گه‌مه سیاسیه‌كه‌ی مالیكی
ره‌نگه ئیختیاری مالیكی بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ ده‌كات كاریگه‌ریه‌كی زۆری هه‌بێت له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی وه‌ك سه‌ره‌ك وه‌زیران.
گه‌مه سیاسیه‌كه‌ی مالیكی
ره‌نگه ئیختیاری مالیكی بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ ده‌كات كاریگه‌ریه‌كی زۆری هه‌بێت له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی وه‌ك سه‌ره‌ك وه‌زیران.
ئێستا ئه‌و حیزبه تاوتوێی ئه‌وه ده‌كات ئایا په‌یوه‌ندی به هاوپه‌یمانێتیه‌كی به‌هێزی شیعه‌وه بكات یان له رێگه‌ی ئیئتیلافه نیشتمانیه فره‌ئایینیه‌كه‌ی خۆیه‌وه كێبڕكێ بكات له‌و هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانیه‌دا، ئه‌مه‌ش بڕیارێكه بۆی هه‌یه كاربكاته سه‌ر هه‌وڵه‌كانی مالیكی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی وه‌كو سه‌ره‌ك وه‌زیران.
ده‌عوه كه حیزبێكی شیعیه و ئه‌جێدندایه‌كی جه‌ماوه‌ری هه‌یه و خۆی وه‌كو نوێنه‌ری خه‌ڵكانی ئاسایی ده‌ناسێنێت، داوای نفوزی زیاتر ئه‌كات به‌رامبه‌ر چوونه ریزی هاوپه‌یمانێتیه‌كی نوێوه كه لایه‌نه شیعه سه‌ره‌كیه‌كان سه‌ركردایه‌تی ده‌كه‌ن، ئه‌ویش هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراقیه. به‌ڵام ده‌عوه روبه‌روی شه‌ڕێكی قورس بوه‌وه كاتێك داوای كرد رۆڵێكی سه‌ركردانه و پێشه‌نگ ببینێت له‌نێو لایه‌نه شیعه كۆنزه‌رڤاتیڤه‌كاندا كه زۆریان ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه مالیكی بیه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی خۆی تۆكمه بكات.
چ هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراقی بێت، یاخود هاوپه‌یمانێتیكی نوێ بێت كه ده‌عوه سه‌ره‌ڕمه‌كه‌ی بێت، وادیاره ئه‌و حیزبه هه‌ر مه‌به‌ستیه‌تی سه‌ركردایه‌تی هاوپه‌یمانێتیه‌ك بكات.
دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نه شیعه‌كانی تردا سه‌باره‌ت رۆڵی ده‌عوه له هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراقیدا بۆ چه‌ندین مانگ درێژه‌یان كێشا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت. به‌ڵام چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاماژه‌یان به‌وه كرد كه مالیكی ئه‌یه‌وێت خۆی به ته‌نها دابه‌زێت، به‌وه‌ی هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ی خۆی، كه ئیتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسایه و له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیه‌كانی سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵدا ئه‌نجامی باشی به‌ده‌ستهێنا، بكاته هاوپه‌یمانێتیه‌كی نیشتمانی.
به‌ڵام خه‌ڵكانێكی ناو ئه‌و ئیئتلافه ئه‌ڵێن مالیكی هه‌ر ئیختیارێك بكات ریسكی خۆی له‌گه‌ڵدا ده‌بێت.
سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵا له حیزبی ده‌عوه كه داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه وتی، "ئه‌گه‌ر مالیكی زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كان به‌رێته‌وه و وه‌ك سه‌ره‌ك وه‌زیران هه‌ڵبژێردرێته‌وه، ئه‌و كاته به‌رده‌وام له بارگرژیدا ده‌بێت له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراقی و لایه‌نگره‌كانیدا. ئه‌مه‌ش ئه‌یخاته بارێكی نائارامه‌وه."
به‌ڵام سه‌رچاوه‌كه ئه‌وه‌شی ووت ئه‌گه‌ر مالیكی سه‌ركرده‌ی هاوپه‌یمانیه‌ك بكات كه نه‌توانێت ئه‌نجامی باش له هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت، "ئه‌وا حیزبی ده‌عوه به‌شێكی زۆر له ده‌سه‌ڵاتی سیاسیمان ئه‌دۆڕێنێت و هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانه‌كانیشمان له‌ده‌ستده‌چێت."
هه‌روه‌ها وتی، "بڕیادان زۆر زه‌حمه‌ته. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش خه‌ریكی گفتوگۆ و دانوستانی چڕوپڕین. ئه‌مانه‌وێت بڕیارێكی دروست بده‌ین."
ستایڵی سه‌ركردایه‌تیكردنی توندی مالیكی بوه هۆی له‌قكردنی ئه‌و بنكه شیعه ته‌قلیدیه جه‌ماوه‌ریه‌ی كه هه‌یبوو له سیاسه‌تی شیعی‌دا و نفوزێكی كه‌موێنه‌ی به‌خشیه حیزبی ده‌عوه.
ئیتلافی ده‌وڵه‌تی یاسا (إئتلاف دولة القانون)ی ئه‌و حیزبه چه‌ند حیزبێكی سه‌ره‌كی شیعه‌ی له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات هێنایه خواره‌وه، له‌وانه ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراقی، له زۆر له پارێزگاكاندا، له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا كه له سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵدا ئه‌نجامدرا.
حیزبه شیعه‌كان هاوپه‌یمانێتیه‌كی نیشتمانی له‌رزۆكیان هه‌بوو به‌ناوی هاوپه‌یمانی عێراقی یه‌كگرتوو (الإئتلاف العراقي الموحد)، به‌ڵام لایه‌نه‌كانی ناو هاوپه‌یمانێتیه‌كه كه‌وتنه ركابه‌ریكردنی یه‌كتر له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی نێوانیانی گرژكرد.
مالیكی هه‌وڵیدا حیزبه شیعه‌كان ده‌سه‌ڵاتی زیاتریان هه‌بێت له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی پاش ئه‌دائی سه‌ركه‌وتوانه‌ی حیزبی ده‌عوه له‌و هه‌ڵبژاردنه ناوخۆییه‌دا. ده‌عوه داوای نیوه‌ی ئه‌و كورسیانه‌ی كردوه كه هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراقی به‌ده‌ستیده‌هێنێت له هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانیه‌كه‌ی داهاتودا، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی باڵا كه گه‌وره‌ترین لایه‌نی ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌یه، به‌ڵێنی پێدانی ته‌نها چاره‌كێكی ئه‌و كورسیانه‌ی داوه به ده‌عوه، به ووته‌ی سه‌رچاوه سیاسیه شیعه‌كان.
عه‌لی جابر به‌سری كه لێپرسراوێكی حیزبی ده‌عوه‌یه وتی، "ئه‌و پشكه‌یان نه‌دایه مالیكی كه شایانی بوو به‌پێی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌كان."
مونا زه‌لزه‌له، ئه‌ندام په‌رله‌مانی سه‌ر به لیستی ئه‌نجومه‌نی باڵا وتی ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه ئه‌یه‌وێت مالیكی بچێته ریزه‌كانیه‌وه، به‌ڵام ره‌تیده‌كاته‌وه هیچ رێژه‌یه‌كی سه‌دی دیاریكراو له كورسیه‌كان بۆ ده‌عوه یان هه‌ر حیزبێكی تر ته‌رخان بكات.
هه‌روه‌ها وتی، "ئێمه هه‌میشه ووتومانه به‌خێرهاتن له هه‌ر لایه‌نێك ده‌كه‌ین په‌یوه‌ندیمان پێوه‌بكات، به‌ڵام ناتوانن مه‌رجی خۆیانمان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن."
هه‌ندێك له چاودێران پێیانوایه هیچ هاوپه‌یمانێتیه‌كی شیعه به‌بێ موباره‌كه‌ی مه‌رجه‌عیه مه‌یسه‌ر نابێت كه له سه‌ره‌كیترین پیاوانی ئایینی شیعه پێكهاتوه و نفوزێكی ئێجگار زۆریان هه‌یه له عێراقدا.
ئه‌گه‌ر ده‌عوه كورسی زیاتر له په‌رله‌مان بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات، ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی مالیكی بۆ پۆستی سه‌ره‌ك وه‌زیران زیاتر ئه‌كات. ئێستاش به‌هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی كێرڤی توندوتیژی و خراپی باری بژێوی خه‌ڵكی عێراقه‌وه فشارێكی زۆر له‌سه‌ر مالیكیه.
له‌ڕووی سیاسیه‌وه، مالیكی چه‌ندین هاوپه‌یمانیی له خۆی تۆراندوه به‌هۆی به‌گژاچونه‌وه‌ی گروپه چه‌كداره‌كان و هه‌وڵدان بۆ هه‌بونی حكومه‌تێكی مه‌ركه‌زی به‌هێز. چه‌ندین لایه‌ن و سه‌ركرده نیگه‌رانی خۆیان سه‌باره‌ت ده‌سه‌ڵاتی رووله‌زیادی مالیكی ده‌ربڕیوه.
سه‌ركوتكردنی ملیشیا شیعه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه له ٢٠٠٨ دا پشتگیریه‌كی به‌رفراوانتری بۆ مالیكی فه‌راهه‌مكرد كه عه‌ره‌بی سوننه و عه‌لمانیه‌كانیشی تێدابوو. به‌ڵام لایه‌نگه‌لێكی شیعه‌یشی زویركرد – به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی وابه‌سته‌ی موقته‌دا سه‌درن كه میلیشیاكه‌ی یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی كرایه ئامانجی په‌لاماره‌كانی مالیكی.
هه‌روه‌ها پشتیگیریكردن له مالیكی له نێوه‌نده عه‌ره‌بیه سوننه‌كانیشدا داویه‌ته كزی، پاش ئه‌وه‌ی حكومه‌ت ئه‌م ساڵ ده‌ستیكرد به ده‌ستگیركردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كانی سه‌حوه.
له‌سه‌رو ئه‌مانه‌شه‌وه، هه‌وڵدانی مالیكی بۆ هه‌بونی حكومه‌تێكی مه‌ركه‌زی به‌هێز كوردیشی لێ تۆراند، كه تاڕاده‌یه‌كی زۆر سه‌ربه‌خۆن له به‌غدا، هه‌روه‌ها لایه‌نگه‌لێكی شیعه‌ش وه‌كو ئه‌نجومه‌نی باڵا، كه ئه‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵات به ده‌ستی حكومه‌ته لۆكاڵیه‌كانه‌وه بێت.
ده‌عوه چ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراقی بێت یان لیستێكی تایبه‌ت به خۆی پێكبهێنێت، چاوه‌ڕوانده‌كرێت مالیكی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستكه‌وته‌كانی خۆی له باشكردنی باری ئه‌منی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن بكات، كه ئه‌مه‌ش به‌رنامه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردنه پێده‌چێت به زیادبونی توندوتیژی توندوتیژی كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆی نه‌مێنێت.
مانگی ئاب خوێناوی‌ترین مانگ بوو له عێراقدا له ته‌موزی ٢٠٠٨ ه‌وه دوای ئه‌وه‌ی له چه‌ند هێرشێكدا بۆ سه‌ر چه‌ند وه‌زاره‌تێكی حكومه‌ت ٣٠٠ كه‌س بونه قوربانی.
ئه‌حمه‌د كامل، پرۆفیسۆری زانسته سیاسیه‌كان له زانكۆی به‌غدا وتی، "ئه‌گه‌ری زۆر له‌ئارادایه مالیكی پۆسته‌كه‌ی له‌ده‌ستبدات."
هه‌روه‌ها وتی ئه‌و سه‌ره‌ك وه‌زیرانه "سوننه‌كانی بێئومێدكرد،" و ئێستاش روبه‌روی به‌ره‌نگاری ده‌بێته‌وه له سه‌دریه‌كانه‌وه كه ویستی له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیه‌كاندا دڵیان رازی بكات به‌وه‌ی به‌ڵێنیدا هه‌ندێك له جه‌نگاوه‌ره‌كانیان ئازادبكات.
كامل وتی، "هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌دریه‌كان له‌ده‌ستدا. ئێستا له‌گه‌ڵ ده‌عوه ئیش ناكه‌ن له ئه‌نجومه‌نه‌كانی شاره‌وانیدا."
هه‌روه‌ها پێده‌چێت پشتگیری كورد و سوننه زۆر گرنگ بن بۆ مالیكی ئه‌گه‌ر لایه‌نه شیعه سه‌ره‌كیه‌كان پشتگیری له هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی نه‌كه‌ن وه‌كو سه‌ره‌ك وه‌زیران.
عه‌بدوڵا جه‌عفه‌ر، پرۆفیسۆری خانه‌نشینی زاسته سیاسیه‌كان وتی پێویسته مالیكی هاوپه‌یمانێتی تایبه‌ت به خۆی پێكبهێنێت و هه‌وڵبدات سه‌ره‌ك عه‌شیره‌ته سوننه‌كان به‌لای خۆیدا رابكێشێت، ووتیشی ئه‌مه ته‌كتیكێكه سه‌ره‌ك وه‌زیران خه‌ریكی به‌كارهێنانێتی.
"ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه مالیكی پۆستی سه‌ره‌ك وه‌زیرانیه‌كه‌ی له‌ده‌ستبدات ئه‌گه‌ر بچێته ریزی هاوپه‌یمانێتیه شیعه‌كه‌وه. هه‌لی باشتری ئه‌بێت ئه‌گه‌ر به هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ی خۆیه‌وه؛ ئیئتلافی ده‌وڵه‌تی یاسا، به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بكات."
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی ووت كه مالیكی پێویستی به پشتگیری سوننه هه‌یه زیاتر له پشتگیری كورد.
له كاتێكدا هیچ ئاماژه‌یه‌ك نیه كه ده‌عوه بچێته پاڵ هیچ لایه‌نێكی سه‌ره‌كی سوننه، به‌ڵام وادیاره په‌یوه‌ندیه‌كانی مالیكی له‌گه‌ڵ حیزبی ئیسلامی عێراقیدا به‌ره‌و باشبون بچێت دوای ئه‌وه‌ی تاریق هاشمی جێگری سه‌رۆكی عێراق وازی له پۆسته‌كه‌ی هێنا. هاشمی كه وه‌كو سه‌كرده‌یه‌كی سوننه‌ی سه‌ختگیر ناسراوه، سه‌ركردایه‌تی هاوپه‌یمانێتیه‌كی فره‌مه‌زهه‌بی كرد كه هه‌وڵی روخاندنی حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی دا له ٢٠٠٦دا.
عه‌لی ئه‌دیب ئه‌ندام په‌رله‌مان و ئه‌ندامی باڵای حیزبی ده‌عوه وتی حیزبی ئیسلامی عێراقی "په‌یوه‌ندی مێژویی له‌گه‌ڵ ده‌عوه هه‌یه. هه‌ندێك له ئه‌ندامانی ئه‌م حیزبه زیانیان به سومعه‌ی گه‌یاندوه، به‌ڵام ئێستا گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ره‌گوڕیشه‌ی خۆی."
سه‌رچاوه‌یه‌ك له حیزبی ده‌عوه كه نه‌یویست ناوی ئاشكرابكرێت وتی ره‌نگه مالیكی چه‌ند حیزبێكی تری شیعه‌ی پچوك به‌لای خۆیدا رابكێشێت "بۆ ئه‌وه‌ی ركابه‌ری ئیئتلافه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵا بكات."
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه وتی پێده‌چێت ده‌عوه بداته پاڵ ئه‌سحابولحه‌ق (أصحاب الحق) كه وه‌چه‌یه‌كی شیعه‌ی توندڕه‌وه له میلیشیاكه‌ی موقته‌دا سه‌در كه‌وتۆته‌وه، ئه‌و میلیشیایه‌ی مالیكی هه‌وڵده‌دات بیهێنێته ناو پرۆسه‌ی ئاشته‌واییه‌وه. ئه‌سحابولحه‌ق مانگی پێشوو به ئاژانسی ئه‌سۆشیه‌تد پرێسیان راگه‌یاندوه كه حكومه‌ت به‌ڵێنیداوه هه‌موو زیندانیه‌كانیان ئازادبكات كه به ٣٠٠-٤٠٠ كه‌س ده‌خه‌مڵێنرێن به مه‌رجێك ئه‌و گروپه واز له توندوتیژی بهێنێت.
ئه‌سحابولحه‌ق به فڕاندنی پێنج سه‌ربازی به‌ریتانی تاوانباركراون له ٢٠٠٧دا.
نوری به‌دران، كاندیدێكی سه‌ر به هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراقی وتی عێراقیه‌كان نائومێدبون له حكومه‌ت. هه‌روه‌ها وتی كه هه‌موو ئه‌وانه‌ی له ده‌سه‌ڵاتدان، به مالیكیشه‌وه، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ستبده‌ن له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌دا.
هه‌روه‌ها وتی، "داواكاریه‌كانی خه‌ڵك گۆڕاون. ئه‌یانه‌وێت بخرێنه سه‌ركار، خزمه‌تگوزاریان ئه‌وێت وه‌كو ئاو و كاره‌با، هه‌روه‌ها سیاسه‌تمه‌داریان ئه‌وێت كه گرنگی به ژیانیان بدات."
ئه‌وه‌شی وت كه، "خه‌ڵكی عێراق بێزاربون له‌و ده‌موچاوه كۆنانه و له‌و هه‌موو به‌ڵێنانه‌ی به‌دینه‌هێنران. ئه‌و خه‌ڵكه گۆڕانیان ئه‌وێت."
عه‌بر محه‌ممه‌د رۆژنامه‌نوسێكی راهێنراوی په‌یمانگای رۆژنامه‌وانی جه‌نگ و ئاشتی(IWPR)ه له به‌غدا.