كلتووری كۆنی به‌سڕه سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه
ئه‌و شاره كه به مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ری له عێراقدا ناسراوه هه‌وڵده‌دات خۆی له چنگی میلیشیاكان رزگار بكات.
كلتووری كۆنی به‌سڕه سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه
ئه‌و شاره كه به مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ری له عێراقدا ناسراوه هه‌وڵده‌دات خۆی له چنگی میلیشیاكان رزگار بكات.
ئه‌و نمایشه، كه له لایه‌ن تیپی به‌سڕه بۆ هونه‌ری فۆلكلۆری پێشكه‌ش كرا له‌سه‌روبه‌ندی فستیڤاڵێكدا كه بۆ ئاهه‌نگ گێڕان به‌بۆنه‌ی دیاریكردنی شاره‌كه به پایته‌ختی كلتووریی عێراق له ٢٠٠٩دا ساز كرابوو، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی فستیڤاڵێكی تر بوو كه پار ساڵ ساز كرابوو. ئه‌و كاته سه‌ماكاره‌كان له‌به‌ر ترسی میلیشیا دڕنده‌كانی به‌سڕه جبه و په‌چه‌یان پۆشیبوو، به‌شێوه‌یه‌ك ته‌نها چاوه‌كانیان دیاربوون.
ئه‌ده‌ب و مۆسیقا و سه‌مای به‌سڕه، كه ماوه‌یه‌كی زۆر به سه‌نته‌ری كلتووری عێراقی داده‌نرا، به راده‌یه‌كی زۆر دیار نه‌مان كاتێك له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا توندڕه‌وه ئیسلامییه‌كان و پیاوكوژه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا گرت. ئێستاش مه‌ترسیی توندڕه‌وی و گروپه چه‌كداره‌كان له ئارادایه و ده‌زگا كلتورییهكانیش بوونه‌ته كه‌لاوه.
به‌ڵام چاودێران ده‌ڵێن له‌گه‌ڵ باشتربوونی ره‌وشی ئه‌منی و ده‌رهێنانی ئه‌و شاره كه سێیه‌م گه‌وره‌ترین شاری عێراقه له چنگی تیرۆرستان، كلتووری ده‌وڵه‌مه‌ند و فره‌ڕه‌نگی به‌سڕه خه‌ریكه سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه. هونه‌رمه‌ندان و خه‌ڵكی شاره‌كه ده‌ڵێن ئه‌و نمایشانه‌ی گروپه‌كانی هاوشێوه‌ی تیپی به‌سڕه بۆ هونه‌ری فۆلكلۆری پێشكه‌شی ده‌كه‌ن و خۆیان له چوارچێوه‌ی سه‌مای كۆنباو ده‌بیننه‌وه به‌ڵگه‌یه‌كن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌سڕه خه‌ریكه ده‌چێته‌وه سه‌ر رێچكه‌ی ره‌سه‌نی خۆی.
"وام زانی به‌سڕه زۆری پێ ئه‌چێت تا ئازادی خۆی بگێڕێته‌وه‌و ده‌زگا كلتوورییهكانیش ببوژێنێته‌وه كه له لایه‌ن توندڕه‌وه‌كانه‌وه پهكخرابوون،" تالب عه‌بدولعه‌زیز، نووسه‌ر و شاعیره له به‌سڕه وتی. "به‌ڵام ئێستا د‌رك به‌وه ده‌كه‌م كه هه‌نگاوی گه‌وره‌مان ناوه."
به‌سڕه گه‌وره‌ترین به‌نده‌ری عێراقی لێیه‌و شیعه پارێزگاره‌كان و عه‌لمانییه‌كان و سوننه‌كان و مه‌سیحییه‌كان و پیاوانی ئایینی و هونه‌رمه‌ندان و بازرگاكان خه‌ڵكه‌كه‌ی پێك ده‌هێنن. به‌سڕه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وت كه رۆژگارێك به مه‌ڵبه‌ندی بازرگانی و كلتوور له جیهانی عه‌ره‌بیدا ناوی ده‌ركردبوو، به‌م دواییانه ببوو به گۆڕه‌پانی شه‌ڕی میلیشیا شیعه‌كان كه هه‌وڵیان ده‌دا ئابووری و داب و نه‌ریتی ئه‌و شاره كۆنتڕۆڵ بكه‌ن.
ژێرخانی كلتووری به‌سڕه له ١٩٩٠هكاندا به‌ره‌و داڕمان چوو كاتێك ئیسلامییه‌كان ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌ییان فراوان كرد و عێراقیش به‌ده‌ست ئابڵووقه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه ده‌یناڵاند. له‌دوای ٢٠٠٣ه‌وه ره‌وشه‌كه زیاتر به‌ره‌و خراپی چوو كاتێك گروپه چه‌كداره‌كان شه‌قامه‌كانیان كۆنتڕۆڵ كرد.
توندڕه‌وه شیعه‌كان، كه به میلیشیاكانی ره‌وشتی باش ناسراون، تۆمه‌تی كوشتنی به‌لایه‌نی كه‌م ٤٠ ژنیان خراوته پاڵ و ده‌یانی تریشیان ناچاركردووه په‌چه بپۆشن و چه‌نده‌ها جۆری مۆسیقاشیان له خه‌ڵك قه‌ده‌غه كردووه.
هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندانیشیان له شاره‌كه ده‌رپه‌ڕاندووه، له‌وانه یه‌كێكیان ئاوازدانه‌رێك بووه كه ده‌ڵێن هه‌ڕه‌شه‌ی لێكرا و ناچار كرا سروودێك بۆ یه‌كێك له‌م گروپانه دابنێت. ئه‌و ئاوازدانه‌ره فه‌رمانه‌كه‌ی جێبه‌جێ كرد و دواتر یه‌كسه‌ر به‌ره‌و به‌غدا رایكردووه.
دوای ئه‌وه‌ی پار ساڵ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سوپای عێراق و سوپای به‌ریتانیا گروپه چه‌كداره‌كانیان، به تایبه‌تی سوپای مه‌هدی، له شاره‌كه كرده ئامانج، ئه‌و گروپانه سنووردار كران و ناچاركران به‌ره‌و ده‌وروبه‌ری پارێزگاكه بڕۆن.
باشتربوونی ره‌وشی ئه‌منی هه‌لێكی ره‌خساندووه تا كلتووری به‌سڕه ببوژێته‌وه، به‌ڵام هێشتا په‌ره‌سه‌ندنێكی ئه‌وتۆی به‌خۆیه‌وه نه‌دیوه‌و هه‌موو كه‌سێكیش پێشوازی له‌م ئازادیخوازییه ناكات.
هه‌ندێك له‌و پیاوه ئایینیانه‌ی به‌شداربوون له‌و نمایشه سهماكارییهی كه به‌بۆنه‌ی دیاریكردنی به‌سڕه وه‌ك پایته‌ختی كلتووریی عێراق له مانگی نیساندا سازكرابوو، له هۆڵه‌كه چوونه ده‌ره‌وه. چه‌ند كه‌سێكی تریش ده‌مه‌و ئێواره چاویان له‌وان كرد‌و نمایشه‌كه‌یان به‌جێ هێشت.
شێخ زه‌كه‌ریا ساڵح، لایه‌نگری سه‌دره‌و پیاوێكی ئایینییه، ده‌ڵێت سه‌ماكاره سهركۆتهكان "نیشانه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌دڕه‌فتارن".
خواردنه‌وه‌ی كحولی و خۆشی شه‌وانه‌ش گه‌ڕاونه‌ته‌وه به‌سڕه كه مه‌ڵبه‌ندی به‌دخوویی و ئاهه‌نگ بوو له سه‌رده‌می رژێمی سه‌دام حوسێن‌دا. خۆشی شه‌وانه به‌لای زۆرێك له پیاوه ئایینییه‌كانه‌وه په‌سه‌ند نییه.
"پیاوانی ئایینی ده‌بێت رابه‌ر بن،" ساڵحی وتی. "ئه‌گه‌ر رۆژگارێك ده‌سه‌ڵاتیان بكه‌وێته ده‌ست، رێگایان پێ ده‌درێت كه ئه‌م جۆره كلتووره به‌زه‌بری هێز بگۆڕن تا كۆمه‌ڵگا بهێننه سه‌ر رێگای راست."
ساڵحی پێشوازی له بیرۆكه‌ی دیاریكردنی به‌سڕه وه‌ك پایته‌ختی كلتووری له عێراقدا ده‌كات "ئه‌گه‌ر ئه‌و كلتووره له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ی ئیسلامدا بنیات نرابێت، نه‌ك نمایشی سه‌ما و گۆرانی كه كلتووری شێواو بۆ نه‌وه‌ی نوێ به‌جێ ده‌هێڵن".
له كاتێكدا ئێستا میلیشیاكان كۆنتڕۆڵی ره‌وشه‌كه‌یان به‌ده‌ست نه‌ماوه، به‌ڵام بوونیان هێشتا هه‌ستی پێ ده‌كرێت. له هه‌ندێ ناوچه‌دا روخساری پهچهنهكردووی ژنان به‌سه‌ر پۆستهرهكانهوه به‌نووسین شێوێنراون. به بۆیه‌ی پڕژاو له‌سه‌ر هه‌ندێ ماڵ نووسراوه "ناپاك".
هه‌رچه‌نده له‌سه‌ر شانۆ به‌بێ په‌چه سه‌ما ده‌كه‌ن، سه‌ماكاران به‌رده‌وام كاتێك ده‌گه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌وه جبه‌و په‌چه ده‌پۆشن تا نه‌ناسرێنه‌وه.
یه‌كێك له سه‌ماكاره ژنه‌كان وتی، "ئێستا ئازادی هه‌یه، به‌ڵام حكومه‌ت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گرێنتی راسته‌قینه‌ی نه‌داوه‌ته ئێمه كه هێرش ناكرێته سه‌ر خه‌ڵك".
"ئێمه ته‌نها له‌سه‌ر شانۆ ئازادین. ئێمه ده‌ترسین بچینه بازاڕ. خه‌ڵك په‌نجه‌مان بۆ راده‌كێشن چونكه ئێمه سه‌ماكه‌ری مێیینهین. توندڕه‌وه‌كان و كۆنه‌په‌رسته‌كان نایانه‌وێت ئێمه هه‌بین و له‌وانه‌یه ژیانمان ببێته قوربانی بیركردنهكانی ئه‌وان."
هه‌وڵه‌كانی بنیاتنانی به‌سڕه‌ش وه‌ك ناوه‌ندێكی كلتووری له كێشه به‌دوور نییه.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت شاره‌كه ئه‌م ساڵ پێشانگایه‌ك بۆ هونه‌ره جوانه‌كان و چه‌ندین كۆنسێرت ساز بكات وه‌ك به‌شێك له چالاكییه‌كانی "پایته‌ختی كلتووری"، زۆربه‌ی زۆری سینه‌ماكان و ناوه‌نده هونه‌رییه‌كان و شانۆكان و ده‌زگاكانی مۆسقیا له شاره‌كه‌دا نه‌ماون.
بازاڕی ته‌پڵی به‌سڕه ئێستا شت و مه‌كی ماڵه‌وه‌ی لێ ده‌فرۆشرێت و پێشبڕكێ و فستیڤاڵه شعرییهكانیشی كه رۆژگارێك ناوبانگیان هه‌بوو به ده‌گمه‌ن ساز ده‌كرێن.
نووسینگه‌ی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندان له لایه‌ن حزبێكی سیاسییه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌و چه‌ند خێزانێكیش سه‌ندیكانی نووسه‌رانیان زه‌وت كردووه.
هۆڵێكی گه‌وره‌ی چالاكییه كلتوورییه‌كان كه سه‌رده‌مانێك پاسهوانگای میلیشیای فه‌یله‌قی به‌در بوو كه خه‌ڵك لێی ئه‌ترسا ئێستا له لایه‌ن سوپای عێراق و په‌یمانگایه‌كی رۆژنامه‌وانییه‌وه داگیر كراوه. مانگا له حه‌وشه‌ی دواوه ده‌له‌وه‌ڕێت.
حكومه‌تی عێراقی خه‌ریكه هه‌وڵده‌دات كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكات و به‌پێی راپۆرته‌كان ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر پلانێك ده‌ربڕیوه بۆ دروستكردنی ناوه‌ندێكی كلتووریی گه‌وره‌و نوێ كه ١٠ ملیۆن دۆلاری تێ ده‌چێت.
تالب عه‌بدولعه‌زیز، ئه‌ندامه له‌و كۆمیته‌یه‌ی سه‌رپه‌رشتی چالاكییه كلتوورییه‌كانی به‌سڕه‌ی پایته‌ختی كلتووری ده‌كات، دان ئه‌نێت به‌وه‌ی نه‌بوونی ژێرخانی كلتووری وه‌ك شانۆ و هۆڵ و سینه‌ما میوانداریكردنی بۆنه‌كانی قورس كردووه.
هیچ چالاكییه‌ك ئه‌م هاوینه ساز ناكرێت چونكه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هه‌ندێك له باڵه‌خانه‌كان نۆژه‌ن بكرێنه‌وه‌و ههڵمتهكانی بانگه‌شه‌ش له‌سه‌ر چالاكییه‌كانی كۆتایی ساڵ چڕكراونه‌ته‌وه.
عه‌بدولعه‌زیز ده‌ڵێت دیاریكردنی به‌سڕه به پایته‌ختی كلتووری له عێراقدا "له‌وانه‌یه ته‌نها هه‌ڵمه‌تێكی راگه‌یاندن بێت تا پیشانی بدات كه ره‌وشی ئه‌منی بۆ چالاكییه سیاسی و ئابوورییه‌كان جێگیره‌و بۆ هێنانی كاری وهبهرهێنانیشه".
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای كێشه‌كان، هیوا بوونی هه‌یه. زۆر كه‌س ده‌ڵێن گوزه‌ران له به‌سڕه زۆر باشتر بووه، هه‌رچه‌نده ره‌وشی ئه‌منی هێشتا ناجێگره.
لیوا محه‌مه‌د هوه‌یدی، به‌رپرسی ئۆپه‌راسیۆنه ئه‌منییه‌كانی به‌سڕه، ده‌ڵێت به‌م دواییانه هیچ كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆرستی رووی نه‌داوه‌و "هه‌ندێك تاوانی كوشتن كه روویان داوه هه‌مان ئه‌و جۆره تاوانانه‌ن كه له هه‌موو شوێنێكدا رووده‌ده‌ن".
عه‌بدولعه‌زیز ده‌ڵێت گه‌شبینه به‌وه‌ی له داهاتوودا "به‌سڕه جارێكی تر میوانداری چالاكییه‌كانی داهێنان و بیركراوهیی ده‌كات و ئه‌و كلتووره هه‌مه‌ڕه‌نگه له‌باوه‌ش ده‌گرێته‌وه كه پێشتر هه‌یبوو".
عه‌بدولعه‌زیم كه‌ریم په‌یامنێرێكی راهێنراوی IWPRه له به‌سڕه.