سه‌ركرده‌ كورده‌كان قه‌ده‌غه‌كردنی فره‌ژنی تاوتوێده‌كه‌ن

یاسای پێشنیاركراوی قه‌ده‌غه‌كردنی فره‌ژنی جارێكی تر ئه‌و دیبه‌یته‌ درێژخایه‌نه‌ ده‌ووروژێنێته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا فره‌ژنی ئه‌زیه‌تی ژنان ده‌دات یان یارمه‌تیان ده‌دات.

سه‌ركرده‌ كورده‌كان قه‌ده‌غه‌كردنی فره‌ژنی تاوتوێده‌كه‌ن

یاسای پێشنیاركراوی قه‌ده‌غه‌كردنی فره‌ژنی جارێكی تر ئه‌و دیبه‌یته‌ درێژخایه‌نه‌ ده‌ووروژێنێته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا فره‌ژنی ئه‌زیه‌تی ژنان ده‌دات یان یارمه‌تیان ده‌دات.

.



به‌ پێی یاسای باری كه‌سێتی عێراقی، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌ یاساكانی ئایینی ئیسلامه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ و داتاشراوه‌، پیاو ده‌توانێت له‌ یه‌ك كاتدا هه‌تا چوار ژن بهێنێت.



یاسا پێشنیاركراوه‌كه‌ فره‌ژنی ده‌كاته‌ كارێكی نایاسایی له‌ كوردستانی عێراقدا و هه‌روه‌ها ئه‌و دیبه‌یته‌ درێژخایه‌نه‌ ده‌ووروژێنێته‌وه‌ له‌ ناو خه‌ڵكی كورددا كه‌ ئایا فره‌ژنی ئه‌زیه‌تی ژنان ده‌دات یان یارمه‌تیان ده‌دات و ئایا كۆتوبه‌ندی یاسایی كۆتایی به‌ فره‌ژنی ده‌هێنێت.



رِووناك فه‌ره‌ج، به‌رِێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری راگه‌یاندن و رِوناكبیری ژنان له‌ سلیمانی ووتی "فره‌ژنی بوه‌ته‌ به‌شێك له‌ كلتور." رِووناك فه‌ره‌ج یه‌كێكه‌ له‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ چاڵاككارانی ژنان و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان كه‌ پشتگیری قه‌ده‌غه‌كردنی فره‌ژنی ده‌كه‌ن، به‌ڵام رِووناك فه‌ره‌ج پێیوانیه‌ یاساكه‌ ئیشی خۆی ئه‌كات ئه‌گه‌ر هه‌ڵمه‌تێكی هوشیاركردنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌بێت.



فره‌ژنی نه‌ریتێكی ته‌قلیدیه‌ له‌ عێراقدا كه‌ زۆرێك له‌ پیاوانی ئایینی و سه‌ركرده‌كان و هاوڵاتیان، چ ژنان و چ پیاوان، پشتگیری لێده‌كه‌ن. له‌ هه‌مان كاتدا، سیاسه‌تمه‌دارانی تر و گروپه‌كانی تری ژنان بۆ چه‌ندین ساڵ دژی فره‌ژنی جه‌نگاون و ده‌ڵێن ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌و نه‌ریته‌ بكرێته‌ نه‌ریتێكی نایاسایی.



له‌ ساڵی 1994 ه‌وه‌ هه‌تا ساڵی 2005 كوردستانی عێراق دابه‌شبوبو به‌سه‌ر دوو ئیداره‌دا. له‌ سلێمانی، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی فه‌رمانرِه‌وا، فره‌ژنی قه‌ده‌غه‌كرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، زۆرێك له‌و خه‌ڵكانه‌ی ناوچه‌كه‌ كه‌ ده‌یانویست زیانر له‌ ژنێك بهێنن ده‌چوون له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستاندا ژنیان ده‌هێنا كه‌ حزبی ده‌سه‌ڵاتدار له‌وێ رِێگه‌ به‌ هێنانی زیاتر له‌ ژنێك ده‌دات.



هه‌ردوو ئیداره‌كه‌ له‌ ساڵی 2005 دا یه‌كیانگرته‌وه‌ و ئێستا خه‌ریكی رِه‌شنوسكردنی یاساگه‌لێكن كه‌ له‌ هه‌ر سێ پارێزگاكه‌ی كوردستانی عێراقدا پیاده‌بكرێت.



به‌پێی ئه‌و یاسا پێشنیاركراوه‌، ئه‌و پیاوانه‌ی زیاتر له‌ ژنێكیان هه‌یه‌ به‌ برِی 6000 دۆڵاری ئه‌مریكی غه‌رامه‌ده‌كرێن و بۆ ماوه‌ی 3بۆ 5 ساڵ زیندانیده‌كرێن، به‌ڵام ئه‌و ژنانه‌ی ده‌بنه‌ ژنی دووه‌م یان سێیه‌م یان چواره‌م به‌ برِی 3000 دۆڵار غه‌رامه‌ده‌كرێن. هه‌روه‌ها ئه‌و مه‌لایانه‌ی مۆڵه‌تی هێنانی زیاتر له‌ ژنێك ده‌ده‌ن، ئه‌وانیش سزاده‌درێن هه‌رچه‌نده‌ یاسادانه‌ران هێشتا سزاكانیان دژی ئه‌و مه‌لایانه‌ دیارینه‌كردووه‌ چی ده‌بێت.



هه‌روه‌ها ئه‌و یاسایه‌ هه‌مان مافی میراتی پیاو ده‌داته‌ ژنانیش و هه‌مان به‌هاش ده‌به‌خشێته‌ شایه‌تیدانی یاسایی ژنان. یاسای ئێستای عێراق په‌یرِه‌وی یاسای ئیسلام ده‌كات به‌وه‌ی به‌شێكی كه‌متر له‌ پیاو ده‌داته‌ ژن له‌ میراتیدا و شایه‌تی دوو ژن له‌ دادگادا به‌رامبه‌ر شایه‌تی یه‌ك پیاوه‌.



له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌م به‌نده‌ یاساییانه‌ مشتومرِی له‌ناو خه‌ڵكدا هێنده‌ی مشتومری گۆڕانی پێشنیاركراوی یاسای فره‌ژنی لێنه‌كه‌وتۆته‌وه‌.



ئارێز عه‌بدوڵای ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستانی سه‌ر به‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه‌ داكۆكی له‌ مافه‌كانی ژنان ده‌كات له‌ كوردستانی عێراقدا ووتی "پێموایه‌ پێویسته‌ فره‌ژنی به‌ته‌واوه‌تی قه‌ده‌غه‌بكرێت."



ئارێز ووتی "یاساكانی ئێستا له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ و پاراستنی ژناندا نایه‌ته‌وه‌."



به‌ڵام ئه‌وانه‌ی داكۆكی له‌ مافی فره‌ژنی ده‌كه‌ن به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ ده‌هێننه‌وه‌ كه‌ فره‌ژنی یارمه‌تی ئه‌و ژنانه‌ ده‌دات كه‌ بواری ئه‌وه‌یان نیه‌ پشتیوانی داراییان بۆ په‌یداببێت و سه‌ربه‌خۆ و ئازاد بن له‌ خێزانه‌كانی خۆیان. به‌ده‌گمه‌ ژنان به‌ ته‌نیا بژین له‌ عێراقدا و زۆرێك له‌و ژنانه‌ی له‌ ناوه‌ڕاستی سیه‌كانی ته‌مه‌نیاندان یان له‌وه‌ش به‌ته‌مه‌نترن ده‌ڵێن زه‌حمه‌ته‌ بتوانن پیاوێكی ڕه‌به‌ن بدۆزنه‌وه‌ شووی پێبكه‌ن.



شیلان عه‌لی خه‌ڵكی چه‌مچه‌ماڵ كه‌ كه‌وتوه‌ته‌ باشوری سلێمانیه‌وه‌، ده‌ڵێت ده‌یه‌وێت شوبكات به‌ڵام باوه‌ڕناكات مێردێكی ڕه‌به‌نی ده‌ستبكه‌وێت. ڕژێمی پێشووی عێراق برا گه‌وره‌كه‌ی شیلانی له‌ میانه‌ی شاڵاوی ئه‌نفالدا له‌ هه‌شتاكاندا ده‌ستگیركرد كه‌ تیایدا ده‌یان هه‌زار كورد بێسه‌روشوێنكران كه‌‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی عێراقه‌وه‌ ئه‌نجامدرا.



به‌پێی دابونه‌ریتی كوردی خوشك و برای گه‌وره‌ ده‌بێت له‌ پێش خوشك و برای بچوكه‌وه‌ شووبكه‌ن و ژن بهێنن، له‌به‌رئه‌وه‌ شیلان چاوه‌ڕێی براكه‌ی كرد بگه‌ڕێته‌وه‌ ئینجا شووبكات. به‌ڵام براكه‌ی هه‌رگیز نه‌گه‌ڕایه‌وه‌. پاش ڕووخانی ڕژێمه‌كه‌ی سه‌دام حسه‌ین له‌ ٢٠٠٣ دا چه‌ندین گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ دۆزرانه‌وه‌ كه‌ قوربانیانی ئه‌نفالی تێدابوو، دوای ئه‌وه‌ چه‌ندین خێزان دڵنیابوون له‌وه‌ی كه‌سوكاره‌كانیان نه‌ماوون و له‌و شاڵاوه‌دا كوژراون.



شیلان ووتی "له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئێمه‌دا خه‌ڵكی به‌ چاوێكی كه‌مه‌وه‌ سه‌یری ئافره‌تی قه‌یره‌ ئه‌كه‌ن، من ئاماده‌م شوو به‌ پیاوێك بكه‌م كه‌ ژنی تری هه‌بێت چونكه‌ نامه‌وێت چیتر گوێم له‌ قسه‌ی ناشیرینه‌وه‌‌ بێت. مافی ئه‌وه‌م هه‌یه‌ وه‌ك هه‌ر ئافره‌تێكی تر ببمه‌ دایك."



به قسه‌ی خه‌رامان محه‌ممه‌د كه‌ به‌رپرسێكی ڕاگه‌یاندنی یه‌كێتی خوشكانی ئیسلامی كوردستانه، ئه‌و یه‌كێتیه‌ی‌ به‌رهه‌ڵستی پرۆژه‌ی یاساكه‌ ده‌كات"ژنان یه‌كه‌م قوربانی قه‌ده‌غه‌كردنی ته‌واوه‌تی فره‌ژنی ده‌بن. ئێمه‌ پشتگیریی له‌ قه‌ده‌غه‌كردنی ته‌واوه‌تی فره‌ژنی ناكه‌ین. ئێمه‌ ئه‌مانه‌وێت ڕێسا و كۆتوبه‌ند فه‌رزبكه‌ین به‌سه‌ر چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانیدا."



خه‌رامان ووتی پێویسته‌ فره‌ژنی ڕێگه‌ی پێبدرێت له‌ سایه‌ی ئه‌و باروزروفه‌ پێشبینیپێنه‌كراوه‌ی دوای هاوسه‌رگیری ژن و مێرد ڕووده‌دات، بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر ژنه‌كه‌ تووشی نه‌خۆشیه‌كی موزمین بوو یان نه‌زۆك بوو و نه‌یتوانی مناڵی ببێت.



ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه‌ پشتگیریی له‌ قه‌ده‌غه‌كردنی فره‌ژنی ده‌كه‌ن پێ له‌وه‌ ده‌نێن كه‌ جێبه‌جێكردنی زه‌حمه‌ته‌ چونكه‌ یاسای عێراقی به‌رده‌وامده‌بێت له‌ ڕێگه‌پێدانی فره‌ژنی. به‌پێی یاسای عێراقی دادوه‌ر ده‌توانێت هاوسه‌رگیری فره‌ژنی په‌سه‌ند بكات ئه‌گه‌ر مێرده‌كه‌ نیشانیبدات كه‌ ده‌توانێت ژیانی ژنه‌كانی دابینبكات و هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ یاساییه‌. هه‌روه‌ها ده‌توانێت هاوسه‌رگیری فره‌ژنی ڕه‌تبكاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر زانی ژنه‌كان به‌یه‌كسانی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا‌ناكرێت.



خه‌لیل ئیبراهیمی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان ووتی ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر یاساكه‌ش ده‌ربكرێت، ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت زیاتر له‌ ژنێك بهێنن ئه‌توانن له‌ ده‌ره‌وه‌ی سێ پارێزگا كوردیه‌كه‌ زیاتر له‌ ژنێك بهێنن.



هه‌روه‌ها ووتی "ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م یاسایه‌ ده‌ریشبكرێت، ناچێته‌ قۆناغی جێبه‌جێكردنه‌وه‌."



خه‌لیل ئه‌ندامێكی حزبی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانه‌ كه‌ به‌رهه‌ڵستی قه‌ده‌غه‌كردنه‌كه‌ ده‌كات، به‌ڵام پشتگیری له‌ یاسایه‌ك ده‌كات كه‌ داوابكات‌ پێویسته‌ ژنان ڕه‌زامه‌ندی خۆیان ده‌رببڕن پێش ئه‌وه‌ی مێرده‌كانیان ژنی تر بهێنن.



كوێستان محه‌ممه‌د، سه‌رۆكی لیژنه‌ی داكۆكیكردن ‌له‌ مافه‌كانی ژنان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ووتی ئه‌و سزایانه‌ی له‌ ڕه‌شنوسی یاساكه‌دا پێشنیاركراوه‌ هێنده‌ سه‌ختن خه‌ڵك وا لێده‌كه‌ن بیر له‌ پشتگوێخستنی قه‌ده‌غه‌كردنه‌كه‌ نه‌كه‌نه‌وه‌.



"من دڵنیام یاساكه‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، هیچ پیاوێك ئاماده‌ نیه‌ سێ ساڵ بچێته‌ زیندانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ژنی دووه‌م بهێنێت."



نه‌جیبه‌ محه‌ممه‌د ڕۆژنامه‌نوسێكی ڕاهێنراوی (IWPR)ه‌ له‌ سلێمانی.
Iraqi Kurdistan, Iraq
Frontline Updates
Support local journalists