كه‌رتی فڕۆكه‌وانیی مه‌ده‌نیی عێراق ئاماده‌یه بۆ ده‌ستپێكێكی نوێ؟
كه‌رتی فڕۆكه‌وانیی مه‌ده‌نیی عێراق دوای ده‌یان ساڵ له داڕمان خه‌ریكه خێرا ده‌بووژێته‌وه، به‌ڵام رووبه‌ڕووی ژماره‌یه‌ك كێشه بۆته‌وه.
كه‌رتی فڕۆكه‌وانیی مه‌ده‌نیی عێراق ئاماده‌یه بۆ ده‌ستپێكێكی نوێ؟
كه‌رتی فڕۆكه‌وانیی مه‌ده‌نیی عێراق دوای ده‌یان ساڵ له داڕمان خه‌ریكه خێرا ده‌بووژێته‌وه، به‌ڵام رووبه‌ڕووی ژماره‌یه‌ك كێشه بۆته‌وه.
محه‌مه‌د فوڕات – عێراق
ICRی ژماره ٣٣٦، ١٢-٥-٢٠١٠
به ئۆتۆمبیله به‌رز و رهونهقهكهی ستافۆرد كلاری به خێرایی ٢٠٠ كیلۆمه‌تر له كاتژمێرێكدا به راڕه‌وی نیشتنه‌وه‌ی نوێترین فڕۆكه‌خانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ره‌ت بووین و ساتێكی ئێجگار سه‌رنجڕاكێش بوو.
ستافۆڕد كلاری هاوڵاتییه‌كی ئه‌مریكییه و به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێری نوێیه كه به شێوازی به‌ریتانی دروستكراوه و ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری تێچووه و نوێترین ئامێر له‌خۆ ده‌گرێت و توانای پێشوازیكردنی له چوار ملیۆن گه‌شتیار هه‌یه له ساڵێكدا و درێژیی راڕه‌وی نیشتنه‌وه‌ی ده‌گاته ٤.٩ كیلۆمه‌تر و پێنجه‌م درێژترین راڕه‌وی نیشتنه‌وه‌یه له جیهاندا.
دروستكردنی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێری نوێ چوار ساڵی خایاندووه و له ١٠ی حوزه‌یراندا ده‌كرێته‌وه و ئه‌و ساته‌ش نوێترین په‌ره‌سه‌ندن ده‌بێت له كه‌رتی فڕۆكه‌وانیی مه‌ده‌نیی عێراق كه هه‌ندێ كه‌س پێیان وایه بۆ ده‌سپێكێكی نوێ ساز و ئاماده‌یه.
به‌ڵام كه‌رتی فڕۆكه‌وانیی عێراق رووبه‌ڕووی ژماره‌یه‌ك كێشه بۆته‌وه، هه‌ر له مه‌ترسیی خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه له لایه‌ن یاخیبووانه‌وه تا ده‌ستتێوه‌ردانی سیاسی و ناوخۆیی و داوایه‌كی یاسایی كه ٢٠ ساڵ له‌مه‌به‌ر دژی هێڵی ئاسمانیی عێراقی تۆمار كراوه.
زیادبوونی ژماره‌ی گه‌شته ئاسمانییه‌كان له ده‌ره‌وه بۆ عێراق و به پێچه‌وانه‌شه‌وه پاڵپشتیێكه بۆ ئابووریی عێراق كه خه‌ریكه ده‌بووژێته‌وه.
دوای شاڵاوه‌كه‌ی عێراق بۆ سه‌ر كوێت له ساڵی ١٩٩٠، چه‌ندین كێشه‌ی ئه‌منی رووی له فڕۆكه بازرگانییه‌كانی عێراق كرد و ژێرخانیان تووشی داڕمان هات و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش له چوارچێوه‌ی "هه‌رێمی دژه فڕین" كۆمهڵێكسنوور و سزای به‌سه‌ر ئه‌و كه‌رته‌دا سه‌پاند و ئه‌و ره‌وشه‌ش بۆ زیاتر له ده ساڵ درێژه‌ی كێشا.
به‌ڵام له‌م چه‌ند مانگه‌ی دواییدا كۆمپانیاكانی هێڵی ئاسمانی به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر گه‌شته‌كانی خۆیان بۆ عێراق و به پێچه‌وانه‌وه‌ش زیادكردووه و هێڵه ئاسمانییه‌كانی ناوچه‌كه و ئه‌وڕوپا هه‌وڵده‌ده‌ن خێرا جێگای خۆیان له‌نێو ئه‌م بازاڕه گه‌رمه‌دا بكه‌نه‌وه.
دوای ٢٠ ساڵ له دابڕان، گه‌شته ئاسمانییه‌كانی نێوان به‌غدا و له‌نده‌ن له‌ڕێی سویده‌وه له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا ده‌ستی پێكرده‌وه، به‌ڵام داوایه‌كی یاسایی كه پارێزه‌رانی هێڵی ئاسمانیی كوێت تۆماریان كردووه و تیایدا داوای ١.٢ ملیار دۆلار ده‌كه‌ن وه‌ك قه‌ره‌بوویه‌ك له‌به‌رامبه‌ر شاڵاوه‌كه‌ی عێراق بۆ سه‌ر كوێت هه‌ڕه‌شه له‌و گه‌شتانه ده‌كات.
حه‌سن شه‌عبان، راڤهكارێكی یاسایی و سیاسییه له به‌غدا، وتی، "ئه‌م بابه‌ته به‌راستی گه‌یشتۆته قۆناغێكی مه‌ترسیدار. ئه‌گه‌ر هیچ رێكه‌وتنێك له‌نێوان عێراقییه‌كان و كوێتییه‌كان نه‌كرێت، ئه‌و كاته پێویسته كۆمكاری عه‌ره‌بی و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بێنه ناو باسه‌كه‌وه. ئه‌م كه‌یسه نابێ به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام بێ، ئه‌گه‌ر نا له داهاتوودا زیانێكی زۆر به كه‌رتی فڕۆكه‌وانیی عێراق ده‌گه‌یه‌نێت كه خه‌ریكه ده‌بووژێته‌وه".
تا ئێستا ئه‌م داوایه نه‌بۆته به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م لایه‌نه‌كانی تری فڕۆكه‌وانیی عێراق. لوفتهانزا، كه كۆمپانیایه‌كی فڕۆكه‌وانیی ئه‌ڵمانییه، ده‌ستی به گه‌شتی ئاسایی كردووه له نێوان فرانكفۆرت و هه‌ولێر و راشیگه‌یاندووه كه تا هاوینی ئه‌مساڵ گه‌شته‌كانی خۆی بۆ به‌غداش ده‌ستپێ ده‌كاته‌وه. كۆمپانیای ئیتیحادی ئیماڕاتی عه‌ره‌بیی یه‌كگرتوو ده‌ستی به گه‌شته‌كانی خۆی كردۆته‌وه و هه‌فتانه پێنج گه‌شت له ئه‌بو زه‌بییه‌وه به‌ره‌و به‌غدا ئه‌نجام ده‌دات.
عه‌دنان بلێبل، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ده‌سه‌ڵاتی فرۆكه‌وانیی مه‌ده‌نیی عێراق، وتی، "ساڵ و نیوێك به‌ر له ئێستا ته‌نها شه‌ش كۆمپانیای فڕۆكه‌وانی له عێراقدا كاریان ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا ٢٦ كۆمپانیای فڕۆكه‌وانیی عه‌ره‌بی و نێوده‌وڵه‌تی كار ده‌كه‌ن. جگه له‌مه‌ش، ئێستا ده‌توانین پێشوازی له فڕۆكه‌ی فیشكهداری پێشكه‌وتوو و فڕۆكه‌ی بارهه‌ڵگر بكه‌ین. ئه‌مانه هه‌نگاون به‌ره‌و گۆڕانی كه‌رتی فڕۆكه‌وانی له عێراق".
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، شاره‌زایان به گومانن له‌وه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندی له به‌غدا ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ بدات به فڕۆكه‌خانه هه‌رێمییه گه‌وره‌كان، بۆ نموونه فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێری نوێ.
حه‌سه‌ن شه‌عبان وتی، "كاروباری سیاسیی ناوخۆی عێراق كاریگه‌رییه‌كی فراوانی به‌سه‌ر كه‌رتی فڕۆكهوانییهوه ده‌بێت چونكه ئه‌و كه‌رته رۆڵی خۆی هه‌یه له به‌ره‌وپێشبردنی وڵات و به‌شێكی گرنگیش ده‌بێت له ئابووریی عێراق. به‌رپرسانی به‌غدا به‌وردی چاودێری ئه‌و كه‌رته ده‌كه‌ن".
فازڵ بدێری، راڤهكارێكی بازرگانییه و سه‌رۆكی فدراسیۆنی ژووره بازرگانییه‌كانی عێراقه، وتی، "دروستكردنی فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی گه‌وره دوور له كۆنتڕۆڵ و چاودێریی حكومه‌تی ناوه‌ندی له‌وانه‌یه چه‌ند ده‌رئه‌نجامێكی خراپی لێ بكه‌وێته‌وه".
بدێری وتی، "نه‌چوونی هیچ داهاتێك بۆ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌وانه‌یه ده‌رگا بۆ پارێزگاكان واڵا بكات تا له‌گه‌ڵ كۆمپانیای زه‌به‌لاحی نێوده‌وڵه‌تی رێكه‌وتن بكه‌ن و ده‌ست به چه‌نده‌ها پڕۆژه‌ی هاوبه‌ش بكه‌ن كه سوودیان بۆ به‌غدا نابێت. له‌وانه‌یه ئه‌و كۆمپانیا بیانیانه زیاتر ده‌ستیان به‌سه‌ر پڕۆژه‌كاندا بڕوات و له‌كۆتاییشدا كۆنتڕۆڵی سه‌رچاوه‌كانی ده‌وڵه‌ت بكه‌ن. ئه‌مه پێشینه‌یه‌كی مه‌ترسیدار ده‌بێت".
هێڵی ئاسمانیی عێراقی، كه سه‌ر به حكومه‌ته و یه‌كێكه له كۆنترین كۆمپانیاكانی فڕین له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، پێشه‌نگی بووژانه‌وه‌ی كه‌رتی فڕۆكه‌وانییه له عێراق. ئه‌و هێڵه، كه له ساڵی ١٩٤٥ دامه‌زراوه، له ساڵی ١٩٩١ به‌دواوه بۆی نه‌بوو هیچ گه‌شتێك ئه‌نجام بدات، به‌ڵام له ساڵی ٢٠٠٤ گه‌شتێكی نێوده‌وڵه‌تی به‌ره‌و عه‌ممان ئه‌نجام دا و ده‌ستی به كاره‌كانی كرده‌وه.
ئه‌و هێڵه ده‌ڵێت گه‌شتی ئاسمانی بۆ ١٥ شار له ١٤ وڵات ئه‌نجام ده‌دات و ١٢ فڕۆكه‌ی هه‌یه و داوای ٤٧ فڕۆكه‌ی تریشی كردووه تا بیانكڕێت.
عه‌دنان بلێبل ده‌ڵێت حكومه‌ت به هاوكاریی چه‌ند ئاژانسێكی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ستی به پلانێكی ده ساڵی كردووه تا زیاتر كه‌رتی فڕۆكه‌وانی له عێراقدا به‌ره‌وپێش ببات.
ئه‌و وتی، "ئه‌و پلانه زیادبوونی ژماره‌ی گه‌شتیارانی له‌به‌رچاوگرتووه، به‌راده‌یه‌ك كه چاوه‌ڕوانده‌كرێت بگاته یه‌ك ملیۆن كه‌س. ژماره‌ی ئێستای گه‌شتیاران ٥٠٠،٠٠٠ كه‌سه. له‌داهاتوودا ژماره‌ی گه‌شته ئاسمانییه‌كان له رۆژێكدا ده‌گاته ٤٠٠ گه‌شت".
هه‌ر یه‌كه له حكومه‌تی عێراقی و ئه‌و هێڵه ئاسمانیانه‌ی تازه گه‌ڕاونه‌ته‌وه ئه‌و وڵاته فراوانبوونی ئاڵوگۆڕی كلتووری و پێشكه‌وتنی ئابوورییان له‌چوارچێوه‌ی ئه‌گه‌ری فراوانبوونی گه‌شته ئاسمانییه‌كان فه‌رامۆش نه‌كردووه.
یوئاخیم شتاینباخ، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆشیاری و خزمه‌تگوزاریی كۆمپانیای لوفتهانزا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وتی، "بڕیارمان داوه له هه‌ندێك بازاڕی گه‌شه‌سه‌ندوودا سه‌رمایه به‌گه‌ڕ بخه‌ین و ئه‌م هه‌رێمه‌ش یه‌كێكه له‌وان. له‌كاتێكدا گه‌شه‌ی ئابووریی هه‌ولێر گڕوتینی زیاتر به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت، هێڵی ئاسمانی گرنگه بۆ خێراكردنی ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه و به‌ره‌وپێشچوونی هه‌رێمه‌كه و له كۆتاییشدا بۆ خۆشگوزه‌رانیی زیاتر".
نوری عوسمان، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێی وایه فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێری نوێ كاریگه‌رییه‌كی زۆری به‌سه‌ر بووژانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و كه‌رتی فڕۆكه‌وانی له عێراقدا ده‌بێت.
نوری عوسمان وتی، "هه‌رێمی كوردستان، كه هیچ رێگایه‌كی ده‌ریایی نییه، زۆر پێویستی به فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیی گه‌وره هه‌بوو. فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێری نوێ رۆڵێكی گه‌وره‌ی ده‌بێت له عێراق و رۆڵێكی گرنگیشی ده‌بێت له هه‌رێمی كوردستان".
هه‌ر چه‌نده هه‌رێمی كوردستان به ناوچه‌یه‌كی تا راده‌یه‌ك ئارام داده‌نرێت، به‌ڵام ته‌واوی عێراق به ئه‌ندازه‌ی ئه‌و هه‌رێمه ئارام نییه.
تۆفیق یاسری، پێشتر به‌رپرسێكی باڵای سه‌ربازی بووه و ئێستا خانه‌نشینه و راوێژكاری وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراقه له بواری تیرۆریزمدا، وتی، "كرانه‌وه‌ی عێراق به‌ڕووی ناوچه‌كه و وڵاتانی جیهان و به پێچه‌وانه‌شه‌وه له رێگای ئاسمانییه‌وه به‌ره‌نگارییه‌كی گه‌وره ده‌بێت له‌به‌رده‌م هێزه ئه‌منییه‌كان چونكه ئه‌و تاكتیكانه‌ی گروپه توندڕه‌وه‌كان به‌كاری ده‌هێنن به ئه‌ندازه‌ی شێوازه ئه‌منییه‌كان ده‌گۆڕێن. هه‌موو كه‌سێك ده‌زانێت تیرۆرستان فڕۆكه‌خانه‌كان ده‌كه‌نه ئامانج، بۆیه ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه له‌گه‌ڵ زیادبوونی ژماره‌ی گه‌شته ئاسمانییه‌كان و گه‌شتیاره‌كان له عێراقدا زیاد ده‌كات."
یاسری وتی، "له مه‌سه‌له‌ی تیرۆرستان و گروپه تاوانكارهكاندا، ئه‌و شته‌ی زیاتر مایه‌ی نیگه‌رانییه ئه‌وه‌یه ده‌سته كارگێڕییه‌كانی ناوخۆ ئه‌زموونیان نییه له به‌ڕێوه‌بردنی فڕۆكه‌خانه. ئه‌و گروپانه ته‌كتیكی ئاڵۆز و پێشكه‌وتوو به‌كارده‌هێنن كه ته‌نانه‌ت له‌و وڵاتانه‌ش كه پێشكه‌وتوون و پێشه‌نگن له ته‌كتیكه ئه‌منی و هه‌واڵگرییه‌كان سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه. هه‌ر وه‌ك وه‌تم، ئه‌و هه‌ڕه‌شانه له‌گه‌ڵ كرانه‌وه‌ی عێراق به‌ڕووی گه‌شتی ئاسمانیی زیاتر و هاتووچۆی ئاسمانی دوو هێنده زیاد ده‌كه‌ن".
یاسری زیاتر وتی، "له زۆربه‌ی وڵاتان، ئه‌و هێرشانه‌ی گروپه توندڕه‌وه‌كان ئه‌نجامیان ده‌ده‌ن زیاتر له‌دژی ئامانجه وشكانییه‌كان، نه‌ك ئاسمانییه‌كان، جێبه‌جێ ده‌كرێن چونكه بڕینی رێگا وشكانییه‌كان ئاسانتره له بڕینی رێوشوێنه ئه‌منییه‌كان له فڕۆكه‌خانه‌كاندا. به‌ڵام له عێراقدا ئه‌مه به‌ته‌واوی جیاوازه. عێراق به‌گشتی به ره‌وشێكی خراپ‌دا ده‌ڕوات له‌ڕووی ئه‌منییه‌وه و گه‌نده‌ڵیی دارایی و كارگێڕی له زۆربه‌ی فه‌رمانگه‌كان و وه‌زاره‌ته‌كان و كۆمپانیاكاندا هه‌یه، به فڕۆكهخانهكانیشهوه. ده‌كرێت گروپه تیرۆرستییه‌كان ئه‌وانه‌ی كه پاره‌ی ته‌واویان هه‌یه له‌ڕێی دانی به‌رتیله‌وه سوود له‌و گه‌نده‌ڵییه وه‌ربگرن".
ستافۆرد كلاری، به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر، وتی فڕۆكه‌خانه‌ی ناوبراو كه پێشتر فڕگه‌یه‌كی سه‌ربازی بووه و له ١٩٧٠كاندا دروستكراوه، دوو شتی هه‌یه كه كۆمپانیا ئاسمانییه‌كان ناتوانن پشتگوێ‌یان بخه‌ن: ئه‌منییه‌تێكی به‌هێز و سووته‌مه‌نی.
ستافۆرد كلاری وتی، "نرخی سووته‌مه‌نی لای ئێمه یه‌كێكه له هه‌رزانترین نرخه‌كان له سه‌رتاسه‌ری جیهان چونكه ئێره عێراقه: نرخی ده‌رهێنانی نه‌وتی خاو هه‌رزانه و باشترین جۆریشه له جیهان".
ستافۆرد كلاری وتی ده‌سه‌ڵاتدارانی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر هه‌وڵده‌ده‌ن نرخی یه‌ك لیتر به‌نزین بۆ ٥٠ سه‌نت كه‌م بكه‌نه‌وه تا هێڵی ئاسمانیی زیاتر رابكێشن. به گوێره‌ی یه‌كێتیی گواستنه‌وه‌ی ئاسمانیی نێوده‌وڵه‌تی نرخی یه‌ك لیتر به‌تێكڕا له جیهاندا ٨٠ سه‌نته.
نوری عوسمان وتی حكومه‌تی هه‌رێم به بڕی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێری نوێی دروستكردووه و له‌و بڕه‌شدا ٦٠ ملیۆن له لایه‌نه ئه‌منییه‌كانیدا سه‌رفكراوه و له‌ڕووی ئه‌منیشه‌وه حكومه‌تی هه‌رێم به‌ته‌واوی سه‌رپه‌رشتی فڕۆكه‌خانه‌كه ده‌كات.
هه‌روه‌ها حكومه‌تی هه‌رێم سه‌رپه‌رشتی داهاتی ئه‌و فڕۆكهخانهیهش ده‌كات.
نوری عوسمان وتی، "حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستی به‌و پڕۆژه‌یه كرد و ته‌واوی كرد و بودجهیهكیشی بۆ ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌یه ته‌رخانكردووه. ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانیی مه‌ده‌نی له حكومه‌تی ناوه‌ندی له به‌غدا یارمه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌دات له سه‌رپه‌رشتیكردنی فڕۆكه‌خانه‌كه، به‌ڵام سه‌ر به ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت".
نوری عوسمان زیاتر وتی، "قازانجی ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌یه ناچێت بۆ حكومه‌تی ناوه‌ندی له به‌غدا. حكومه‌تی به‌غدا به‌شداری نه‌كردووه له دروستكردنی فڕۆكه‌خانه‌كه و دابینكردنی بودجه بۆی، له‌به‌ر ئه‌وه داهاتی فڕۆكه‌خانه‌كه به ته‌نها بۆ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت".
هێشتا دیار نییه ئاخۆ به‌غدا رازی ده‌بێت له پڕۆژه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی و پڕ خێروبێری وه‌ك فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر بێ به‌ش بكرێت یان نا. مانگی رابردوو، فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌فی نێوده‌وڵه‌تی كه سه‌ر به كه‌رتی تایبه‌ته و داهاته‌كه‌ی خه‌ریكه ورده‌ورده زیاد ده‌كات ماوه‌یه‌ك له لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه داخرا و ده‌سه‌ڵاتدارانی نه‌جه‌فیش ئه‌و كاره‌یان به ده‌ستتێوه‌ردانی سیاسی ناوبرد، به‌ڵام به‌غدا ئه‌و تۆمه‌ته‌ی ره‌تكرده‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه، فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێری نوێ "ئاماده‌یه" ڕۆڵی خۆی له به‌ره‌وپێشبردنی كه‌رتی فڕۆكه‌وانیی عێراق فراوان بكات.
ستافۆرد كلاری وتی، "ئێمه به‌ته‌واوی خۆمان ئاماده كردووه. ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین هێڵی ئاسمانیی زیاتر به لای خۆماندا رابكێشین و ژماره‌ی گه‌شته‌كان زیاد بكه‌ین و گه‌شتی فڕۆكه‌وانی له‌گه‌ڵ شاری تر ئه‌نجام بده‌ین".
محه‌مه‌د فوڕات موحه‌ریری ناوخۆیی IWPRه له هه‌ولێر. هۆگر حه‌سه‌ن، موحهریرێكی ناوخۆیی تری IWPRه له هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ شۆڕش خالید، رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه له سلێمانی، به‌شدارییان له نووسینی ئه‌و راپۆرته كردووه. عه‌لی كه‌ریم له به‌غداوه به‌شداربووه له نووسینی ئه‌م راپۆرته.