عێراق: حوزه‌یرانی ٢٠٠٧

ئینستیتۆی ڕۆژنامه‌وانی جه‌نگ و ئاشتی (IWPR) سنوقێك بۆ پشتگیریكردنی ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ی ژیانیان له‌ مه‌ترسیدایه‌ داده‌مه‌زرێنێت له‌ كاتێكدا كه‌ تیمی عێراق له‌ ماوه‌ی مانگێكدا دوو په‌یامنێری له‌ده‌ستده‌دات.

عێراق: حوزه‌یرانی ٢٠٠٧

ئینستیتۆی ڕۆژنامه‌وانی جه‌نگ و ئاشتی (IWPR) سنوقێك بۆ پشتگیریكردنی ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ی ژیانیان له‌ مه‌ترسیدایه‌ داده‌مه‌زرێنێت له‌ كاتێكدا كه‌ تیمی عێراق له‌ ماوه‌ی مانگێكدا دوو په‌یامنێری له‌ده‌ستده‌دات.

IWPR

Institute for War & Peace Reporting
Friday, 13 July, 2007
(IWPR) له‌و ناوچه‌ قه‌یراناویانه‌ی جیهاندا كارده‌كات كه‌ كاری په‌یامنێریی تیایاندا ڕۆتینێكی ڕۆژانه‌ نیه‌، به‌ڵكو ته‌حه‌دایه‌كه‌ بۆ په‌یامنێران و كارێكه‌‌ هه‌میشه‌ مه‌ترسی گه‌وره‌ له‌خۆده‌گرێت. ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسی ده‌ده‌ین له‌سه‌ر په‌یامنێره‌كانمان و گرنگیه‌كی ئێجگار گه‌وره‌ ده‌ده‌ین به‌وه‌ی ژیانی په‌یامنێران نه‌خه‌ینه‌ مه‌ترسیه‌وه‌ له‌به‌ر خاتری ڕاپۆرت، به‌ڵام ناتوانین كارێكی وا بكه‌ین هه‌رگیز هیچ زیانێكیان پێنه‌گات.



مانگی حوزه‌یرانی ٢٠٠٧ مانگێكی خوێناوی بوو بۆ ڕۆژنامه‌نوسان له‌ عێراق، هه‌روه‌ها تیمی (IWPR) له‌ عێراق دوو په‌یامنێری له‌ده‌ستدا له‌و مانگه‌دا: سه‌حه‌ر حه‌یده‌ری له‌ موسڵ و عارف عه‌لی له‌ دیاله‌. سه‌حه‌ر حه‌یده‌ری له‌ ڕۆژی ٧ی حوزه‌یراندا له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكه‌وه‌ تیرۆركرا و عارف عه‌لی له‌ ڕۆژی ١٠ ی حوزه‌یراندا و له‌ كاتی لێخوڕینی ئوتومبێله‌كه‌یدا له‌ دیاله‌ بۆمبێكی سه‌ره‌ڕێی پێدا ته‌قیه‌وه و له‌ ئه‌نجامدا گیانی له‌ده‌ستدا.



ڕۆژنامه‌نوسانی عێراق ده‌زانن كه‌ ژیانیان له‌ مه‌ترسیدایه‌. گه‌لێك له‌ په‌یامنێره‌كانمان زیاد له‌ جارێك هه‌ڕه‌شه‌یان لێكراوه‌. هه‌ڕه‌شه‌كانیش یان به‌ ته‌له‌فۆنی مۆبایل كراوه‌‌، یان به‌ نوسین به‌ ده‌رگاكانیاندا هه‌ڵواسراوه‌ یان له‌ ژێر ده‌رگاكانیانه‌وه‌ بۆیان نێردراوه‌ته‌ ژووره‌وه‌. ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ شاره‌زاییه‌كی ته‌واویان په‌یداكردووه‌ له‌وه‌دا به‌ ووریاییه‌وه‌ هاتوچۆ بكه‌ن و ئاگاداری خۆیان بن و له‌ هه‌مان كاتیشدا كاره‌كانیان ڕاپه‌ڕێنن. زیاتر له‌ یه‌كێك له‌و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ ووتویانه‌ "نامانه‌وێت وازبهێنین، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وازبهێنین، ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت بمانتۆقێنن ئامانجه‌كه‌یان ده‌پێكن."



به‌ڵام هه‌ندێك جار ته‌نها یه‌ك شت هه‌یه‌ كه‌ په‌یامنێره‌كان ده‌توانن بیكه‌ن: بۆ ماوه‌یه‌ك واز له‌ كاری په‌یامنێری بهێنن و بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بنه‌ قوربانی تیرۆركردن كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك له‌ مانگی پێشوودا دژی كارمه‌ندانی میدیا چه‌ندباره‌ بووه‌وه‌.



به‌ڵام بڕیاری ڕۆیشتنیش بۆ تاراوگه‌ بڕیارێكی قورسه‌. ئه‌كرێت ئه‌و بڕیاره‌ له‌ مه‌ترسی دوورت بخاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ واته‌ له‌ده‌ستدانی ووڵات، كۆمه‌ڵگه‌ و هۆگریی بۆ پیشه‌كه‌ت.



زۆربه‌ی په‌یامنێره‌كان خێزانیان هه‌یه‌‌ ده‌بێت بژێوی ژیانیان بۆ په‌یدا بكه‌ن، مناڵیان هه‌یه‌ پێویستیان به‌ خوێندن هه‌یه‌ و ده‌بێت بچن بۆ قوتابخانه‌ - ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی ئاراسته‌ی ڕۆژنامه‌نوسان ده‌كرێت ده‌بێته‌ هۆی له‌ده‌ستدانی ئه‌و داهاته‌ مامناوه‌ندیه‌ی هه‌یانه‌. گواستنه‌وه‌ و جێگۆڕكێش، ئه‌گه‌رچی كاتییش بێت، پاره‌ی تێده‌چێت. پاره‌یه‌ك كه‌ زۆر له‌ ڕۆژنامه‌نوسه‌ عێراقیه‌كان پێیانهه‌ڵناسوڕێت.



دوایه‌مین زه‌ره‌ری گیانیی وایكرد (IWPR) سنوقێكی تایبه‌ت دابمه‌زرێنێت بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ی له‌ مه‌ترسیدان. به‌و پێیه‌ی له‌ ٢٠٠٣ ه‌وه‌ تا ئێستا ١٠٦ ڕۆژنامه‌نوس له‌ عێراق گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ - كه‌ ٨٦ یان به‌ كوشتنی ئه‌نقه‌ست بووه‌ – مه‌ترسیه‌كه‌ هێنده‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ ڕۆژنامه‌نوسان ناتوانن خۆیان به‌ ته‌نها ڕووبه‌ڕووی ببنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ری بكه‌ن.



سنوقی سه‌حه‌ر بۆ یارمه‌تی ڕۆژنامه‌نوسان (The Sahar Journalists' Assistance Fund)، كه‌ به‌ ناوی سه‌حه‌ر حه‌یده‌ریه‌وه‌ ناونراوه‌، یارمه‌تی خێزانی په‌یامنێرانی كوژرا و برینداری (IWPR) ده‌دات و هه‌روه‌ها پشتگیریی ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ ده‌كات كه‌ پێویستیان به‌ جێگۆڕكێ و خۆشاردنه‌وه‌ هه‌یه‌.



ڕۆژنامه‌نوسانی دیار و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كارگێڕی (IWPR) لیژنه‌یه‌كی ئاماده‌كار پێكده‌هێنن كه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردنی سنوقه‌كه‌ی هه‌یه‌.



ئه‌و سنوقه‌ ئاماده‌یه‌‌ بۆ وه‌رگرتنی كۆمه‌ك، ئه‌و كۆكه‌كانه‌ش به‌ته‌واوه‌تی‌ به‌شێوه‌یه‌كی جیا له‌ هه‌ر حسابێكی تری چالاكی مه‌یدانی هه‌ڵده‌گیرێت و پێده‌چێت بۆ هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ به‌كاربهێنرێت كه‌ (IWPR) كاریان تێداده‌كات و پشتیوانی میدیای لۆكاڵیان تێدا ده‌كات.



سه‌حه‌ر حه‌یده‌ری له‌ چه‌ند لێدوانێكدا كه‌ له‌ به‌رنامه‌ی نیوه‌كه‌ی تر (النصف الآخر)ی ڕادیۆیی (IWPR) دا بڵاوكرایه‌وه‌، ووتی "خوا ڕۆژنامه‌نوسه‌ ژنه‌كان بپارێزێت كه‌ زۆربه‌یان ناوی خۆیان ئاشكراناكه‌ن له‌ ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ك بكوژرێن، له‌به‌ر هیچ تاوانێكیش نا جگه‌ له‌ ووتنی ڕاستی نه‌بێت."



ئه‌توانن له‌ ڕێگه‌ی ماڵپه‌ڕی (IWPR)ه‌وه‌ كۆمه‌ك بكه‌ن به‌ سنوقه‌كه‌.
Iraqi Kurdistan, Iraq
Frontline Updates
Support local journalists