عێراق: شوباتی ٢٠٠٩

پڕۆگرامێكی رادیۆیی په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی لایه‌نه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بڵاوده‌كاته‌وه‌.

عێراق: شوباتی ٢٠٠٩

پڕۆگرامێكی رادیۆیی په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی لایه‌نه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بڵاوده‌كاته‌وه‌.

Monday, 27 April, 2009
.



له‌ ده‌ رۆژی یه‌كه‌می مانگی شوباتدا، رادیۆی مێترۆی په‌یمانگاكه‌ له‌ عێراق هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی داپۆشی و به‌رنامه‌‌یه‌كی رۆژانه‌ی له‌ رادیۆی نه‌وا په‌خشده‌كرد كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ وێستگه‌ باوه‌كانی عێراق. له‌ نیوه‌ی دووه‌می هه‌مان مانگدا، تیمی په‌یمانگاكه‌ له‌ عێراق خه‌ریكی ئه‌نجامدانی چه‌ند رێكه‌وتنێك بوون له‌گه‌ڵ چه‌ند وێستگه‌یه‌كی رادیۆیی له‌ چه‌ند پارێزگایه‌ك تا هاوكاری یه‌كتر بكه‌ن.



له‌ خواره‌وه‌، مه‌شقده‌رو ده‌رهێنه‌ری باڵای ناوخۆیی ئه‌یوب نوری باسی په‌ره‌سه‌ندنه‌كان ده‌كات.



"بۆ به‌رهه‌مهێنانی به‌رنامه‌كانی رادیۆی مێترۆ، په‌یوه‌ندیم به‌و په‌یامنێرانه‌وه‌ كرد كه‌ چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ په‌یمانگاكه‌ مه‌شقم پێكردبوون تا رووداوه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ پارێزگاكانی خۆیاندا بڵاوبكه‌نه‌وه‌.



"باسی بیرۆكه‌ی هه‌واڵه‌كانم كرد له‌گه‌ڵ په‌یامنێره‌كاندا و جه‌ختیشم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كار له‌سه‌ر هیچ هه‌واڵێكدا نه‌كه‌ن تا یه‌كه‌مجار له‌منه‌وه‌ مۆڵه‌تیان پێ نه‌درێت.



"ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ یارمه‌تیده‌ر بوو له‌ راهێنانی په‌یامنێران له‌سه‌ر چۆنییه‌تی ناردنی بیرۆكه‌ی هه‌واڵ به‌شێوه‌یه‌كی پڕۆفێشناڵ بۆ خودی سه‌رنووسه‌ر له‌ ستودیۆدا.



"عه‌لی عه‌له‌ق، رۆژنامه‌نووسه‌ و له‌ شاری كوت له‌ باشووری عێراق داده‌نیشێت، پێی وتم كاركردنی له‌گه‌ڵ رادیۆی IWPR شتێكی خۆش بووه‌ چونكه‌ فێربوو چۆن گۆشه‌ جیاوازه‌كانی بابه‌تێك تاووتوێ بكات.



"عه‌لی پێی وتم پێشتر كاری نووسینی بۆ چه‌ند ئاژانسێك كردووه‌ و ته‌نها داوای بابه‌ته‌كانیان لێ كردووه‌ به‌ نووسین.



"به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ فێربووم كه‌ بۆ رادیۆ ده‌بێت هه‌میشه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌‌ بكه‌یت پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ هه‌ر شتێك بكه‌یت،" عه‌لی پێی وتم.



"هه‌روه‌ها دواكاتم بۆ په‌یامنێره‌كان ده‌ستنیشان ده‌كرد و پێشم ئه‌وتن كه‌ چه‌نده‌ گرنگه‌.



"ئه‌مه‌ كارێكی گرنگ بوو له‌كاتی گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كانی هه‌ڵبژاردن چونكه‌ ده‌بوایه‌ ئێمه‌ به‌رنامه‌یه‌كی رۆژانه‌ به‌رهه‌م بهێنین، به‌ڵام ئه‌م كاره‌ به‌هه‌مان شێوه‌ وانه‌یه‌كی گرنگ بوو بۆ رۆژنامه‌نووسان به‌گشتی.



"بینیومه‌ له‌زۆربه‌ی باره‌كاندا په‌یامنێران له‌ دواكات تێناگه‌ن یان گرنگی پێ ناده‌ن، بۆیه‌ له‌م پێناوه‌دا پێویستیمان به‌ مه‌شق هه‌یه‌ تا ئه‌م بۆچوونه‌ بگۆڕین.



"عه‌لی وتی مانای دواكات یه‌كێك بوو له‌ گرنگترین ئه‌و شتانه‌ی كه‌ له‌كاتی په‌خشكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان فێری بوو.



"عه‌لی پێی وتم فێری ئه‌وه‌بوو فایله‌ ده‌نگییه‌كان له‌كاتی خۆیدا بنێرێت و فێری ئه‌وه‌ش بوو‌ چۆن هه‌واڵێكی رادیۆیی كۆ بكاته‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و كاته‌ی بۆی ته‌رخان كرابوو.



"سه‌ره‌ڕای ئه‌و په‌یامنێرانه‌ی بڵاوببوونه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ستافێكی پێنج كه‌سیش له‌ ستودیۆدا كارم ده‌كرد. چواریان ستافی رادیۆی نه‌وا بوون و ئه‌وی تریان رۆژنامه‌نووسێكی موسڵ بوو به‌ ناوی هیشام محه‌مه‌د عه‌لی كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌زموونی له‌ بواری رادیۆدا نه‌بوو.



"هیشام ٢٠ رۆژ له‌گه‌ڵمدا مایه‌وه‌ و فێری ئه‌وه‌بوو چۆن نووسین له‌ بواری رادیۆدا پوخت بكات و فایلی ده‌نگی به‌رهه‌م بهێنێنت و یارمه‌تیشی دام له‌ خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان له‌ ستودیۆدا.



"له‌ كۆتایی پڕۆژه‌كه‌دا، هیشام وتی پێی وابوو له ‌هه‌موو كه‌س زیاتر فێربووه‌ له‌ بواره‌كانی نووسین له‌ رادیۆدا و پوختكردن و به‌كارهێنانی به‌رنامه‌ی تایبه‌ت بۆ پوختكردنی ده‌نگ.



"هیشام پێی وتم سوپاسگوزاره‌ كه‌ فێری ئه‌و هه‌موو شته‌ بوو له‌باره‌ی رادیۆوه‌ و وتیشی وای لێهاتووه‌ ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ربێت له‌ دامه‌زراندنی وێستگه‌یه‌كی رادیۆیی.



"رۆژنامه‌نووسه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كانی خۆیان كاریان ده‌كرد تا گۆشه‌ی ته‌ماشاكردنیان باش بێت چونكه‌ زۆربه‌یان پێشتر وا دوور نه‌كه‌وتبوونه‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ شێوازی په‌خشكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێمه‌ی باشتركرد.



"په‌یامنێرێكم نارده‌ تكریت كه‌ ده‌كاته‌ شوێنی له‌دایكبوونی سه‌دام حوسێن و ئه‌و په‌یامنێره‌ چووبوه‌ گوندێك كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی رۆژنامه‌نووسان ناچنه‌ ئه‌وێ. ئه‌و په‌یامنێره‌ چاوی به‌ گوندنشینانی ئه‌وێ كه‌وتبوو له‌ پیاوان و ژنان و قوتابیان كه‌ باسی بۆچوونی خۆیان كردبوو له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان.



"په‌یامنێرێكی ترم نارده‌ شارۆچكه‌یه‌كی بچووك به‌ ناوی قاسم له‌ حلله‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشووری عێراق و له‌وێدا چاوی به‌ دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ كه‌وتبوو كه‌ توڕه‌یی خۆیان نیشاندابوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پاڵێوراوان له‌كاتی هه‌ڵمه‌ته‌كاندا خۆیان لێیان نزیك كردبوونه‌وه‌ و دوای هه‌ڵبژاردنیش پشتگوێیان خستبوون.



"كێشه‌یه‌ك كه‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسه‌ راهێنراوه‌كان هه‌مانبوو له‌كاتی به‌رهه‌مهێنانی به‌رنامه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی رۆژانه‌ ئه‌وه‌بوو ده‌بوو هه‌واڵه‌كان خێرا په‌خش بكه‌ین. له‌ شێوازی هه‌فتانه‌یی یان دوو هه‌فته‌ جارێكدا، مه‌شقكردووان ده‌توانن به‌شێوه‌یه‌كی نزیكتر له‌گه‌ڵ‌ مه‌شقده‌ره‌كان كار بكه‌ن و ده‌شتوانن سه‌رنجی زیاتر وه‌ربگرن.



"رادیۆی په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی له‌ عێراق پلانی ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه‌ هه‌واڵی فراوانتر به‌رهه‌م بهێنێت و هاوكاری وێستگه‌ رادیۆییه‌ سه‌ربه‌خۆكان بكات له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا.



"له‌ مانگی شوباتدا، به‌دوای هاوكاری تردا گه‌ڕام له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا.



"شه‌ش له‌ نوێنه‌رانی وێستگه‌كانی رادیۆكانمان هێنایه‌ نووسینگه‌كانی خۆمان له‌ سلێمانی و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتین كه‌ په‌ره‌ به‌ تۆڕێك له‌نێوان وێستگه‌كان بده‌ین و به‌شداری له‌ پڕۆگرامه‌كانی یه‌كتردا بكه‌ین.



"حه‌وت وێستگه‌ی ناوخۆیی ره‌زامه‌ندنیان نیشانداوه‌ به‌رنامه‌ رادیۆییه‌كانی په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی په‌خش بكه‌ن كاتێك هه‌واڵی تازه‌ له‌ مایسدا بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌.
Iraqi Kurdistan, Iraq
Frontline Updates
Support local journalists