پۆسته‌ره‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن سیمای به‌غدا ده‌شێوێنن

له‌گه‌ڵ گه‌رمبوونی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌ی په‌رله‌مانی عێراق، پاشماوه‌ی پۆسته‌ره‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو خه‌ڵكی به‌غدا په‌ست ده‌كات.

پۆسته‌ره‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن سیمای به‌غدا ده‌شێوێنن

له‌گه‌ڵ گه‌رمبوونی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌ی په‌رله‌مانی عێراق، پاشماوه‌ی پۆسته‌ره‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو خه‌ڵكی به‌غدا په‌ست ده‌كات.

Thursday, 18 February, 2010
.



بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ڕه‌سمی له‌ ١٢ی شوباتدا ده‌ستیپێكرد. له‌ گۆڕه‌پانی فیرده‌وسی ناوه‌ڕاستی به‌غدا چه‌ند پۆسته‌رێكی گه‌وره‌ی پاڵێوراوه‌ سه‌ره‌كییه‌كان هه‌ڵواسراون و به‌ چه‌ندین پۆسته‌ری بچووكتر و ئاڵا ده‌وره‌ د‌راون.



سه‌ره‌ڕای پۆسته‌ره‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی عێراق، چه‌نده‌ها پۆسته‌ری هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو هێشتا له‌ شوێنی خۆیاندا ماون. هه‌ندێ له‌و پۆسته‌ره‌ كۆنانه‌ هی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراقه‌ كه‌ ساڵێك به‌ر له‌ ئێستا به‌ڕێوه‌چوو و هه‌ندێكی تریشیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق كه له‌ ٢٠٠٥دا سازكرا.



عه‌بد ره‌حیم یاسر، كاریكاتێرسته‌، ده‌ڵێت بڵاوكردنه‌وه‌ی پۆسته‌ره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی ئه‌نجامێكی پێچه‌وانه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.



"هه‌ڵواسینی ئه‌م هه‌موو پۆسته‌ره‌ به‌سه‌ر باڵه‌خانه‌كانی به‌غداوه‌ به‌م شێوه‌یه‌ كه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌ هه‌م زیانی بۆ پاڵێوراوان و هه‌م بۆ شاره‌كه‌ش هه‌یه‌،" یاسر وتی.



یاسر له‌ڕێی كاریكاتێرێكه‌وه‌ ره‌خنه‌ی له‌ بێ هێزیی یاسای بانگه‌شه‌ گرتووه‌ و له‌و كاریكاتێره‌یدا پیاوێك به‌چه‌ند پۆسته‌رێك دیوارێك داده‌پۆشێت و له‌سه‌ر پۆسته‌ره‌كان نووسراوه‌، "پۆسته‌ر له‌م دیواره‌ مه‌ده‌".



كه‌ریم جه‌بار، نیگاركێشه‌، پێی وایه‌ بانگه‌شه‌ی ته‌قلیدی له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كاندا سوودێكی ئه‌وتۆی نییه‌.



"پۆسته‌ره‌كانی هه‌ڵبژاردن كاریگه‌رییه‌كی زۆر كه‌میان به‌سه‌ر خه‌ڵكی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌،" جه‌بار وتی. "بیروباوه‌ڕی خه‌ڵكی عێراق له‌ گفتوگۆی نێو چایخانه‌كان و بازاڕه‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، یان سه‌رچاوه‌كه‌ی ئه‌و مشتومڕانه‌ن كه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كان و رادیۆكانه‌وه‌ بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌."



جه‌واد زه‌یدی، ره‌خنه‌گرێكی هونه‌رییه‌، وتی ئه‌و پۆسته‌رانه‌ی ده‌مێننه‌وه‌ "له‌گه‌ڵ دیواره‌ كۆنكریتییه‌كان و چاڵی شه‌قامه‌كان و خۆڵ و خاك و زبڵ زیاتر شاره‌كه‌ پیس ده‌كه‌ن‌".



پۆسته‌ره‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردووی عێراق چه‌ند ساڵێكه‌ بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌ دیمه‌نی سه‌نته‌ری شاری به‌غدا. له‌ گه‌ڕه‌كی مه‌نسوڕ و ئیسكان، تابلۆی ریكلامه‌ بازرگانییه‌كانی فیته‌ره‌كان تێكه‌ڵ بووه به‌ پۆسته‌ری پاڵێوراوانی هه‌ڵبژاردنی رابردوو كه‌ چاكه‌ت و بۆینباخیان به‌ستووه‌.



به‌ده‌گمه‌ن پۆسته‌رێك به‌ته‌نها ده‌بینرێت. هه‌ر كه‌ پۆسته‌رێك له‌ دیوارێك درا، خێرا لایه‌كانی تریش پۆسته‌ره‌كانی خۆیان له‌هه‌مان شوێن هه‌ڵده‌واسن و پێشبڕكێ ده‌سپێده‌كات. وێنه‌ی ئه‌و سیاسه‌تمه‌دارانه‌ی به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ له‌سه‌ر پۆسته‌ره‌كان ده‌رده‌كه‌ون ده‌شێوێنرێت و ددانێكیان ره‌ش ده‌كرێت یان ده‌ستكاری ریشیان ده‌كرێت.



ژماره‌یه‌كی بێ شومار پۆسته‌ری هه‌ڵبژاردنی ٢٠٠٥ له‌ گه‌ڕه‌كی كه‌رخ و روسافه‌دا ماونه‌ته‌وه‌. هه‌ندێ له‌و پۆسته‌رانه‌ ناتوانرێت لێبكرێنه‌وه‌ چونكه‌ به‌ كه‌تیره‌ له‌ به‌شه‌ به‌رزه‌كانی عاموی كاره‌با دراون یان له‌پشت كۆمه‌ڵێك وایه‌ری تێكئاڵاوی كاره‌باوه‌ له‌ دیوارێك دراون. له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌ به‌رزه‌كانی ته‌نیشت نووسینگه‌ حكومه‌ییه‌كان، هه‌ندێ پۆسته‌ری كاڵبووه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ته‌نیشت چه‌ندین پۆسته‌ری نیشتیمانییه‌وه‌ ماونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌ریان نووسراوه‌، "تیرۆر هیچ دینی نییه‌" یان "ئه‌مریكییه‌كان ده‌ڕۆن، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌مێنینه‌وه‌".



به‌ گوته‌ی حه‌یده‌ر كه‌مونه‌، ئه‌ندازیاری بیناسازییه‌ له‌ به‌غدا، بڵاوكردنه‌وه‌ی پۆسته‌ره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی جۆرێكه‌ له‌ "پیسبوونی دیده‌نی". ئه‌و داوای له‌ ده‌سه‌ڵاتداران كرد كه‌ "شوێنی تایبه‌ت له‌ نزیك شوێنی په‌ڕینه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ شه‌قامه‌كاندا ده‌ستنیشان بكه‌ن بۆ ریكلامی بازرگانی و پۆسته‌ری هه‌ڵبژاردن".



كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و شاره‌وانی به‌غدا به‌یه‌كه‌وه‌ چاودێری شوێنه‌ گشتییه‌كانی پایته‌ختی عێراق له ماوه‌ی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردندا ده‌كه‌ن.



له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ IWPR له‌ كانوونی دووه‌م، حه‌مدیه‌ حوسێنی، یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ندامانی كۆمسیۆنه‌كه‌، وتی پێویسته‌ پۆسته‌ره‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو لێبكرێنه‌وه‌ "تا هیچ تێكه‌ڵبوونێك روو نه‌دات له‌نێوان ئه‌و ژمارانه‌ی بۆ لیسته‌ نوێیه‌كان ته‌رخان كراون له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو دیاریكرابوون".



له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، كاتێك كه‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ مانگی شوباتدا ده‌ستیپێكرد، زۆرێك له‌ پۆسته‌ره‌ كۆنه‌كان هێشتا ده‌بینران. هه‌ر یه‌كه‌ له‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و شاره‌وانیی به‌غدا رایانگه‌یاندووه‌ ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵی خۆیان داوه‌ بۆ لێكردنه‌وه‌ی پۆسته‌ره‌ كۆنه‌كان به‌ڵام به‌هۆی زۆری پۆسته‌ره‌كانه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و كاره‌ ته‌واو بكه‌ن.



"پۆسته‌ره‌كان به‌ كه‌تیره‌یه‌كی زۆر به‌هێز له‌ دیواره‌كان دراون، بۆیه‌ شاره‌وانی كاتێكی زۆری پێچوو تا لێیان بكاته‌وه‌. جگه‌ له‌مه‌ش، به‌ده‌گمه‌ن شوێنێك له‌ به‌غدا هه‌بوو كه‌ پۆسته‌ی به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بووبێت،" سابیر عیساوی، سه‌رۆكی شاره‌وانی به‌غدا، وتی.



عیساوی وتی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی وه‌ك سزای ماددی به‌هۆی شكاندنی یاسای بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ لایه‌نه‌كان وه‌رگیراوه‌ "زۆر كه‌م بووه‌" و به‌شی كرێی ئه‌و كرێكارانه‌ی نه‌كردووه‌ كه‌ پۆسته‌ره‌كانیان لێكردۆته‌وه‌ و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌‌ هه‌ر كیانێكی سیاسی پێشێلكاری كردبێت ده‌ ملیۆن دینار غه‌رامه‌ كراوه‌.



ئه‌ندامێكی تری كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن به‌ناوی كه‌ریم ته‌میمی به‌هه‌مان شێوه‌ ره‌خنه‌ی له‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان گرت به‌هۆی شكاندنی یاسا‌ له‌ ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی رابردوو.



"ئه‌و پۆسته‌رانه‌ ده‌بوایه‌ زۆر پێش ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی ئه‌مجاره‌ ده‌ستپێبكات لێبكرابانه‌وه‌ به‌ڵام كیانه‌ سیاسییه‌كان گوێڕایه‌ڵی یاسا ناكه‌ن هه‌رچه‌نده‌ غه‌رامه‌ی ماددیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت،" ته‌میمی وتی.



هه‌ر یه‌كه‌ له‌ ته‌میمی و عیساوی وتیان یاسای توندتر بۆ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی ئه‌مجاره‌ داڕێژراوه‌. بڕی بژاركردن به‌هۆی سه‌رپێچییه‌وه‌‌ زیادكراوه‌ و به‌كارهێنانی پۆسته‌ری كاغه‌ز و بۆیه‌ و كه‌تیره‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌.



به‌ پاڵێوراوان وتراوه‌ كه‌ پۆسته‌ری نه‌رم كه‌ له‌ قوماش یان نایلۆن دروستكرابێ و له‌ دوای بانگه‌شه‌كه‌ لێكردنه‌وه‌یان ئاسان بێ به‌كاربهێنن. هه‌روه‌ها داواشیان لێكراوه‌ زیاتر له‌ راگه‌یاندندا بانگه‌شه‌ بۆخۆیان بكه‌ن و په‌یامی خۆیانن بگه‌یه‌نن.



نوێنه‌ری كوتله‌یه‌كی سیاسیی سه‌ره‌كی به‌ IWPRی راگه‌یاند كه‌ چه‌ند لایه‌نێك به‌یه‌كه‌وه‌ به‌رپرسن له‌ مانه‌وه‌ی پۆسته‌ره‌ كۆنه‌كان.



"گشت كوتله‌ سیاسییه‌كان به‌رپرسن له‌ مانه‌وه‌ی پۆسته‌ره‌ كۆنه‌كان له‌ شه‌قامه‌كان،" فالح فه‌یاز، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراقه‌ له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانیی نیشتیمانیی عێراقی، وتی. ناوبراو كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد كه‌ نه‌یتوانیوه‌ رێوشوێن له‌به‌رامبه‌ر پێشێلكارییه‌كانی پشوو بگرێته‌به‌ر و ئه‌وه‌شی وت كه‌ شاره‌وانی به‌غدا ته‌نها گرنگی به‌ پاككردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كان و شۆسته‌كان داوه‌ و دیواره‌كانی پشتگوێ خستووه‌.



فه‌یاز پێی وابوو ئه‌و یاسایه‌ نوێیه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و شاره‌وانیی به‌غدا ئه‌مجاره‌ دایانناوه‌ كاریگه‌ری خۆی ده‌بێت. " له‌ڕووی پاراستنی جوانیی به‌غداوه‌، بانگه‌شه‌ی ئه‌مجاره‌ پاكترین هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ده‌بێت،" ئه‌و وتی.



فه‌یاز ئه‌وه‌شی وت كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر سه‌رپێچییه‌ك رووبدات له‌وانه‌یه له‌ لایه‌ن‌ "لیسته‌ بچووكه‌كان و پاڵێوراوه‌ سه‌ربه‌خۆكانه‌وه‌ كه‌ له‌ یاسایه‌ نوێیه‌كه‌ ئاگادار نین" ئه‌نجام بدرێت. به‌ گوته‌ی ناوبراو، ئه‌و پاڵێوراوانه‌ی كه‌ سه‌رچاوه‌ی داراییان سنوورداره‌ له‌وانه‌یه‌ زیاتر پۆسته‌ری كاغه‌ز به‌كاربهێنن و ئه‌مه‌ش به‌گوێره‌ی رێنمایی نوێ پێشێلكارییه‌.



له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، كاندیدی كوتله‌یه‌كی بچووك وتی هاوپه‌یمانییه‌ گه‌وره‌كان له‌ كاتێكدا خۆیان یاسا پێشێل ده‌كه‌ن هه‌وڵده‌ده‌ن به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی ركابه‌ره‌ بچووكه‌كانیان و بیانكه‌ن به‌ قۆچی قوربانی.



"كوتله‌ گه‌وره‌كان به‌هۆی زیاده‌ڕۆییكردن له‌ هه‌ڵمه‌تكانیاندا رووخساری به‌غدا و پارێزگاكانی تری عێراقیان شێواندووه‌،" كازم روبه‌یعی له‌ كوتله‌ی ئه‌حرار وتی. "ئه‌و كوتلانه‌ سه‌دان پۆسته‌ر له‌ یه‌ك شه‌قامدا له‌ دیواره‌كان ده‌ده‌ن له‌ كاتێكدا ته‌نها ژماره‌یه‌كی كه‌م به‌سه‌."



لێدوانكاران هیوادارن شوێنه‌ گشتییه‌كانی به‌غدا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا به‌كارنه‌هێنرێن.



"سیاسه‌تمه‌داران نابێت هێنده‌ خۆپه‌رست بن كه‌ رێگه‌ بده‌ن وێنه‌كانیان رووخساری به‌غدا بشێوێنن،" هه‌ڤاڵ زاخۆیی، سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی ئه‌هالی كه‌ رۆژنامه‌یه‌كی لیبڕاڵه‌، وتی.



زاخۆیی وتی لێكردنه‌وه‌ی پۆسته‌ره‌كان زه‌حمه‌ته‌. "ئه‌و پۆسته‌رانه‌ به‌لای زۆرێك له‌ خه‌ڵكی عێراق مایه‌ی گاڵته‌ن چونكه‌ هه‌مان دروشمی كۆن و بێ مانا و به‌ڵێنی پووچ له‌خۆ ده‌گرن."



حوسام سه‌رای رۆژنامه‌نووسێكی راهێنراوی IWPRه‌ له‌ به‌غدا. رۆژنامه‌نووسی راهێنراوی IWPR عه‌لی كه‌ریم له‌ به‌غدا به‌شداری له‌ نووسینی ئه‌م راپۆرته‌ كردووه‌.
Frontline Updates
Support local journalists