كورد تینوون بۆ فێربونی‌ ئینگلیزی

په‌یمانگا تایبه‌ته‌كانی فێربونی زمان له‌ زۆربوندان به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی لاوان زمانی ئینگلیزی وه‌كو پێداویستیه‌كی سه‌ره‌كی سه‌یرده‌كه‌ن بۆ ده‌ستكه‌وتنی فرسه‌تی كاری باشتر.

كورد تینوون بۆ فێربونی‌ ئینگلیزی

په‌یمانگا تایبه‌ته‌كانی فێربونی زمان له‌ زۆربوندان به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی لاوان زمانی ئینگلیزی وه‌كو پێداویستیه‌كی سه‌ره‌كی سه‌یرده‌كه‌ن بۆ ده‌ستكه‌وتنی فرسه‌تی كاری باشتر.

Wednesday, 7 November, 2007
.



هونه‌ر، ١٧، وتی ئه‌یه‌وێت ئه‌وه‌نده‌ فێری ئینگلیزی ببێت تا بتوانێت له‌ زانكۆی ئه‌مریكی-عێراقی وه‌ربگیرێت – كه‌ سێیه‌م دامه‌زراوه‌ی خوێندنی باڵای ئه‌مریكیه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا- و ئه‌مساڵ ده‌رگای حوێندنی له‌ شاری سلێمانی هه‌رێمی كوردستان کرده‌وه‌.



هونه‌ر له‌ یه‌كێك له‌و سه‌نته‌رانه‌ی فێربونی زمانی ئینگلیزی له‌ كوردستانی عێراق كه‌ ژماره‌یان له‌ زیادبوندایه‌، خولی فێربونی ئه‌و زمانه‌ وه‌رده‌گرێت، و هه‌میشه‌ مه‌نهه‌جی (New Headway) پێیه‌‌ كه‌ مه‌نهه‌جێكی چاپكراوی زانكۆی ئۆكسفۆرده‌ و یارمه‌تیده‌دات توانای خۆی له‌ فێربوونی ووشهی‌ ئینگلیزی زیادبكات. خێزانه‌كه‌ی هونه‌ر تا ئێستا ٨٠٠ دۆلاریان بۆ خه‌رجكردووه‌ بۆ مه‌سره‌فی كۆرسی وانه‌ی ئینگلیزی و کتێب و سی دی.



هونه‌ر وتی، "هه‌موو ژیانم بوه‌ به‌ گوێگرتن له‌ فیلم و گۆرانی و به‌رنامه‌ی ئینگلیزی‌، ساڵێك ده‌بێت هیچ سیدیه‌کی گۆرانی كوردیم نه‌کڕیوه‌."



پاش ده‌یان ساڵ له‌ دابڕان، لاوانی كورد به‌په‌رۆشن بۆ فێربونی به‌ربڵاوترین زمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ باشتركردنی پاشه‌ڕۆژی پیشه‌یی و فرسه‌تی ئیشیان.



سه‌نته‌ره‌ تایبه‌ته‌كانی فێربونی زمان له‌ كاتی رووخانی سه‌دام حسه‌ینی سه‌رۆكی پێشووی عێراقه‌وه له‌‌ ساڵی ٢٠٠٣ دا، گه‌شه‌یه‌كی به‌رچاویان له‌ سلێمانی به‌خۆیانه‌وه‌ بینیوه، ئه‌و سه‌دام حسه‌ینه‌ی بۆ ده‌یان ساڵ كوردی چه‌وسانده‌وه‌ و په‌راوێزی خستن.



حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بره‌ویداوه‌ به‌ زمانی ئینگلیزی و ساڵی پار رێنمایی ده‌ركرد بۆ خوێندنگاكان كه‌ له‌ پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تاییه‌وه‌ زمانی ئینگلیزی بخوێنرێت - واته‌ چوار قۆناغی خوێندن پێشتر له‌ رابردوو، چونكه‌ پێشتر له‌ قۆناغی پێنجه‌می سه‌ره‌تاییه‌وه‌ وانه‌ی زمانی ئینگلیزی ده‌ووترایه‌وه‌.



ئه‌وه‌ی داواكاری له‌سه‌ر فێركردنی زمانی ئینگلیزی زياتركردووه‌ بێئومێدبوونی خوێندكارانه‌ له‌ شێوازه‌كانی وانه‌ووتنه‌وه‌ له‌ قوتابخانه‌ كوردیه‌كاندا.



ئێستا حه‌وت سه‌نته‌ری تایبه‌تی فێربونی زمان له‌ سلێمانی هه‌ن، له‌ كاتێكدا له‌ ساڵی ١٩٩٩ دا ته‌نها یه‌ك سه‌نته‌ری له‌و شێوه‌یه‌ هه‌بوو، مه‌نهه‌جه‌كان و مامۆستاكانی ئه‌و قوتابخانه‌ تایبه‌تانه‌ پێشكه‌وتووتر سه‌یرده‌كرێن له‌ قوتابخانه‌كانی حكومه‌ت و رێكخراوه‌ ناحکومییه‌کان كه‌ ئه‌وانیش زمانی ئینگلیزی ده‌ڵێنه‌وه‌.



حسێن مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی سلێمانی وتی، "نه‌وعیه‌تی {ووتنه‌وه‌ی ئینگلیزی} هۆكاری فێرنه‌بوونی خوێندكاره‌كانمانه‌ بۆ ئینگلیزی، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌ی ٢٠ ساڵیش بیخوێنن."



له‌ وانه‌كانی ئینگلیزیدا له‌ قوتابخانه‌ كوردیه‌كاندا، خوێندكاران فێری شاره‌زایی خوێندنه‌وه‌ ده‌كرێن، به‌ڵام هان نادرێن بۆ فێربونی قسه‌كردن و نوسین. سه‌نته‌ره‌ تایبه‌ته‌كان، كه‌ كه‌لوپه‌ل و سه‌رچاوه‌ی زۆر زیاتریان له‌ به‌رده‌ستدایه‌ له‌ قوتابخانه‌كانی ده‌وڵه‌ت و به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی قورسایی ده‌خه‌نه‌ سه‌ر مه‌شقی گوێگرتن و قسه‌كردن. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وانه‌ی ئینگلیزی له‌ دامه‌زراوه‌ گشتیه‌كانی خوێندندا زۆربه‌ی جار هه‌ر به‌ كوردی ده‌ووترێته‌وه‌، به‌ڵام سه‌نته‌ره‌ تایبه‌ته‌كان به‌ ئینگلیزی ده‌خوێنن.



دابان محه‌ممه‌د، ١٨، قوتابی له‌ په‌یمانگای نۆبڵ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌نته‌ره‌ تایبه‌ته‌ نوێیه‌كانی زمان، كۆرسێكی سه‌ره‌تایی له‌م هاوینه‌دا له‌و سه‌نته‌ره‌ ته‌واوكردووه. دابان وتی، "بۆ ماوه‌ی ٨ ساڵ ئینگلیزم له‌ قوتابخانه‌ خوێندووه‌، به‌ڵام به‌قه‌ده‌ر ئه‌م دوو مانگه‌ی ئه‌م كۆرسه‌ ئینگلیزی فێرنه‌بوم."



ئه‌م جۆره‌ دامه‌زراوانه‌ له‌ باشوری ووڵاتدا نیه‌، به‌ڵام لێره‌ له‌ زۆربوندان، له‌به‌رئه‌وه‌ی كوردی عێراق تادێت زیاتر درك به‌ گرنگی زمان ده‌كه‌ن له‌و رۆڵه‌دا كه‌ ده‌یبینێت له‌ بازرگانی جیهانیدا. به‌هرۆز محه‌مه‌د، كه‌ كاروباری مۆڵه‌ت پێدانی ئه‌و سه‌نته‌ره‌ تایبه‌تانه‌ ده‌بات به‌ڕێوه‌ له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وتی، "ئینگلیزی بۆته‌ پێویستیه‌كی رۆژانه‌."



ئه‌و كۆرسانه‌ی له‌و په‌یمانگه‌ نوێیانه‌ ده‌ووترێنه‌وه‌ هه‌رزان نین – جار هه‌یه‌ تێچوونیان ده‌گاته‌ ١٠٠٠ دۆلار – به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، داواكاری له‌سه‌ریان زۆره.



په‌یمانگای په‌ره‌پێدانی زمانی ئینگلیزی كه‌ گه‌وره‌ترین سه‌نته‌ری زمانه‌ له‌ شاره‌كه‌دا، ئه‌م هاوینه‌ ٨٠٠ خوێندكاری ناونوسكردووه‌ - له‌ ٨٠٪ یان ته‌مه‌نیان خوار ١٨ ساڵ بووه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ خه‌ڵك زۆر روویان تێده‌كات، به‌ڵام رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ خوێندكاران وازی لێده‌هێنن، چونكه‌ خوێندكاره‌كان كه‌ ده‌گه‌نه‌ به‌شی رێزمانی ئینگلیزی له‌ كۆرسه‌كاندا، وازده‌هێنن.



عه‌ره‌بی و كوردی دوو زمانی ره‌سمین له‌ عێراقدا، به‌ڵام قوتابیانی كورد ته‌نها له‌ پۆلی چواره‌مه‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ خوێندنی عه‌ره‌بی. زۆرێك له‌ كورد – و زۆربه‌ی لاوانی كورد- له‌ عه‌ره‌بی تێده‌گه‌ن به فه‌زڵی میدیای عێراق و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌، به‌ڵام ناتوانن به‌باشی قسه‌ی پێبكه‌ن یان پێی بنوسن و حه‌زێكی كه‌میشیان هه‌یه‌ بۆ فێربونی. نیشانه‌كانی سه‌ر رێگاوبان زۆر له‌ بیناكانی حكومه‌ت به‌ كوردی و ئینگلیزی لێیان نوسراوه‌، نه‌وه‌ك به‌ عه‌ره‌بی.



حسێن مسته‌فا وتی، "مه‌سه‌له‌ی فێربونی عه‌ره‌بیمان به‌جێهێشتووه‌ بۆ خه‌ڵك که‌ خۆی فێربێت، له‌ رێگه‌ی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریه‌وه‌."



هه‌روه‌ها ووتیشی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی فێربونی عه‌ره‌بی قورستره‌ له‌ فێربونی ئینگلیزی. زۆرجار خوێندكاران سكاڵای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ رێزمانی عه‌ره‌بی ئاڵۆزه‌ و خوێندنی ئه‌و ده‌قه‌ عه‌ره‌بیانه‌ی سه‌دان ساڵ له‌مه‌وپێش نوسراون بێسووده‌. خوێندكاران زمانی ئینگلیزی وه‌كو‌ زمانێكی زۆر عه‌مه‌لیتر سه‌یرده‌كه‌ن، به‌و پێیه‌ی كوردستانی عێراق تادێت به‌و ئاراسته‌یه‌ ده‌ڕوات كه‌ خه‌ریكه‌ ببێته‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ، وادیاره‌ عه‌ره‌بی ئه‌و گرنگیه‌ی نامێنێت.



حسێن مسته‌فا وتی، "عه‌ره‌بیمان پشتگوێ نه‌خستووه‌، به‌ڵام گرنگیه‌كی زیاتر به‌ ئینگلیزی ده‌ده‌ین."



به‌رهه‌م عومه‌ر راهێنراوێكی (IWPR) ه‌ له‌ سلێمانی.
Frontline Updates
Support local journalists