عێراق: تشرینی یه‌كه‌م و تشرینی دووه‌می ٢٠٠٩

به‌رپرسێكی باڵای هه‌رێمی كوردستان یارمه‌تی پێشكه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌ییه‌كی دێرین و هه‌ژار ده‌كات كه‌ ژیانی له‌ راپۆرتێكی په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی خرابوویه‌ڕوو.

عێراق: تشرینی یه‌كه‌م و تشرینی دووه‌می ٢٠٠٩

به‌رپرسێكی باڵای هه‌رێمی كوردستان یارمه‌تی پێشكه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌ییه‌كی دێرین و هه‌ژار ده‌كات كه‌ ژیانی له‌ راپۆرتێكی په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی خرابوویه‌ڕوو.

IWPR

Institute for War & Peace Reporting
Monday, 14 December, 2009
.



راپۆرته‌كه‌ كه‌ ناونیشانه‌كه‌ی بریتی بوو له‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی دێرین له‌ مووچه‌ی خانه‌نشینیی پێشمه‌رگایه‌تی بێ به‌ش ده‌بێت باسی له‌وه‌كرد كه‌ چۆن ئه‌و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌ كه‌ ناوی عه‌بدوڵڵا محه‌مه‌ده‌ رۆژانه‌ به‌ جاده‌كانی هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ده‌سووڕێته‌وه‌ و شیرنه‌مه‌نی ده‌فرۆشێت.



له‌ راپۆرته‌كه‌دا، محه‌مه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردبوو كه‌ ناچاره‌ بۆ پاره‌ كار بكات هه‌رچه‌نده‌ ته‌مه‌نی نزیكه‌ی ٧٠ ساڵه‌ و چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی به‌سوێی هه‌یه‌. ناوبراو، كه‌ له‌ شۆڕشی ئه‌یلوولدا پێشمه‌رگه‌ بووه‌، وتی مووچه‌ی خانه‌نشینیی پێشمه‌رگایه‌تی، كه‌ هاوڕێیه‌ كۆنه‌كانی وه‌ریده‌گرن، نایگرێته‌وه‌ چونكه‌ پێشتر مووچه‌یه‌كی تری خانه‌نشینی له‌ حكومه‌تدا بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌ و بڕه‌كه‌شی ئێستا له‌ مووچه‌ی خانه‌نشینی پێشمه‌رگایه‌تی كه‌متره‌.



دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و راپۆرته‌، نووسینگه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ندی به‌ په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتییه‌وه‌ كرد و داوای كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د كرد.



"ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌مانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قوربانیدانی كه‌سانی وه‌ك ئه‌و،" نوێنه‌رێكی نووسینگه‌كه‌ به‌ IWPRی وت وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه‌ فراوانه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق دوای ده‌یان ساڵ له‌ به‌رگری به‌رامبه‌ر به‌ حكومه‌ته‌ عه‌ره‌بزاڵه‌كانی به‌غدا به‌ده‌ستی هێناوه‌.



له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، كه‌ په‌یمانگاكه‌ رێكیخست، ئه‌و به‌رپرسه‌ كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت، چه‌ند تێبینییه‌كی له‌سه‌ر رێكخستنی مووچه‌ی خانه‌نشینی و نه‌خۆشی و رابردووی ئه‌و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌ نووسی كه‌ شه‌ڕی رژێمی سه‌دام حوسێنی كردووه‌.



ئه‌و نوێنه‌ره‌ دواتر وتی نووسینگه‌ی مه‌سرور بارزانی هێنده‌ی یارمه‌تی پێشكه‌ش به‌ محه‌مه‌د كردووه‌ كه‌ "به‌شی پێداویستییه‌كانی پێنج ساڵی داهاتووی ده‌كات". ئه‌و نوێنه‌ره‌ ئه‌وه‌شی وت كه‌ نووسینگه‌كه‌ پێشبینی ده‌كات محه‌مه‌د به‌هۆی یارمه‌تییه‌كه‌وه‌ چاره‌سه‌ری پزیشكی بۆ نه‌خۆشییه‌كانی بكات و نووسینگه‌كه‌ش یارمه‌تی زیاتری ده‌كات له‌ڕووی پزیشكییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر پێویست بوو.



محه‌مه‌د وتی به‌و یارمه‌تییه‌ خۆشحاڵ بووه‌.



"زۆر سوپاس، زۆر خۆشحاڵم كه‌ له‌ كۆتاییدا منیان بیرهاته‌وه‌،" محه‌مه‌د وتی. "هه‌ندێ له‌ پاره‌كه‌ بۆ خێزانه‌كه‌م سه‌رف ده‌كه‌م و ئه‌وه‌ی تریشی له‌ چاره‌سه‌ری پزیشكی."



"به‌رگریم له‌ مافه‌كانی خۆمان له كوردستان ده‌كرد و پێشبینشم ده‌كرد كوردستان جیاوازی له‌گه‌ڵ عێراقدا هه‌بێت به‌و واتایه‌ی گشت كوردێك سوود له‌ كوردستان ببینێت. له‌ هیچ شتێك په‌شیمان نیم، ئاماده‌م دووباره‌ وا بكه‌مه‌وه‌."



محه‌مه‌د سوپاسی په‌مانگاكه‌شی كرد به‌هۆی راپۆرته‌كه‌وه‌.



"ئێوه‌ زۆر راستگۆیانه‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌تان وت كه‌ من ده‌مویست بیڵێم... په‌یمانگای رۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و ئاشتی رێكخراوێكی باشه‌. شایانی ئه‌وه‌یه‌ سوپاس بكرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵده‌ستێ به‌ ده‌رخستنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌بیركراون."



به‌رپرسه‌كه‌ی نووسینگه‌ی مه‌سرور بارزانی ستایشی راپۆرته‌كه‌ی IWPRی كرد به‌هۆی "پوختی" و "هاوسه‌نگیی زۆر"ه‌وه‌. ئه‌و به‌رپرسه‌ وتی راپۆرته‌كه‌ پیشانی دا كه‌ ده‌بێت میدیا چۆن "رێگای ناوه‌ڕاست بگرێت و له‌ هه‌ڵوێستی سیاسی به‌دوور بێت".



ئه‌و به‌رپرسه‌ راپۆرته‌كه‌ی به‌رز نرخاند له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌دواداچوونی له‌سه‌ر قسه‌كانی محه‌مه‌د له‌لای وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كردووه‌.



"ئێمه‌ پێشوازی له‌م جۆره‌ رۆژنامه‌وانییه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌ به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ ره‌فتار ده‌كات،" ئه‌و به‌رپرسه‌ وتی. "رۆژنامه‌نووسان ده‌توانن وه‌ك ناوبژیكارێكی ئه‌رێنی له‌نێوان خه‌ڵك ... و ده‌سه‌ڵات كار بكه‌ن. ده‌توانن مه‌ینه‌تی و گله‌یی خه‌ڵك بگوازنه‌وه‌."



"به‌بێ راپۆرته‌كه‌ی ئێوه‌، ئێمه‌ نه‌مانده‌توانی ئه‌م پیاوه‌ به‌ڕێزه‌ له‌نێو چوار یان پێنج ملیۆن كه‌سدا بدۆزینه‌وه‌."



ئه‌و به‌رپرسه‌ دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێ سیسته‌می مووچه‌ی خانه‌نشینیی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان باشتر بكات هه‌روه‌ك له‌ راپۆرته‌كه‌ی IWPRدا ئاماژه‌ی پێدرابوو.



به‌رپرسه‌كه‌ ئه‌وه‌شی وت كه‌ بودجه‌ی خانه‌نشینی و قه‌ره‌بووی ئه‌و قوربانیانه‌ی كه‌ كورده‌كان له‌ شه‌ڕه‌كانیان له‌گه‌ڵ سوپای سه‌دام حوسێندا داویانه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تی فیدڕاڵی له‌ به‌غدا دابین ده‌كرێن.



ئه‌و به‌رپرسه‌ وتی بڕی بودجه‌كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌ ناكۆكه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا. هه‌روه‌ها ناكۆكی توند له‌ نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵسوڕاندنی گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان و داهات و دیاریكردنی سنووری ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی كورده‌.



به‌گوێره‌ی یاسای ئێستای خانه‌نشینی له‌ هه‌رێمه‌كه‌دا، محه‌مه‌د ناتوانێت زیاتر له‌ یه‌ك مووچه‌ی خانه‌نشینی له‌ حكومه‌تدا هه‌بێت یان مووچه‌ی خانه‌نشینیی خۆی بگۆڕێت.



محه‌مه‌د كه‌ كاتی خۆی له‌ كارگه‌یه‌كی جگه‌ره‌ی حكومی كاری كردووه‌، دواتر مووچه‌ی خانه‌نشینی ئه‌و كارگه‌یه‌ی له‌به‌رامبه‌ر مووچه‌ی خانه‌نشینیی پێشمه‌رگایه‌تی هه‌ڵبژاردووه‌ و ئه‌وه‌ی دووه‌میان ئه‌و كاته‌ كه‌متر بووه‌. له‌ كاتێكدا مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان له‌و كاته‌وه‌ زیادی كردووه‌، محه‌مه‌د زۆربه‌دی دوو ده‌یه‌ی رابردوو به‌ پیشه‌ی فرۆشتنی شیرنه‌مه‌نییه‌وه‌ خه‌ریك بووه‌ تا له‌گه‌ڵ مووچه‌ی خانه‌نشینیی خۆی پێداویستییه‌كانی جێبه‌جێ بكات.



دوو هه‌فته‌ دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری مه‌سرور بارزانی، محه‌مه‌د به‌ IWPRی راگه‌یاند كه‌ پاره‌كه‌ی به‌كارهێناوه‌ بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رز و وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزیشكی بۆ چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی درێژخایه‌نی خۆی.



محه‌مه‌د ئه‌وه‌شی وت كه‌ به‌رده‌وام بووه‌ له‌ فرۆشتنی شیرنه‌مه‌نی چونكه‌ پاره‌كه‌ "تا سه‌ر نابێت" و هه‌ستی به‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ ده‌بێت به‌ گورج و گۆڵی بمێنێته‌وه‌. به‌ڵام له‌ كاتێكدا پێشتر رۆژانه‌ ١٢ كاتژمێر كاری ده‌كرد، ئێستا زیاتر له‌ چوار یان پێنج كاتژمێر به‌ فرۆشتنی شیرنه‌مه‌نی له‌ شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر به‌سه‌ر نابات.
Iraqi Kurdistan, Iraq
Frontline Updates
Support local journalists