كه‌مینه‌كان له‌ خوێندندا زه‌ره‌رده‌كه‌ن

ده‌سه‌ڵاتدارانی مه‌ركه‌زی به‌وه‌ تاوانبارده‌كرێن كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ پشتگیری له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن بكه‌ن به‌ زمانی غه‌یری عه‌ره‌بی له شاری كه‌ركودا.

كه‌مینه‌كان له‌ خوێندندا زه‌ره‌رده‌كه‌ن

ده‌سه‌ڵاتدارانی مه‌ركه‌زی به‌وه‌ تاوانبارده‌كرێن كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ پشتگیری له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن بكه‌ن به‌ زمانی غه‌یری عه‌ره‌بی له شاری كه‌ركودا.

Thursday, 30 August, 2007
.



چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر به‌خه‌یاڵی كه‌سدا نه‌ده‌هات که‌ که‌سێکی وه‌ک تارا به‌ده‌م ڕێوه به‌ زمانی‌ كوردی ‌گۆرانی بڵێت. له‌ سه‌رده‌مانی حوكمی سه‌دامدا، ته‌نها زمانێك كه‌ له‌ قوتابخانه‌كانی عێراقدا ده‌ووترایه‌وه‌ و به‌كارده‌هێنرا زمانی عه‌ره‌بی بوو، بێجگه‌ له‌ ناوچه‌ی كوردستانی ئۆتۆنۆمی، كه‌ كه‌ركوكی زێدی تارای لێدابڕابوو.



هه‌زاره‌ها مناڵی وه‌كو تارا له‌ قسه‌كردن و فێربوون به‌ زمانی دایكیان بێبه‌شكرابوون،ئیتر ئه‌و زمانه‌ چ كوردی یان توركمانی یان ئاشووری بووبێت.



وه‌كو به‌شێك له‌ هه‌وڵی حیزبی به‌عس بۆ له‌ناوبردنی فرڕه‌نگی نه‌ژادی له‌ عێراقدا، زمانه‌كانی غه‌یری عه‌ره‌بی تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ قوتابخانه و زانكۆ و میدیا و شوێنه‌ گشتیه‌كان قه‌ده‌غه‌كرابوون.



بۆ نمونه‌، له‌ كه‌ركوك – كه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كوردی گه‌وره‌ و چه‌ند گروپێكی تری كه‌مینه‌ی وه‌كو توركمان و ئاشوری لێیه‌ - قوتابخانه‌كان ته‌نها یه‌ك وانه‌ی كوردیان هه‌یه‌، ئه‌و وانه‌یه‌ش دوای چواره‌می ئاماده‌یی ده‌خوێنن.



له‌ ساڵی ١٩٧٤دا حكومه‌تی عێراقی ڕازیبوو به‌ كردنه‌وه‌ی چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كی توركمانی، به‌ڵام هه‌ر دوای ساڵێك له‌ به‌ڵێنه‌كه‌ی پاشگه‌زبووه‌وه‌.



دوای ڕووخانی رژێم له‌ ساڵی ٢٠٠٣ دا، كه‌مایه‌تیه‌كان مافی ده‌ستوریان پێدرا كه‌ به‌ زمانی دایكیان بخوێنن.



زه‌رووره‌تێكی زۆر گرنگ بوو هاوشێوه‌كانی تارا له‌ قوتابخانه‌ی كوردی بخوێنن. تارا به‌ درێژایی ته‌مه‌نی تا گه‌وره‌ بوو له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ كوردی قسه‌یده‌كرد. به‌ڵام كاتێك ده‌ستیكرد به‌ خوێندن له‌ ته‌مه‌نی ٦ ساڵیدا، هه‌موو وانه‌كان به‌ عه‌ره‌بی بوون و له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌شدا یه‌كه‌م ساڵ ده‌رنه‌چوو.



تارا ئه‌وه‌ی وه‌بیرهاته‌وه، "مامۆستاكه‌م هه‌میشه‌ ته‌ریقیده‌كردمه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌مده‌توانی به‌باشی به‌ عه‌ره‌بی قسه‌بكه‌م."



ئێستا هه‌ندێك له‌ وانه‌كان له‌ قوتابخانه‌كه‌یدا به‌ كوردی ده‌ووترێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌رده‌وامبونی له‌ خوێندندا بۆ تارا ئاسانتركردووه‌.



دوای رووخانی رژێم، پارێزگاكانی عێراق ده‌سه‌ڵاتیان پێدرا بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری په‌روه‌رده‌یی ناوخۆیی خۆیان، به‌ پشتگیریی حكومه‌تی مه‌ركه‌زی. به‌ڵام لێپرسراوانی كورد ده‌ڵێن حكومه‌تی مه‌ركه‌زی پشتگیریه‌كی كه‌می بۆ دابینكردون له‌ رووی خوێندنه‌وه‌ به‌ زمانی كوردی.



یوسف سه‌عید، لێپرسراوی خوێندنی كوردی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، وه‌زاه‌رتی په‌روه‌رده‌ تاوانبارده‌كات به‌ پشتگوێخستنی مافێكی ده‌ستوری گرنگی غه‌یره‌ عه‌ره‌به‌كان.



هه‌روه‌ها وتی، "ئه‌و وه‌زاه‌ره‌ته‌ كه‌لوپه‌ل و پێداویستی په‌روه‌رده‌ و فێركردن و كادری فێركردن بۆ قوتابخانه‌ و به‌شه‌ كوردیه‌كان دابین ناكات."



داواكاری له‌سه‌ر خوێندن به‌ زمانی غه‌یری عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك زۆره‌. له‌ ساڵی ٢٠٠٧ دا، ٣٠٥ قوتابخانه‌ به‌ كوردی خوێندوویانه‌ و ١٤٨ به‌ توركمانی و چواریش به‌ ئاشووری، له‌ كاتێكدا ٧٠٠ قوتابخانه‌ ته‌نها به‌ عه‌ره‌بی خوێندوویانه‌.



یوسف ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد كه‌ تا ئێستا هه‌موو قوتابخانه‌ كوردیه‌كان له‌ كه‌ركوك وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان فه‌ندیان ده‌كات. ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ ٤،٥ ملیار دیناری عێراقی بۆ قوتابخانه نوێیه‌كان ته‌رخانكردووه‌ و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كانیشی دابینده‌كات كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ری ٦٠٠٠ فه‌رمانبه‌ره‌.



قوتابخانه‌ توركمانیه‌كانیش، هه‌روه‌كو قوتابخانه‌ كوردیه‌كان، به‌ده‌ست هه‌مان ئه‌و كه‌موكوڕیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن. فاروق فواد عه‌بدولره‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی توركمان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ چه‌ند گرنگه‌ بۆ قوتابیانی توركمان به‌ زمانه‌كه‌ی خۆیان بخوێنن، به‌ڵام ئه‌ویش سكاڵایكرد له‌ ده‌ست نه‌بونی پشتگیریی له‌ حكومه‌تی مه‌ركه‌زیه‌وه‌.



هه‌روه‌ها وتی كتێبه‌كانی مه‌نهه‌ج و كه‌لوپه‌لی تری په‌روه‌رده‌ و فێركردن كه‌ قوتابخانه‌ توركمانه‌كان به‌كاریده‌هێنن له‌لایه‌ن توركمانه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده کۆمه‌کبه‌خشه‌‌كانه‌وه‌ دابینده‌كرێت.



فه‌وزیه‌ عه‌ونی سه‌رۆكی خوێندنی ئاشوری له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، پێیوایه‌ خوێندن به‌ زمانی دایك هۆكارێكی گرنگه‌ بۆ "زیندووكردنه‌وه‌ی كه‌له‌پور....ی نه‌ته‌وه‌ جۆراوجۆره‌كانی كه‌ركوك."



به‌ڵام هه‌موو قوتابیانی گروپه‌ كه‌مایه‌تیه‌كان خوێندنیان به‌ زمانی دایكیان پێخۆش نیه‌. هه‌ندێكیان حه‌زده‌كه‌ن بچنه‌ ئه‌و قوتابخانانه‌ی به‌ زمانی عه‌ره‌بی ئه‌خوێنن چونكه‌ زۆر له‌ زانكۆكانی ناوچه‌كه‌ ته‌نها به‌ عه‌ره‌بی ئه‌خوێنن.



عه‌لی تالیب، مامۆستای زمانی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك، وتی ئه‌گه‌رچی خوێندن به‌ زمانی دایك مافێكی ره‌وایه‌، به‌ڵام زمانی عه‌ره‌بی وه‌كو زمانی بنه‌ڕه‌تی په‌روه‌رده‌ و فێركردن و رۆشنبیری ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.



له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌و قوتابیانه‌ی ئێستا له‌و قوتابخانانه‌ ئه‌خوێنن كه‌ به‌ زمانی غه‌یره‌ عه‌ره‌بی خوێندنی تێدا به‌ڕێوه‌ئه‌چێت، لانیكه‌م هه‌فته‌ی دوو وانه‌ی عه‌ره‌بی ئه‌خوێنن.



عه‌لی پێیوایه‌، بارودۆخی خوێندنی باڵا ئه‌گۆڕێت، پاش ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ زانكۆكان له‌ داهاتوودا به‌شی كوردی و توركمانیان لێده‌كرێته‌وه‌.



به‌ڵام له‌ ئێستادا خه‌می ئه‌وه‌ زۆره‌ كه‌ خوێندنی غه‌یره‌ عه‌ره‌بی چه‌ند بێدارایی و بێكه‌لوپه‌له له‌ ناوچه‌ی كه‌ركوكدا، و لێپرسراوانی ناوخۆش به‌شێكی زۆری لێپرسراوێتیه‌كه‌ ئه‌خه‌نه‌‌ ئه‌ستۆی به‌غدا.



حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ موچه‌پێدان و راهێنانی مامۆستایانی كورد.



ئێستا نزیكه‌ی ٤٠٠ مامۆستای توركمان پێویسته‌ بۆ فێركردنی ٢٨ هه‌زار خوێندكاری توركمان، له‌ كاتێكدا نیوه‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌ مامۆستای توركمان هه‌یه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.



یه‌كێك له‌ هۆیه‌كانی بارگرژی نێوان كه‌ركوك و به‌غدا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌غدا ئه‌یه‌وێت مامۆستا له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ بچێت بۆ به‌غدا به‌ ته‌سیحكردنی ده‌فته‌ری تاقیكردنه‌وه‌ی زمانی كوردی قۆناغی كۆتایی، به‌ سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌. به‌ هۆی خراپی باری ئه‌منی پایته‌خته‌وه‌ مامۆستایانی كه‌ركوك نایانه‌وێت سه‌فه‌ر بكه‌ن بۆ به‌غدا – به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا سوورن له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌.



یوسف، به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی كوردی له‌ فه‌رمانگه‌ی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، متمانه‌ی به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا نیه‌ و ستراتیژێكی روون ده‌بینێت له‌ پشت وه‌ڵامی خاوخلیچكی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ بۆ داواكاریه‌كانی خۆیی و هاوه‌ڵه‌كانی. یوسف وتی، "خه‌ڵكانی سه‌ر به‌ رژێمی پێشوو دزه‌یانكردۆته‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌ و به‌رهه‌ڵستی ئه‌وانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئازادی و دیموكراسیان ده‌وێت له‌ عێراقی نوێی ئازاددا."



په‌یامنێری (IWPR) داوای له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ كرد وه‌ڵامی ئیدیعاكانی لێپرسراوانی كه‌ركوك بداته‌وه‌، به‌ڵام كه‌س نه‌بوو لێدوان بدات له‌و باره‌یه‌وه‌.



دكتۆر عه‌لا مه‌ككی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق و سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق وتی تا ئێستا ئه‌و لیژنه‌یه‌ هیچ سكاڵانامه‌یه‌كی له‌ لێپرسراوانی په‌روه‌رده‌یی كورد یان توركمان یان ئاشووری كه‌ركوكه‌وه‌ به‌ده‌ستنه‌گه‌یشتووه‌.



مه‌ككی ئه‌وه‌شی وت كه ئێستا مه‌سه‌له‌ی‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن به‌ زمانی غه‌یره‌ عه‌ره‌بی له‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیدا گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت و پێویسته‌ لێپرسراوانی كه‌ركوكیش بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و لیژنه‌یه‌، "بۆ ئه‌وه‌ی بزانین حكومه‌ت ده‌ربه‌ست دێت یان نا."



سه‌ماح سه‌مه‌د راهێنراوێكی ئینستیتۆی رۆژنامه‌وانی جه‌نگ و ئاشتی (IWPR)ه‌ له‌ كه‌ركوك. هه‌روه‌ها حازم ئه‌لشه‌رع كه‌ ئه‌ویش راهێنراوێكی تری (IWPR)ه‌ به‌شداریكردووه‌ له‌م راپۆرته‌دا.
Frontline Updates
Support local journalists