نازی مناڵان هه‌ڵبگرن
ژماره‌ی ئه‌و مناڵانه‌ی ئێستا ده‌مرن زیاتره له‌و ژماره‌یه‌ی له كاتی گه‌مارۆی ئابوری‌دا ده‌مردن.
نازی مناڵان هه‌ڵبگرن
ژماره‌ی ئه‌و مناڵانه‌ی ئێستا ده‌مرن زیاتره له‌و ژماره‌یه‌ی له كاتی گه‌مارۆی ئابوری‌دا ده‌مردن.
به‌هۆی باری گرژی ئه‌منی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری باشی ته‌ندروستی و كه‌لوپه‌ل و پێداویستی پزیشكیه‌وه، رێژه‌ی مردنی مناڵان له عێراقدا له‌به‌رزبونه‌وه‌دایه.
به گوێره‌ی راپۆرتێك كه له مانگی مایسی ٢٠٠٧ دا له‌لایه‌ن رێكخراوی فریاگوزاری مناڵپاێزی (Save the Children) ه‌وه ئاماده‌كراوه، "رێژه‌ی مردنی مناڵان له عێراقدا تا ئاستێكی سه‌یر كه ١٥٠٪ یه بهڕرزبۆتهوه، ئه‌م رێژه‌یه‌ش زیاتره له رێژه‌ی هه‌ر ووڵاتێكی تر."
ئه‌و راپۆرته، كه ناونیشانی "باری دایكانی جیهان له ٢٠٠٧دا" هه‌ڵگرتووه، ئه‌ڵێت نزیكه‌ی ١٢٢ هه‌زار مناڵی عێراقی - كه ده‌كاته یه‌ك مناڵ له هه‌موو هه‌شت مناڵێك – له ٢٠٠٥ دا مردوون، پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه ته‌مه‌نی پێنج ساڵی. زیاتر له نیوه‌ی حاڵه‌ته‌كانی مردن له نێو مناڵانی ساوای تازه له‌دایكبوودا بووه كه له مانگی یه‌كه‌می ته‌مه‌نیاندا بوون.
راپۆرته‌كه ده‌ڵێت، "ته‌نانه‌ت پێش دوایه‌مین شه‌ڕیش، دایكان و مناڵانی عێراقی رووبه‌رووی قه‌یرانێكی مرۆیی سه‌خت ده‌بوونه‌وه به هۆی چه‌ندین ساڵ له سه‌ركوتكردن و شه‌ڕ و سزای ئابوریه‌وه."
راپۆرته‌كه له‌سه‌ری ده‌ڕوات و ده‌ڵێت، "له ساڵی ٢٠٠٣ ه‌وه، كه‌می كاره‌با و ئاوی پاك و خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی خراپ و هه‌ڵاوسانی به‌رده‌وام، باری گوزه‌رانی خراپتر كردووه كه خۆی له‌خۆیدا قورس و زه‌حمه‌ته."
ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه ره‌بو و سكچوونی وه‌كو هۆی سه‌ره‌كی مردنی مناڵان پۆلێنكردووه له عێراقدا كه هه‌ردووكیان ده‌بنه هۆی ٣٠٪ حاڵه‌ته‌كانی مردنی مناڵان.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، "وا مه‌زه‌نه‌ده‌كرێت زیادبونی مردنی مناڵانی ساوا له دوای داگیركردنی عێراقه‌وه له ٢٠٠٣ دا، به رێژه‌ی ٣٧٪ زیادی كردبێت."
له به‌غدای پایته‌ختدا، چوار خه‌سته‌خانه‌ی مناڵان و سێ خه‌سته‌خانه‌ی نه‌خۆشیه‌كانی ژنان هه‌یه، هه‌روه‌ها چه‌ند به‌شێكی مناڵان لێره‌و له‌وێ له دامه‌زراوه پزیشكیه‌كانی تردا هه‌یه.
خه‌سته‌خانه‌ی مه‌ركه‌زی مناڵانی له‌و شاره‌دا كه‌وتۆته گه‌ڕه‌كی ئیعلامه‌وه له پایته‌خت – كه ناوچه‌یه‌كی گرژ و ناجێگیره و خه‌ڵكی و ستافی پزیشكی به‌زه‌حمه‌ت ده‌یگه‌نێ.
خه‌سته‌خانه‌كان ناتوانن وه‌كو پێویست چاودێریه‌كی ته‌ندروستی باش له ڕووی نهوعیهوه ده‌سته‌به‌ربكه‌ن، چونكه نه كه‌لوپه‌ل و پێداویستی پزیشكی ته‌واوه‌تیان هه‌یه و نه کارمه‌ندی ته‌واویشیان هه‌یه - كه له زۆر حاڵه‌تدا، هه‌ڵهاتوون بۆ ووڵاته‌كانی تر.
شاره‌زایان ئه‌و باره خراپه‌ی سیستمی چاودێری عێراقی تێكه‌وتووه له‌مڕۆدا ده‌شوبهێنن به ره‌وشی ئه‌و چاودێریه ته‌ندروستیه‌ی كاتێك ئه‌و عێراق سزای ئابوری به‌سه‌ردا سه‌پێنرابوو له نه‌وه‌ده‌كاندا، كه ئه‌و كاته‌ش به هه‌مان شێوه پێداویستیه پزیشكی و ته‌ندروستیه‌كان له ده‌رمان و كه‌لوپه‌ل كه‌م بوون.
ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ساڵی ١٩٩٠دا گه‌مارۆی ئابوری به‌سه‌ر عێراقیدا سه‌پاند، دوای داگیركردنی كوێت له‌لایه‌ن ئه‌و ووڵاته‌وه و ئه‌و سزا ئابوریانه هه‌تا ساڵی ٢٠٠٣ به‌رده‌وامیان هه‌بوو.
له ساڵی ٢٠٠٠ دا، رێكخراوی (UNICEF)ی تایبه‌ت به مناڵانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رووپێوێكی بڵاوكرده‌وه كه رێژه‌ی مردنی مناڵانی عێراقی خوار ته‌مه‌ن پێنج ساڵانی تێدا نیشاندرابوو. به‌پێی ئه‌و رووپێوه ئه‌و رێژه‌یه له ماوه‌ی سزا ئابوریه‌كانی سه‌ر ئه‌و ووڵاته‌دا بۆته زیاتر له دوو ئه‌وه‌نده له ناوچه‌كانی باشور و ناوه‌ڕاستی عێراقدا كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تدا بوون.
له‌و كاته‌دا، ئهنوپاما راو سینگ كه لێپرسراوێكی باڵای رێكخراوی (UNICEF)ه، له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی رۆیته‌ر وتبوی نزیكه‌ی نیو ملیۆن مناڵی خوار ته‌مه‌ن پێنج ساڵ له عێراقدا مردوون له‌و كاته‌وه‌ی گه‌مارۆی ئابوری به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا سه‌پێنراوه.
ئه‌و لێپرسراوه وتی، "ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ره‌ها قسه‌بكه‌ین، ده‌توانین ژماره‌ی ئه‌و مناڵانه‌ی له خوار ته‌مه‌ن پێنج ساڵه‌وه مردوون به نزیكه‌ی نیو ملیۆن مناڵ مه‌زه‌نه بكه‌ین، كه عاده‌ته‌ن نه‌ده‌مردن ئه‌گه‌ر ئه‌و دابه‌زینه‌ی له رێژه‌ی مردنی مناڵاندا له حه‌فتاكان و هه‌شتاكاندا هاتبوه ئاراوه، له نه‌وه‌ده‌كانیشدا به‌رده‌وامی هه‌بوایه."
محه‌ممه‌د زههراو، پسپۆڕی نه‌خۆشی مناڵان له نوسینگه‌ی پشكنه‌ری گشتی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وتی هه‌مان ئه‌و مه‌ترسیانه بۆ سه‌ر ته‌ندروستی مناڵان له‌مڕۆشدا بوونیان هه‌یه - و نه‌بونی ئه‌من و ئاسایش كه زۆربه‌ی عێراقی گرتۆته‌وه هێنده‌ی تر ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی چڕتركردۆته‌وه.
هه‌روه‌ها وتی، "له رابردوودا سزا ئابوریه‌كان و نه‌بونی ده‌رمان و پێداویستیه پزیشكیه‌كان ئه‌بونه هۆی مردنی مناڵان. ئێستاش هه‌مان كێشه هه‌یه، سه‌رباری باری خراپی ئه‌منی. ئه‌مه به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت له به‌غدا راسته كه زه‌حمه‌ته ده‌ستت به خه‌سته‌خانه‌كان بگات."
فه‌هیمه سه‌لمان، سه‌رۆكی ده‌زگای چاودێری گشتی، وتی هۆكاری هه‌ره سه‌ره‌كی مردنی مناڵان له عێراق نه‌بونی ده‌رمان و پێداویستی پزیشكیه.
نوسینگه‌ی پشكنه‌ری گشتی له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌ركی پشكنینی خه‌سته‌خانه‌كانی پێ سپێردراوه و راپۆرت ده‌داته‌وه به وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌سه‌ر ئاو و ئاوه‌رۆ و کار و پێویستیه‌كانی دامه‌زراوه ته‌ندروستیه‌كان.
فه‌هیمه وتی باری خراپی ئه‌منی و زه‌حمه‌تی گواستنه‌وه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی گواستنه‌وه‌ی ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی بۆ خه‌سته‌خانه‌كان و عیاده‌كان كار ێكی ئه‌سته‌م بێت. ئه‌مه‌ش ئه‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه خێزانه‌كان و نه‌خۆشه‌كان خۆیان ئه‌و ده‌رمانه سه‌ره‌كیانه له بازاڕی ره‌شدا بكڕن كه پێویستیان پێیه‌تی وه‌كو ئه‌نتی بایۆتیك و هایدرۆكۆرتیزۆن و خۆیان بیبه‌ن بۆ خه‌سته‌خانه‌كان و عیاده‌كان.
فه‌هیمه وتی، "ئێمه وه‌كو نوسینگه‌ی پشكنه‌ری گشتی، سه‌ردانی دامه‌زراوه ته‌ندروستیه‌كان ئه‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی كه‌می ده‌رمان و پێداویستیه‌كان دیاری بكه‌ین و تێبینی گرفته‌كانیش بكه‌ین. ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین چی له تواناماندا هه‌بێت بیكه‌ین... به‌ڵام هه‌ر هێشتا ئه‌ركی گه‌وره‌مان له‌به‌رده‌مدایه كه پێویسته رووبه‌رروی ببینه‌وه."
هه‌ندێك جار، ده‌رمانه‌كان ناگه‌نه گه‌نجینه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و له‌سه‌ر رێگه‌یاندا بۆ ئه‌و گه‌نجینانه دیارنامێنن.
ئه‌مه‌ل عه‌بدولئه‌میر، پسپۆڕی نهخۆشهیكانی مناڵان له نه‌خۆشخانه‌ی فێركاری یه‌رموك له ناوچه‌ی كه‌رخ له به‌غدا، وتی هۆیه‌كی تریش هه‌یه بۆ مردنی مناڵان ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه دكتۆری مناڵان و نه‌خۆشیه‌كانی ژنان به لێشاو ووڵات به‌جێده‌هێڵن و ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی كه‌مبونه‌وه‌ی ستافی شاره‌زا.
هه‌روه‌ها وتی، "خه‌ڵك هه‌ن ده‌بن به مامان كه مه‌رج نیه شاره‌زاییان هه‌بێت له مناڵبون و حاڵه‌تی كتوپڕیدا، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی رێژه‌ی مردنی مناڵان."
له خهستهكانی سه‌رتاسه‌ری وڵات‌دا، شتكێی ئاسایی و باوه گوێت له ناڵه و گریانی دایكان بێت، وه‌كو زه‌ینه‌ب محه‌ممه‌دی ته‌مه‌ن ٣٠ ساڵ كه مناڵه دوو مانگانه‌كه‌ی گیانی له‌ده‌ستدا پاش ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی له كاتی خۆیدا بیگه‌یه‌نێته خه‌سته‌خانه.
زه‌ینه‌ب به (IWPR)ی راگه‌یاند كه له‌سه‌ر رێگه‌ی خه‌سته‌خانه له گه‌ڕه‌كی هه‌ژارنشینی سه‌در، چه‌ندین جار خێزانه‌كه‌ی یه‌كله‌دوای یه‌ك له به‌رده‌م به‌ربه‌ست و خاڵه‌كانی پشكنیندا ده‌وه‌ستێنران كه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه ئه‌منیه‌كان قوتكراونه‌ته‌وه.
ئه‌م دواكه‌وتنه بووه هۆی ئه‌وه‌ی باری ته‌ندروستی مناڵه‌كه خراپترببێت، و كاتێكیش دواجار گه‌یشتنه ئه‌وێ دكتۆری پسپۆڕی مناڵانی لێ نه‌بوو چاره‌سه‌ری بكات.
زه‌ینه‌ب په‌یمانیداوه نه‌هێڵێت هه‌رگیز مناڵی تری ببێت. له‌به‌رئه‌وه وتی، "باوه‌ڕناكه‌م به‌رگه‌ی جهرگسوتانێكی تر بگرم به‌هۆی خزمه‌تگوزاری خراپی ته‌ندروستیه‌وه له عێراقدا."
هند سه‌فار په‌یامنێرێكی (IWPR)ه له به‌غدا.