کرانه‌وه‌ی ئێران به‌ڕووی عێراقدا سوننه‌کانى نیگەران کردووە
سوننه‌کان نیگه‌رانن له ده‌سه‌ڵاتی ئێران به‌ر له‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا بکشێنه‌وه
کرانه‌وه‌ی ئێران به‌ڕووی عێراقدا سوننه‌کانى نیگەران کردووە
سوننه‌کان نیگه‌رانن له ده‌سه‌ڵاتی ئێران به‌ر له‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا بکشێنه‌وه
سه‌ردانێکی ئه‌م دواییانه‌ی سه‌کرده‌ی دیاری ئێرانی ئه‌کبه‌ر هاشمی ره‌فسنجانی که به‌ڵێنیدا یارمه‌تی عێراق بدات جیاوازیی توندی له‌نێوان عێراقییه‌کان خسته‌ڕوو سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر به ئێران.
شیکەرەوە سیاسییەکان ده‌ڵێن په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان عێراق و ئێران له‌چه‌ند ساڵی داهاتوودا په‌ره‌ده‌سه‌نێت و ئێرانیش ده‌سه‌ڵاتێکی به‌رچاوی له عێراقدا ده‌بێت، به‌تایبه‌تی ئه‌و کاته‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا ده‌ستده‌که‌ن به کشانه‌وه.
به‌ڵام له کاتێکدا ره‌فسنجانی و سه‌رکرده‌کانی تری ئێران په‌یوه‌ندی نزیکیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسه باڵاکانی شیعه و کورد هه‌یه، زۆرێک له عه‌ره‌بی سوننه تاران به ده‌ستخستنه ناو کاروباری عێراق و دروستکردنی شه‌ڕی تایفی تۆمه‌تبار ده‌که‌ن که په‌کی عێراقی خست دوای شاڵاوه‌که‌ی ئه‌مریکا له ٢٠٠٣دا. ئێران ئه‌م تۆمه‌تانه ره‌تده‌کاته‌وه.
گومانی سوننه‌کان له ئێران هێشتا لانه‌چووه هه‌رچه‌نده سه‌رکرده‌کانی سوننه و شیعه له عێراق هه‌وڵده‌ده‌ن به‌یه‌که‌وه وڵات به‌ڕێوه ببه‌ن.
حامد فازل، یاریده‌ده‌ری راگری کۆلێژی زانسته سیاسییه‌کان له زانکۆی به‌غدا، و‌تی"سوننه‌کان پێیان وایه ئێران ئه‌جێندایه‌که‌ی تائیفی هه‌یه."
سه‌ردانی ره‌فسنجانی بۆ عێراق له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه یه‌که‌م سه‌ردانی ناوبراو بوو له‌وه‌ته‌ی شۆڕشی ئێران له ١٩٧٩دا و له‌ڕێوشوێنێکی ئه‌منی زۆر توند به‌ڕێوه‌چوو. ئه‌م سه‌ردانه هیوای لای هه‌ندێ که‌س دروستکردووه که ئێران لێره‌وه به‌شداری ده‌کات له بنیاتنانه‌وه‌ی ژێرخانی داته‌پیوی عێراق.
به‌ڵام ئه‌م سه‌ردانه چه‌ندین کۆنه برینیشی کرده‌وه سه‌رباره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌کانی ئێران له‌گه‌ڵ عێراقی دراوسێ و دوژمنی پێشووی – ئه‌مه‌ش دووبه‌ره‌کی له‌نێوان زۆرێک له عێراقییه‌کان خسته‌ڕوو که ئێران یان به دۆست یان به دوژمن داده‌نێن. ره‌فسنجانی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئێران بووه له ساڵانی ١٩٨٠-١٩٨٩ – واته به‌درێژایی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان عێراق و ئێران – و به‌وه‌کاله‌ت سوپاسالاری گشتیی سوپای ئێرانیش بووه له دوا قۆناغه‌کانی ئه‌و شه‌ڕه.
له کاتی سه‌ردانه‌که‌ی له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا، ره‌فسنجانی، که سه‌رۆکی پێشووی ئێران بووه و ئێستا ئه‌نجومه‌نێکی به‌هێزی پیاوانی ئایینی به‌ڕێوه ده‌بات، چاوی به به‌پرسه باڵاکانی عێراق که‌وت له‌وانه‌ش سه‌رۆک کۆمار جه‌لال تاڵه‌بانی و سه‌رۆک وه‌زیران نوری مالکی و ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی.
ره‌فسنجانی به‌ڵێنی دا که ئێران یارمه‌تی عێراق بدات له‌هه‌وڵه‌کانی ئاوه‌دانکردنه‌وه و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شکرد که هه‌ردوو وڵات په‌یوه‌ندیان باشتر ده‌بێت کاتێک هێزه‌کانی ئه‌مریکا ده‌ستده‌که‌ن به‌کشانه‌وه و یارمه‌تی دارایی بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی عێراق ده‌بڕن له ساڵی داهاتوودا.
جێگری سه‌رۆک کۆماری عێراق تارق هاشمی، که سه‌کرده‌یه‌کی دیاری سوننه‌کانه، ئاماده‌نه‌بوو چاوی به ره‌فسنجانی بکه‌وێت و به‌شداریشی نه‌کرد له رێوڕه‌سمی پێشوازیکردنی.
حزبی ئیسلامی عێراقی، که حزبی تارق هاشمییه، به‌یاننامه‌یه‌کی ده‌رکرد و رایگه‌یاند ره‌فسنجانی "که‌سێکی نه‌ویستراوه". ئه‌مه له کاتێکدا ئاژانسی هه‌واڵی DPA ی ئه‌ڵمانی بڵاویکرده‌وه خۆپیشانده‌ران له پارێزگای ئه‌نباڕ که زۆرینه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی سوننه‌ن ره‌فسنجانیان به "بکوژی عێراقییه‌کان" ناوبردووه.
شیکەرەوە سیاسیەکان به‌م کاردانه‌وه‌یه سه‌رسام نه‌بوون.
هادی جالۆ مارای، ووتارنووسی رۆژنامه‌ی مه‌دا، و‌تی"تارق هاشمی وه‌ک سوننه‌یه‌ک ره‌فتاری کردووه، نه‌ک جێگری سه‌رۆک کۆمار."
فازڵ له‌وه‌دا هاوڕابوو که "په‌یوه‌ندییه فه‌ره‌مییه‌کان نابێت کاریگه‌ریی بۆچوونی که‌سێتییان به‌سه‌ره‌وه بێت". وتیشى "پێویسته عێراق بڕوانێته داهاتوویه‌کی باشتر، نه‌ک به‌رده‌وام سه‌یری دواوه بکات."
به‌ڵام ئوسامه نوجه‌یفی، ئه‌ندام په‌رله‌مانێکی سوننییه و سه‌ر به هاوپه‌یمانی عێراقییه‌ی عه‌لمانییه، دژایه‌تی خۆی بۆ سه‌ردانه‌که‌ی ره‌فسنجانی ده‌ربڕی و و‌تی پێشوازیی فه‌رشی سوور شتێکی "زۆر زیاد" بوو بۆ ئه‌و که‌سایه‌تییه سه‌ربه‌مشتومڕه.
نوجه‌یفی و‌تی هه‌وڵ و کۆشش له‌ئارادایه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کامه وڵاتی دراوسێ ده‌سه‌ڵاتی له‌عێراقدا ده‌بێت دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا هێزه‌کانی له ٢٠١٠ ده‌کێشێته‌وه. ناوبراو هۆشیاریدا که ئه‌و کاته ئێران ده‌ست ده‌خاته ناو کاروباری ناوخۆی عێراق.
سیاسه‌تمه‌دارانی تر گه‌شبین بوون به‌رامبه‌ر به باشتربوونی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوانی عێراق و ئێران و ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌کرد که ئێران ده‌توانێت یارمه‌تی پێشکه‌ش بکات له بووژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووریی عێراق.
عه‌بدولکه‌ریم ئنزی، وته‌بێژی حزبی ده‌عوه‌ی مالیکی که دوای شۆڕشی ئێران په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ تاران به‌ره‌وپێش برد، و‌تی سه‌ردانی سه‌رکرده‌کانی ئێران برینه‌کانی شه‌ڕی عێراق – ئێران سارێژ ده‌کات. ئنزی لۆمه‌ی رژێمی به‌عسی سه‌دام حوسێنی کرد به‌هۆی دروستکردنی ناکۆکی له‌گه‌ڵ دراوسێکانیداو جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه که ئێران ئێستا هاوپه‌یمانی عێراقه.
ئنزی و‌تی "ئێران یه‌که‌م وڵات بوو پاڵپشتی خۆی ده‌ربڕی بۆ گۆڕینی ڕژێمی سه‌دام له عێراق، هه‌روه‌ها یه‌که‌م وڵاتیش بووه که باڵیۆزخانه‌ی خۆی له عێراق کرده‌وه."
شیکەرەوە سیاسیەکان وتیان نیگه‌رانییه‌کانی سوننه له‌به‌رامبه‌ر ئێران ره‌نگه هه‌ندێک هێورببێته‌وه ئه‌گه‌ر سه‌رۆکێکی لیبراڵتر له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئێران هه‌ڵبژێردرا.
ساڵح موتڵه‌گ، سه‌رۆکی به‌ره‌ی دیالۆگی نیشتیمانیی سوننی، و‌تی حکومه‌تی عێراق ده‌بێت په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا بپچڕێنێت تا ئه‌و کاته‌ی ئێران زیاتر به‌ره‌و دیموکراسی هه‌نگاو ده‌نێت.
موتڵه‌گ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه که ئێران ده‌یه‌وێت عێراق پشتی پێ ببه‌ستێت و هۆشیاریشی دا له‌به‌رامبه‌ر "په‌یوه‌ندی باش له‌گه‌ڵ ئێران له کاتێکدا له‌ژێرده‌ستی مه‌لاکاندا بێت".
په‌یامنێرانی راهێنراوی IWPR حازم شه‌رع و موئه‌یه‌د کینانی له‌به‌غداوه ئه‌م راپۆرته‌یان نووسیوه.