په‌رله‌مانتارانی عێراق ره‌خنه‌ ئاڕاسته‌ی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن

به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، له‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر راستگۆیی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

په‌رله‌مانتارانی عێراق ره‌خنه‌ ئاڕاسته‌ی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن

به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، له‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر راستگۆیی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

IWPR

Institute for War & Peace Reporting
Friday, 18 December, 2009
.



ئه‌م تۆمه‌تانه‌ له‌ دانیشتنێكی به‌م دواییه‌ی په‌رله‌مانی عێراق كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان خراونه‌ته‌ڕوو و ترسناكترین به‌ره‌نگارین تووشی راستگۆیی كۆمیسیۆن‌ هاتوون له‌وه‌ته‌ی له‌ ٢٠٠٧ دامه‌زراوه‌.



ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی ره‌خنه‌ی توندیان له‌ ئه‌دای كۆمیسیۆن گرتووه‌ ده‌یانه‌وێ چاكسازی له‌و ده‌زگایه‌دا بكرێت و سه‌رپه‌رشتی كاره‌كانی بكرێت. هه‌ندێ په‌رله‌مانتار له‌م هه‌فته‌یه‌دا داوایان له‌ په‌رله‌مان كرد متمانه‌ له‌ كۆمیسه‌رانی كۆمیسیۆن بسه‌نێته‌وه‌.



به‌ڵام هه‌ندێ لێكۆڵه‌ره‌وه‌ و سه‌ركرده‌ی سیاسی ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ كۆمیسیۆن ئه‌نجام نه‌درێت چونكه‌ ره‌نگه‌ به‌رپرسانی كۆمیسیۆنی باڵا ناچار بكات ده‌ست له‌كاربكێشنه‌وه‌ و پشێوی له‌نێو كۆمیسیۆندا دروست بكات و له‌ كۆتاییشدا دواخستنی هه‌ڵبژاردنی لێبكه‌وێته‌وه‌.



"ئه‌گه‌ر كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌ما، هیچ چاره‌یه‌ك یان به‌دیلێكی تر نییه‌ جگه‌ له‌ دروستكردنی بۆردێكی نوێی كۆمیسیه‌ران، كه‌ ئه‌مه‌ش كاتی ده‌وێ،" هۆگر چه‌تۆ، گوته‌بێژی تۆڕی شه‌مس كه‌ ده‌زگایه‌كی سه‌ربه‌خۆیه‌ و چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌كات، وتی. "ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ مایه‌ی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان."



هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر به‌رپرسانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا نیگه‌رانی خۆیان ده‌ربڕی سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی داهاتوو له‌ كانوونی دووه‌مدا له‌به‌ر گیرخواردنی په‌رله‌مانی عێراق به‌هۆی یاسای نوێی هه‌ڵبژاردن و ئه‌و پێشنیارانه‌ی بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی له‌ كۆمیسیۆنی باڵا تۆزێك به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌خرێنه‌ڕوو. چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌م هه‌فته‌یه‌دا په‌رله‌مان ده‌نگ له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردن بدات.



هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی داهاتوو به‌ قۆناغێكی گرنگ داده‌نرێت بۆ ئارامیی عێراق و پڕۆسه‌ی دیموكراسی له‌و وڵاته‌.



له‌ كاتی لێكۆڵینه‌وه‌كانی په‌رله‌مان له كاروباری كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كۆمیسیۆنیان تۆمه‌تباركرد به‌ خراپ به‌كارهێنانی بودجه‌ی وڵات و ده‌ركردنی چه‌ند بڕیارێك كه‌ به‌ گوته‌ی ئه‌وان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی عێراق بووه‌.



به‌رپرسانی كۆمیسیۆن تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی ره‌فتاری نابه‌جێیان ره‌تكردۆته‌وه‌، له‌وانه‌ش ئه‌و تۆمه‌ته‌ی‌ كه‌ گوایه‌ به‌رپرسی كۆمیسیۆن فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری كه‌ پێشتر به‌رپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌ به‌رتیلی له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان مه‌سعود بارزانی وه‌رگرتووه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ مانگی ته‌مووزی رابردوو به‌ڕێوه‌چوون.



هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ئه‌وه‌شیان وت كه‌ كۆمیسه‌ران پاره‌ی كۆمیسیۆنیان به‌كارهێناوه‌ بۆ كڕینی ئۆتۆمبێڵی شه‌خسی و كه‌ل و په‌لی ناو ماڵ. حه‌یده‌ری به‌ IWPRی وت گشت كه‌ل و په‌له‌كان له‌ لایه‌ن كۆمیسیۆنه‌وه‌ كڕاون و هه‌ر هی ئه‌ویشن.



"ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ خاوه‌ندارێتیی ئۆتۆمبێڵ و تۆمه‌ته‌كانی تریش راست نین،" حه‌یده‌ری وتی. "هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی مه‌لموسیان نییه‌."



حه‌یده‌ری وتی كۆمیسیۆن به‌ته‌مایه‌ سكاڵا له‌دژی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق جه‌مال به‌تیخ كه‌ تۆمه‌تی به‌رتیل وه‌رگرتنه‌كه‌ی خسته‌ڕوو و رۆژنامه‌ی هاوڵاتی تۆمار بكات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌ته‌ی "به‌بێ خستنه‌ڕووی هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك" بڵاو كردۆته‌وه‌.



نوری عوسمان، به‌رپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستانه و گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمیشه‌، به‌ IWPRی راگه‌یاند تۆمه‌تی به‌رتیل كه‌ له‌دژی بارزانی خرایه‌ڕوو "نادادپه‌ر‌وه‌رانه‌" و "به‌ ته‌واوی بێ بنه‌ما" بوو.



نووسینگه‌ی بارزانی ده‌ستبه‌جێ وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كانی نه‌دایه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی لێدوانێك له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، فوئاد حوسێن، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی كه‌ به‌م دواییانه‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت سازی كردووه‌ ره‌تیكردۆته‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان هیچ به‌رتیلێكی دابێت به‌ كۆمیسیۆنی باڵا به‌ر له‌ یان دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ هاوینی ئه‌مساڵدا.



سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش، كۆمیسه‌رانی كۆمیسیۆن له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراقیش كه‌ له‌ شوباتی ئه‌مساڵ ئه‌نجام درا رووبه‌ڕووی لێكۆڵینه‌وه‌ بوونه‌ته‌وه‌، به‌شێ له‌ هۆكاره‌كه‌ش بڕیارێكی كۆمیسیۆنه‌ كه‌ هه‌ڵساوه‌ به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی داواكاریی حزبه‌ دۆڕاوه‌كان بۆ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان و ئه‌و جیاوازییانه‌ی له‌نێوان ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان و كۆتاییه‌كاندا هه‌بووه‌. ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ زیاتر له‌ ٨٠،٠٠٠ ده‌نگ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ به‌غدا هه‌ژمار نه‌كراون و نیگه‌ر‌انیش بوون به‌وه‌ی مه‌ره‌كه‌بی سه‌ر په‌نجه‌ی ده‌نگده‌ران به‌ئاسانی لێچووه‌.



تۆزێك دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق و هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان، چه‌ند حزبێك نیگه‌رانیی له‌م جۆره‌یان سه‌باره‌ت به‌ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ربڕی. كۆمیسه‌ران ره‌تیان كردۆته‌وه‌ هیچ كارێكی هه‌ڵه‌یان ئه‌نجام دابێت و كۆمیسیۆن باڵا و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی و چاودێرانی سه‌ربه‌خۆش رایانگه‌یاندووه‌‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و هاوپه‌یمانیانه‌وه‌ دروستكراون كه‌ به‌ ئه‌نجامه‌ كۆتاییه‌كان خۆشحاڵ نه‌بوون.



له‌ كاتێكدا زۆرێك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ره‌خنه‌ له‌ ئه‌دای كۆمیسیۆن ده‌گرن، هه‌ندێ كه‌س پێیان وایه‌ ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی په‌رله‌مان له‌وانه‌یه‌ هۆكاری سیاسی له‌پشته‌وه‌ بێت تا كاریگه‌ری به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی داهاتووه‌وه‌ هه‌بێت.



خه‌ڵكانی گوماندار ده‌ڵێن ناوزڕاندنی كۆمیسیۆن ده‌كرێت یارمه‌تیده‌ر بێت له‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو یان پاڵێوراوان بخاته‌ پێگه‌یه‌كی باشتره‌وه‌ تا گومان له‌ ئه‌نجامه‌كان بكه‌ن. هه‌روه‌ها ده‌ڵێن ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی په‌رله‌مان كه‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ده‌ورووژێنن له‌وانه‌یه‌ وه‌ك پاڵپشتیكارانی شه‌فافییه‌ت و به‌رپرسیارێتی هه‌ڵمه‌ته‌كانیان به‌ڕێوه‌ ببه‌ن – ئه‌م دوو بابه‌ته‌ زۆر گرنگن به‌لای ده‌نگده‌رانی عێراقه‌وه‌ كه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی بێزارن.



سه‌باح ساعدی، سه‌رۆكی كۆمیته‌ی نه‌زاهه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق، به‌رگری له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ كرد و به‌ "مافێكی ده‌ستووری" ناوی برد كه‌ "له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێت به‌گوێره‌ی ئه‌ركه‌كانیان له‌ په‌رله‌ماندا،" و وتیشی "بۆ بنیاتنانی دیموكراسی پێویسته‌".



كه‌ریم یه‌عقوبی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانه‌ و سه‌ر به‌ حزبی فه‌زیله‌ی شیعه‌یه‌، پێشه‌نگی ئه‌و كه‌سانه‌ بووه‌ كه‌ داوایان كردووه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمیسیۆنی باڵا بكرێت له‌ مانگی نیساندا و له‌ مانگی ته‌مووزیشدا یاداشتێكی ئاماده‌كردووه‌ كه‌ ٥٠ په‌رله‌مانتار ئیمزایان كردووه‌ تا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمیسیۆندا بكرێت. له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق كه‌ له‌ كانوونی دووه‌م ئه‌نجام درا، حزبی فه‌زیڵه‌ زۆر به‌ قورسی شكستی هێنا و گۆڕه‌پانه‌كه‌ی بۆ هاوپه‌یمانییه‌ك به‌جێهێشت كه‌ حزبی ده‌عوه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نوری مالیكی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد.



یه‌عقوبی وتی كاتی لێكۆڵینه‌وه‌كه،‌ كه‌ ته‌نها سێ مانگ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانه‌، جێی گومانه‌ به‌ڵام به‌رگری له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ كرد و به‌ ره‌وای دانا.



یه‌عقوبی وتی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌، كه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنی میرییه‌وه‌ په‌خش كرا، "پیشانی ده‌دات پێشێلكاریی گه‌وره‌ له‌ كاروباری كۆمیسیۆندا هه‌یه‌".



یه‌عقوبی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ پێشڕه‌وی هه‌وڵێك ده‌كات بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ ئه‌ندامانی كۆمیسیۆن. پێشنیاره‌كانی تر پێكهاتوون له‌ پێكهێنانی كۆمیته‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مان تا چاودێری كاره‌كانی كۆمیسیۆن بكات و ناردنی كارمه‌ندانی بنكه‌كانی ده‌نگدان بۆ پارێزگاكانی تر، كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌ندێ كه‌س پێیان وایه‌ هه‌لی ئه‌نجامدانی ساخته‌كاری كه‌م ده‌كاته‌وه‌.



ئاد مێلكێرت، نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، هه‌فته‌ی رابردوو به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركرد و هۆشیاریدا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانی گۆڕانكاریی گه‌وره‌ له‌ كۆمیسیۆنی باڵا به‌ر له‌ هه‌ڵبژادنه‌كانی كانوونی دووه‌م و رایگه‌یاند چاكسازی له‌و ده‌زگایه‌دا "زۆر به‌خراپی ئاماده‌كارییه‌كانی ئێستای هه‌ڵبژاردن ده‌پچڕێنێت به‌ڕاده‌یه‌ك كه‌ مه‌حاڵه‌ هه‌ڵبژاردنی باوه‌ڕپێكراو ئه‌نجام بدرێت تا ماوه‌یه‌كی ته‌واو دوورتر".



مێلكێرت داوای له‌ په‌رله‌مانی عێراق كرد هه‌ڵسه‌نگاندنی كۆمیسیۆنی باڵا بۆ دوای هه‌ڵبژاردن دوابخات و راشیگه‌یاند به‌ یارمه‌تیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، "كۆمیسیۆن ده‌توانێت ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی باش له‌ كانوونی دووه‌می ٢٠١٠ به‌ده‌ست بهێنێت كه‌ له‌ لایه‌ن گشت كوتله‌ سیاسییه‌كان و ده‌نگده‌رانی عێراقه‌وه‌ په‌سه‌ند بكرێن".



حه‌مدیه‌ حوسێنی، یه‌كێكه‌ له‌ كۆمیسه‌رانی كۆمیسیۆنی باڵا، به‌ IWPRی راگه‌یاند كۆمیسیۆن له‌ سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ لێی نیگه‌ران نییه‌.



"ئاماده‌كارییه‌كانی كۆمیسیۆن بۆ هه‌ڵبژاردن به‌ته‌واوی ده‌ستیان پێ كردووه‌ و به‌رده‌وامن،" حه‌مدیه‌ له‌ لێدوانێكدا وتی.



فالیح حه‌سه‌ن په‌یامنێرێكی راهێنراوی IWPRه‌ له‌ به‌غدا. باسم شه‌رع، رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه‌، له‌ به‌غداوه‌ به‌شداری له‌ نووسینی ئه‌م راپۆرته‌ كردووه‌.
Iraqi Kurdistan, Iraq
Frontline Updates
Support local journalists