په‌شێوی پێویستیی عێراق به ئه‌مریكا ده‌رده‌خات
ته‌قینه‌وه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه و دانووستانه گرژه‌كان ئه‌وه‌یان ده‌رخست كه عێراق هه‌وڵ و كۆششێكی زۆری ده‌وێت تا له‌ژێر سێبه‌ری ئه‌مریكا بێته ده‌ره‌وه.
په‌شێوی پێویستیی عێراق به ئه‌مریكا ده‌رده‌خات
ته‌قینه‌وه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه و دانووستانه گرژه‌كان ئه‌وه‌یان ده‌رخست كه عێراق هه‌وڵ و كۆششێكی زۆری ده‌وێت تا له‌ژێر سێبه‌ری ئه‌مریكا بێته ده‌ره‌وه.
ئه‌م پێشهاتانه گومانیان خسته سه‌ر خواستی حكومه‌تی عێراق و واشنتۆن كه ئاواته‌خوازن عێراق بتوانێ كاروباری خۆی ببات به‌ڕێوه تاكو ئه‌مریكا بتوانێ سه‌ربازه‌كانی بكێشێته‌وه.
هه‌روه‌ها ئه‌م پێشهاتانه درزیان له هه‌ڵمه‌تی دووباره خۆهه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نوری مالیكی ده‌رخست. مالیكی له هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی به‌هێز كه توانای به‌رقه‌راركردنی ئاسایشی له عێراق و یهكسختنهوهی ئه‌و وڵاته‌ی هه‌یه ده‌ركه‌وتووه.
له ٨ی كانوونی یه‌كه‌م، پینج ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو له نزیك چه‌ند نووسینگه‌یه‌كی حكومی له به‌غدا ته‌قینه‌وه و زیاتر له ١٢٠ كه‌سیان كوشت و ٥٠٠ كه‌سی تریشیان بریندار كرد. رۆژێك پێش ئه‌وه، په‌رله‌مانی عێراق له دوا ساتدا یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌سه‌ند كرد و كۆتایی به مشتومڕێكی قورسی چه‌ند مانگه هێنا و به‌مه‌ش رێگا له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق خۆش بوو.
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پێشوازی له‌و به‌ره‌وپێشچوونه كرد و به‌پێی راپۆرته‌كانیش به‌رپرسانی ئه‌مریكا هۆكاری تێپه‌ڕاندنی بوون. ئه‌مریكا ئیدانه‌ی ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ی كرد كه دواتر روویاندا و نوێترینی زنجیره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌رن كه چه‌ند وه‌زاره‌تێك و نووسینگه‌یه‌كی حكومیان له پایته‌ختی عێراق كاولكردووه.
دوابه‌دوای ته‌قینه‌وه‌كان، خه‌ڵكی عێراق جارێكی تر ئیدانه‌ی ئه‌و بهپرسانهیان كرد كه دوای كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا به شێوه‌یه‌كی ره‌سمی له شه‌قامه‌كانی به‌غدا له هاوینی رابردوو كۆنتڕۆڵی شاره‌كه‌یان گرتۆته‌ده‌ست.
هه‌رچه‌نده واشنتۆن سووره له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ی زۆربه‌ی سه‌ربازه‌كانی له عێراق تا ناوه‌ڕاستی ٢٠١٠، ئه‌و شیكه‌ره‌وه و سیاسه‌تمه‌داره عێراقیانی له‌لایه‌ن IWPRه‌وه چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵدا كراوه وتیان هێزه‌كانی ئه‌مریكا هێشتا پێویستن بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییانه‌ی به‌هۆی گه‌نده‌ڵی و ناپاكی له‌نێوان سوپا و پۆلیسی عێراقی دروست بووه.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شیان وت كه ئه‌مریكا وه‌ك ناوبژیوانێك پێویسته بۆ گۆڕه‌پانی سیاسیی لاساری عێراق، هه‌روه‌ك له‌و گیرخواردنه دوورودرێژه‌ی به‌هۆی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌وه سه‌ریهه‌ڵدابوو ده‌ركه‌وت.
"رۆڵی ئه‌مریكا له عێراق له ئێستادا گرنگه، نه‌ك ته‌نها بۆ به‌رقه‌راركردنی ئاسایش به‌ڵكو بۆ هێنانه‌كایه‌ی ئۆقره‌یی سیاسیش،" حه‌مید فازڵ، مامۆستای زانستی سیاسییه له زانكۆی به‌غدا وتی. "خه‌ڵكی عێراق چیتر باوه‌ڕیان به سیاسهتمهدارهكانیان نه‌ماوه."
فازڵ ئه‌وه‌شی وت كه پاككردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئاسایش له هاوكارانی یاخیبووان "كارێكی زه‌حمه‌ت و درێژخایه‌نه" كه پێویستی به یه‌كڕیزیی سیاسی هه‌یه. "مالیكی ناتوانێ ئه‌و ئه‌ركه به‌ته‌نها جێبه‌جێ بكات،" ئه‌و وتی.
عه‌بدوڵڵا جه‌عفه‌ر، مامۆستای خانه‌نشینی زانستی سیاسییه، وتی مشتومڕی یاسای هه‌ڵبژاردن یارمه‌تی ده‌رخستنی ئه‌مریكییه‌كانی وه‌ك ناوبژیوان دا، "خه‌ڵكی له هه‌واڵه‌كان خوێندیانه‌وه كه سه‌رۆكی ئه‌مریكا یان نێردراوه‌كه‌ی هانی سیاسه‌تمه‌دارانی عێراقیان داوه یاسای هه‌ڵبژاردن په‌سه‌ند بكه‌ن تا له‌و كۆسپه رزگاریان بێت."
له هه‌مان كاتدا، جه‌عفه‌ر وتی، "سیاسه‌تمه‌دارانی عێراق پیشانی خه‌ڵكیان دا كه ناتوانن ئه‌م وڵاته به‌ته‌نها به‌ڕێوه ببه‌ن."
كاریگه‌ریی ئه‌مریكا
هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق كه له دوای هه‌ڵبژاردنی ٢٠٠٥ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنه له‌سه‌رتاسه‌ری وڵات ئه‌نجام بدرێ، سه‌ره‌تا بڕیابوو له كانوونی دووه‌می ٢٠١٠ به‌ڕێوه‌بچێ. به‌ڵام به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تیی تونده‌وه، سه‌ره‌تا له لایه‌ن كورد و دواتر عه‌ره‌بی سوننه، په‌سه‌ندكردنی ره‌شنووسی یاساكه دواكه‌وت.
ناڕه‌زایه‌تیی به‌رامبه‌ر به یاساكه سه‌ره‌تا به‌هۆی پارێزگای كه‌ركوكه‌وه بوو. هه‌روه‌ها به‌رپرسانی كورد و عه‌ره‌بی سوننه به‌سه‌ختی له‌سه‌ر ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی فراوانبووی عێراق كردیان به شه‌ڕ و جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق تاربق هاشمی ڤیتۆی خۆی به‌كارهێنا له‌دژی یاساكه.
له كۆتاییدا یاساكه له دره‌نگانی ٦ی كانوونی یه‌كه‌م په‌سه‌ندكرا و بڕیار وایه هه‌ڵبژاردنی داهاتوو له سه‌ره‌تای مانگی ئازار ساز بكرێت. چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك به IWPRیان راگه‌یاند كه ئه‌مریكییه‌كان رۆڵێكی گرنگیان هه‌بوو له دانووستانه‌كاندا.
"ئه‌گه‌ر ئامۆژگاریی ئه‌مریكا نه‌بووایه، ئێستاش پڕۆسه‌كه گیری ئه‌خوارد و یاسای هه‌ڵبژاردنیش په‌سه‌ند نه‌ده‌كرا،" تارق حه‌ڕب، ئه‌ندامی هاوپه‌یمانیی ده‌وڵه‌تی یاسای مالیكییه، وتی.
حه‌ڕب، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش، پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه كرد كه ئه‌مریكییه‌كان هیچ مه‌رجێكیان نه‌سه‌پاند. "ئه‌مریكییه‌كان ئامۆژگاری سیاسه‌تمه‌دارانی عێراقیان كرد – به‌ڵام ئامۆژگارییه‌كانیان ناچاری نین،" ئه‌و وتی.
ئاندی لێین، كارمه‌ندێكی راگه‌یاندنه له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، به IWPRی وت، "تێپه‌ڕاندنی یاسای هه‌مواركراوی هه‌ڵبژاردن ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ عێراقییه‌كان.... ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئامۆژگاری پێشكه‌ش كرد و هانی لایه‌نه‌كانی دا به‌ڵام عێراقییه‌كان خۆیان بڕیاره قورسه‌كانیان دا."
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن، ره‌نگه ده‌نگۆی به‌شداربوونی ئه‌مریكا له كاروباری سیاسیی عێراق مشتومڕی زۆر دروست بكات.
یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستانی به‌وه تۆمه‌تباركرد كه ئه‌ویان په‌راوێز خستووه و ملیان بۆ داواكارییه‌كانی ئه‌مریكا كه‌چ كردووه. یه‌كگرتوو به لیستێكی سه‌ربه‌خۆ به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ده‌كات.
"سه‌رم سوڕمانه‌وه بۆچی فشاری ئه‌مریكا له‌سه‌ر جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق تاریق هاشمی كاریگه‌ری نه‌بوو كاتێك ئه‌و ڤیتۆی به‌رامبه‌ر به یاساكه به‌كارهێنا، به‌ڵام به‌داخه‌وه كاریگه‌ری به‌سه‌ر كورده‌وه هه‌بوو،" محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د، به‌رپرسێكی باڵای یه‌كگرتووه، به IWPRی وت. "پێم وایه كورد به‌رامبه‌ر به فشاری ئه‌مریكا لاوازه."
سه‌عدی پیره، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، ئه‌و قسه‌یه‌ی ره‌تكرده‌وه و وتی ئه‌مریكییه‌كان له‌نزیكه‌وه به‌شدار بوون له گفتوگۆكاندا به‌ڵام هیچ فشارێكیان دروست نه‌كردووه.
"له هه‌ندێ به‌رپرسی عێراقیم بیستووه كه ئه‌مه ده‌ستتێوه‌ردان بوو له كاروباری ناوخۆی عێراق. به‌ڵام وا نه‌بوو، ته‌نها ئامۆژگاری بوو،" پیره وتی.
له وه‌ڵامی پرسیارێكدا ئاخۆ ئه‌مریكا هێشتا رۆڵی سه‌ربازی ماوه له عێراقدا، پیره وتی نوێترین ته‌قینه‌وه‌كان و گرژییه‌كانی موسڵ و كه‌ركوك "سه‌لماندیان كه هێزه‌كانی عێراق توانای ئه‌وه‌یان نییه كۆنتڕۆڵی شاره‌كان و سنووره‌كان بكه‌ن."
"ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا بریتی بێت له درێژكردنه‌وه‌ی مانه‌وه‌ی هێزی هاوپه‌یمانان، ئه‌وه شتێكی خراپ نییه بۆ عێراق."
مالیكی له‌ژێر فشاردایه
چه‌ند هاوڵاتییه‌كی عێراقی كه له لایه‌ن IWPRه‌وه له‌م هه‌فته‌یه‌دا چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵدا كراوه پێیان باش بوو ئه‌مریكا به‌رده‌وام بێت و له‌م مه‌سه‌لانه‌دا به‌شدار بێت. ته‌قینه‌وه‌كانی به‌م دواییه و مشتومڕی یاسای هه‌ڵبژاردن پێده‌چوو ئه‌وه‌ی بۆ دوپاتكردبنهوه كه ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا بكشێنه‌وه، ئه‌وا ره‌وشی عێراق، كه خۆی ده‌مێكه خراپه، خراپتر ده‌بێت.
"كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له كاتێكی دیاریكراودا جڵه‌و بۆ وڵاتانی دراوسێ شل ده‌كات كه ده‌ست بخه‌نه ناو كاروباری عێراقه‌وه چونكه عێراق توانای سه‌ربازی نییه،" عه‌لی مه‌هدی، پیاوی كاره له تكریت كه شارێكی عه‌ره‌بی سوننه‌یه و رۆژگارێك به بنكه‌ی یاخیبووان داده‌نرا، وتی.
عادل عه‌بدولكه‌ریم، پیاوێكی بێكاره له شاری به‌سڕه، وتی زیادبوونی توندوتیژی له ماوه‌ی به‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌بێته هۆی دواخستنی كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا، "پێشبینی كێشه‌ی زیاتر ده‌كه‌م و گه‌ڕانه‌وه‌ی توندوتیژیی تائیفیش به‌دوور نازانم."
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌بوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكا ناكۆكیی قووڵی لێكه‌وتۆته‌وه. زۆرێك له سیاسه‌تمه‌داره‌كانی شه‌به‌نگی تائیفی ئێستاش پشت به هه‌ڵوێستی توند به‌رامبه‌ر به ئه‌مریكا ده‌به‌ستن له ناوچه‌ی ده‌نگده‌رانیاندا.
ناسڕ روبه‌یعی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانه و سه‌ر به موقته‌دا سه‌دره، وتی باشترین شت ئه‌وه‌یه ئه‌مریكا له بواری سیاسی و ئه‌منیدا دووربخرێته‌وه.
"هێزه‌كانی ئه‌مریكا هۆكاری پشت تهقینهوهكانن،" روبه‌یعی وتی. "ئه‌وه راست نییه كه به كشانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه ره‌وشی ئه‌منی خراپتر ده‌بێت. ئێمه ئه‌زموونمان له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ئه‌واندا هه‌بووه: هێشتا رۆیشتنی ئه‌وانمان تاقی نه‌كردۆته‌وه، بۆیه ناتوانین بڕیار له‌سه‌ر ئه‌مه بده‌ین."
ئه‌مریكا، كه خه‌ریكه گرنگی زیاتر به شه‌ڕی ئه‌فغانستان ده‌دات، هیچ ئاماژه‌یه‌كی نه‌كردووه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا هێزه‌كانی خۆی دوای ٢٠١١، كه دوا كاته بۆ كشانه‌وه‌ی ته‌واوی سه‌ربازه جه‌نگاوه‌ره‌كانی له عێراق، ده‌هێڵێته‌وه یان نا. ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا هێزه‌كانی بهێڵێته‌وه ئه‌وا ئه‌نجامێكی ناپه‌سه‌ندی له‌ناوخۆی ئه‌مریكا و له‌لای زۆرێك له‌و عێراقیانه‌ی گومانیان له پاڵنه‌ره‌كانی ئه‌مریكا هه‌یه لێده‌كه‌وێته‌وه.
تا ئێستا، به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی داوا له هێزه‌كانی ئه‌مریكا نه‌كراوه رۆڵێكی كاریگه‌رتر بگێڕن له به‌رقه‌راركردنی ئۆقره‌یی له به‌غدا.
مالیكی دراوسێیه عه‌ره‌به‌كانی عێراقی به هاندانی هێرشه‌كان تۆمه‌تبار كردووه. ته‌قینه‌وه‌كانی پێشووتر خراونه‌ته ئه‌ستۆی قاعیده و ئه‌ندامانی حزبی به‌عسی یاساغ كه ئێستا له سوریا په‌ناهه‌نده‌ن.
هه‌روه‌ها سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پله‌دارترین فه‌رمانده‌ی لادا كه به‌رپرسی ره‌وشی ئه‌منی بوو له به‌غدا، ره‌نگه له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بووبێت مالیكی ئه‌زانێ زۆرێك له خه‌ڵكی هێزه ئه‌منییه‌كانیان به تێوه‌گڵان له ته‌قینه‌وه‌كان و كه‌مته‌رخه‌می تۆمه‌تبار كردووه.
مالیكی هۆشیاری داوه‌ته ركابه‌ره‌كانی ته‌قینه‌وه‌كان بۆ ده‌ستكه‌وتی سیاسی نه‌قۆزنه‌وه. ناوبانگیی مالیكی وه‌ك سه‌كرده‌یه‌كی به‌هێز، كه دوای سه‌ركوتكردنی میلیشیا شیعه‌كان و كه‌مبوونه‌وه‌ی توندوتیژی به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر بریسكایهوه، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كانه‌وه كه‌وتۆته ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه.
هه‌ندێ كه‌س ده‌ڵێن دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان – له كانوونی دووه‌مه‌وه بۆ مانگی ئازار – بوارێكی زیاتر به یاخیبووان ده‌به‌خشێت تا چالاكی ئه‌نجام بده‌ن.
"دواخستنه‌كه هانی تیرۆرستان ده‌دات هێرش ئه‌نجام بده‌ن، بۆیه خه‌ڵكی عێراق خراپبوونی ره‌وشی ئه‌منی ئه‌خه‌نه ئه‌ستۆی مالیكی،" حه‌ڕب، له هاوپه‌یمانیی ده‌وڵه‌تی یاسا، وتی.
"هه‌ڵبژاردن بۆیه دوا خرا تا پیشان بدرێت كه حكومه‌تی مالیكی شكستی هێناوه" حه‌ڕب وتی.
جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق تاربق هاشمی، كه ڤیتۆكهی بووه هۆی دواخستنی یاسای هه‌ڵبژاردن، وتی شتێكی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره كاتێك به‌رپرسان خه‌تاكه ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی كه‌سانی تر، چونكه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی تێكچوونی ره‌وشی ئه‌منی هه‌ڵه‌ی ئه‌وانه.
موحه‌ریری ناوخۆیی IWPR عه‌بیر محه‌مه‌د و موحه‌ریری IWPR له عێراق نیڵ ئاڕۆن له به‌غدا و هه‌ولێره‌وه ئه‌م راپۆرته‌یان نووسیوه. موحه‌ریری IWPR له عێراق چاڕڵز ماكدێرمد و موحه‌ریری نێوخۆیی هێمن لهۆنی له سلێمانییه‌وه به‌شداریان له نووسینی ئه‌م راپۆرته كردووه.