جموجۆڵی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستاندا گه‌رم و گوڕ ده‌بێت

پێشبڕكێ له‌سه‌ر كورسییه‌كانی په‌رله‌مان تونده‌و زۆر كه‌سیش پێیان وایه‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ئه‌وپه‌ڕی كێبه‌ڕكی به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت.

جموجۆڵی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستاندا گه‌رم و گوڕ ده‌بێت

پێشبڕكێ له‌سه‌ر كورسییه‌كانی په‌رله‌مان تونده‌و زۆر كه‌سیش پێیان وایه‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ئه‌وپه‌ڕی كێبه‌ڕكی به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت.

IWPR

Institute for War & Peace Reporting
Tuesday, 23 June, 2009
.



٢٤ حزب و هاوپه‌یمانێتی، كه‌ ژماره‌یه‌كی پێوانه‌ییه‌، پێشبڕكێ له‌سه‌ر كورسییه‌كانی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق كه‌ بڕیاره‌ له‌ ٢٥ی ته‌مموزدا ساز بكرێن و هه‌ر هه‌مان رۆژیش سه‌رۆكی هه‌رێم دیاری ده‌كرێت. پێنج پاڵێوراو خۆیان بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پاڵاوتووه‌.



شیكارزانان و سیاسه‌تمه‌داران پێشبینی ده‌كه‌ن هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان زۆر توندبێت، به‌تایبه‌تی له‌ سلێمانی كه‌ گه‌وره‌ترینی سێ پارێزگاكه‌ی كوردستانه‌و تیایدا كێبه‌ڕكێكارێكی سه‌ربه‌خۆ به‌ره‌نگاری له‌به‌رده‌م باڵاده‌ستیی دوو حزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كوردستان دروست كردووه‌.



پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، كه‌ سێ ده‌یه‌یه‌ زاڵن به‌سه‌ر كاروباری سیاسیی كوردستاندا، له‌ لایه‌ن زۆر كه‌سه‌وه‌ به‌ داكۆكیكاران و پاڵه‌وانانی كورده‌كان و ئه‌زمووندارترین سه‌ركرده‌كانی كوردستان داده‌نرێن. كه‌سانێكی تر ده‌ڵێن ئه‌و دوو حزبه‌ مایه‌ی نائومێدین بۆ خه‌ڵك كه‌ گله‌یی له‌ گه‌نده‌ڵیی به‌رفراوان و كه‌می خزمه‌تگوزاری و خزم خزمێنه‌ له‌نێوان لایه‌نگرانی حزبه‌كاندا ده‌كه‌ن.



هێشتا هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی له‌ كوردستانی عێراقدا رانه‌گه‌یه‌نراوه‌، به‌ڵام له‌ شه‌قامه‌كانداو له‌ چایخانه‌كان و له‌ ماڵه‌كانی سلێمانیدا خه‌ڵك به‌ په‌رۆشه‌وه‌ باس له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو ده‌كه‌ن. میدیا حزبییه‌كان ئه‌م جۆش و خرۆشه‌ هانده‌ده‌ن له‌ڕیێ پاڵپشتیكردن له‌ پاڵێوراوانی خۆیان و ره‌خنه‌گرتن له‌ به‌رامبه‌ره‌كانیان.



پارتی و یه‌كێتی له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانێتییه‌كدا ١٠٤ كورسیان له‌ تێكڕای ١١١ كورسی په‌رله‌مان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كانی ٢٠٠٥ی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست هێنا. سیانزه‌ حزب و هاوپه‌یمانی له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌ پێشبڕكێدا بوون، ته‌نها سێیانیان كورسییه‌كانیان به‌ده‌ست هێنا.



ئارام جه‌مال، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یمانگای هه‌ڵبژاردن له‌ شاری سلێمانی وتی دیمه‌نی سیاسی ئێستای كوردستان ته‌واو جیایه‌.



"له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لیستی جیاوازو سه‌ربه‌‌خۆ هه‌یه‌، پێشبڕكێ بوونی هه‌یه‌" جه‌مال وتی. "خه‌ڵك جۆش و خرۆش گرتوونی."



تاهیر محه‌مه‌د ئه‌مین، سه‌رۆكی نووسینگه‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ سلێمانی، وتی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت خه‌ڵكانێكی زۆر به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا بكه‌ن.



"پێده‌چێت ده‌نگده‌ران كه‌ به‌په‌رۆشن ناوی خۆیان تۆمار بكه‌ن وه‌ڵامدانه‌وه‌‌یه‌كی زۆریان هه‌بێت" ئه‌مین وتی.



سلێمانی سه‌نگه‌ری یه‌كێتییه‌و تیایدا سیاسه‌تی زاڵی كه‌سایه‌تی به‌ڕوونی هه‌ستی پێ ده‌كرێت. وێنه‌ی سكرتێری گشتیی یه‌كێتی و سه‌رۆك كۆماری عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی فراوان پاڵپشتی لێ ده‌كرێت تا دووباره‌ هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌، له‌ دووكانه‌كان و به‌سه‌ر باڵه‌خانه‌كاندا هه‌ڵواسراون.



وێنه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فاش، كه‌ پاڵێوراوێكی ركابه‌ره‌و سه‌ركرده‌یه‌كی پێشووی یه‌كێتی بووه‌و ئێستا كۆمپانیایه‌كی میدیایی به‌هێزی هه‌یه‌، به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر بڵاو كراوه‌ته‌وه‌‌.



مسته‌فا، كه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی به‌ده‌وری یه‌ك بیرۆكه‌دا به‌ناوی گۆڕان چڕكردۆته‌وه‌، به‌ به‌ره‌نگارییه‌كی سه‌ره‌كی داده‌نرێت له به‌رامبه‌ر هاوپه‌یمانێتیی یه‌كێتی و پارتی كه‌ خۆی له‌ چوارچێوه‌ی لیستی كوردستانی ده‌بینیتێه‌وه‌. مسته‌فا له‌پشته‌وه‌ی هه‌وڵێكی سه‌رنه‌كه‌وتووی چاكسازی بووه‌ له‌ناو یه‌كێتیدا و لیستی خۆی رایگه‌یاند دوای ئه‌وه‌ی له‌ ناكۆكییه‌كدا له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی حزبه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو.



تاڵه‌بانی له‌ ٢٠٠٦دا سه‌رمایه‌ی دامه‌زراندنی كۆمپانیای ووشه‌ى دابین كردووه‌. ئه‌و كۆمپانیایه‌، كه‌ له‌ كه‌ناڵێكى ته‌له‌فزیۆنی و رۆژنامه‌یه‌ك و ماڵپه‌ڕ و راديۆيه‌ك پێك هاتووه‌، ئێستا سه‌ربه‌خۆیه‌و زۆر ره‌خنه‌ له‌ سه‌ركرده‌كانی هه‌رێمه‌كه‌ ده‌گرێت.



لیسته‌كانی هه‌ڵبژاردن رێگایان پێدراوه‌ ته‌نها له‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا بانگه‌شه‌ بۆخۆیان بكه‌ن و هێشتا واده‌ی ئه‌مه‌ش دیاری نه‌كراوه‌. به‌ڵام سیاسه‌تمه‌داران ئێستا په‌یامی خۆیان ده‌گه‌یه‌نن له‌ڕێی سازكردنی دیدار له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا به‌شێوه‌یه‌كی ناڕه‌سمی، له‌وانه‌ش له‌ڕێی بڵاوكراوه‌ی راگه‌یاندنی حزبی كه‌ پاڵپشتی له‌ پاڵێوراوانی خۆیان ده‌كه‌ن و راپۆرتی ره‌خنه‌ئامێز‌ له‌سه‌ر به‌رامبه‌ره‌كانیان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌.



ئه‌و پاڵێوراوانه‌ی چاوه‌ڕوانی دۆڕانیان لێ ده‌كرێت پێده‌چێت به‌هۆی پێشبڕكێكه‌وه‌ جۆش و خرۆش دایانی گرتبێت. پێش‌ لیسته‌كه‌ی مسته‌فا، حزبی ئۆپۆزسیۆنی سه‌ره‌كی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان بووه‌ كه‌ پارتێكی ئیسلامیی میانڕه‌وه‌و نه‌یتوانیه‌وه‌ ده‌نگده‌ره‌ عه‌لمانییه‌كان به‌لای خۆیدا رابكێشێت.



یه‌كگرتوو چۆته‌ پاڵ حزبێكی تری ئیسلامی میانڕه‌و و دوو حزبی عه‌لمانی و هاوپه‌یمانێتییه‌كان پێكهێناوه‌ كه‌ پاڵپشتی له‌ به‌رنامه‌یه‌كی ریفۆرمخواز ده‌كات.



"ئاستی هۆشیاریی سیاسی له‌نێو خه‌ڵكدا به‌رزه‌" سه‌ڵاحه‌دین بابه‌كر، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كگرتوو، وتی. "خه‌ڵك چاوه‌ڕێی گۆڕان و چاكسازی ده‌كه‌ن."



لیستی كوردستانی كه‌ ئێستا ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ هێشتا كارنامه‌ی خۆی رانه‌گه‌یاندووه‌ به‌ڵام خه‌ریكه‌ له‌ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی خۆیدا تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر سه‌ركه‌وتوویی سه‌ركرده‌كانی و حكومه‌ته‌كه‌ی. یه‌كێك له‌ هه‌واڵه‌كانی هه‌ڵساوه‌ به‌ نیشاندانی چه‌ند شه‌قامێكی تازه‌ قیڕكراوو نه‌خۆشخانه‌یه‌ك له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ كه ‌له‌ هێرشێكی كیمیایی رژێمی سه‌دام حوسێن له‌ ١٩٨٨دا خاپوور كرا. ره‌خنه‌گرانی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌رده‌وام هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك نموونه‌یه‌ك بۆ پشتگوێخستنی هاوڵاتیان له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌‌ ده‌هێننه‌وه‌.



بڵاوكراوه‌كانی راگه‌یاندنی یه‌كێتی باس له‌ كۆبوونه‌وه‌ حزبییه‌كان ده‌كه‌ن و تیایاندا به‌رپرسان به‌ڵێنی خزمه‌تگوزاریی باشتر و چاكسازیی دیموكراتی ده‌ده‌ن. ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌ پاڵپشیتكارێكی زۆر به‌لای خۆیانه‌وه‌ كێش ده‌كه‌ن، وه‌ك هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی وه‌ك سه‌رۆك هۆزه‌كان و هونه‌رمه‌ندان.



لافیته‌ حزبییه‌كان، ئه‌وانه‌ی به‌بۆنه‌ی ٣٤ه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتییه‌وه‌ له‌ ١/٦دا هه‌ڵواسراون و هێشتا به‌سه‌ر باڵه‌خانه‌كانه‌وه‌ ماونه‌ته‌وه‌ بابه‌تی وه‌هایان قۆستۆته‌وه‌ كه‌ زرنگانه‌وه‌ی زۆرێك له‌ ده‌نگده‌ران بوون له‌ رابردوودا، وه‌ك خه‌باتی چه‌كداریی یه‌كێتی له‌پێناو كوردا و به‌ڵێنه‌كانی بۆ پاراستنی كورد له‌ مه‌ترسییه‌كان.



عه‌زیز شه‌وكه‌وت، كه‌ به‌رپرسێكی یه‌كتێییه‌، وتی لیسته‌كه‌ی نه‌وشیروان "مونافه‌سه‌كه‌ی توندتر كردووه‌و توندریش ده‌بێت". "ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت خه‌ڵك دووباره‌ ئێمه‌ هه‌ڵبژێرنه‌وه‌ له‌به‌ر مێژووی خه‌باتمان و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ ئێمه‌ به‌ده‌ستمان هێناوه‌. ده‌بێت ئێمه‌ بۆ نه‌وشیروانی بسه‌لمێنین كه‌ خه‌ڵك ئێمه‌ی ده‌وێت."



له‌هه‌مان كاتدا، هه‌وادارانی نه‌وشیروان و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن داوای گۆڕان ده‌كه‌ن و تیشك ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی كه‌ به‌ كه‌م و كوڕییه‌كانی حكومه‌ت ناوی ده‌به‌ن، له‌هه‌مووشیان زه‌قتر كه‌می خزمه‌تگوزارییه‌كان و گه‌نده‌ڵین.



په‌یامی ریفۆرم جۆش و خرۆش ئه‌دات به‌ ده‌نگده‌ره‌ ناڕازییه‌كان. گه‌نجان، هاوشان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی یه‌كێتیان به‌جێهێشتووه‌، به‌ ده‌نگده‌رانی سه‌ره‌كیی لیسته‌كه‌ی مسته‌فا داده‌نرێن.



گۆرانیبێژانیش چه‌ند گۆرانییه‌كان چڕیوه‌و هانی ده‌نگده‌ران ده‌ده‌ن تا پاڵپشتی له‌ مسته‌فا بكه‌ن و وه‌ك پاڵه‌وان و تاكه‌ هیوای هێنانه‌كایه‌وه‌ی چاكسازی ده‌ریانخستووه‌. شه‌وانه‌ش به‌هێمنی به‌سه‌ر باڵه‌خانه‌كانه‌وه‌ به‌ بۆیه‌ چه‌ندین دروشم بۆ پاڵپشتیكردن له‌ مسته‌فا ده‌نوسرێن.



محه‌مه‌د نوری تۆفیق، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمپانیا ووشه‌، وتی لیسته‌كه‌ی نه‌وشیروان گه‌نجان‌ به‌لای خۆیه‌وه‌ راده‌كێشێت "كه‌ گۆڕانكاریان ده‌وێت و له‌پێناویدا كار ده‌كه‌ن".



سه‌ره‌ڕای شوێنكه‌وتووه‌ هاوسۆزه‌كانی مسته‌فا، شیكارزانان پێیان وایه‌ لیسته‌كه‌ی كه‌متر له‌ ٢٠ له‌سه‌دای كورسییه‌كانی په‌رله‌مان به‌ده‌ست ده‌هێنێت. بارزان ئه‌حمه‌د كورده‌، كه‌ به‌رپرسێكی باڵای یه‌كێتییه‌، پێشبینی وابوو نه‌وشیروان ته‌نها پێنج كورسی به‌ده‌ست ده‌هێنێت.



سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش، ئه‌و گه‌مه‌ سیاسییه‌ی كه‌ له‌ ناكۆكییه‌ نێوخۆییه‌كانی یه‌كێتییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ هێشتا هێور نه‌بۆته‌وه‌.



كۆمپانیاكه‌ی مسته‌فا به‌رده‌وام راپۆرت له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ندامه‌ حزبیانه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ یه‌كێتی ده‌كراون به‌هۆی پاڵپشتیكردنیان له‌ ده‌سته‌ جوداخوازه‌كه‌ی مسته‌فا.



شوان قلیاسانی، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای ووشه‌، به‌ IWPRی راگه‌یاند ٣٠،٠٠٠ ئه‌ندام له‌ شاری سلێمانی ده‌ركراون له‌سه‌ر پاڵپتشیكردن له‌ نه‌وشیروان. كورده‌ ئه‌م ژماره‌یه‌ی به‌ "خه‌یاڵی" ناو برد. هه‌وادارانی مسته‌فا ده‌ڵێن هه‌ندێ له‌ لایه‌نگرانیان مه‌ترسی ئه‌وه‌یان لێ ده‌كرێت كه‌ له‌سه‌ر كاروباری حكومیدا ده‌ربكرێن.



كورده‌ وتی زیاتر له‌ ٢٠٠ به‌رپرسی حزبی ده‌ركروان به‌ڵام هه‌ندێكیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ناو یه‌كێتییه‌وه‌.



كورده‌ وتی، "ئه‌گه‌ر ئێمه‌ تیمێكی تۆپی پێ بین، نابێت یه‌كێك له‌ یاریزانه‌كانمان گۆڵ له‌خۆمان بكاته‌وه‌. ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌ركراون له‌ دژی په‌یڕه‌وی یه‌كێتی كاریان كردووه‌" به‌هۆی پاڵپشیكردنیان له‌ لیستێكی تره‌وه‌.



هه‌روه‌ها ره‌خنه‌گران كاردانه‌وه‌یه‌كی توندیان هه‌بوو كاتێك تاڵه‌بانی له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی یه‌كێتیدا به‌م دواییانه‌ داوای له‌ هه‌زاران ئه‌ندام كرد كه‌ پاڵپشتی له‌ بارزانی بكه‌ن. ره‌خنه‌گران رایانگه‌یاندووه‌ ئه‌م وتاره‌ ده‌چێته‌ قاڵبی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و یاساكانی هه‌ڵبژاردنی پێشێل كردووه‌.



كورده‌ وتی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی قسه‌كانی ئاراسته‌ی لایه‌نگرانی یه‌كێتی كردووه‌ نه‌ك جه‌ماوه‌ر، بۆیه‌ یاساكانی هه‌ڵبژاردنی پێشێل نه‌كردووه‌.



ئه‌مین له‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ وتی كۆمسیۆن خه‌ریكه‌ له‌ ده‌نگۆی پێشێلكارییه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌كۆڵێته‌وه‌. "ده‌توانم بێڵم یاسا شكێنراوه‌و هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنیش به‌ر له‌ واده‌ی رێگاپێدانیان ئه‌نجام دروان،" ئه‌مین وتی.



ئه‌مین ره‌تی كرده‌وه‌ ورده‌كاری بدركێنێت چونكه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامن.



رێباز محه‌مه‌د رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه‌ له‌ سلێمانی.
Iraqi Kurdistan
Frontline Updates
Support local journalists