پێشه‌كی
ئه‌م زنجیره راپۆرته‌ی له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نوسانی ئینستیتۆی رۆژنامه‌وانی جه‌نگ و ئاشتی (IWPR)یه‌وه له شه‌ش ناوچه‌ی سه‌ره‌كی عێراقدا ئاماده‌كراوه، نیشانیده‌دات كه حوكمی یاسا له‌و ناوچانه‌دا یان زۆر خراپه یان هه‌ر بوونی نیه.
پێشه‌كی
ئه‌م زنجیره راپۆرته‌ی له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نوسانی ئینستیتۆی رۆژنامه‌وانی جه‌نگ و ئاشتی (IWPR)یه‌وه له شه‌ش ناوچه‌ی سه‌ره‌كی عێراقدا ئاماده‌كراوه، نیشانیده‌دات كه حوكمی یاسا له‌و ناوچانه‌دا یان زۆر خراپه یان هه‌ر بوونی نیه.
به‌پێی مهزهنهكانی ئاژانسی دهنگوباسی ئه‌سۆشیه‌تدپرێس (AP)، له مانگی ته‌مموزی ئه‌مساڵدا، لانیكه‌م ١٧٥٩ عێراقی كوژراون، واته به به‌راورد به حوزه‌یران كه ١٦٤٠ عێراقی تێدا كوژراوه، ژماره‌كه به رێژه‌ی زیاتر ٧٪ به‌رزبۆته‌وه.
قوربانیه‌كان خه‌ڵكانی مه‌ده‌نی و لێپرسراوانی حكومه‌ت و ئه‌ندامانی هێزه‌كانی ئاسایشی عێراقیان تێدایه. ئه‌و ژمارانه به كه‌مترین ژماره ده‌درێنه قه‌ڵه‌م، به‌و پێیه‌ی خه‌ڵك هه‌ستده‌كه‌ن ژمارهیراستهقینهی قوربانیان زۆر له‌وه زیاتره، چونكه چه‌ندین حاڵه‌تی كوشتن هه‌یه که له ده‌زگا ره‌سمیه‌كان تۆمارناکرێن.
هێزه‌كانی فره‌ڕه‌گه‌ز به‌زه‌حمه‌ت ئه‌توانن رێگه‌بگرن له سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یاسایان تێدانیه و میلیشیاكان حوكمی ده‌كه‌ن. به‌رده‌وامبوونی توندوتیژی تائیفی دۆخێكی ئێجگار مه‌ترسیداری هێناوه‌ته ئاراوه. خه‌ڵكی هه‌ستده‌كه‌ن هه‌ر له‌حزه‌یه‌ك بێت یان ده‌فڕێنرێن یان ده‌كوژرێن.
كاره‌ساتی ئه‌منی كاریگه‌ریه‌كی وێرانكه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر خه‌ڵكانی مه‌ده‌نی و هه‌وڵه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه و چالاكی ئابوری. به‌پێی راپۆرتێكی ئه‌مدواییانه‌ی رێكخراوی ئۆكسفام(Oxfam)ی فریاگوزاری، له كۆی هه‌ر سێ هاوڵاتی عێراقی، یه‌كێكیان پێویستی به یارمه‌تی به‌په‌له (طواريء) هه‌یه.
ئه‌گه‌ری شه‌ڕێكی ئه‌هلی سه‌رتاسه‌ری به‌شێوه‌یه‌كی سامناك دێته به‌رچاو. له ئێستادا، هێزه‌كانی ئه‌مریكا زۆر له‌وه به‌هێزترن بهێڵن ئه‌و شه‌ڕه رووبدات، به‌ڵام زۆر له‌وه لاوازتریشن بتوانن ڕێگه‌بگرن له‌و كوشتن و بڕینه‌ی رۆژانه رووده‌دات. یان هه‌روه‌كو ئه‌ندامێكی پێشووی ئیداره‌ی ئه‌مریكی له به‌غدا ووتی، "ئێمه ته‌نها ئه‌توانین ئاستی توندوتیژیهكه هێوربكهینهوه. به‌ڵام ناتوانین رێگه‌ی لێبگرین، و ناشتوانین ئاشتی و ئارامی سهقامگیربكهین."
له کاتێکدا که حكومه‌تی ئه‌مریكی و چه‌ندین چاودێرانی بیانی هێزه ئه‌منیه‌كانی عێراق وه‌كو هۆكارێكی سه‌ره‌كی بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی ووڵات و پاراستنی نیزام سه‌یرده‌كه‌ن،به‌ڵام ژماره‌یه‌كی زۆری دانیشتوانی عێراق وه‌كو به‌شێك له كێشه‌كه سهیریاندهكهن.
وادیاره لایه‌نه شیعه‌كان كۆنترۆڵی ژماره‌یه‌ك له یه‌كه‌كانی سوپایان كردووه و ئه‌و بۆچونه هه‌یه كه به‌قوڵیی له توندوتیژی تائیفیه‌وه گلاون.
زۆرێك له عێراقیه‌كان هه‌ستده‌كه‌ن شتێك نیه پێی بووترێت حكومه‌تێكی عێراقی سه‌ربه‌خۆی ناتائیفی كه ئیش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رجه‌م ووڵات بكات.
له كۆتایی ته‌مموزدا، به‌ره‌ی ته‌وافوق، كه گه‌وره‌ترین كوتله‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌یه له حكومه‌تی مه‌ركه‌زیدا، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی شه‌ش وه‌زیره‌كه‌ی راگه‌یاند. یه‌كێك له‌و هۆیانه‌ی به‌ره‌ی ته‌وافوق هێناوێتیه‌وه بۆ كشانه‌وه‌ی ئه‌و وه‌زیرانه ئه‌وه‌یه كه نوری مالیكی سه‌ره‌ك وه‌زیران وه‌ڵامی داوایه‌كی سوننه‌كانی نه‌داوه‌ته‌وه بۆ به‌شداركردنی هه‌موو ئه‌و گروپانه‌ی له حكومه‌تدان له هه‌وڵێكی یه‌كگرتوودا بۆ چاره‌سه‌ركردنی باری خراپی ئه‌منی ووڵات.
رافیع عیساوی كه ئه‌ندامێكی باڵای به‌ره‌ی ته‌وافوقه وتی "حكومه‌ت به‌رده‌وامه له‌سه‌ر لووتبه‌رزی خۆیی و نایه‌وێت هه‌ڵوێستی خۆی بگۆڕێت و ده‌رگای له‌سه‌ر هه‌ر جۆرهچاکسازیهکی گرنگ داخستووه كه پێویسته بۆ رزگاركردنی عێراق."
بێجگه له سێ پارێزگا ئارامه‌كه‌ی باكور كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندایه، بارودۆخی ئێستای عێراق له هه‌ر كاتێكی تری چه‌ند ساڵی رابردوو نائارامتره. شه‌ڕی ناوخۆ و هه‌ڵمه‌ته‌كانی پاكتاوكردنینهژادی له ناوه‌ڕاستی عێراقدا به‌رده‌وامی هه‌یه، له كاتێكدا میلیشیا شیعه‌كان شه‌ڕیانه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و داهات له باشوردا.
زنجیره‌یه‌ك راپۆرت كه له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نوسانی (IWPR)ه‌وه له شه‌ش ناوچه‌ی سه‌ره‌كی عێراق ئاماده‌كراوه، نیشانیده‌دات كه حوكمی یاسا له‌و ناوچانه‌دا یان زۆر خراپه یان هه‌ر بوونی نیه.
ده‌ستی یاسا له عێراقدا هێزی لێبڕاوه. حكومه‌ت له به‌غدا كاریگه‌ریه‌كی كه‌می هه‌یه یان هه‌ر نیه‌تی له‌سه‌ر باری ئه‌من و ئاسایشی موسڵ و كه‌ربه‌لا و به‌سره، كه سێ پڕكێشه‌ترین شاری عێراقن.
هه‌روه‌كو راپۆرتی چه‌وساندنه‌وه‌ی مه‌سیحیه‌كان له موسڵ ده‌ریده‌خات، كه‌مایه‌تیه‌كان هیوایان بڕیوه حكومه‌تی مه‌ركه‌زی یان ئیداره‌ی شاره‌كانیان بتوانێت پارێزگاری یان پشتگیریان لێبكات. كه‌مایه‌تیه‌كان بێ پشتوپه‌نان، زۆریان وایده‌بینن هیچ چاره‌یه‌كیان نیه بێجگه له‌وه‌ی ژیانیان له مه‌ترسی رزگاربكه‌ن؛ هه‌ڵبێن و ووڵات بهجێبهێڵن.
ئه‌و شاره، كه به‌درێژایی ٢٠٠٣ و هه‌تا نیوه‌ی یه‌كه‌می ٢٠٠٤ وه‌كو مۆدێلێك خراوه‌ته‌ڕوو كه هه‌وڵه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه تیایدا به یارمه‌تی هاوپه‌یمانان خرابووه‌گه‌ڕ، كراوه‌ته به‌ره‌یه‌كی شه‌ڕی ترسناك هێنده‌ی ترسناكیی به‌غدا.
له‌لایه‌كی تره‌وه، ئه‌و راپۆرته‌ی له‌سه‌ر شه‌ری ناوخۆی شیعه نوسراوه له به‌سره، تێگه‌یشتنێكی قوڵمان پێده‌به‌خشێت سه‌باره‌ت هێزه بزوێنه‌ره‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌م شاره گرنگه‌ی باشوردا. چه‌ند هێزێكی ناوچه‌یی ركه‌به‌ری یه‌كترده‌كه‌ن بۆ گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا هه‌وڵده‌ده‌ن تاڕاده‌یه‌ك ئارامی بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و سه‌رمایه‌گوزاری گشتی پهكینهكهوێت كه هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌وێ قازانجێكی زۆریان لێی ده‌ستده‌كه‌وێت له رێگه‌ی قاچاخچێتی و گه‌نده‌ڵی و تاڵانیه‌وه.
به رواڵه‌ت به‌سره له ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی به‌ریتانیادایه، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یانتوانیوه ته‌شه‌نه‌كردنی میلیشیاكان بوه‌ستێنن. به‌ڵكو ده‌شبینن هه‌مان ئه‌و هێزانه‌ی كه ئه‌وان مه‌شقیان پێكردوون و چه‌ك و كه‌لوپه‌لیان بۆ دابینكردوون، ده‌بنه باندی تاوانكاری و بیناكانی پۆلیس وه‌كو مه‌ڵبه‌ندی ئه‌شكه‌نجه‌دان و فڕاندن و كوشتنی نه‌یاره‌كانیان به‌كارده‌هێنن.
ئه‌و ركابهریه، ئاگری توندوتیژی میلیشیا شیعه‌كان له به‌سره و شاره گه‌وره‌كانی تری باشور وه‌كو عه‌ماره و دیوانیه، گهرمتردهكات، زۆرجار ئه‌و ركابهریه له حكومه‌تی مه‌ركه‌زیدا به‌ده‌رده‌كه‌وێت كه تیایدا سیاسه‌تمه‌داره شیعه‌كان ناتوانن له نێو خۆیاندا له‌سه‌ر مه‌سه‌له هه‌ستیاره‌كان رێكبكه‌ون، چ جا له‌گه‌ڵ ئیئتیلافه سوننه‌كان، كه هاوبه‌شن له حكومه‌ت له‌گه‌ڵیاندا، و گروپه‌كانی ئۆپۆسیۆن.
راپۆرتێك له كه‌ركوكه‌وه، كه شارێكی له ڕووی نه‌ژادییه‌وه فره‌ره‌نگ و ده‌وڵه‌مه‌نده به نه‌وت له باكور، نیشانیده‌دات چۆن دانیشتوانی ئه‌و شاره ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه له كاتێكدا گروپه سیاسیه ركه‌به‌ره‌كان كێبركێدهكهن بۆ باڵاده‌ستی سیاسی له‌و شاره‌دا. ئه‌و دانیشتوانه ده‌ڵێن جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی ناردنه‌وه‌ی هه‌ندێك له دانیشتوانه‌كه‌ی چ بۆ ناو كه‌ركوك چ بۆ ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوك، ئاگری ململانێی تائیفی خۆشتركردووه. ئه‌و ریفراندۆمه‌ی به‌رێوه‌یه بۆ بریاردان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌و پارێزگایه پێویسته له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه یان ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌تی مه‌ركه‌زیه‌وه فه‌رمانڕه‌وایی بكرێت، ئه‌و ململانێیه‌ی سه‌ختتركردووه.
ته‌نانه‌ت له شاره پیرۆزه‌كانی وه‌كو كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف، كه خۆی ده‌بێت له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ته‌قلیدی پیاوانی ئایینی شیعه‌دا بێت، پشێوی بۆته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ند ئایه‌توڵایه‌ك كه خۆیان ئایهتوڵایی خۆیان راگه‌یاندووه، وه‌كو حه‌سه‌نی سه‌رخی كه راپۆرتێكی له‌سه‌ر كراوه. ئه‌و پیاوه ئایینیانه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی چه‌سپاوی ئایینیی شیعه قبوڵیان ناكات، میلیشیاكانیان به‌كارده‌هێنن بۆ به‌ده‌ستهێنانی نفوز و ده‌سه‌ڵات.
دواجار، راپۆرتێك ده‌رباره‌ی خاڵه‌كانی پشكنین له به‌غدا، ئه‌و بارودۆخی ترسه روونده‌کاته‌وه که خه‌ڵكانی مه‌ده‌نی رووبه‌رووی ده‌بنه‌وه كه كاتێك له خاڵه‌کانی پشكنین نزیكدهبنهوهو ده‌بێت له ماوه‌ی چه‌ند چركه‌یه‌كدا بڕیاربده‌ن که خۆیان وه‌كو شیعه یان سوننه بناسێنن.
هه‌ڵبژاردنی شوناسێكی جیاواز له شوناسی چه‌كدارانی خاڵی پشكنینه‌كه، له‌وانه‌یه ببێته هۆی كوشتنی ده‌ستبه‌جێ.
له مه‌ودای دووردا، ئه‌وه ده‌مێنێته‌وه بزانین ئایا ئه‌و ووڵاته به‌پێی هێڵه تائیفیه‌كان پارچه‌پارچه ده‌بێت یان به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان یه‌كده‌گرێته‌وه. بێگومان، ئاوێزانكردنهوهی كوردستان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێكی مه‌ركه‌زیدا زۆر جێگه‌ی گومانه.
له هه‌مان كاتدا، زیاتر له چوار ملیۆن كه‌س یان ووڵاتیان به‌جێهێشتووه یان هه‌ڵهاتوون بۆ ناوچه‌ی ئارامتر له كوردستانی عێراق و باشوری ووڵات، له‌وانه رێژه‌یه‌كی زۆر له نوخبه‌ی ته‌كنیكی و سیاسی و رۆشنبیریی.
ئه‌م كۆچكردنه‌ی پسپۆڕان و شاره‌زایان، بنیاتنانی دامه‌زراوه‌ی به‌هێز و حوكمی یاسا و فهرمانڕهواییكردنی باش، زهحمهتتردهكات.
كریستۆف رۆیته‌ر راهێنه‌رێكی ئینستیتۆی رۆژنامه‌وانی جه‌نگ و ئاشتی (IWPR)ه. سۆزان فیشه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته و له پایزی ٢٠٠٣ ه‌وه له عێراق كارده‌كات.