پیره‌مه‌گروون، رۆژێك له‌ په‌شێویدا

له‌ خۆپیشاندانێكی توندوتیژدا، سه‌دان‌ هاوڵاتی رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و داوای خزمه‌تگوزاریی باشتریان ده‌كرد.

پیره‌مه‌گروون، رۆژێك له‌ په‌شێویدا

له‌ خۆپیشاندانێكی توندوتیژدا، سه‌دان‌ هاوڵاتی رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و داوای خزمه‌تگوزاریی باشتریان ده‌كرد.

Wednesday, 20 January, 2010
. له‌دوای ٢٠٠٦ ئه‌و خۆپیشاندانه‌ گه‌وره‌ترین توندوتیژی بوو له‌ كوردستانی عیراق.



خۆپیشانده‌رانی بێ چه‌ك له ‌به‌ربه‌یانه‌وه‌ هاتنه‌ سه‌رشه‌قامه‌كان بۆ ده‌ربرینی توڕه‌یی خۆیان له‌به‌رامبه‌ر نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری له‌ شارۆچكه‌كه‌یان و به‌گوته‌ی خۆیان بوونی گه‌نده‌ڵییه‌كی به‌ربڵاو له‌ناو كاربه‌ده‌سته‌كانی ئه‌و شارۆچكه‌‌یه‌دا.



خۆپیشانده‌ران به‌دانانی به‌ردو بلۆك رێگاكانی سه‌ر ئه‌و شارۆچكه‌یان گرتبوو، هه‌روه‌ها په‌لاماری به‌رپرسانی شارۆچكه‌كه‌شیاندا.



هۆكاری كه‌وتنه‌وه‌ی توندوتیژییه‌كان بریتیبوو له‌ ده‌ركه‌وتنی سه‌رۆكی شاره‌وانی ئه‌و شارۆچكه‌یه‌، ئاوات تۆفیق، له‌ شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن شه‌وێك پێشتر و ناوزه‌ندكردنی خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ "كوێر" به‌وه‌ی پێشكه‌وتنه‌كانی شارۆچكه‌كه‌ نابینن.



سه‌ره‌تا جه‌ماوه‌ركه‌ توانیان به‌سه‌ر پۆلیسی شارۆچكه‌كه‌دا زاڵ بن و په‌لاماری به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌كه‌یان،سه‌لام عومه‌ر، بده‌ن كه‌هاتبووه‌ لایان به‌مه‌به‌ستی هێمنكردنه‌وه‌یان.



پۆلیس بۆ سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌ران له‌ شاری سلێمانییه‌وه‌ بانگكراو ده‌ستیانكرد به‌ ته‌قه‌كردن به‌ئاسماندا به‌ڵام پاشه‌كشێیان پێكرا. دوو ئۆتۆمبیلی پۆلیس ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا و سوتێنران.



پێشمه‌رگه‌یه‌كی پێشووی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان كه‌ ته‌مه‌نی ٢٧ ساڵه‌ و ‌ناوی له‌به‌ر سه‌لامه‌تی ناهێنرێت هه‌ندێك له‌ رووداوه‌كانی ئه‌و رۆژه‌ی بۆ په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی گێڕایه‌وه‌.



"له‌به‌رپرسێكی ناوخۆی یه‌كێتیی نیشتیمانیماندا، كاتێك به‌ڕێوبه‌ری ناحیه‌ش هات بۆ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێت رایگرن له‌ویشمان دا. دواتر نوێنه‌ری مام جه‌لال هاته‌ ناوچه‌كه‌و به‌رد بارانمان كرد. به‌دوای سه‌رۆكی شاره‌وانیدا گه‌ڕاین به‌لام نه‌مان دۆزیه‌وه‌، خۆی شاردوه‌ته‌وه‌."



به‌ گوته‌ی شاهێدحاڵه‌كان، له‌ كاتی خۆرئاوابووندا، پۆلیسی دژه‌ گێره‌شێوێنی و چه‌ندین سه‌رباز كه‌ كلاشینكۆف و دۆشكه‌یه‌كان پێ بووه‌ له‌سه‌ر ئۆتۆمبیله‌كانیان چوونه‌ته‌ ناو شارۆچكه‌كه‌ و ته‌قه‌یان به‌سه‌ر خۆپیشانداره‌كان كردووه‌كه‌ ئه‌و كاته‌ رایان ئه‌كرد‌.



له‌گه‌ڵ هاتنی شه‌و، دانیشتووانی شارۆچكه‌كه‌ كه‌ ٢٤،٠٠٠ كه‌س ده‌بن‌ ده‌ترسان له‌وه‌ی هێزه‌كان ماڵ به‌ ماڵ پشكنین ئه‌نجام بده‌ن.



"شارۆچكه‌كه‌‌ هێمن بووه‌ته‌وه و هه‌موو كه‌سێك ده‌ترسێت، هێزه‌كان ده‌وروبه‌ری بینا حكومییه‌كان و ماڵی به‌رپرسه‌كانیان داوه‌." به‌كر گورون، ته‌مه‌نی ٢٥ ساڵه‌، به‌ته‌له‌فون له‌ پیره‌مه‌گروونه‌وه‌ به‌ په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی راگه‌یاند." ئێمه‌ زۆر ده‌ترسین له‌وه‌ی كه‌ شه‌و بێنه‌ ناو ماڵه‌كانمان و ده‌ستبه‌گرتنی هاوڵاتیان بكه‌ن. من ئه‌مشه‌و له‌ماڵه‌وه‌ ناخه‌و‌م و خۆم ده‌شارمه‌وه‌." گورون وتی.



حاكم قادر، به‌رێوه‌به‌ری ئاسایشی گشتی له‌ سلێمانی، به‌ په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی راگه‌یاند كه‌ حه‌ڤده‌ له‌ پیاوانی پۆلیس برینداركراون و گواستراونه‌ته‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌.



به‌ گوته‌ی خۆپیشانده‌ران و سه‌رچاوه‌كانی ته‌ندروستیش، چه‌ند خۆپیشانده‌رێكیش بریندار بوون و یه‌كێكیان به‌هۆی به‌ركه‌وتنی فیشه‌كه‌وه ‌له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌.



حاكم قادر ئیدانه‌ی توندوتیژییه‌كه‌ی كرد و وتی كه‌س له‌ شه‌وی ٢ی كانوونی یه‌كه‌م ده‌ستیگر نه‌كراوه‌، به‌ڵام هۆشداریدا له‌وه‌ی كه‌ هه‌ر كه‌سێك یاسای شكاندبێت ده‌گیرێت.



حاكم قادر به‌ ته‌له‌فون له‌ پیره‌مه‌گروونه‌وه‌ وتی، "بارودۆخه‌كه‌ ئێستا له‌ژێر كۆنترۆڵدایه‌."



"هیچ پێویستی نه‌ده‌كرد ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بهاتنایه‌ته‌ سه‌رشه‌قام، ئه‌گه‌ر كێشه‌یان هه‌یه‌ ئه‌وا ده‌بوایه‌ وه‌فدێكیان بناردایه‌ته‌ لای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان."



دانیشتوانی شارۆچكه‌كه‌ ده‌ڵێن‌ سه‌رۆكی شاره‌وانییه‌كه‌یان، كه‌ له‌ لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌‌، شارۆچكه‌كه‌ و هاوڵاتیانی پشتگوێ خستووه‌. ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خۆپیشانده‌ران باسیان له‌ نه‌بوونی كاره‌باو ئاوه‌ڕۆ و سیسته‌می ئاوی خواردنه‌وه‌ ده‌كرد.



سه‌ركه‌وت محه‌مه‌د ئه‌مین به‌ ده‌ست ئاماژه‌ی بۆ شاخی پیره‌مه‌گروون كرد، كه‌ شاخێكی به‌رزه‌ و لوتكه‌كه‌ی به‌ به‌فر داپۆشراوه‌ و شارۆچكه‌كه‌ش به‌ناوی شاخه‌كه‌وه‌ كراوه‌، ئینجا وتی، "ئه‌و شاخه‌ ده‌بینیت؟ به‌قه‌د به‌رزی ئه‌و شاخه‌ رقمان له‌ سه‌رۆكی شاره‌وانییه‌كه‌مانه‌".



تۆفیق، كه‌ چوارساڵه‌ سه‌رۆكی شاره‌وانییه‌، ره‌تیكرده‌وه‌ كاروباره‌كان به‌خراپی به‌ڕێوه‌ بردرابن.



به‌یانی رۆژی خۆپیشاندانه‌كه‌دا، تۆفیق داوای لێبوردنی له‌ هاوڵاتیان كردبوو كه‌ به‌ "كوێر" ناویبردبوون.



داوای لێبوردنه‌كه‌ی تۆفیق رێگه‌ی له‌ نزیكه‌ی ئه‌و ٧٠٠ هاوڵاتییه‌ نه‌گرت كه‌ كاتژمێر چواری دوای نیوه‌رۆ هه‌ڵیان كوتایه‌ سه‌ر‌ ئۆفیسه‌كه‌ی و هه‌ستان به‌ شكاندنی په‌نجه‌ره‌كانی به‌به‌ردو شێواندنی باخچه‌ رازاوه‌كه‌ی. خه‌ڵكه‌كه‌ بڵاوه‌یان لێكرد پاش ئه‌وه‌ی هه‌ندێك چه‌كدار له‌سه‌ربانی یه‌كێك له‌ بنكه‌كانی یه‌كێتییه‌وه‌ له‌وبه‌ری شه‌قامه‌كه‌ ده‌ستیان كرد به‌ته‌قه‌كردن به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا.



كاتێك خۆپیشانده‌ره‌كان هه‌ڵاتن، چه‌ند كه‌سێكیان تێیانهه‌ڵدرا و به‌ قۆنداغه‌ تفه‌نگ لێیان درا و به‌ شه‌قامه‌كه‌دا راكێشران و ئه‌م دیمه‌نانه‌ش له‌ لایه‌ن په‌یامنێرانی په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتییه‌وه‌ بینران.



پیره‌مه‌گروون له‌ ساڵی ١٩٨٨ه‌وه‌ دروستكراوه‌، ‌سه‌ره‌تا وه‌ك كامپێكی ئاواره‌كان به‌كارهاتووه‌ بۆ خه‌ڵكی راگوێزراوی هه‌ڵمه‌ته‌كانی ئه‌نفال.



له‌ ئێستادا شارۆچكه‌كه‌ به‌ قه‌ڵای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان داده‌نرێت و هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی ئاسایش ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌یان به‌ هه‌بوونی ده‌ست له‌و په‌شێوییه‌ تۆمه‌تباركرد و خه‌ڵكی شارۆچكه‌كه‌ش‌ ئه‌مه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌‌.



"هیچ كه‌سێك له‌پشت ئه‌م خۆپیشاندانه‌وه‌ نییه‌. هیچ ده‌ستێكی ده‌ره‌كی له‌پشتیه‌وه‌ نییه‌،" ستار خدر، ٥٠ ساڵه‌ و‌ فه‌رمانبه‌ری حكومه‌ته‌، وتی. ستار له‌ ترسی له‌ده‌ستدانی كاره‌كه‌ی به‌شداری خۆپیشاندانه‌كه‌ نه‌كردبوو.



هاوڵاتیانی دیكه‌ هۆكاری ناره‌زایه‌تییه‌كه‌یان بۆ بوونی گه‌نده‌ڵی گه‌ڕانده‌وه‌ كه ‌له‌ خزمه‌تگوازرییه‌كان بێبه‌شی كردوون.



"ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ په‌یوه‌ندی به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ نیه. ئه‌مه‌ هه‌مووی په‌یوه‌ندی به‌ خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ڵێن بوو بۆمان دابین بكرێن. ئاو و كاره‌باو زێرابمان نیه‌. بۆیه‌ ئه‌و كاردانه‌وه‌یان هه‌بوو." موسته‌فا ئه‌حمه‌دی ته‌مه‌ن ٧٠ ساڵ وتی.



‌"ئێمه‌ سبه‌ینێش دێینه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر ته‌قه‌ له‌خودی ئێمه‌ش بكه‌ن راناوه‌ستین."



ئه‌حمه‌د له‌ دروستبوونی شارۆچكه‌كه‌وه‌ له‌وێ ده‌ژی و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ نزیكه‌ی ١٠٠٠خێزانی شارۆچكه‌كه‌ كه‌سوكاری خۆیان له‌ ئه‌نفالدا له‌ده‌ست داوه‌.



ئه‌حمه‌د وتی خه‌ڵكی شارۆچكه‌كه‌ له‌ "قسه‌ و به‌ڵێنی جێبه‌جێنه‌كراو" بێزار بوون.



"من ٢٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ماڵی خۆم وه‌ده‌رنرام و هێنرامه‌ ئه‌م شوێنه‌. تا ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم سود یه‌ك جگه‌ره‌ی بۆ من نه‌بووه‌." ئه‌و وتی. "ناتوانین بێ خزمه‌تگوزاری بژین و ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆش بۆ ئه‌وه‌ بوو‌."



خۆپیشاندانه‌كه‌ی پیره‌مه‌گروون به‌ گه‌وره‌ترین په‌شێوی داده‌نرێت له‌ دوای خۆپیشاندانه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه كه‌ له‌ ساڵی ٢٠٠٦روویدا و ئه‌ویش به‌هۆی نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ بوو. ئه‌و كاته‌ هێزه‌ سه‌ربازیییه‌كانی كورد تۆمه‌تبار كران به‌وه‌ی ته‌قه‌یان له‌ خۆپیشانده‌ران كردووه‌. مێردمنداڵێك كوژراو چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ش ده‌ستگیركران.



هێزه‌كانی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان تۆمه‌تباركراون به‌ به‌كارهێنانی هێزێكی له‌راده‌به‌ده‌ر له‌به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران له‌ چه‌ند په‌شێوییه‌كی تر له‌ نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦. پاش په‌شێوییه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه،‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هێزی چالاكی مه‌ده‌نی دروستكرد كه‌ ته‌نها دارێك و ده‌مانچه‌ی كاره‌باییبان پێیه و چه‌كی ئاسایی هه‌ڵناگرن‌.



ره‌وه‌ند سابیر، نوێنه‌رێكی نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌رهه‌م ساڵحه‌ له‌ سلێمانی، كه‌مێك دوای ته‌قه‌كان له‌گه‌ڵ دوو كه‌س له‌ هێزه‌كانی ئاسایش هاتنه‌ ناو‌ شارۆچكه‌كه‌.



سابیر دانی به‌وه‌دا نا ‌كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ به‌هۆی نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و وته‌كه‌ی سه‌رۆكی شاره‌و‌انی هاتونه‌ته‌ سه‌رشه‌قام.



"خه‌ڵك پێی وایه‌ كه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ئاست داواكارییه‌كانیاندا نین‌." سابیر وتی.



سابیر ئه‌وه‌شی وت كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم چه‌ند مانگێك له‌مه‌وپێش ده‌ستیكردووه‌ به‌چه‌ندین پرۆژه‌ی ئاو و رێگاوبان له‌ شارۆچكه‌كه‌ به‌ڵام هێشتا ته‌واو نه‌كراون.



سابیر وتی "هه‌وڵده‌ده‌م بزانم داواكارییان چییه‌ و بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانیشی روون ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ بۆچی ئه‌مه‌ روویدا".



جه‌لال كه‌ریم، جێگری وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ حاكم قادرا ئه‌نجام دا دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانیان بڵاوه‌یان به‌ خۆپیشانده‌ران كرد.



خۆپیشانده‌ران هه‌ڕه‌شه‌یان كرد به‌وه‌ی به‌رده‌وام ده‌بن له‌ خۆپیشاندان تا ئه‌و دوو هاوڵاتییه‌ی كه‌ خۆپیشانده‌ران ده‌ڵێن له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كه‌یان ده‌ستگیركراون ئازادنه‌كرێن و خزمه‌تگوزارییه‌كانیش باش نه‌كرێن.



"ئێمه‌ ده‌ ساڵ له‌دوای هه‌موو شوێنه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌وه‌ین." سه‌ركه‌وت خالید ته‌مه‌ن ٢٧ ساڵه‌ و كرێكاره‌و به‌شداری له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌دا كردبوو، وتی. "زۆربه‌ی شوێنه‌كان قیرتاوكراون به‌ڵام لای ئێمه‌ له‌كاتی باران بارین ده‌بێت له‌به‌ر قوڕ جزمه‌ له‌پێبكه‌ین." ئه‌و وتی.



پۆلیسێكی شارۆچكه‌كه‌ كه‌ نه‌یوست ناوی ئاشكرا بكرێت وتی نیوه‌ی هاوڵاتیان ئاویان نییه‌و نیوه‌كه‌ی دیكه‌ش له‌ سێ رۆژدا ته‌نها یه‌ك كاتژمێر ئاویان هه‌یه‌.



ئه‌و پۆلیسه‌ سیانزه‌ ساڵه‌ له‌ پیره‌مه‌گروون ده‌ژی و به‌هۆی كاره‌كه‌یه‌وه‌ به‌شداری له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ نه‌كردبوو.



پێشه‌وا خه‌سره‌و، قوتابی دواناوه‌ندییه،‌ وتی له‌ هاورێكانیه‌وه‌ گوێبیستی خۆپیشاندانه‌كه‌ بووه‌ و دوای ته‌واوكردنی تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی له‌دوای نیوه‌ڕۆدا به‌شداریكردووه‌.



"به‌دڵنیاییه‌وه‌ تا به‌ره‌و هه‌ڵبژاردن برۆین خه‌ڵك به‌رو خۆپیشاندان ده‌ڕوات. خه‌ڵك چاویكراوه‌ته‌وه‌ و گه‌نده‌ڵی قبوڵ ناكات. تاكه‌ی به‌ په‌یمانه‌ جێبه‌جینه‌كراوه‌كانه‌وه‌ بتلێینه‌وه‌؟" خه‌سره‌و وتی.



سه‌رنووسه‌رانی په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی له‌ سلێمانی چارڵس ماكدێرمد و تیاری راس و ستافی په‌یمانگاكه‌ هێمن لهۆنی و مه‌ریوان حه‌مه‌ سه‌عید له‌ پیره‌مه‌گروون و ره‌حمان غه‌ریب له‌ سلێمانییه‌وه‌ به‌شدارییان له‌ نووسینی ئه‌م راپۆرته ‌كردووه‌.
Iraqi Kurdistan
Frontline Updates
Support local journalists