو له‌ لا‌شه‌م دێت و خه‌ڵكیش وه‌ك مرۆڤ سه‌یرم ناكه‌ن. سه‌ره‌ڕای ئه‌و ناخۆشییه‌ قورسانه‌، خوم و شه‌ش منداڵه‌كه‌م به‌ڕێوه‌ ده‌به‌م،" عه‌لی وتی.



"به‌راشكاوی ده‌یڵێم نازانم تا كه‌ی ده‌توانم به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بم كاتێك حكومه‌ت سووره‌ له‌سه‌ر به‌لاوه‌نانی كێشه‌كانمان و هه‌موو ده‌رگایه‌ك به‌ڕوومان داده‌خات و ته‌نها وه‌ك دروشم له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌كارمان ده‌هێنێ بێ ئه‌وه‌ی له‌ڕاستیدا هیچ یارمه‌تییه‌كه‌مان بدات."



راپۆرته‌كه‌ی رێكخراوی بیڕ هۆشیاری داوه‌ له‌وه‌ی كه‌ ژنانی توڕه‌ و هه‌ژاری وه‌ك مه‌جیده‌ عه‌لی له‌وانه‌یه‌ له‌ لایه‌ن یاخیبووانه‌وه‌ به‌كرێ بگیرێن و یارمه‌تی گواستنه‌وه‌ی په‌یام و چه‌كی یاخیبووان بده‌ن و خۆشیان بته‌قێننه‌وه‌. راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت یاخیبووان زۆر حه‌زده‌كه‌ن ژنان به‌كاربهێنن چونكه‌ كه‌متر رووبه‌ڕووی پشكنینی جه‌سته‌یی ورد ده‌بنه‌وه‌.



"ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نباڕ هه‌میشه‌ خۆی له‌و باسه‌ لاده‌دات و خۆی خه‌ریك ناكات به‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی لێهاتوو تا.. یارمه‌تی ئه‌و ژنانه‌ بدات رێزی خۆیان له‌ده‌ست نه‌ده‌ن و نه‌هێڵێت كارێكیان پێ بكرێت كه‌ راستگۆیی خودی خۆیان له‌ناو ببات یان ئاسایشی خه‌ڵك بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌،" عه‌لوانی وتی.



جێگری پارێزگاری ئه‌نباڕ حیكمه‌ت جاسم زێدان كه‌ هه‌ر خۆشی به‌رپرسی به‌شی بیمه‌یی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له پارێزگاكه‌، دانی نا به‌وه‌ی چه‌ند كێشه‌یه‌ك رووبه‌ڕووی ژنه‌ هه‌ژاره‌كانی ئه‌نباڕ بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌شی وت كه‌ حكومه‌ت كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ و چالاكی بچوكیش سازده‌كات تا هه‌لی كار دروست بكات.



"بێوه‌ژنان و ژنه‌ ته‌ڵاقدراوه‌كان و ژنه‌ بێبه‌شه‌كانی تری ئه‌نباڕ نموونه‌یه‌كی ناخۆشی ئه‌و ژنانه‌ن كه‌ به‌هۆی ئه‌وپه‌ڕی نه‌هامه‌تییه‌وه‌ تووشی داڕمان هاتوون و به‌وپه‌ڕی نادادپه‌روه‌رییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه‌،" زێدان وتی. "ئه‌و ده‌رماڵه‌یه‌كی مانگانه‌ پێیان ده‌ده‌رێت په‌یوه‌سته‌ به‌ ژماره‌ی منداڵه‌كانی ئه‌و ژنانه‌ و ئه‌و خانووه‌ی كه‌ تێیدا ده‌ژین."



"به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كان له‌ بازاڕدا، ته‌نانه‌ت زۆرترین ده‌رماڵه‌ی هه‌ر یه‌كێكیان به‌شی پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیش ناكات."



زێدان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ بوودجه‌یه‌ك ته‌رخانكراوه‌ بۆ بڕینه‌وه‌ی مووچه‌ی هه‌ژارانه‌ له‌ ئه‌نباڕدا و ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ ئه‌و مووچه‌یه‌ وه‌رده‌گرن بریتین له‌ بێوه‌ژنان و ژنانی ته‌ڵاقدراو و منداڵه‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كان و خه‌ڵكی نه‌خۆش و بێكار و په‌ككه‌وته‌.



"ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی ئێستا له‌به‌رده‌ستمان دایه‌ به‌شی هه‌موو شتێك ناكات،" ئه‌و وتی. "به‌ڵام پێویسته‌ بوترێت كه‌ ٦٠ له‌سه‌دای ئه‌و كه‌سانه‌ی یارمه‌تی له‌ بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی حكومه‌ت وه‌رده‌رگرن هێنده‌ ده‌ستكورت نین تا ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ بیانگرێته‌وه‌. ئه‌مانه‌ خه‌ڵكانێكن كه‌ توانیویانه‌ ناوی خۆیان له‌و لیسته‌دا تۆمار بكه‌ن كاتێك پارێزگاكه‌ له‌ پشێویدا بوو و تیرۆرستانیش له‌وپه‌ڕی جموجۆڵدا بوون."



به‌ گوته‌ی زێدان، ٢.٥ ملیار دینار له‌ بودجه‌ی بیمه‌یی كۆمه‌ڵایه‌تیی پارێزگای ئه‌نباڕ له‌ ساڵی ٢٠٠٩دا به‌هۆی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ ون بووه‌. گومانلێكراوه‌كان ئێستا رووبه‌ڕووی دادگا كراونه‌ته‌وه‌.



سه‌ره‌ڕای كه‌موكوڕییه‌كانی‌ سیسته‌مه‌كه‌، زێدان ره‌خنه‌ی توندی له‌ رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان گرت كه‌ ده‌ڵێن له‌وانه‌یه‌ یاخیبووان ژنانی بێ هیوا ببه‌نه‌ ریزه‌كانی خۆیانه‌وه. ناوبراو ئه‌و بۆچوونه‌ی به‌ نه‌شیاو وه‌سف كرد.



"له‌ پارێزگایه‌كی وه‌ك ئه‌نباڕ، زۆربه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ باسیان لێوه‌ ده‌كرێت سه‌ر به‌ عه‌شیره‌تی ناودارن و پێناسه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیشیان زۆر به‌هێزه‌ و رێگا ناده‌ن ببنه‌‌ قوربانیی توندڕه‌وه‌كان،" ئه‌و وتی.



به‌ڵام ئیلاف محمه‌د، ٣١ ساڵه‌ و بێوه‌ژنه‌ و خه‌ڵكی فه‌لوجه‌یه‌ و سێ منداڵی هه‌یه‌، دژی ئه‌و بۆچوونه‌یه‌. ئه‌و ده‌ڵێت له‌وه‌ته‌ی مێرده‌كه‌ی له‌لایه‌ن تاقمێكی مه‌رگه‌وه‌ له‌ساڵی ٢٠٠٧ له‌ به‌غدا كوژراوه‌، ژیانی بۆته‌ جه‌نگێكی به‌رده‌وام بۆ به‌خێوكردن و پاراستنی منداڵه‌كانی. ئه‌و ده‌ڵێت حكومه‌ت هیچ شتێكی نه‌داوه‌ به‌ خێزانه‌كه‌ی.



"ئاماده‌م هه‌موو شتێك بكه‌م، به‌ مانای ووشه‌ هه‌موو شتێك بكه‌م، تا ته‌ئكید بم له‌وه‌ی منداڵه‌كانم له‌پێش چاوه‌كانم گه‌وره‌ ده‌بن و ناچارم ته‌نانه‌ت هاوكاری ده‌رچووان له‌ یاساش بكه‌م چونكه‌ ئه‌وه‌ زۆر ئاسانتره‌ له‌وه‌ی له‌ منداڵه‌كانم جیا ببمه‌وه‌ یان بیانبینم شه‌وان برسیان بێت،" محه‌مه‌د وتی.



عوسمان موختار رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه‌ له‌ فه‌لوجه‌.
Iraqi Kurdistan, Iraq
Frontline Updates
Support local journalists